أحكام القانون

البحث في المحتوى🔎
ازالة
ازالة

مادده‌ی (1)

متن المادە :

مادده‌ی (1) بۆ مەبەستى حوکمەکانى ئەم یاسایە، ئەم زاراوە و دەستەواژانەى خوارەوە ماناکانى بەرامبەریان دەگەیەنن: یەکەم: هەرێم: هەرێمى کوردستان ــ عێراق. دووەم: وەزارەت: وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى هەرێم. سێیەم: وەزیر: وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى هەرێم. چوارەم : بەڕێوەبەرایەتى گشتى: بەڕێوەبەرایەتى گشتیى توێژینەوە و ڕێنوێنی کشتوکاڵى لە وەزارەت. پێنجەم: بەڕێوەبەرایەتى گشتی کشتوکاڵ: بەڕێوەبەرایەتى گشتى کشتوکاڵى پارێزگاکان. شەشەم: بەڕێوەبەرایەتى: بەڕێوەبەرایەتى بەرهەمهێنان و پەسەندکردنى بنەتۆ لە بە بەڕێوەبەرایەتی گشتى توێژینەوە و ڕێنوێنی کشتوکاڵى. حەوتەم: بنەتۆ: ئەو بەشەیە کە بۆ زیادبوونى ڕووەک بەکاردێت وەک بنەتۆى گەنم، جۆ، نیسک، پیاز، برالە، پەتاتە و هەر جۆرێکى تر. هەشتەم: پلە: مەبەست لێى پلەى بنەتۆیە كە بەپێى خەسڵەتى هونەرى و خاوێنى بۆماوەیى دیاریدەکرێت. نۆیەم: تۆوى بەخێوکەر: ئەو تۆوەیە کە بە بڕێکى زۆرکەم، لەژێر سەرپەرشتى و چاودێرى ڕاستەوخۆى بەخێوکەرى ڕووەک لە بەڕێوەبەرایەتی توێژینەوەکان یان زانکۆکان، بەرهەم دەهێندرێت. دەیەم: تۆوى بنەڕەتى: ئەو تۆوەیە کە لە تۆوى بەخێوکەر لە ڕێگەى توێژینەوە کشتوکاڵییەکان یان لەلایەن کۆمپانیاى تایبەتمەند لە بوارى کشتوکاڵى بەرهەم دەهێنرێت، و لە ڕووى بۆماوەیى بەرزترین ئاستى خاوێنى هەیە بەراورد بە تۆوى تۆمارکراو و باوەڕپێکراو. یازدەیەم: تۆوى تۆمارکراو: ئەو تۆوەیە کە لە چاندنى تۆوى بنەڕەت یان تۆوى تۆمارکراوى دیکە، لە ڕێگەی توێژینەوە کشتوکاڵییەکان یان لەلایەن جووتیارى نمونەیى بەرهەم دەهێنرێت، و ئاستى خاوێنى لە ڕووى خەسڵەتى بۆماوەیى بەرزە. دوازدەیەم: تەرز: کۆمەڵێک ڕووەکى خاوێنى لەیەکچووە لە ڕووى بۆماوەییەوە، و بە خەسڵەتى دیاریکراو لە تەرزەکانى ترى هەمان جۆرى ڕووەک، جیادەکرێتەوە. سێزدەیەم: شەتڵ: ڕووەکى گۆڕاو یان هەمیشەییە کە لە نەمامگەکان دەچێندرێت و زیاد دەبێت، بۆ مەبەستى بازرگانى و دەستا و دەست کردنى لە چالاکى کشتوکاڵیدا. چواردەیەم: تۆوى باوەڕپێکراو: ئەو تۆوەیە کە لە تۆوى بنەڕەت یان تۆوى تۆمارکراو یان تۆوى پەسەندکراوى دیکە، لەلایەن جووتیارى نموونەیى بەرهەم دەهێنرێت، و خەسڵەتى بۆماوەیى هاوشێوەى تەرزى چاندراوى تێدا بەدیدەکرێت. پازدەیەم: ڕێبەرى تەرزە کشتوکاڵییەکان: لیستى ناوى تەرزە کشتوکاڵییە پەسەندکراوەکانە کە لە لێژنەى نیشتمانى بۆ تۆمارکردن و پەسەندکردن و پارێزگاریکردن لە تەرزە کشتوکاڵییەکان دەردەچێت. شازدەیەم: ئیستا (ISTA): ڕێکخراوێکى سەربەخۆى قازانج نەویستە، تایبەتە بە بوارى کشتوکاڵى، و گرنگى بە بەرەوپێشبردنى بوارى بنەتۆ دەدات ، و ساڵانە پەیڕەو و ڕێنمایى نوێ لەم بوارەدا، دەردەکات. حەڤدەیەم: کۆمپانیا: کۆمپانیاى دامەزراو بە پێى یاسا بەرکارەکان، كە پێویستە مۆڵەتى بەرهەمهێنانى بنەتۆ یان هاوردەکردنى یان هەردووکیانى هەبێت. هەژدەیەم: لیژنەى باڵا: لیژنەیەکى تایبەتە بە تۆمارکردن، پەسەندکردن و پارێزگاریکردن لە تەرزە کشتوکاڵییەکان و پەرەپێدان، زیادکردن و دابەشکردنى بنەتۆی گونجاو لە هەرێمى کوردستان و عێراق و بارەگاکەى لە هەولێرە.

