أحكام القانون
البحث في المحتوى🔎
ماددهی (1)
ماددهی (1) بۆ مەبەستى حوکمەکانى ئەم یاسایە، ئەم زاراوە و دەستەواژانەی خوارەوە ماناکانى بەرامبەریان دەگەیەنن:- یەکەم/ هەرێم: هەرێمی کوردستان - عێراق. دووەم/ ئەنجومەنى وەزیران: ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم. سێیەم/ وەزارەت: وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزار. چوارەم/ وەزیر: وەزیرى شارەوانى و گەشتوگوزار. پێنجەم/ دەستە: دەستەى گەشتوگوزار. شەشەم/ سەرۆکى دەستە: سەرۆکى دەستەى گەشتوگوزار. حەوتەم/ ئەنجومەن: ئەنجومەنى بەڕێوەبردنى دەستە. هەشتەم/ بەڕێوەبەرایەتى گشتى: بەڕێوەبەرایەتى گشتى گەشتوگوزار لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان. نۆیەم/ گەشتوگوزار: گەشت و گوزەرکردنى کەسێک یان کۆمەڵە کەسێکە بۆ ماوەیەکى کاتى، بەمەبەستى حەوانەوە، چێژوەرگرتن، پشوودانى دەروونى یان جەستەیى، بینینى شوێنەوار یان هەواری مێژوویى یان شوێنى ئاینى یان دیمەنى سروشتى، وەرزشکردن، چارەسەریى تەندروستى یان هەر بابەتێکى دیکەى هاوشێوە. دەیەم/ ناوچەى گەشتیارى: هەر شوێنێک کە بۆ مەبەستى گەشتیارى بگونجێت، چ سروشتى بێت یان دروستکراو، موڵکی گشتى یان تایبەت یان تێکەڵ بێت. یازدەیەم/ دامەزراوەی گەشتیاری: کۆمپانیا، نووسینگە و بریکاریى گەشتیاری دەگرێتەوە، کە گەشت ڕێکدەخەن یان خزمەتگوزارى و چالاکى گەشتیارى بەڕێوەدەبەن، گشتى بن یان تایبەت یان تێکەڵاو بێت. دوازدەیەم/ گەشتیار: کەسێکى سروشتییە، هاونیشتیمانى بێت یان بیانى، کە لە شوێنى نیشتەجێبوونى خۆیەوە دەچێتە شوێنێکى گەشتیارى، بۆ ماوەیەکى دیاریکراو، بۆ مەبەستى گەشتیارى. سێزدەیەم/ پڕۆژەى گەشتیارى: هەر پرۆژەیەکى بوارى گەشتوگوزار، کە لەلایەن کەسێکى سروشتى یان مەعنەوى ئەنجامدەدرێت، گشتى یان تایبەت یان تێکەڵ بێت. چواردەیەم/ وەبەرهێنانى گەشتیارى: بەگەڕخستنى سەرمایەى مرۆیى و داراییە، لەلایەن کەسێکى سروشتى یان مەعنەوى، بۆ بونیادنان و پێشخستنى کەرتى گەشتیاریى لە هەرێم. پازدەیەم/ چالاکى گەشتیارى: ئەو چالاکیانە دەگرێتەوە کە لە شوێنە گەشتیارییەکاندا لەلایەن دامەزراوە گەشتیارییەکانەوە یان لەلایەن گروپ و کەسانى ترەوە ئەنجام دەدرێن. شازدەدەیەم/ رێنوێنیکارى گەشتیارى: ئەو کەسەیە کە لەلایەن دەستەوە مۆڵەتدراوە و ئەرکى رێنوێنیکردنى گەشتیاران لەئەستۆ دەگرێت.
ماددهی (2)
ماددهی (2) ئامانجەکانى ئەم یاسایە بریتییە لە:- یەکەم/ ڕێکخستنى کەرتى گەشتیاری لە هەرێم، بەجۆرێک ڕۆڵى ئابووریى و ژیاریى و ڕۆشنبیریى ژینگەیى خۆى بەرجەستە بکات، لە ئێستا و لە داهاتوودا. دووەم/ پەرەپێدانى کەرتى گەشتیاریى، کارکردن بۆ سەرنجڕاکێشانى گەشتیاران بە هەماهەنگى لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارە ڕۆشنبیرى و کلتورى و فەرهەنگییەکان، و پتەوکردنى ڕۆڵى کەرتى گشتى و تایبەت و تێکەڵ، و هاندانى سەرمایەگوزاریى نیشتیمانی و بیانیى بۆ وەبەرهێنان لە کەرتى گەشتیارییدا. سێیەم/ ڕێکخستنى هەماهەنگى و کارى تەواوکارى لەنێوان دامەزراوە حکومى و ناحکومییە ناوخۆیى و دەرەکییە پەیوەندیدارەکاندا بە مەبەستى پێشخستنى کەرتى گەشتیارى هەرێم.
