أحكام القانون

البحث في المحتوى🔎
ازالة
ازالة

مادده‌ی (1)

متن المادە :

مادده‌ی (1) ناونیشانى (یاساى ژمارە (22)ى ساڵى (2011) یاساى ماف و ئیمتیازاتى کەمئەندام و خاوەن پێداویستى تایبەت لە هەرێمى کوردستان - عێراق) هەموار دەکرێت و بەم شێوەیەى خوارەوە دەخوێندرێتەوە: یاساى ماف و ئیمتیازاتى کەمئەندامان و خاوەن پێداویستى تایبەت و کورتەباڵایان لە هەرێمى کوردستان ــ عێراق.

مادده‌ی (2)

متن المادە :

مادده‌ی (2) یەکەم: بڕگەى (چوارەم)ى ماددەى (یەکەم)ى یاساکە هەموار دەکرێت و بەم شێوەیەى خوارەوە دەخوێندرێتەوە: (چوارەم: ئەنجومەن: ئەنجومەنى چاودێرى کەمئەندامان و خاوەن پێداویستى تایبەت و کورتەباڵایان). دووەم: بڕگەى (شەشەم) ى ماددەى (یەکەم)ى یاساکە هەمواردەکرێتەوە و بەم شێوەیەى خوارەوە دەخوێندرێتەوە: (شەشەم: کەمئەندام: هەر کەسێک دووچارى پەککەوتەییەکى ماوە درێژ بووبێت، جا چ جەستەیى بێت یان ئەقڵى یان هزرى یان هەستى، بەشێوەیەکى تەواو بێت یان بەشەکى، بەجۆرێك ببێتە بەربەستێک یان زیاتر لەبەردەم بەشداریکردنى لە كۆمەڵگەدا، بەشێوەیەکى سروشتى هاوشێوەی کەسانى دیکە). سێیەم: بڕگەیەک بە زنجیرەى (حەوتەم) بۆ ماددەى (یەکەم)ى یاساکە زیاددەکرێت و بەو پێیە برگەکانى دواتر ڕێزبەند دەکرێتەوە، و بەم شێوەیەى خوارەوە دەخوێندرێتەوە: (حەوتەم: کورتە باڵا: ئەوکەسەیە کە بە هۆى ناڕێکى لە سیستەمى گەشەیدا، ئاستى بەرزیی باڵاى بەشێوەیەکى نائاسایى كوورت بێت، ئەمەش بە بڕیارى لیژنەیەکى پزیشکى پسپۆڕ دەستنیشان دەکرێت). چوارەم: بڕگەى (حەوتەم)ى ماددەی (یەكەم)ی یاساكە هەموار دەکرێت و بەپێی ڕیزبەندی نوێ دەبێتە بڕگەی (هەشتەم) و بەم شێوەیەى خوارەوە دەخوێندرێتەوە: (هەشتەم: ناسنامە: ئەو بەڵگەنامە تایبەتەیە کە وەزارەت بو پێناسى کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و كورتە باڵا دەریدەکات، و هەڵگرەکەى لەو ماف و ئمتیازاتانە سودمەند دەبێت کە ئەم یاسایە دەیبەخشێت). پێنجەم: برگەى (دەیەم)ى ماددەی (یەكەم)ی یاساكە هەموار دەکرێت و بەپێی ڕیزبەندی نوێ دەبێتە بڕگەی (یازدەیەم) و بەم شێوەیەی خوارەوە دەخوێندرێتەوە: (یازدەیەم: بنکەکانى حەواندنەوە: ئەو بنکانەن کە کەمئەندامان و خاوەن پێداویستى تایبەت و کورتە باڵایان لە خۆ دەگرن، ئەوانەى شوێنى حەوانەوەیان نییە و پێویسیان بە کەسانێک هەیە چاودێرییان بکەن). شەشەم: بڕگەیەک بە زنجیرەى (دوازدەیەم) بۆ ماددەى (یەکەم)ی یاساكە زیاد دەکرێت و بەم شێوەیەى خوارەوە دەخوێندرێتەوە: (دوازدەیەم: سندوق: سندوقى کۆمەک بۆ چاودێریى کەمئەندام و خاوەن پێداویستى تایبەت و کورتەباڵایان).