مادده‌ی (2)

متن المادە :

مادده‌ی (2) بە پێى حوکمەکانى ئەم یاسایە، بەرهەمهێنانى بنەتۆ و شەتڵ، و ڕێکارەکانى، لە ڕێگاى مۆڵەتى فەرمى دەبێت.

مادده‌ی (3)

متن المادە :

مادده‌ی (3) مەرجەکانى بەدەستهێنانى مۆڵەتى فەرمى بەرهەمهێنانى بنەتۆ و شەتڵ و ڕێکارەکانى: یەکەم: پێشکەشکردنى داواکاریەک بۆ بەڕێوەبەرایەتى بە مەبەستى وەرگرتنى مۆڵەتى بەرهەمهێنانى بنەتۆ و شەتڵ. دووەم : داواکاریەکە ئەمانەى خوارەوە لەخۆ دەگرێت: 1. ناو و ناونیشانى بەرهەمهێن. 2. شوێنى کێلگە. 3. جۆر و تەرز و پلەى بنەتۆ و شەتڵ. سێیەم: پێشکەشکردنى بەڵگەنامەى خاوەندارێتى یان مافى هەڵسوکەوتپێکردن یان بە کرێگرتنى زەوییەکە. چوارەم: پێویستە بەڕێوەبەرایەتی داواکارى کۆمپانیا بۆ بەڕێوەبەرایەتى گشتى بەرزبكاتەوە، بەمەبەستى پێدانى مۆڵەت. پێنجەم: پێویستە بەڕێوەبەرایەتى گشتى بڕیار بدات بە پەسەندکردنى یان پەسەندنەکردنى داواکاریەکە لە ماوەى (30) سى ڕۆژ لە ڕێکەوتى وەرگرتنى داواکاریەکە، و لە ئەگەرى وەڵام نەدانەوە لە ماوەى دیاریکراودا، داواکاریەکە بە پەسەندکراو ئەژمار دەکرێت. شەشەم: ئەگەر داواکارییەکە پەسەند نەکرا دەبێت هۆیەکەی ڕوونبکرێتەوە، و داواکار بۆى هەیە لەماوەى (15) ڕوژ تانە لە بڕیارى پەسەند نەکردن پێشکەش بە وەزیر بکات، و پێویستە وەزیریش لە ماوەى (30) سى ڕۆژ وەڵامى تانەکە بداتەوە، و لە ئەگەرى وەڵام نەدانەوە تانەکە بە یەکلاکەرەوە لە بەرژەوەندى تانەلێدەر ئەژمار دەکرێت. حەوتەم: داواکار دەبێت بڕى (50,000) پەنجا هەزار دینار بەرامبەر مۆڵەتى بەرهەمهێنانى بنەتۆ و شەتڵ بدات.

مادده‌ی (4)

متن المادە :

مادده‌ی (4) یەکەم: ئەو بنەتۆیەى داواکار بە نیازە بەرهەمى بهێنێت، پێویستە لە لیژنەى باڵا تۆمار و پەسەندکراو بێت. دووەم: ڕێگە نادرێت بە بەرهەمهێنانى زیاتر لە یەک تەرزى کشتوکاڵى بۆ یەک جۆرى بەرهەم لە یەک کێڵگە. سێیەم: ئەو کێڵگەیەى بۆ بەرهەمهێنانى بنەتۆى تەرزێکى دیارکراو بەکاردێت، بە هیچ شێوەیەک نابێت بە تەرزێکى تر، لەهەمان جۆر، لە ساڵى پێشوودا چاندرابێت.

