ماددهی (1) بۆ مەبەستى حوکمەکانى ئەم یاسایە، ئەم زاراوە و دەستەواژانەى خوارەوە ماناکانى بەرامبەریان دەگەیەنن: یەکەم: هەرێم: هەرێمى کوردستان ــ عێراق. دووەم: وەزارەت: وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى هەرێم. سێیەم: وەزیر: وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى هەرێم. چوارەم : بەڕێوەبەرایەتى گشتى: بەڕێوەبەرایەتى گشتیى توێژینەوە و ڕێنوێنی کشتوکاڵى لە وەزارەت. پێنجەم: بەڕێوەبەرایەتى گشتی کشتوکاڵ: بەڕێوەبەرایەتى گشتى کشتوکاڵى پارێزگاکان. شەشەم: بەڕێوەبەرایەتى: بەڕێوەبەرایەتى بەرهەمهێنان و پەسەندکردنى بنەتۆ لە بە بەڕێوەبەرایەتی گشتى توێژینەوە و ڕێنوێنی کشتوکاڵى. حەوتەم: بنەتۆ: ئەو بەشەیە کە بۆ زیادبوونى ڕووەک بەکاردێت وەک بنەتۆى گەنم، جۆ، نیسک، پیاز، برالە، پەتاتە و هەر جۆرێکى تر. هەشتەم: پلە: مەبەست لێى پلەى بنەتۆیە كە بەپێى خەسڵەتى هونەرى و خاوێنى بۆماوەیى دیاریدەکرێت. نۆیەم: تۆوى بەخێوکەر: ئەو تۆوەیە کە بە بڕێکى زۆرکەم، لەژێر سەرپەرشتى و چاودێرى ڕاستەوخۆى بەخێوکەرى ڕووەک لە بەڕێوەبەرایەتی توێژینەوەکان یان زانکۆکان، بەرهەم دەهێندرێت. دەیەم: تۆوى بنەڕەتى: ئەو تۆوەیە کە لە تۆوى بەخێوکەر لە ڕێگەى توێژینەوە کشتوکاڵییەکان یان لەلایەن کۆمپانیاى تایبەتمەند لە بوارى کشتوکاڵى بەرهەم دەهێنرێت، و لە ڕووى بۆماوەیى بەرزترین ئاستى خاوێنى هەیە بەراورد بە تۆوى تۆمارکراو و باوەڕپێکراو. یازدەیەم: تۆوى تۆمارکراو: ئەو تۆوەیە کە لە چاندنى تۆوى بنەڕەت یان تۆوى تۆمارکراوى دیکە، لە ڕێگەی توێژینەوە کشتوکاڵییەکان یان لەلایەن جووتیارى نمونەیى بەرهەم دەهێنرێت، و ئاستى خاوێنى لە ڕووى خەسڵەتى بۆماوەیى بەرزە. دوازدەیەم: تەرز: کۆمەڵێک ڕووەکى خاوێنى لەیەکچووە لە ڕووى بۆماوەییەوە، و بە خەسڵەتى دیاریکراو لە تەرزەکانى ترى هەمان جۆرى ڕووەک، جیادەکرێتەوە. سێزدەیەم: شەتڵ: ڕووەکى گۆڕاو یان هەمیشەییە کە لە نەمامگەکان دەچێندرێت و زیاد دەبێت، بۆ مەبەستى بازرگانى و دەستا و دەست کردنى لە چالاکى کشتوکاڵیدا. چواردەیەم: تۆوى باوەڕپێکراو: ئەو تۆوەیە کە لە تۆوى بنەڕەت یان تۆوى تۆمارکراو یان تۆوى پەسەندکراوى دیکە، لەلایەن جووتیارى نموونەیى بەرهەم دەهێنرێت، و خەسڵەتى بۆماوەیى هاوشێوەى تەرزى چاندراوى تێدا بەدیدەکرێت. پازدەیەم: ڕێبەرى تەرزە کشتوکاڵییەکان: لیستى ناوى تەرزە کشتوکاڵییە پەسەندکراوەکانە کە لە لێژنەى نیشتمانى بۆ تۆمارکردن و پەسەندکردن و پارێزگاریکردن لە تەرزە کشتوکاڵییەکان دەردەچێت. شازدەیەم: ئیستا (ISTA): ڕێکخراوێکى سەربەخۆى قازانج نەویستە، تایبەتە بە بوارى کشتوکاڵى، و گرنگى بە بەرەوپێشبردنى بوارى بنەتۆ دەدات ، و ساڵانە پەیڕەو و ڕێنمایى نوێ لەم بوارەدا، دەردەکات. حەڤدەیەم: کۆمپانیا: کۆمپانیاى دامەزراو بە پێى یاسا بەرکارەکان، كە پێویستە مۆڵەتى بەرهەمهێنانى بنەتۆ یان هاوردەکردنى یان هەردووکیانى هەبێت. هەژدەیەم: لیژنەى باڵا: لیژنەیەکى تایبەتە بە تۆمارکردن، پەسەندکردن و پارێزگاریکردن لە تەرزە کشتوکاڵییەکان و پەرەپێدان، زیادکردن و دابەشکردنى بنەتۆی گونجاو لە هەرێمى کوردستان و عێراق و بارەگاکەى لە هەولێرە.
الموضوع: هەرێم,وەزارەت,وەزیر,بەڕێوەبەرایەتی گشتی,بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵ,بەڕێوەبەرایەتی,بنەتۆ,پلە,تۆوى بەخێوکەر,تۆوى بنەڕەتى,تۆوى تۆمارکراو,تەرز,شەتڵ,تۆوى باوەڕپێکراو,ڕێبەرى تەرزە کشتوکاڵییەکان,ئیشترا,کۆمپانیا,لیژنەى باڵا