ماددهی (3)
یەکەم/ بۆ هێنانەدی ئامانجەکانى ئەم یاسایە، دەستەى گەشتوگوزار ئەم ئەرک و دەسەڵاتانەى خوارەوەى دەبێت:-
1. دانانى پلانى ستراتیجى و بەرنامەى ساڵانەى تایبەت بە گەشتوگوزار، و گەشەپێدانى شوێنە گەشتیارییەکان وجێبەجێکردنى، دواى پەسەندکردنیان لەلایەن وەزارەتەوە.
2. دانانى پێوەر و مەرجى تەکنیکى و بیناسازیى مۆدێرن و گەرەنتى ڕەچاوکردنى لە پرۆژە گەشتیارییەکاندا، و ئامادەکردنى سیستەمى پۆلێنکردنى دامەزراوە و پرۆژە گەشتیارییەکان بەپێى ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، بە هەماهەنگى لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان.
3. پێدانى مۆڵەتى کارکردنى شوێن و دامەزراوە گەشتیارییەکان بەپێى یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان، بەهەماهەنگى لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان.
4. پێدانى لارینەبوون بۆ دروستکردنى پڕۆژەى گەشتیارى بەپێى یاساى وەبەرهێنانى بەرکار لەهەرێم و پێدانى مۆڵەتى دروستکردنى پڕۆژە بچوکەکانى بوارى گەشتیارى کە بە پڕۆژەى وەبەرهێنان هەژمار ناکرێن، بە هەماهەنگى لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان.
5. چاودێریکردن و پشکنینى شوێنە گەشتیارییەکان و ئاراستەکردنیان بۆ چاککردنى جۆرێتى خزمەتگوزارییە گەشتیارییەکان وپەرەپێدانى چالاکیى گەشتیاری، لە کەرتى گشتى و تایبەت و تێکەڵ.
6. ڕەتکردنەوەى وەبەرهێنان لە شوێنە گەشتیارییەکاندا، ئەوانەى بنەماکانى سەرنجڕاکێشانى گەشتیارییان تێدایە، بۆ هەر بوارێکى دیکە جگە لە پرۆژەکانى بواری گەشتیارى.
7. بڕیاردان لەسەر دانانى چالاکییە گەشتیاریییەکانى هەرێم وەک بڕاندێکى نێوخۆیى و ڕێکخستنى کەرنەڤاڵە گەشتوگوزارییە نێودەوڵەتییەکان، بەپێى ڕێنماییەک کە وەزارەت لەسەر پێشنیازى دەستە، دەریدەکات.
8. بڵاوکردنەوەى ڕۆشنبیرى گەشتوگوزارى و ئامادەکردنى ڕێبەرى گەشتیاری پەڕاویى و ئەلکترۆنى لە شێوەى (ئەپلیکەیشن)، تایبەت بە شوێن و پرۆژە گەشتیارییەکانى هەرێم.
9. دامەزراندنى ناوەندی پسپۆڕ، و هاندان و پێشنیازى کردنەوەى پەیمانگە و ناوەند بۆ ڕاهێنانى کارمەندانى بوارى گەشتیارى لە کەرتى گشتى و تایبەت و تێکەڵ.
10. بەشداریکردن لە چالاکى ڕێکخراوە گەشتیارییە جیهانییە تایبەتمەندەکان و کۆنفرانس و بۆنە و پێشانگە نێودەوڵەتییەکانى تایبەت بە چالاکیى گەشتیاریى، دواى ڕەزامەندى وەزارەت.
11. دامەزراندنى نووسینگەى زانیاریى و گەشەپێدانى گەشتیارى لە فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان و شوێنە پێویستەکانى دیکە بەهەماهەنگى لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، و بەکارهێنانى شێوازە هەمەڕەنگەکانى ڕیکلام بە مەبەستى ناساندنى شوێنە گەشتیارییەکان.
12. ئامادەکردن و پێشنیازکردنى ڕەشنووسى ڕێنمایى تایبەت بە کەرتى گەشتیاری لە هەرێم.
13. کارکردن بۆ گەیاندنى خزمەتگوزاری پێویست بۆ شوێن و ناوچە گەشتیارییەکان بە هەماهەنگى لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان.
14. هەر ئەرکێکى دیکەى هاتوو لەم یاسایە و یاسا بەکارەکانى دیکەى هەرێم، پەیوەست بە چالاککردن و پەرەپێدانى کەرتى گەشتیاری.
دووەم/ دابەشکردن و پۆلێنکردنى ئەو ئەرک و دەسەڵاتانەى لە بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیەدا ئاماژەى پێدراوە، بە ڕێنماییەک دیاریدەکرێت کە وەزیر پشتبەست بەم یاسایە و یاساى وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزارى بەرکار لە هەرێم، دەریدەکات.
الموضوع: دانانى پلانى ستراتیجى و بەرنامەى ساڵانەى تایبەت بە گەشتوگوزار,پێوەر و مەرجى تەکنیکى و بیناسازیى مۆدێرن,پێدانى مۆڵەتى کارکردنى شوێن و دامەزراوە گەشتیارییەکان,چاودێریکردن و پشکنینى شوێنە گەشتیارییەکان,بڕیاردان لەسەر دانانى چالاکییە گەشتیاریییەکان