مادده‌ی (3)

متن المادە :

مادده‌ی (3) هەردوو بڕگەى (دووەم) و (سێیەم)ى ماددەى (سێیەم)ى یاساکە هەمواردەکرێت و بەم شێوەیەى خوارەوە دەخوێندرێتەوە: دووەم: نوێنەرى ئەم وەزارەتانەى خوارەوە بەو مەرجەى پلەى هەر کامیان لە بەڕێوەبەرى گشتى کەمتر نەبێت: 1. خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى. 2. پەروەردە. 3. تەندروستى. 4. ڕۆشنبیرى و لاوان. 5. دارایى و ئابورى. 6. شارەوانى و گەشتوگوزار. سێیەم: نوێنەری یەکێک لە کۆمەڵەکانى کەمئەندامان و خاوەن پێداویستى تایبەت و کورتەباڵایان، کە ئەم کۆمەڵانە لە نێوان خۆیاندا دەستنیشانی دەکەن.

مادده‌ی (4)

متن المادە :

مادده‌ی (4) هەردوو bڕگەى (دووەم) و (سێیەم)ى ماددەى (شەشەم)ى یاساکە هەموار دەکرێت و بەم شێوەیەى خوارەوە دەخوێندرێتەوە: دووەم: 1. ئەوانەی حوكمەكانی بڕگەی (یەكەم)ی ئەم ماددەیە دەیانگرێتەوە و فەرمانبەری كەمئەندامن، شایستەی دەرماڵەی لەبری كەمئەندامی دەبن بەو ڕێژەیەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر دەدات كە یەكسانە بە (2/3) دوو لەسەر سێی كۆمەكی پاراستنی كۆمەڵایەتی. 2. ئەوانەی حوكمەكانی بڕگەی (یەكەم)ی ئەم ماددەیە دەیانگرێتەوە و فەرمانبەری خانەنشینن، بە چاوپۆشین لە سەرچاوەی داهاتیان، مافی وەرگرتنی هاوكاری لەبری كەمئەندامییان هەیە و، لە هاوكاری لەبڕی كەمئەندامیەییان پێدەدرێت كە یەكسانە بە (2/3)ی دوو لەسەر سێی كۆمەكی پاراستنی كۆمەڵایەتی و لە تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی وەریدەگرن. سێیەم: ئەوانەى حوکمەکانى بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیە دەیانگرێتەوە لە کەسانى بێ دەرامەت شایستەى بەرامبەرى کەمئەندامى دەبن کە یەکسانە بە (2/3) دوو لەسەر سێى کۆمەکى پاراستنی کۆمەڵایەتى سەربارى کۆمەکێک کە بەم شێوەیە دیارى دەکرێت:- (كۆمەكی پاراستنی كۆمەڵایەتی × ڕێژەی پەككەوتەیی)

مادده‌ی (5)

متن المادە :

مادده‌ی (5) بڕگەیەک بە زنجیرەى (چوارەم) بۆ ماددەى (نۆیەم)ی یاساكە زیاد دەکرێت و بەم شێوەیەى خوارەوە دەخوێندرێتەوە: چوارەم: دانانى پڕۆگرامى تایبەت دەربارەى کەمئەندامان وخاوەن پێداویستى تایبەت و کورتەباڵایان لە پرۆگرامەکانى پەروەردەیى.