ماددهی (3)
ماددهی (3) یەکەم/ بۆ هێنانەدی ئامانجەکانى ئەم یاسایە، دەستەى گەشتوگوزار ئەم ئەرک و دەسەڵاتانەى خوارەوەى دەبێت:- 1. دانانى پلانى ستراتیجى و بەرنامەى ساڵانەى تایبەت بە گەشتوگوزار، و گەشەپێدانى شوێنە گەشتیارییەکان وجێبەجێکردنى، دواى پەسەندکردنیان لەلایەن وەزارەتەوە. 2. دانانى پێوەر و مەرجى تەکنیکى و بیناسازیى مۆدێرن و گەرەنتى ڕەچاوکردنى لە پرۆژە گەشتیارییەکاندا، و ئامادەکردنى سیستەمى پۆلێنکردنى دامەزراوە و پرۆژە گەشتیارییەکان بەپێى ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، بە هەماهەنگى لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان. 3. پێدانى مۆڵەتى کارکردنى شوێن و دامەزراوە گەشتیارییەکان بەپێى یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان، بەهەماهەنگى لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان. 4. پێدانى لارینەبوون بۆ دروستکردنى پڕۆژەى گەشتیارى بەپێى یاساى وەبەرهێنانى بەرکار لەهەرێم و پێدانى مۆڵەتى دروستکردنى پڕۆژە بچوکەکانى بوارى گەشتیارى کە بە پڕۆژەى وەبەرهێنان هەژمار ناکرێن، بە هەماهەنگى لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان. 5. چاودێریکردن و پشکنینى شوێنە گەشتیارییەکان و ئاراستەکردنیان بۆ چاککردنى جۆرێتى خزمەتگوزارییە گەشتیارییەکان وپەرەپێدانى چالاکیى گەشتیاری، لە کەرتى گشتى و تایبەت و تێکەڵ. 6. ڕەتکردنەوەى وەبەرهێنان لە شوێنە گەشتیارییەکاندا، ئەوانەى بنەماکانى سەرنجڕاکێشانى گەشتیارییان تێدایە، بۆ هەر بوارێکى دیکە جگە لە پرۆژەکانى بواری گەشتیارى. 7. بڕیاردان لەسەر دانانى چالاکییە گەشتیاریییەکانى هەرێم وەک بڕاندێکى نێوخۆیى و ڕێکخستنى کەرنەڤاڵە گەشتوگوزارییە نێودەوڵەتییەکان، بەپێى ڕێنماییەک کە وەزارەت لەسەر پێشنیازى دەستە، دەریدەکات. 8. بڵاوکردنەوەى ڕۆشنبیرى گەشتوگوزارى و ئامادەکردنى ڕێبەرى گەشتیاری پەڕاویى و ئەلکترۆنى لە شێوەى (ئەپلیکەیشن)، تایبەت بە شوێن و پرۆژە گەشتیارییەکانى هەرێم. 9. دامەزراندنى ناوەندی پسپۆڕ، و هاندان و پێشنیازى کردنەوەى پەیمانگە و ناوەند بۆ ڕاهێنانى کارمەندانى بوارى گەشتیارى لە کەرتى گشتى و تایبەت و تێکەڵ. 10. بەشداریکردن لە چالاکى ڕێکخراوە گەشتیارییە جیهانییە تایبەتمەندەکان و کۆنفرانس و بۆنە و پێشانگە نێودەوڵەتییەکانى تایبەت بە چالاکیى گەشتیاریى، دواى ڕەزامەندى وەزارەت. 11. دامەزراندنى نووسینگەى زانیاریى و گەشەپێدانى گەشتیارى لە فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان و شوێنە پێویستەکانى دیکە بەهەماهەنگى لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، و بەکارهێنانى شێوازە هەمەڕەنگەکانى ڕیکلام بە مەبەستى ناساندنى شوێنە گەشتیارییەکان. 12. ئامادەکردن و پێشنیازکردنى ڕەشنووسى ڕێنمایى تایبەت بە کەرتى گەشتیاری لە هەرێم. 13. کارکردن بۆ گەیاندنى خزمەتگوزاری پێویست بۆ شوێن و ناوچە گەشتیارییەکان بە هەماهەنگى لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان. 14. هەر ئەرکێکى دیکەى هاتوو لەم یاسایە و یاسا بەکارەکانى دیکەى هەرێم، پەیوەست بە چالاککردن و پەرەپێدانى کەرتى گەشتیاری. دووەم/ دابەشکردن و پۆلێنکردنى ئەو ئەرک و دەسەڵاتانەى لە بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیەدا ئاماژەى پێدراوە، بە ڕێنماییەک دیاریدەکرێت کە وەزیر پشتبەست بەم یاسایە و یاساى وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزارى بەرکار لە هەرێم، دەریدەکات.