مادده‌ی (5)

متن المادە :

مادده‌ی (5) پێویستە زەوى تەرخانکراو بۆ بەرهەمهێنانى بنەتۆ ئەم مەرج و خەسڵەتانەى هەبێت: یەکەم: زەویەکە یان کێڵگەکە لە ڕووى هەڵکەوتەى جوگرافى، کەش و هەوا، جۆرى خاک و ڕووبەرى کێڵگە گونجاو بێت، بە پێى جۆر و تەرزى بنەتۆیەکە. دووەم: زەویەکە سەرچاوەى ئاوى پێویست و بەردەوامى هەبێت بە تایبەت ئەو شوێنانەى کە ڕێژەى باران بارینیان کەمە. سێیەم: دوورى نێوان کێڵگەکانى بەرهەمهێنانى بنەتۆ بۆ ئەو بەرووبومانەى کە (پیتانى تێکەڵاون) (250م) دوو سەد و پەنجا مەتر و بۆ ئەو بەرووبومانەى کە (پیتانى خودین) (150م) سەد و پەنجا مەتر بێت.

مادده‌ی (6)

متن المادە :

مادده‌ی (6) بەرهەمهێنەرى بنەتۆ پابەندی ئەم ڕێکارانەى خوارەوە دەبێت: یەکەم: خاوێنکردنەوە و دەرمانکردنى بنەتۆى بەرهەمهاتوو تەنها لەو کارگانە ئەنجام دەدرێت کە مۆڵەتى دامەزراندیان هەیە. دووەم: لە قووتونان یان داگرتنى بنەتۆى بەرهەمهاتوو لە گوشى تایبەت، بە پێى ڕێنماییەکانى بەڕێوەبەرایەتی. سێیەم: دەبێت کێشى قووتوەکان و گوشەکان یەکسان بێت و هەموو زانیاریەکانى تایبەت بە بنەتۆیەکەى لەسەر نووسرابێت. چوارەم: دەبێت بەرهەمهێنەرى بنەتۆ کۆگاى تایبەت بە پاراستنى بنەتۆى هەبێت بەپێى پێویستى جۆرى بنەتۆیەکە.

مادده‌ی (7)

متن المادە :

مادده‌ی (7) ئەرک و دەسەلاتەکانى بەڕێوەبەرایەتی بریتین لە : یەکەم: دیارکردنى پلەى بنەتۆى بەرهەمهاتوو لەلایەن بەرهەمهێنەرى بنەتۆ و لێدانى لێبڵى تایبەت. دووەم: پشکنینى کێڵگەکانى بەرهەمهێنانى بنەتۆ، وپشکنینى تاقیگەیی بۆ بنەتۆى بەرهەمهاتوو. سێیەم: ڕەتکردنەوەى بنەتۆ و باوەڕپێنەکردنى ئەگەر هاتوو مەرجەکان جێبەجێنەکرابوون. چوارەم: پشکنەرى کێڵگەیى دەبێت ڕەچاوى لەیەکچوونى جۆر و تەرزى چاندراو و بەرهەمهاتوو بکات.

مادده‌ی (8)

متن المادە :

مادده‌ی (8) یەکەم: پێویستە لەسەر کۆمپانیاکانى کەرتى تایبەت، مۆڵەتى هاوردەکردنى بنەتۆ و شەتڵ بەپێی حوکمەکانى ئەم یاسایە بەدەستبێنن. دووەم: بە مەبەستى هاوردەکردنى بنەتۆ یان شەتڵ داواکارى پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتی دەکرێت و ئەم پێداویسیانەى خوارەوەشى لە گەڵدادەبێت. 1. ناو و ناونیشانى کۆمپانیا. 2. بەڵگەنامەی دەستەبەریى لە یەکێک لە بانکەکان بۆ بەرژەوەندى وەزارەت بە بڕى (20,000,000) بیست ملیۆن دینار. 3. بڕوانامەى دامەزراندن بۆ کۆمپانیا ناوخۆییەکان و تۆمارکردن بۆ ئەو کۆمپانیایانەى کە لە پارێزگاکانى دیکەى عێراقن یان لقى کۆمپانیاى بیانین لە هەرێم. 4. ئەستۆپاکى باجى دەرامەتى کۆمپانیاکان. 5. گرێبەستى نێوان خۆى و کۆمپانیا یان دەزگاى ڕەسەنى بەرهەمهێنى بنەتۆ و شەتڵ. 6. هەموو داتایەکى زانستى و هونەرى باوەڕپێکراو لەسەر کۆمپانیا یان دەزگاى بەرهەمهێن. سێیەم: دواى دڵنیابوون لە مامەڵەى کۆمپانیا دەبێت داواکاریەکە بەرز بکرێتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتى گشتى. چوارەم: پێویستە بەڕێوەبەرایەتى گشتى بڕیاربدات بە پەسەندکردن یان پەسەندنەکردنى داواکاریەکە لە ماوەى (30) سى ڕۆژ لە ڕێکەوتى وەرگرتنى داواکاریەکە، و لە ئەگەرى وەڵام نەدانەوە داواکاریەکە بە پەسەندکراو ئەژمار دەکرێت. پێنجەم: ئەگەر داواکارییەکە پەسەندنەکرا پێویستە هۆیەکەى ڕوون بکرێتەوە، داواکار بۆى هەیە تانە لە بڕیارى پەسەندنەکردن بدات لەلاى وەزیر، لە ماوەى (15) پازدە ڕۆژ، و پێویستە وەزیریش لە ماوەى (30) سى ڕۆژ وەڵامى تانەکە بداتەوە، و لە ئەگەرى وەڵام نەدانەوە، تانەکە بە یەکلاکەرەوە لە بەرژەوەندى تانە لێدەرئەژمار دەکرێت. شەشەم: داواکار دەبێت بڕى (50,000) پەنجا هەزار دینار بدات بەرامبەر مۆڵەتى هاوردەکردنى بنەتۆ و شەتڵ.

