أحكام القانون

البحث في المحتوى🔎
ازالة
ازالة

المادة 50

متن المادە :

المادة 50: یه‌كه‌م: 1-نابێ دادوه‌ر بۆ فرمانێكی نادادوه‌ری بگوێزرێته‌وه‌ ته‌نیا مه‌گه‌ر به‌ ره‌زامه‌ندیی وبه‌ نووسینی خۆی بێت. 2-ده‌شێ دادوه‌ران له‌ پۆلی یه‌كه‌م و دووه‌م به‌ دادوه‌رانی دادگای پێداچوونه‌شه‌وه‌و به‌ ره‌زامه‌ندیی نووسراوی خۆیان و به‌ بڕیاری ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری ئینتیداب بكرێن بۆ فرمانی راوێژكاری یاسایی له‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم یاخود ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران یان سه‌رۆكایه‌تی یه‌كێك له‌ ده‌زگاكانی وه‌زاره‌تی داد یان بۆ مه‌به‌ستی ده‌رس گوتنه‌وه‌ له‌ زانكۆكان یان ده‌سته‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان به‌ مه‌رجێك سیفه‌ته‌ دادوه‌رییه‌كه‌ی تێدا بمینێت. دووه‌م: ماوه‌ی ئینتیداب كردن كه‌ له‌ به‌ندی (یه‌كه‌م)ی ئه‌م مادده‌یه‌دا هاتووه‌ نابێ له‌ سێ سالأ پتر بێت و قابیلی درێژكردنه‌وه‌یه‌ بۆ ساڵێكی دی. سێیه‌م: له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی گشتی وبه‌ فه‌رمانی سه‌رۆكی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ ده‌شێ دادوه‌ر ئینتیداب بكرێ بۆ كاركردن له‌ دادگایه‌كی تر ئه‌و ئینتیدابه‌ش له‌ ناوچه‌یه‌كی تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ بۆ ناوچه‌یه‌كی تر به‌ بڕیاری ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری ده‌بێت به‌ مه‌رجێك ماوه‌ی ئینتیدابه‌كه‌ له‌ ساڵێك پتر نه‌بێ.

المادة 51

متن المادە :

المادة 51: گواستنه‌وه‌ی دادوه‌ران له‌ماوه‌ی مانگی ته‌مووز له‌ هه‌موو ساڵێك ده‌بێت و ده‌شێ له‌ كاتی پێویستی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی ئه‌و گواستنه‌وه‌یه‌ له‌و مانگه‌دا نه‌بێت وگواستنه‌وه‌كه‌ش به‌ بڕیاری ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری وله‌سه‌ر پێشنیازی سه‌رۆكی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ ده‌بێت.

المادة 52

متن المادە :

المادة 52: یه‌كه‌م: دادوه‌ر پابه‌ندی ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌یه‌: 1-پاراستنی شكۆمه‌ندیی دادوه‌ری ئه‌مه‌ش به‌ پاراستنی بێ لایه‌نی وده‌ست پاكی و دووركه‌وتنه‌ له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی گومان بخه‌نه‌ راستیه‌كه‌ی. 2-پاراستنی نهێنی ئه‌و كاروبارو زانیاریی وبه‌ڵگه‌نامانه‌ی كه‌ به‌ حوكمی كاره‌كه‌ی ده‌ستی ده‌كه‌وێ و په‌یوه‌سته‌ به‌ ده‌زگاكانی هه‌رێم و كه‌سایه‌تییه‌كان و، ئه‌و ئه‌ركه‌ش تا دوای ته‌واوبوونی خزمه‌ته‌كه‌شی هه‌ر ده‌مێنێ. 3-نابێ كاری بازرگانی یان هه‌ر كارێكی دیكه‌ بكات كه‌ له‌گه‌لأ كاری دادوه‌ری نه‌گونجاو بێت. 4-ده‌بێ رۆبی تایبه‌تی له‌ كاتی دادگایی كردندا له‌به‌ر بكات، ئه‌مه‌ش به‌پێی ئه‌و رێنماییانه‌یه‌ كه‌ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری ده‌ریان ده‌كات. 5-مانه‌وه‌ له‌ مه‌ڵبه‌ندی ئه‌و یه‌كه‌ كارگێڕییه‌ی كه‌ باره‌گای كاره‌كه‌یی لێیه‌، مه‌گه‌ر ته‌نها سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری رێگای پێ بدات له‌ شوێنێكی دیكه‌دا نیشته‌جێ بێت له‌و بارودۆخه‌ی كه‌ خۆی هه‌ڵیده‌سه‌نگێنێ. دووه‌م: كاركردنی دادوه‌ر له‌ ئیشی حزبی قه‌ده‌غه‌یه‌و نابێ خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی یان ده‌ســـــته‌كانی خۆجێیه‌تی یان رێكخراوی ســــــیاسی بپاڵێوێ مه‌گه‌ر له‌دوای ده‌ســت له‌كار كێشانه‌وه‌ی بێت.