ماددهی (4)
ماددهی (4) یەکەم/ ئەنجومەنى وەزیران دەتوانێت لەسەر پێشنیازى وەزارەت، کۆمپانیاى گشتى یان تێکەڵاو لە بواریى گەشتوگوزارى، بەپێى یاسا بەرکارەکان لە هەرێم، دابمەزرێنێت. دووەم/ ئەو کۆمپانیایانەى کە لە بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیەدا ئاماژەیان پێدراوە، سەربەخۆیى دارایى و کارگێڕییان دەبێت، و پێکهاتە و ئەرک و دەسەڵاتەکانى بە پەیڕەوێک ڕێکدەخرێت کە ئەنجومەنى وەزیران بۆ ئەم مەبەستە دەریدەکات.
ماددهی (5)
ماددهی (5) یەکەم/ پۆلێنکردنى تایبەتمەندى دامەزراوە گەشتیارییەکان و مەرجەکانى مۆڵەتى گەشتیاریى و دەستبەرداربوون لە موڵەت، بە ڕێنمایى ڕێکدەخرێت کە وەزارەت لەسەر پێشنیازى دەستە بۆ ئەم مەبەستە دەریدەکات. دووەم/ دامەزراوەى گەشتیاریى بە مۆڵەتى دەستە پیادەى کار و چالاکییەکانى دەکات. سێیەم/ 1. داواکارى وەرگرتنى مۆڵەتى کارکردنى دامەزراوەى گەشتیاریى پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانى گەشتوگوزار لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆوکان دەکرێت. 2. ماوەى مۆڵەتى هاتوو لە بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیە (2) دوو ساڵە و شیاوى نوێکردنەوەیە. چوارەم/ دەستبەرداربوون (تنازل) لە مۆڵەتى دامەزراوەى گەشتیاری بۆ دامەزراوەیەکى دیکە تەنها بە ڕەزامەندى دەستە دەبێت.
ماددهی (6)
ماددهی (6) دامەزراوەى گەشتیارى پابەند دەبێت بە:- یەکەم/ پیادەکردنى چالاکییەکانى بە گوێرەى تایبەتمەندى دیاریکراو لە مۆڵەتەکەیدا. دووەم/ پێدانى زانیارى لە ڕێگەى بەڕێوەبەراتییە گشتییەکانەوە بە دەستە، دەربارەى پلان و پرۆگرامە گەشتیارییەکانى پێش جێبەجێکردنیان. سێیەم/ پێدانى زانیارى بە دەستە، دەربارەى گەشتیاران و هەر زانیارییەکى دیکە کە پەیوەندیدار بێت بە گەشتوگوزار، لەڕێگەى بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانەوە، ئەگەر دەستە بە نووسراو داواى بکات. چوارەم/ ئاسانکارى بۆ بەمەبەستى چاودێرى و پشکنین. پێنجەم/ بەگەڕخستنى دەستى کارى ناوخۆیى بە ڕێژەیەک کە لە ( 75%) حەفتا و پێنج لە سەد کەمتر نەبێت، جگە لەو پڕۆژانەى کە پێویستى بە پسپۆڕى تایبەت و دەستى کارى شارەزا هەیە بەمەرجێک لە هەرێمى کوردستان بوونیان نەبێت. شەشەم/ هەر پابەندییەکى دیکە کە بە ڕێنمایى ڕێکدەخرێت، یان دەستە لە گرێبەستى نێوانیاندا زیادى دەکات.
ماددهی (7)
ماددهی (7) یەکەم/ ناوچەى گەشتیارى دەستکرد و بونیادنراوەکانى سەر ناوچەى گەشتیاری سروشتى بە مۆڵەتی دەستە دادەمەزرێت، و مەرجەکانى مۆڵەتی شوێنى گەشتیارییش بە ڕێنمایى دیاردیدەکرێت کە وەزارەت لەسەر پێشنیازى دەستە، دەریدەکات. دووەم/ داواکارى وەرگرتنى مۆڵەتى دامەزراندنى شوێنى گەشتیاریى پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتى گشتى دەکرێت. سێیەم/ شوێنە گەشتیارییەکان پابەند دەبن بە ئاسانکاریى بۆ مەبەستى چاودێرى و پشکنین.
