أحكام القانون
البحث في المحتوى🔎
مادده‌ی (41)
مادده‌ی (41): نابێ پارێزه‌ر ئه‌مانه‌ی خواره‌وه بكات: یه‌كه‌م: ناوی خۆی له كه‌س بنێت. دووه‌م: هه‌موو یا هه‌ندێ له‌و مافانه‌ی ناكۆكیان له‌سه‌ره‌و خراوه‌ته به‌ر ده‌م دادگا خۆی وه‌كاله‌تی بۆ وه‌رگرتووه بكات. سێیه‌م: خۆی یان به هۆی هاوبه‌شه پارێزه‌ره‌كه‌یه‌وه یان هه‌ر كه‌سێكی دیكه به‌شداری له موزایه‌ده‌دا بكات له‌به‌رده‌م دادگاكان و لایه‌نه دادوه‌ریه‌كانی دیكه كه خۆی تێدا وه‌كیل بێ. چواره‌م: مامه‌ڵه‌تكردن له‌گه‌ڵ موه‌كیله‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی ماندووبوونه‌كه‌ی ببێته به‌شێك له‌و مافه عه‌ینییه‌ی كه ناكۆكی له‌سه‌ره. پێنجه‌م: له پشت نووسینی قه‌واڵه‌كان (تظهیر السندات) به ناوی خۆی بكات به مه‌به‌ستی ئیدیعا كردنی به‌بێ ئه‌وه‌ی وه‌كاله‌تی هه‌بێت.
مادده‌ی (42)
مادده‌ی (42): یه‌كه‌م: نابێ پارێزه‌ر ئه‌و نهێنییه ئاشكرا بكات كه پێی سپێردرابێ له رێگه‌ی پیشه‌كه‌یه‌وه هه‌ر چه‌نده وه‌كاله‌ته‌كه‌شی ته‌واو بووبێ ته‌نیا مه‌گه‌ر بۆ ئه‌وه بێ كه تاوانێك له‌به‌رده‌م لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتدار ئاشكرا بكات و ئه‌وه‌ی زه‌ره‌رمه‌ند بووه مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه داوای قه‌ره‌بووی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و نهێنییه له‌به‌رده‌م دادگاكان بكات. دووه‌م: پارێزه‌ر له ناكۆكیه‌كدا له‌سه‌ر داواكردنی ده‌سه‌ڵاتێكی دادوه‌ری نه‌بێت و ره‌زامه‌ندی موه‌كیلی له‌سه‌ر نه‌بێت كه نهێنییه‌كه‌ی بۆ ئاشكرا كردووه نابێ هیچ شایه‌دییه‌ك بدات. سێیه‌م: پارێزه‌ر كه له ده‌عوایه‌كدا به وه‌كیل داده‌نرێ نابێ نه له كاتی وه‌كاله‌ته‌كه‌ی و نه له دوای لێخستنی له‌و وه‌كاله‌ته‌ی شایه‌دی له دژی موه‌كیله‌كه‌ی بدات. چواره‌م: پارێزه‌ر له‌كاتی به‌رپاكردنی ده‌عوایه‌كدا كه خۆی وه‌كاله‌تی تێدا كردووه نابێ وه‌كیلایه‌تی هاودژی موه‌كیله‌كه‌ی بكات به شێوه‌یه‌كی گشتیش نابێ له دوو به‌رژه‌وه‌ندی هاودژدا نوێنه‌ر بێت هه‌موو پارێزه‌رێك له‌و پارێزه‌رانه‌ش ده‌گرێته‌وه كه به هه‌ر سیفه‌تێ له نووسینگه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵیدا كار ده‌كه‌ن. پێنجه‌م: نابێ پارێزه‌ر هاریكاری له‌گه‌ڵ كه‌سێكدا بكات كه ناوی له تۆماری پارێزه‌ران لادراوه.