مادده‌ی (6)

متن المادە :

مادده‌ی (6) برگەى (چوارەم)ی ماددەى (دەیەم)ى یاساکە هەموار دەکرێت و دوو بڕگە بە زنجیرەكانی (پێنجەم) و (شەشەم) بۆ ماددەکە زیاد دەکرێت بەم شێوەیەى خوارەوە:- چوارەم: خاوەن پڕۆژە تایبەتەکان پابەند دەبن بە بەکارخستنى ڕێژەیەک لە کەمئەندامان و خاوەن پێداویستى تایبەت و کورتەباڵایان لە پڕۆژەکانیان، بەو شێوەیەى گونجاو بێت لەگەڵ توانا و لێزانینەکانیان، و شیاندن و ڕاهێنانى گونجاویان بۆ دەكرێت تا لەگەڵ پێداویستیەکانى کار گونجاو بێت، حکومەتیش تا ماوەى (3) سێ ساڵ نیوەى مانگانەکانیان لە ئەستۆ دەگرێت بەرەچاوكردنی حوکمەکانى ماددەى (شەشەم)ى ئەم یاسایە. پێنجەم: نابێت کەسى کەمئەندام و خاوەن پێداویستى تایبەت وکورتەباڵا لە دەرفەتی وەزیفەپێدان یان کار، بەهۆى بارودۆخیانەوە بێبەش بكرێن، لەكاتێكدا خاوەن توانا و لێهاتوویی بن بۆ بەجێگەیاندنى وەزیفە یان کارەکە. شەشەم: کەمئەندام و خاوەن پێداویستى تایبەت و کورتەباڵا مافى دەستکەوتنى مۆڵەتى شوفێریان هەیە بەپێى ڕێنماییە بەرکارەکان.

مادده‌ی (7)

متن المادە :

مادده‌ی (7) بڕگەیەک بۆ ماددەى (یازدەیەم)ى یاساکە بە زنجیرەى (پێنجەم) زیاد دەکرێت و بەم شێوەیەى خوارەوە دەخوێندرێتەوە: پێنجەم: ئەو لایەنانەى پڕۆژەکانى نیشتەجێبوون جێبەجێ دەکەن، بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەت، پابەند دەبن بە تەرخانکردنى ڕیژەیەکى دیاریکراو لە یەکەکانى نیشتەجێبوون بۆ کەمئەندامان و خاوەن پێداویستى تایبەت و کورتە باڵایان، بەبێ بەرامبەر، بەمەرجێك بۆ بارودۆخى گوزەران و جەستەییان گونجاو بێت.

مادده‌ی (8)

متن المادە :

مادده‌ی (8) خاڵێک بۆ بڕگەى (دووەم)ى ماددەى (دوازدەیەم )ى یاساکە بە زنجیرەى (3) زیاد دەكرێت و بەم شێوەیەى خوارەوە دەخوێندرێتەوە: 3. دامەزراندنى ناوەندێکى پێشکەوتوو بۆ دەستنیشانکردنى کەمئەندامى، پێكهاتە و ئەرك و شێوازی کارکردنى بە ڕێنماییەك ڕێکدەخرێت کە وەزیر بەهەماهەنگى لەگەڵ ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم و وەزیرى تەندروستى دەریدەکات.

مادده‌ی (9)

متن المادە :

مادده‌ی (9) بڕگەى (یەکەم)ى ماددەى (سێزدەیەم)ى یاساکە هەموار دەکرێت و بەم شێوەیەی خوارەوە دەخوێندرێتەوە: یەکەم: لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەت پابەندن بە ڕەخساندنى هەلى چالاکییە وەرزشى و کۆمەڵایەتییەکان بۆ  کەمئەندامان و خاوەن پێداویستى تایبەت و کورتەباڵایان، و یارمەتیدانیان بۆ ئەنجامدانى ئەو وەرزشانەى کە لەگەڵ بارودۆخیان دەگونجێت، و ئەمەش لە ڕێگەی:- 1. گونجاندنى یاریگا و هۆڵى وەرزشى و خێوەتگە و یانەى تایبەت. 2. پابەندکردنى لایەنەکانى ترى خاوەن یاریگا و هۆڵ و یانەى وەرزشى بە دابین کردنى بەش و شوێنى تایبەت کە تیایدا بتوانن وەرزش و چالاکیە کۆمەڵایەتییەکان ئەنجام بدەن و بەشداریان پێ بکرێت لە چالاکیە وەرزشیە نێودەوڵەتییەکان.