ماددهی (8)
ماددهی (8) یەکەم/ پیادەکردنى کارى ڕێنوێنى گەشتیارى بە مۆڵەتى بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانى دەستەى گەشتوگوزار دەبێت، مەرجەکانى مۆڵەتیش بە ڕینمایى دیاریدەکرێت کە وەزارەت لەسەر پێشنیازى دەستە، دەریدەکات. دووەم/ ڕێنوێنیکارى گەشتیاریى پابەند دەبێت بە:- 1. پیادەکردنى کارى ڕێنوێنکارى بەو مەرج و ڕێکاریانەى لە مۆڵەتەکەیدا هاتووە. 2. پیادەکردنى ڕێسا پیشەییەکانى کارى ڕێنوێنکاری. 3. هەر پابەندییەکى دیکە کە بە ڕێنمایى ڕێکدەخرێت.
ماددهی (9)
ماددهی (9) یەکەم/ ماف وئەرکەکانى گەشتیار، بە پێى یاسا بەرکارەکانى هەرێم و ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییە پەسەندکراوەکان، پارێزراو دەبێت. دووەم/ دەستە ڕێوشوێن بۆ دەستەبەرکردنى مافى گەشتیار لە بەرامبەر دامەزراوە و شوێنە گەشتیارییەکاندا دەگرێتەبەر. سێیەم/ ئەگەر هەمان جۆرى چالاکى گەشتیارى لەلایەن زیاتر لە یەک دامەزراوەى گەشتیاری ئەنجام درا، ئەوا سەرجەمیان پێکەوە بەرپرسن لە قەرەبووکردنەوە بەرامبەر هەر هەڵە یان سەرپێچیەک کە زیان بە گەشتیار بگەیەنێت و دەرئەنجامى کارى هاوبەشى ئەو دامەزراوانە بێت.
ماددهی (10)
ماددهی (10) یەکەم/ بینینى داواى شارستانى(مدنی) لە بوارى گەشتوگوزار و یەکلایى کردنەوەیان، لەلایەن دادگاکانەوە سیفەتى بەپەلەى پێدەدرێت. دووەم/ لەو ناوچە گەشتیارییانەى کە بنکەى پۆلیسى تێدایە، هۆبەى پۆلیسى گەشتیارى دادەمەزرێت، و ئەرکیان پاراستنى گەشتیار و ناوچە گەشتیارییەکان دەبێت.
ماددهی (11)
ماددهی (11) دامەزراوەى گەشتیارى بە داخستنى کاتى و پێبژاردنێک کە لە (1,000,000) یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (2,000,000) دوو ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، سزا دەدەرێت، ئەگەر سەرپێچى حوکمی بڕگەى (دووەم) لە ماددەى (5) و ماددەی (6)ی ئەم یاسایەى کرد، یان زانیاریى و بەڵگەنامەى نادروستى بەمەبەستى وەرگرتنى مۆڵەت پێشکەشى دەستە کرد.
ماددهی (12)
ماددهی (12) یەکەم/ دامەزراوەى گەشتیارى بە پێبژاردنێک کە لە (100,000) سەد هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە (200,000) دوو سەد هەزار دینار زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت، بۆ هەر ڕۆژێک دواکەوتن لە نوێکردنەوەى مۆڵەتى کارکردن. دووەم/ ئەگە دامەزراوەى گەشتیاریى ماوەى زیاتر لە (60) شەست ڕۆژ بەسەر نوێ نەکردنەوە مۆڵەتەکەیدا بەبێ پاساوى ڕەوا تێپەڕى، ئەوا سەربارى سەپاندنى سزاى هاتوو لە لەبڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیەدا، دواى ئاگادارکردنەوەى، نوێکردنەوەى مۆڵەتەکەى بۆ ماوەى (3) سێ مانگ دوادەخرێت و ئەگەر هەر پابەند نەبوو بۆ ماوەیەک کە لە (1) یەک ساڵ کەمتر نەبێت مۆڵەتەکەى دوادەخرێت، و لەو ماوەیەدا ڕێگەى کارکردنى پێنادرێت.
ماددهی (13)
ماددهی (13) هەر یەک لە دامەزراوەى دەستبەرداربوو و دامەزراوەى دەستبەرداربۆکراو بە پێبژاردنێک کە لە (1,000,000) یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (2,000,000) دوو ملێۆن دینار زیاتر نەبێت، سزادەدرێت، ئەگەر دەستبەرداربوونەکەیان بە پێچەوانەى بڕگەى (چوارەم)ى ماددەى (5)ى ئەم یاسایە، ئەنجامدا.
