ماددهی (1)
بۆ مەبەستى حوکمەکانى ئەم یاسایە، ئەم زاراوە و دەستەواژانەی خوارەوە ماناکانى بەرامبەریان دەگەیەنن:-
یەکەم/ هەرێم: هەرێمی کوردستان - عێراق.
دووەم/ ئەنجومەنى وەزیران: ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم.
سێیەم/ وەزارەت: وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزار.
چوارەم/ وەزیر: وەزیرى شارەوانى و گەشتوگوزار.
پێنجەم/ دەستە: دەستەى گەشتوگوزار.
شەشەم/ سەرۆکى دەستە: سەرۆکى دەستەى گەشتوگوزار.
حەوتەم/ ئەنجومەن: ئەنجومەنى بەڕێوەبردنى دەستە.
هەشتەم/ بەڕێوەبەرایەتى گشتى: بەڕێوەبەرایەتى گشتى گەشتوگوزار لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان.
نۆیەم/ گەشتوگوزار: گەشت و گوزەرکردنى کەسێک یان کۆمەڵە کەسێکە بۆ ماوەیەکى کاتى، بەمەبەستى حەوانەوە، چێژوەرگرتن، پشوودانى دەروونى یان جەستەیى، بینینى شوێنەوار یان هەواری مێژوویى یان شوێنى ئاینى یان دیمەنى سروشتى، وەرزشکردن، چارەسەریى تەندروستى یان هەر بابەتێکى دیکەى هاوشێوە.
دەیەم/ ناوچەى گەشتیارى: هەر شوێنێک کە بۆ مەبەستى گەشتیارى بگونجێت، چ سروشتى بێت یان دروستکراو، موڵکی گشتى یان تایبەت یان تێکەڵ بێت.
یازدەیەم/ دامەزراوەی گەشتیاری: کۆمپانیا، نووسینگە و بریکاریى گەشتیاری دەگرێتەوە، کە گەشت ڕێکدەخەن یان خزمەتگوزارى و چالاکى گەشتیارى بەڕێوەدەبەن، گشتى بن یان تایبەت یان تێکەڵاو بێت.
دوازدەیەم/ گەشتیار: کەسێکى سروشتییە، هاونیشتیمانى بێت یان بیانى، کە لە شوێنى نیشتەجێبوونى خۆیەوە دەچێتە شوێنێکى گەشتیارى، بۆ ماوەیەکى دیاریکراو، بۆ مەبەستى گەشتیارى.
سێزدەیەم/ پڕۆژەى گەشتیارى: هەر پرۆژەیەکى بوارى گەشتوگوزار، کە لەلایەن کەسێکى سروشتى یان مەعنەوى ئەنجامدەدرێت، گشتى یان تایبەت یان تێکەڵ بێت.
چواردەیەم/ وەبەرهێنانى گەشتیارى: بەگەڕخستنى سەرمایەى مرۆیى و داراییە، لەلایەن کەسێکى سروشتى یان مەعنەوى، بۆ بونیادنان و پێشخستنى کەرتى گەشتیاریى لە هەرێم.
پازدەیەم/ چالاکى گەشتیارى: ئەو چالاکیانە دەگرێتەوە کە لە شوێنە گەشتیارییەکاندا لەلایەن دامەزراوە گەشتیارییەکانەوە یان لەلایەن گروپ و کەسانى ترەوە ئەنجام دەدرێن.
شازدەدەیەم/ رێنوێنیکارى گەشتیارى: ئەو کەسەیە کە لەلایەن دەستەوە مۆڵەتدراوە و ئەرکى رێنوێنیکردنى گەشتیاران لەئەستۆ دەگرێت.
الموضوع: هەرێم,ئەنجومەنى وەزیران,وەزارەت,وەزیر,دەستە,سەرۆکى دەستە,ئەنجومەن,بەڕێوەبەرایەتى گشتى,گەشتوگوزار,ناوچەى گەشتیارى,دامەزراوەی گەشتیاری,گەشتیار,پڕۆژەى گەشتیارى,وەبەرهێنانى گەشتیارى,چالاکى گەشتیارى,رێنوێنیکارى گەشتیارى