مادده‌ی (43)
مادده‌ی (43): یه‌كه‌م: ده‌بێ پارێوه‌ر به‌رامبه‌ر به دادوه‌ری ره‌فتار و رێبازێكی رێزدارانه بگرێت كه شیاوی پیرۆزی و پایه‌كه‌ی بێت و نابێ كاری وا ئه‌نجام بدات كه كار بكاته سه‌ر یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ده‌عوا یان زیان به رۆیشتنی داد بگه‌ێنێ و چه‌واشه‌ی بكات. دووه‌م: پێویسته پارێزه‌ر به‌رامبه‌ر هاوكارانی هه‌موو داب و ده‌ستوورێكی شیاوی پیشه‌كه‌ی خۆی بپارێزێ و نابێ هیچ كارێكی وه‌ها بكات كه زیان به ره‌رژه‌وه‌ندیان بگه‌ێنێ یان سوكییه‌ك بۆ ناو و ناوبانگی كه‌سایه‌تی و پیشه‌كه‌ی بخولقێنێ. سێیه‌م: پێویسته پارێزه‌ر خۆی به بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكا و ده‌سته و ئه‌و لیژنانه‌ی كه به پێی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه دروست كراون ببه‌ستێته‌وه. چواره‌م: پێویسته پارێزه‌ر به‌ر له‌وه‌ی ببێته وه‌كیل هاوكاره‌كه‌ی خۆی ئاگادار بكاته‌وه له‌و ده‌عوایه‌ی كه خۆی وه‌كیله تێیدا.
مادده‌ی (44)
مادده‌ی (44): مافی موه‌كیل له داواكردنی له پارێزه‌ر بۆ ئه‌وراق و به‌ڵگه‌نامه‌كان و هه‌موو مافه‌كانی له دوای تێپه‌ربوونی (5) پێنج ساڵ به‌سه‌ر مێژووی كۆتایی كاره‌كه‌ی نامێنێ ته‌نیا مه‌گه‌ر موه‌كیل پێش ته‌واو بوونی ئه‌و ماوه‌یه داوای كردبن ئه‌وه‌ش به ئینزار ده‌بێت كه به هۆی دادنووسه‌وه بۆی ده‌رده‌چێ و ئه‌و ماوه‌یه‌ش له مێژووی پێ راگه‌یاندنیه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات.
مادده‌ی (45)
مادده‌ی (45): یه‌كه‌م: سه‌ندیكای پارێزه‌ران ریكخراوێكی پیشه‌یی دیموكراتیی سه‌ربه‌خۆیه، هه‌موو ئه‌و پارێزه‌رانه ده‌گرێته خۆ كه ناویان له‌لای تۆمار كراوه و كه‌سایه‌تییه‌كی مه‌عنه‌وی هه‌یه‌و باره‌گاكه‌ی له هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمه. دووه‌م: ئه‌نجومه‌نێك به سه‌رۆكایه‌تی نه‌قیب سه‌ندیكاكه ده‌نووێنێ ئه‌گه‌ر ئه‌و دیار نه‌بوو ئه‌وا وه‌كیلی سه‌ندیكا جێگای ده‌گرێته‌وه و ئه‌و سه‌ندیكایه له پارێزگاكاندا لقی هه‌یه و ئه‌ندامه‌كانی به‌و رێگایه هه‌ڵده‌بژیردرێن كه له‌م یاسایه‌دا و له په‌یره‌وه‌كانی كه لێی ده‌رچوون هاتووه.
مادده‌ی (46)
مادده‌ی (46): سه‌ندیكا ئه‌م كارانه ده‌كات: یه‌كه‌م: به‌شداری كردن له پشتگیری حكومه‌تی هه‌رێم و سیسته‌می دیموكراتی و پاڵپشتی كردنی فیدراڵیه‌ت و چه‌سپاندن و په‌ره‌پێدانی. دووه‌م: به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجه دیاریكراوانه‌ی كه له‌م یاسایه‌دا هاتوون و كارده‌كات له پێناوی به‌رز كردنه‌وه‌ی ئاستی پیشه‌یی پارێزه‌ری. سێیه‌م: پێشكه‌ش كردنی خزمه‌تگوزاری ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری به ئه‌ندامانی و دابینكردنی یارمه‌تی گوزه‌رانی وا كه ژیانێكی سه‌ربه‌رزانه بۆ خۆیان و خێزانه‌كانیان به‌دی بێنن. چواره‌م: هاریكاری كردن له‌گه‌ڵ سه‌ندیكا پیشه‌ییه‌كانی دیكه له پێناوی به‌دی هێنانی ئامانجه پیشه‌ییه‌كانی. پێنجه‌م: هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی كردن له‌گه‌ل َده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری هه‌رێمی و ناوه‌ندی و ده‌زگاكانی دیكه‌ی ده‌وڵه‌ت به جۆرێكی وا كه داد و سه‌روه‌ری یاسا دابین بكا.
مادده‌ی (47)
مادده‌ی (47): ده‌سته‌ی گشتی پارێزه‌ران له هه‌موو ئه‌و پارێزه‌رانه پێك دێ كه له تۆماردا نووسراون و ئابوونه‌ی به‌شدار بوونی خۆیان داوه و هیچیان له‌سه‌ر نه‌ماوه.