مادده‌ی (10)

متن المادە :

مادده‌ی (10) (دوو) بڕگە بە زنجیرەکانى (سێیەم) و (چوارەم) بۆ ماددەى (چواردەیەم)ی یاساكە زیاد دەكرێت و بەم شێوەیەى خوارەوە دەخوێندرێتەوە: سێیەم: 1. هەر کەسێک کەمئەندامێک یان خاوەن پێداویستیەکى تایبەت یان کورتەباڵایەک بێبەش بکات یان کارێک بکات ببێتە مایەى بێبەشکردنى لە پیادەکردنى ئەو مافانەى لەم یاسایەدا هاتوون، ئەوا بە پێبژاردنێک کە لە (1,000,000) یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (1,500,000) یەک ملیۆن و پێنج سەد هەزار دینار زیاتر نەبێت، سزادەدرێت. 2. کەسى هاوبەش لەو سەرپێچیەى لە خاڵى (1)ى ئەم بڕگەیەدا هاتووە، هەمان مامەڵەى کەسى بکەرى لەگەڵدا دەکرێت. 3. لە حاڵەتى گەڕانەوە بۆ سەرپێچییەکە  بەهاى ئەو پێبژاردنەى لە خاڵى (1)ى ئەم بڕگەیەدا دەقنووسکراوە دەبێتە دوو هێندە. چوارەم: هەر کەسێک بە مەبەستى بەهرەمەندبوون بە ناشایستەیى لە هەر مافێکى دەقنووسکراو لەم یاسایەدا، بە ساختە خۆى بکاتە کەسى کەمئەندام یان خاوەن پێداویستى تایبەت یان کورتەباڵا یان سیفەتى هەڵبگرێت یان لەگەڵیدا بەشدار بێت یان هاوکارى بکات، سەرەراى هەر سزایەک کەلە یاسا بەرکارەکاندا هاتووە، ئەوا بە پێبژاردنێک کە لە (2,500,00) دوو ملیۆن و پێنج سەد هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە (5,000,000) پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت،سزادەدرێت.

مادده‌ی (11)

متن المادە :

مادده‌ی (11) ماددە (حەڤدەم)ى یاساکە هەڵدەوەشێتەوە و ئەم دەقەى خوارەوە جێگاى دەگرێتەوە: جێبەجێکردنى بڕگە و ماددەکانى تایبەت بە ماف و ئیمتیازاتى کەمئەندامان و خاوەن پێداویستى تایبەت و کورتەباڵایان لەم یاسایە و هەر یاسایەکى پەیوەندیداری دیکەى بەرکار لە هەرێم، بەڕەچاوکردنى بنەماكانی یەکسانى جۆرى کۆمەڵایەتى دەبێت.

مادده‌ی (12)

متن المادە :

مادده‌ی (12) پێویستە وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزیرى تەندروستى، ڕێنمایى بو ئاسان جێبەجێکردنى حوکمەکانى ئەم یاسایە دەربکەن.

مادده‌ی (13)

متن المادە :

مادده‌ی (13) کار بە دەقى هیچ یاسا یان بڕیارێک ناکرێت کە لەگەڵ حوکمەکانى ئەم یاسایە دا ناکۆک بێت.

مادده‌ی (14)

متن المادە :

مادده‌ی (14) پێویستە ئەنجومەنى وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکان حوکمەکانى ئەم یاسایە جێبەجێ بکەن.

مادده‌ی (15)

متن المادە :

مادده‌ی (15) ئەم یاسایە لە ڕێکەوتى بڵاوکردنەوەى لە ڕۆژنامەى فەرمى (وەقایعى کوردستان) جێبەجێ دەکرێت.