مادده‌ی (2)

معرف المادة: 17510

رقم المادة : 512

مادده‌ی (2) یەکەم: بڕگەى (چوارەم)ى ماددەى (یەکەم)ى یاساکە هەموار دەکرێت و بەم شێوەیەى خوارەوە دەخوێندرێتەوە: (چوارەم: ئەنجومەن: ئەنجومەنى چاودێرى کەمئەندامان و خاوەن پێداویستى تایبەت و کورتەباڵایان). دووەم: بڕگەى (شەشەم) ى ماددەى (یەکەم)ى یاساکە هەمواردەکرێتەوە و بەم شێوەیەى خوارەوە دەخوێندرێتەوە: (شەشەم: کەمئەندام: هەر کەسێک دووچارى پەککەوتەییەکى ماوە درێژ بووبێت، جا چ جەستەیى بێت یان ئەقڵى یان هزرى یان هەستى، بەشێوەیەکى تەواو بێت یان بەشەکى، بەجۆرێك ببێتە بەربەستێک یان زیاتر لەبەردەم بەشداریکردنى لە كۆمەڵگەدا، بەشێوەیەکى سروشتى هاوشێوەی کەسانى دیکە). سێیەم: بڕگەیەک بە زنجیرەى (حەوتەم) بۆ ماددەى (یەکەم)ى یاساکە زیاددەکرێت و بەو پێیە برگەکانى دواتر ڕێزبەند دەکرێتەوە، و بەم شێوەیەى خوارەوە دەخوێندرێتەوە: (حەوتەم: کورتە باڵا: ئەوکەسەیە کە بە هۆى ناڕێکى لە سیستەمى گەشەیدا، ئاستى بەرزیی باڵاى بەشێوەیەکى نائاسایى كوورت بێت، ئەمەش بە بڕیارى لیژنەیەکى پزیشکى پسپۆڕ دەستنیشان دەکرێت). چوارەم: بڕگەى (حەوتەم)ى ماددەی (یەكەم)ی یاساكە هەموار دەکرێت و بەپێی ڕیزبەندی نوێ دەبێتە بڕگەی (هەشتەم) و بەم شێوەیەى خوارەوە دەخوێندرێتەوە: (هەشتەم: ناسنامە: ئەو بەڵگەنامە تایبەتەیە کە وەزارەت بو پێناسى کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و كورتە باڵا دەریدەکات، و هەڵگرەکەى لەو ماف و ئمتیازاتانە سودمەند دەبێت کە ئەم یاسایە دەیبەخشێت). پێنجەم: برگەى (دەیەم)ى ماددەی (یەكەم)ی یاساكە هەموار دەکرێت و بەپێی ڕیزبەندی نوێ دەبێتە بڕگەی (یازدەیەم) و بەم شێوەیەی خوارەوە دەخوێندرێتەوە: (یازدەیەم: بنکەکانى حەواندنەوە: ئەو بنکانەن کە کەمئەندامان و خاوەن پێداویستى تایبەت و کورتە باڵایان لە خۆ دەگرن، ئەوانەى شوێنى حەوانەوەیان نییە و پێویسیان بە کەسانێک هەیە چاودێرییان بکەن). شەشەم: بڕگەیەک بە زنجیرەى (دوازدەیەم) بۆ ماددەى (یەکەم)ی یاساكە زیاد دەکرێت و بەم شێوەیەى خوارەوە دەخوێندرێتەوە: (دوازدەیەم: سندوق: سندوقى کۆمەک بۆ چاودێریى کەمئەندام و خاوەن پێداویستى تایبەت و کورتەباڵایان).

الموضوع: ئەنجومەنی چاودێرى کەمئەندامان و خاوەن پێداویستى تایبەت,کەمئەندام: هەر کەسێک دووچارى پەککەوتەییەکى ماوە درێژ بووبێت,کورتە باڵا: ئەوکەسەیە کە بە هۆى ناڕێکى لە سیستەمى گەشەیدا,ناسنامە: ئەو بەڵگەنامە تایبەتەیە کە وەزارەت بو پێناسى کەمئەندام و خاوەن پێداویستى تایبەت و كورتە باڵا,بنکەکانى حەواندنەوە: ئەو بنکانەن کە کەمئەندامان و خاوەن پێداویستى تایبەت و کورتە باڵایان لە خۆ دەگرن,سندوق: سندوقى کۆمەک بۆ چاودێریى کەمئەندام و خاوەن پێداویستى تایبەت و کورتەباڵایان