المادة 53

متن المادە :

المادة 53: نابێ دادوه‌ران به‌شداریی له‌ ده‌سته‌یه‌كی دادوه‌ری دا بكه‌ن كه‌ په‌یوه‌ندیی زاوایه‌تی وخزمایه‌تی تا ده‌گاته‌ پله‌ی چواره‌میان له‌ ناودا هه‌بێت و ناشبی دادوه‌ر سه‌یری تانه‌گرتن له‌ حوكمێك بكات كه‌ دادوه‌رێكی دی ده‌ری چواندووه‌و په‌یوه‌ندیی باسكراوی له‌گه‌ڵدا هه‌یه‌.

المادة 54

متن المادە :

المادة 54: یه‌كه‌م: 1. سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی مافی سه‌رپه‌رشتی و چاودێری كردنی هه‌موو دادگاو دادوه‌ران و ئه‌وانه‌ی ده‌سته‌ڵاتی دادوه‌رییان پێدراوه‌ له‌ فه‌رمانبه‌ران وده‌سته‌و لیژنه‌كانی هه‌یه‌. 2. سه‌رپه‌رشتی و چاودێری كردن به‌هۆی سه‌رپه‌رشتیاری دادوه‌ری یان به‌هۆی دادوه‌ری ئینتیداب كراو بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ده‌بێ. 3. سه‌رپه‌رشتی كردنی كاره‌كانی دادگای پێداچوونه‌وه‌و دادوه‌رانی له‌لایه‌ن سه‌رۆكه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێ به‌ مه‌رجێك راپۆرتێكی ساڵانه‌ له‌ باره‌ی كاره‌كانی دادگا پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری بكات. دووه‌م: 1-سه‌رۆكی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ مافی سه‌رپه‌رشتی كردن وپشكنینی هه‌موو دادگاو دادوه‌رانی له‌ ناوچه‌كه‌ی خۆی هه‌یه‌، هه‌روه‌ها بۆی هه‌یه‌ ئامۆژكارییه‌ پێویستیه‌كان وهوشیاركردنه‌وه‌ له‌باره‌ی هه‌ر شتێكی به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌ركی فرمانبه‌ری و باش به‌ڕێوه‌چوونی كاره‌ كارگێریی و ژمێریارییه‌كان پێشكه‌ش بكات وده‌بێ راپۆرتی ساڵانه‌ له‌باره‌ی دادوه‌ره‌كانه‌وه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ی خۆی به‌رزكاته‌وه‌ وهه‌موو تێبینیه‌كانی له‌باره‌ی ره‌وشتیان وشیاوییان وكاروباری كارگێڕییان له‌ دادگاكانیاندا بگرێته‌خۆ. 2-سه‌رۆكی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ بۆی هه‌یه‌ یه‌كێك له‌ جێگره‌كانی بۆ پشكنینی هه‌ر دادگایه‌ك له‌ ناوچه‌كه‌یدا هه‌بێ ئینتیداب بكات.

المادة 55

متن المادە :

المادة 55: پێویسته‌ ده‌سته‌كانی پێداچوونه‌وه‌و ده‌سته‌كانی دادگاكانی تێهه‌ڵچوونه‌وه‌و دادگاكانی تاوان راپۆرتی وه‌رزی رێك بخه‌ن و تێیدا ئه‌و حوكم و بڕیارانه‌ ده‌ربخه‌ن كه‌ دادوه‌ران هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌یان تێدا كردووه‌ له‌ ئه‌نجامی نه‌زانینی پره‌نسیپه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی یاسا یان گوێ نه‌دان به‌و رووداوانه‌ی كه‌ له‌ كاتی وردبینی كردنی ئه‌حكام و بڕیاره‌كانی ده‌رده‌كه‌ون و، ده‌بێ وێنه‌یه‌كیان بۆ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری بنێرێ بۆ پاراستنی له‌ دۆســیه‌ی كه‌ســــیه‌تی ئه‌و دادوه‌ره‌دا، بۆ ئه‌وه‌ی له‌كاتی به‌رزكردنه‌وه‌و پله‌به‌رز كردنه‌وه‌دا له‌به‌ر چاو بگیرێت.