مادده‌ی (48)
مادده‌ی (48): یه‌كه‌م: ده‌سته‌ی گشتی هه‌ر سێ ساڵ له مانگی شوباتدا كۆده‌بێته‌وه. دووه‌م: راده‌ی یاسایی بۆ كۆبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ی گشتی به ئاماده‌بوونی زۆرینه‌ی موتله‌قی ئه‌ندامانی ته‌واو ده‌بێت و ئه‌گه‌ر ئه‌و راده‌یه ته‌واو نه‌بوو ئه‌وا كۆبوونه‌وه‌كه دواده‌خرێ بۆ رۆژی دوایی و به ئاماده‌بوونی چاره‌گی ئه‌ندامانی ده‌كرێ و ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش نه‌بوو ئه‌وا ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكا بۆ ده‌وره‌یه‌كی دیكه به‌رده‌وام ده‌بێت.
مادده‌ی (49)
مادده‌ی (49): ده‌سته‌ی گشتی ئه‌و ده‌سه‌ڵات و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی خواره‌وه‌ی هه‌یه: 1. وتووێژكردن له‌سه‌ر كاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكاو بڕیاردان له‌سه‌ر دواژمێركاری بودجه‌ی پێشوو وبڕیاردان له‌سه‌ر بودجه‌ی نوێ كه ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكا بۆ سێ ساڵی داهاتووی ئاماده‌ی ده‌كات. 2. سه‌یر كردنی كاروباری ئه‌و پارێزه‌ریه‌ی كه له خشته‌ی كاردا هاتووه و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌و پێشنیارانه‌ی كه خراوه‌ته به‌ر ده‌می سه‌باره‌ت به‌و كاروبارانه. 3. ده‌ستنیشان كردنی ره‌سم و ئابوونه‌ی به‌شدار بوون و غه‌رامه بۆ سه‌ندیكا و سندوقی خانه‌نشینی. 4. هه‌ڵبژاردنی نه‌قیب و ئه‌ندامانی ئه‌صڵی ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكا و یه‌ده‌گه‌كانی. 5. بڕیاره‌كانی ده‌سته‌ی گشتی ده‌بێ جێبه‌جێ بكرێن و به زۆربه‌ی ره‌های ده‌نگی ئه‌ندامه ئاماده‌بووه‌كان ده‌رده‌چێ.
مادده‌ی (50)
مادده‌ی (50): یه‌كه‌م: ده‌سته‌ی گشتی به شێوه‌یه‌كی نائاسایی له باره‌گای سه‌ندیكا له‌سه‌ر داواكردنی دوو له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن یاخود سێ یه‌كی ئه‌ندامه تۆمار كراوه‌كان كۆده‌بێته‌وه. دووه‌م: راده‌ی یاسایی بۆ كۆبووونه‌وه‌ی نائاسایی به ئاماده‌بوونی به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه سێ یه‌كی ئه‌ندامه تۆماركراوه‌كان ته‌واو ده‌بێت و ئه‌گه‌ر نه‌بوو ئه‌وا بۆ رۆژی دوایی دواده‌خرێ و ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش نه‌بوو ئه‌وا كۆبوونه‌وه نابێت و بڵاوه‌ی لێده‌كرێ. سێیه‌م: نابێ هیچ كاروبارێك وتووێژی له‌سه‌ر بكرێت گه‌ر له داواكاری به‌ستنی كۆبوونه‌وه نائاساییه‌كه‌دا نه‌هانبێ.
مادده‌ی (51)
مادده‌ی (51): ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكا له نه‌قیب و ده ئه‌ندامی ئه‌صڵی و سێ ئه‌ندمی یه‌ده‌گ پێك دێ.
مادده‌ی (52)
مادده‌ی (52): ئه‌و كه‌سه‌ی كه به نه‌قیب هه‌ڵده‌بژێردرێت مه‌رجه ئه‌مانه‌ی لێ بێته‌دی: یه‌كه‌م: پێویسته راوێژكاربێت و به كرده‌وه پارێزه‌ری كردبێت به پێی تۆماری (الاقدمیه) بۆ ماوه‌یه‌ك له (10) ده ساڵ به‌سه‌ر یه‌كه‌وه یاخود پچڕ پچڕ كه‌متر نه‌بێت. دووه‌م: نابێ به هیچ سزایه‌كی به‌رزه‌فتی حوكم درابێ.