ماددهی (14)
ماددهی (14) ناوچەی گەشتیاری بە داخستنى كاتی کە لە (30) سی ڕۆژ زیاتر نەبێت و پێبژاردنێک کە لە (500،000) پێنج سەد هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە (1,000,000) یەک ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، سزادەدرێت، ئەگەر سەرپێچى حوکمى بڕگەكانی (یەكەم، سێیەم)ی ماددەى (7)ی ئەم یاسایەى کرد یان زانیاریى و بەڵگەنامەى نادروستى بەمەبەستى وەرگرتنى مۆڵەت پێشکەشى دەستە کرد.
ماددهی (15)
ماددهی (15) یەکەم/ رێنوێنیکارى گەشتیارى بە پێبژاردنێک کە لە (250,000) دوو سەدو پەنجا هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە (500,000) پێنج سەد هەزار دینار زیاتر نەبێت، سزادەدرێت، ئەگەر سەرپێچى حوکمى بڕگەى (یەکەم)ى ماددەى (8)ى ئەم یاسایەى کرد یان زانیارى و بەڵگەنامەى نادروستى بەمەبەستى وەرگرتنى مۆڵەت پێشکەشى دەستە کرد. دووەم/ ڕێنوێنیکارى گەشتیاری بە پێبژاردنێک کە لە (100,000) سەد هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە (250,000) دوو سەد وپەنجا هەزار دینار زیاتر نەبێت، سزادەدرێت، بۆ هەرجارێک کە سەرپێچى پابەندییەکانى هاتوو لە بڕگەى(دووەم)ى ماددەى (8)، بکات.
ماددهی (16)
ماددهی (16) یەکەم/ لەکاتى دووبارەکردنەوەى سەرپێچییەکانى هاتوو لە ماددەکانى(15،14،13،11)ى ئەم یاسایە، بڕى پێبژاردنەکان دەبنە دوو هێندە. دووەم/ ئەگەر سەرپێچیکار بەردەوام بوو لەسەر سەرپێچییەکانى هاتوو لە ماددەکانى ئاماژەپێدراو لە بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیەدا، ئەوا بەپێى قەبارەى سەرپێچییەکە، مۆڵەتەکەى بۆ ماوەیەکى کاتى ڕادەگیرێت یان هەڵدەوەشێتەوە.
ماددهی (17)
ماددهی (17) یەکەم/ سەرۆکى دەستە یان ئەوەى ڕایدەسپێرێت، دەسەڵاتى سەپاندنى سزاکانی هاتووی لەم یاسایەدا هەیە، پشتبەست بە ڕاسپاردەى لیژنەیەک کە دەستە یان بەڕێوەبەرایەتى گشتى بۆ ئەو مەبەستە دروستیدەکات. دووەم/ بڕیارەکانى سزادان بەپێى حوکمەکانى ئەم یاسایە، لە ماوەى (30) سی ڕۆژ لە بەروارى پێڕاگەیاندنیان، یاراى تانەلێدانن لەبەردەم دادگای کارگێڕیى بەپێى حوکمەکانى یاساى ئەنجومەنى شوراى بەرکار لە هەرێم.
ماددهی (18)
ماددهی (18) سەپاندنى سزاکانى هاتوو لەم یاسایەدا، ڕێگر نییە لە سەپاندنى هەرسزایەکى دیکەى هاتوو لە یاساى سزاکانى بەرکار لە هەرێم.
ماددهی (19)
ماددهی (19) یەکەم/ بڕى ڕەسمى پێدان و نوێکردنەوەى مۆڵەتى پیادەکردنى کارى دامەزراوە و شوێنە گەشتیارییەکان و بە ڕێنوێنكاری گەشتیاری، بەپێى پەیڕەوێک دیاریدەكرێت لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانەوە دەردەچێت. دووەم/ (30%) لەسەدا سى بڕى داهاتى بەدەستهاتوو بەپێى بڕگەى (یەکەم) ى ئەم ماددەیە بۆ مەبەستى پەرەپێدانى كەرتی گەشتیارى تەرخان دەکرێت.
ماددهی (20)
ماددهی (20) مەرج و خەسڵەت و تایبەتمەندى ئەو شوێنە گەشتیارییانەى حوکمەکانى ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە، لەلایەن وەزارەتەوە بە ڕێنماییەک دیاریدەکرێن.