مادده‌ی (9)

متن المادە :

مادده‌ی (9) پێویستە بنەتۆ و شەتڵى هاوردەکراو ئەم بەڵگەنامانەى لە گەڵدابێت: یەکەم: بڕوانامەى سەرچاوە. دووەم: بڕوانامەى سەلامەتى تەندروستى بنەتۆ و شەتڵ. سێیەم: بڕوانامەى پشکنینى باوەڕپێکردنى ووڵاتى سەرچاوە، بەمەرجێک ڕێکەوتى پشکنین (3) سێ مانگ بۆ بنەتۆى بەرووبومى کێلگەیى، و (6) شەش مانگ بۆ بنەتۆى دارستان و پاوان لە ڕێکەوتى هاتنەناوەوەى لە مەرزى سنوریى پەیوەندیدار تێپەڕنەکات. چوارەم: بڕوانامەى سەلامەتى و پشکنین بە پێى خەسڵەتەکانى (ئیستاISTA )، بەمەرجێك لە تاقیگەیەکى باوەڕپێکراو لەلایەن (ئیستاISTA )وە دەرچووبێت.

مادده‌ی (10)

متن المادە :

مادده‌ی (10) یەکەم: وەزارەت مەرزى سنووریى بۆ مەبەستى هاوردەکردن دیاریدەکات. دووەم: گواستنەوەى بنەتۆ و شەتڵ لە نێوان هەرێمى کوردستان و پارێزگاکانى ترى عێراقدا، دەبێت نووسراوى لارینەبوونى وەزارەت و ئەو لایەنەى لەگەڵ بێت کە بۆى دەگوازرێتەوە. سێیەم: بەڕێوەبەرایەتی بەرپرسە لە پشکنینى بنەتۆ و شەتڵى هاوردەکراو لە کاتى گەیشتنیدا. چوارەم: هاوردەکردنى بنەتۆى گەنم و جۆ، هەفتەیەک دواى کۆتایى هاتنى بە بازاڕکردنى گەنم لە سایلۆکان دەست پێدەکات و تا کۆتایى مانگى كانونی یەكەم ڕێگە بە هاوردەکردن دەدرێت.

مادده‌ی (11)

متن المادە :

مادده‌ی (11) سەنتەرى توێژینەوە کشتوکاڵییەکان و زانکۆکان بۆیان هەیە بنەتۆى پەسەندنەکراو هاوردەبکەن، تەنها بۆ مەبەستى توێژینەوە و بە ئاگادارى بەڕێوەبەرایەتى گشتى.

مادده‌ی (12)

متن المادە :

مادده‌ی (12) یەکەم: لیژنەى باڵاى تۆمارکردن، پەسەندکردن و پارێزگاریکردن لە تەرزە کشتوکاڵییەکان لە وەزارەت بە سەرۆکایەتى وەزیرى کشتوکاڵ و ئەندامێتى ژمارەیەک شارەزا لە بوارە جیاجیاکان پێکدەهێنرێت، بە مەرجێک لە (12) دوانزە ئەندام زیاتر نەبێت، بۆ مەبەستى تۆمارکردن، پەسەندکردن و پارێزگاریکردن لە تەرزە کشتوکاڵییە بەرهەم هاتووەکان. دووەم: لیژن هەڵدەستێت بە تۆمارکردن، پەسەندکردن و پارێزگاریکردن لە تەرزە کشتوکاڵییە بەرهەم هاتووەکان، و پەرەپێدانى بنەتۆی گونجاو و چۆنیەتى زیادکردن، دابەشکردن و وەرگرتنەوەى. سێیەم: ماوەى پارێزبەندى لەسەر تەرز یان بنەچە یان لێکدراو تەنها (10) دە ساڵە، و لە بەروارى پێشکەشکردنى داواکارى تۆمارکردن دەست پێدەکات، جگە لە تەرزى درەختەکان کە ماوەى پارێزبەندیان (20) بیست ساڵە.