مادده‌ی (53)
مادده‌ی (53): ئه‌وه‌ی به‌ئه‌ندام هه‌ڵده‌بژێردرێت مه‌رجه ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ی لێ بێته دی: یه‌كه‌م: ده‌بێ راوێژكار بێت و به كرده‌وه پارێزه‌ری كردبێت به پێی تۆماری پێشینه‌یی (الاقدمیه) بۆ ماوه‌یه‌ك له حه‌وت ساڵ به‌سه‌ر یه‌كه‌وه یان بچر بچر كه‌متر نه‌بێت. دووه‌م: نابێ به هیچ سزایه‌كی به‌رزه‌فتی مه‌حكوم كرابێ كه رێگه‌ی له ده‌ست دانه پیشه‌ی پارێزه‌ری گرتبێ.
مادده‌ی (54)
مادده‌ی (54): ئه‌نجومه‌ن له یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌یدا له نێوان ئه‌ندامه‌كانی وه‌كیلێك بۆ سه‌ندیكا و سكرتێر و ئه‌میندارێكی سندوق هه‌ڵده‌بژێرێ و ده‌سه‌ڵات و تایبه‌تمه‌ندیان به پێی ئه‌م یاسایه و ئه‌و رێنماییانه‌ی كه ئه‌نجومه‌ن ده‌ریان ده‌چوێنێ دیاری ده‌كات.
مادده‌ی (55)
مادده‌ی (55): یه‌كه‌م: ئه‌نجومه‌ن هه‌ر (15) رۆژ جارێك كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئاسایی ده‌به‌ستێ و به شێوه‌یه‌كی نائاساییش له‌سه‌ر داوای نه‌قیب یان له‌سه‌ر داوایه‌كی نووسراو له لایه‌ن به‌لا‌نی كه‌مه‌وه سێ ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌ن بۆ سه‌یر كردنی ئه‌و بابه‌تهه‌ی كه له پێناویدا داوای كۆبوونه‌وه كراوه. دووه‌م: كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی و نائاسایی ئه‌نجوومه‌ن به ئاماده‌بوونی زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی به نه‌قیب و وه‌كیلی سه‌ندیكاوه نه‌بێت نابه‌سترێت و له كاتی ئاماده‌بوونیان ئه‌وا به ته‌مه‌نترین ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌ن سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه ده‌كات. سێیه‌م: بڕیاره‌كانی ئه‌نجوومه‌ن به زۆرینه‌ی ده‌نگ ده‌رده‌چن و ئه‌گه‌ر ده‌نگه‌كان به‌رامبه‌ر بوون ئه‌وا ئه‌و لایه‌ی كه سه‌رۆك یا ئه‌وه‌ی جێی ده‌گرێته‌وه له‌گه‌ڵدا بێت په‌سه‌ند ده‌كرێت. چواره‌م: بڕیاره‌كانی ئه‌نجوومه‌ن مولزیمه.
مادده‌ی (56)
مادده‌ی (56): نه‌قیبی سه‌ندیكای پارێزه‌ران له‌به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و ده‌سته‌ی دیكه‌دا نوێنه‌رایه‌تی سه‌ندیكا ده‌كات و ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه‌ی هه‌یه: یه‌كه‌م: سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ندیكا ده‌كات. دووه‌م: ئه‌و بڕیار و راسپاردانه‌ی كه ده‌سته‌ی گشتی و ئه‌نجوومه‌نی سه‌ندیكا بڕیاریان له‌سه‌ر داوه جێبه‌جێ یان ده‌كات. سییه‌م: به‌ستنی ئه‌و گرێبه‌ندانه (العقود)ی كه ئه‌نجوومه‌نی سه‌ندیكا ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر داوه. چواره‌م: به ناوی سه‌ندیكاوه له‌به‌رده‌می دادگاكان‌دا دادوه‌ری ده‌كات و بۆشی هه‌یه ئه‌ندامێكی دیكه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكا یا پارێزه‌رێكی دیكه له‌جیاتی خۆی بۆ ئه‌و ئه‌ركه دابنێت.
مادده‌ی (57)
مادده‌ی (57): یه‌كه‌م: وه‌كیلی سه‌ندیكا له كاتی ئامادنه‌بوونی نه‌قیب هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی ئه‌وی هه‌یه. دووه‌م: نه‌قیب بۆی هه‌یه هه‌ندێ له ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی بدات به وه‌كیلی سه‌ندیكاكه‌ی.
مادده‌ی (58)
مادده‌ی (58): ئه‌نجومه‌ن ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی خواره‌وه‌ی هه‌یه: یه‌كه‌م: دامه‌زراندنی فه‌رمانبه‌ران و به‌رده‌ستان و دیاری كردنی مووچه‌كانیان و رێكخستنی کاروباری خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌پێی ئه‌و رێنماییانه‌ی كه ئه‌نجومه‌ن ده‌ریان ده‌چوێنێ. دووه‌م: ئاماده‌كردنی ژمێركاریی كۆتایی سه‌ندیكا بۆ ساڵی دارایی رابردوو و ئاماده‌كردنی بودجه‌ی نوێ بۆ سێ ساڵی داهاتووی بۆ ئه‌وه‌ی بیانخاته به‌رده‌م ده‌سته‌ی گشتی بۆ راستاندنیان. سێیه‌م: سه‌رپه‌رشتی كردنی لقه‌كانی سه‌ندیكا و ژووره‌كانی پارێزه‌ران. چواره‌م: دامه‌زراندنی ژووری پارێزه‌ران. پێنجه‌م: دامه‌زراندنی یانه‌كانی پاریزه‌ران به‌پێی یاسای كۆمه‌ڵه‌كان و پێره‌وه ناوخۆییه‌كانیان و سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌كانی به‌رێوه‌بردنیان. شه‌شه‌م: پێكهێنان و دیاری كردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئه‌و لێژنانه‌ی كه له‌م یاسایه‌دا هاتوون و پێویسته پێك بهێنرێن. حه‌وته‌م: جێبه‌جێ كردنی بڕیاره‌كانی ده‌سته‌ی گشتی به‌دواداچوونی راسپارده‌كانی. هه‌شته‌م: ناردنی ئه‌و شكایه‌تانه‌ی كه سزا‌كه‌یان له تایبه‌تمه‌ندی ئه‌نجومه‌ندا نییه بۆ لیژنه‌ی به‌رزه‌فتی.
مادده‌ی (59)
مادده‌ی (59): یه‌كه‌م: ئه‌گه‌ر نه‌قیب یه‌كێك له مه‌رجه‌كانی ئه‌ندامیه‌تی به هه‌ر هۆیه‌ك له ده‌ست دا ئه‌وا وه‌كیلی سه‌ندیكا بۆ ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه ماوه جێی ده‌گرێته‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌و ماوه‌یه له ساڵێك كه‌متر بوو. دووه‌م: ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكا له ماوه‌ی (15) رۆژدا داوای كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی ده‌سته‌ی گشتی ده‌كات بۆ هه‌ڵبژاردنی نه‌قیب بۆ ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه له ده‌وره‌كه ماوه. سێیه‌م: ئه‌گه‌ر ئه‌ندامی ئه‌صلی یه‌كێكه له مه‌رجه‌كانی ئه‌ندامێتی له‌ده‌ست دا ئه‌وا ئه‌ندامی یه‌ده‌گ كه زۆرترین ده‌نگی وه‌رگرتووه جێی ده‌گرێته‌وه. چواره‌م: ئه‌گه‌ر شوێن و پایه‌ی زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن به وازهێنان یان به هه‌ر هۆیه‌كی تر چۆڵ بوو ئه‌وا لیژنه‌یه‌ك له پێنج ئه‌ندام پێك دێت و ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری دایان ده‌مه‌زرێنێ و دادوه‌رێك سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات كه له صنفی یه‌كه‌م بێت و له‌گه‌ڵ ئه‌ندامیه‌تی چوار پارێزه‌ری راوێژكار، كاروباری به‌رێوه‌بردنی سه‌ندیكا ده‌گرێته ده‌ست و داوای ده‌سته‌ی گشتی ده‌كات بۆ كۆبوونه‌وه له ماوه‌ی (30) سی رۆژ بۆ هه‌ڵبژاردنی نه‌قیب و ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكا بۆ ده‌وره‌یه‌كی نوێ.
مادده‌ی (60)
مادده‌ی (60): لیژنه‌ی به‌رزه‌فتی له پێنج ئه‌ندام له پارێزه‌ری راوێژكار پێك دێت، له‌وانه سێ ئه‌ندامیان ئه‌صڵین و دوانیشیان یه‌ده‌گن و له لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكاوه ده‌ستنیشان ده‌كرێن به مه‌رجێك سه‌رۆكه‌كه‌ی له ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن بێت.