مادده‌ی (13)

متن المادە :

مادده‌ی (13) یەکەم: بە پێبژاردنێک کە لە (5,000,000) پێنج ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (10,000,000) دە ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، یان بە بەندکردن بۆ ماوەیەك کە لە (3) سێ مانگ کەمتر نەبێت و لە (1) یەک ساڵ زیاتر نەبێت، یان بە هەردووکیان سزادەدرێت، هەركەسێك یەکێک لەم سەرپێچیانەى خوارەوە ئەنجام بدات: 1. بەرهەمهێنان یان هاوردەکردنى بنەتۆ و شەتڵ بەبێ بوونى مۆڵەت. 2. هاوردەکردنى بنەتۆ و شەتڵ بە پێچەوانەى مەرجەکانى هاوردەکردن. 3. پێدانى نموونە و زانیاریى هەڵە کە هاوتا نەبێت لەگەڵ بنەتۆ و شەتڵى هاوردەکراو. 4. ئاستەنگ دروستکردن بۆ پشکنەرى بنەتۆ. 5. بەرهەمهێنان و فرۆشتنى بنەتۆ بێ ئەوەى پشکنینى تاقیگەیى بۆ کرابێت. دووەم: سەرەڕاى حوکمى بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیە، تێچووى چارەسەرکردن یان لە ناوبردنى بنەتۆى هاوردەکراو یان بەرهەمهاتوو دەکەوێتە ئەستۆى سەرپێچیکار، و موڵەتى بەرهمهێنان و هاوردەکردنى هەڵدەوشێتەوە .

مادده‌ی (14)

متن المادە :

مادده‌ی (14) یەکەم: لیژنەیەک لە وەزارەت پێکدەهێندرێت، بە مەبەستى پێشنیارکردن بۆ وەزیر بۆ هەڵوەشاندنەوەى مۆڵەتى بەرهەمهێنان یان هاوردەکردنى بنەتۆ و شەتڵ لەم بارانەى خوارەوەدا: 1. ئەگەر بەرهەمهێن یان هاوردەکارى بنەتۆ و شەتڵ یەکێک لەو سەرپێچییانەى ئەنجامدا کە لە بڕگەى (یەکەم)ى ماددەى (13)ى ئەم یاسایەدا هاتوون. 2. ئەگەر بەرهەمهێنى بنەتۆ و شەتڵ بەبێ ڕەزامەندى وەزیر دەستبەردارى پروژەکەى ببێت. 3. ئەگەر بەرهەمهێنى بنەتۆ و شەتڵ دەستبەردارى کێڵگەکەى بێت. 4. بەسەرچونى گرێبەستى بەکرێگرتنى زەویەکەى. 5. ئەگەر بەرهەمهێنى بنەتۆ و شەتڵ بەردەوام نەبوو لە جێبەجێکردنى گشت مەرج و ڕێنماییەکانى وەزارەت. دووەم: ئەرک و پێکهاتەى لیژنەکە بە ڕێنمایی لەلایەن وەزیرەوە دیاریدەكرێت.

مادده‌ی (15)

متن المادە :

مادده‌ی (15) وەزیر ڕێنمایى بۆ ئاسان جێبەجێکردنى حوکمەکانى ئەم یاسایە دەردەکات.

مادده‌ی (16)

متن المادە :

مادده‌ی (16) پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان حوکمەکانى ئەم یاسایە جێبەجێ بکەن.

مادده‌ی (17)

متن المادە :

مادده‌ی (17) کار بە دەقى هیچ یاسا و بڕیارێک ناکرێت کە لەگەڵ حوکمەکانى ئەم یاسایەدا ناکوک بێت.

مادده‌ی (18)

متن المادە :

مادده‌ی (18) ئەم یاسایە لە ڕێکەوتى بڵاوکردنەوەى لە ڕۆژنامەى فەرمی (وەقایعى کوردستان)دا، جێبەجێ دەکرێت.