المادة 56

متن المادە :

المادة 56: یه‌كه‌م: سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی بۆی هه‌یه‌ دادوه‌ر له‌و هه‌ڵه‌ یاسایی و كارگێڕییانه‌ی ئاگادار بكاته‌وه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامی پشكنینی كاره‌كه‌ی ده‌رده‌كه‌ون. هه‌روه‌ها هه‌ر شتێك كه‌ رووده‌دات، پێچه‌وانه‌ی ئه‌رك و پێداویستی فرمانه‌كه‌ی بێت. دووه‌م: بۆ سه‌رۆكی دادگای پێداچوونه‌وه‌و سه‌رۆكی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ هه‌یه‌ دادوه‌ر له‌و هه‌ڵه‌ یاساییانه‌ی ئاگادار بكه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌كاتی وردبینی كردنی پێداچوونه‌وه‌كاندا ده‌رده‌كه‌ون. سێیه‌م: سه‌رۆكی دادگای پێداچوونه‌وه‌ بۆی هه‌یه‌ دادوه‌ر له‌ ناوچه‌كه‌ی له‌و سه‌رپێچیانه‌ی ئاگادار بكاته‌وه‌ كه‌ له‌ ئه‌ركه‌كانی فرمانه‌كه‌ی روو ده‌ده‌ن. چواره‌م: ئاگادار كردنه‌وه‌ به‌ نووسراوێك ده‌بێ كه‌ ئاراسته‌ی دادوه‌ر ده‌كرێ ودانه‌یه‌كیش له‌و نووسراوه‌ به‌ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی راده‌گه‌یه‌نرێ و دانه‌یه‌كی دیكه‌یشی له‌ دۆسیه‌ی كه‌سیه‌تی ده‌پارێزرێ.

المادة 57

متن المادە :

المادة 57: یه‌كه‌م: لیژنه‌یه‌ك له‌ سێ ئه‌ندام به‌ناوی لیژنه‌ی كاروباری دادوه‌ران پێك دێ كه‌ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری له‌ناو ئه‌ندامانی خۆی له‌ سه‌ره‌تای هه‌موو ساڵێكدا بۆ سه‌یركردنی كاروباری به‌رزه‌فتی هه‌ڵیان ده‌بژێرێ. دووه‌م: لیژنه‌ی كاروباری دادوه‌ران له‌ داوای به‌رزه‌فتی كه‌ له‌سه‌ر دادوه‌ر تۆمار ده‌كرێ یه‌كێك له‌م سزا به‌رزه‌فتییانه‌ی خواره‌وه‌ به‌سه‌ر دادوه‌ردا ده‌سه‌پێنێ. 1-هۆشداریی (ئینزار)، ئه‌مه‌ش دواكه‌وتنی سه‌ر مووچه‌و به‌رزكردنه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگی لێده‌كه‌وێته‌وه‌. 2-دواخستنی به‌رزكردنه‌وه‌ یان سه‌رمووچه‌كه‌ی یان هه‌ردووكیان بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ ساڵێك كه‌متر نه‌بێ و له‌ سێ ساڵیش زیاتر نه‌بێ له‌ رۆژی ده‌رچوونی برٍیاره‌كه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ماوه‌ی یاسایی به‌رزكردنه‌وه‌كه‌ی ته‌واو بوو، ده‌نا له‌ مێژووی ته‌واوكردنیه‌وه‌ ده‌بێ. 3-كۆتایی هێنان به‌ خزمه‌ت و ئه‌م سزایه‌ش به‌سه‌ر دادوه‌ردا ده‌سه‌پێنرێ ئه‌گه‌ر حوكمێكی بنه‌بڕی به‌ سزایه‌ك له‌ دادگایه‌كی تایبه‌ت له‌ باره‌یه‌وه‌ ده‌رچووبوو له‌سه‌ر كرده‌وه‌یه‌ك كه‌ له‌گەڵ شه‌ره‌فی فرمانه‌ دادوه‌رییه‌كه‌یدا نه‌گونجێ یاخود ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وت له‌ دادگاییكردنێكدا كه‌ لیژنه‌ ئه‌نجامی ده‌دات دادوه‌ره‌كه‌ شیاوی به‌رده‌وام بوونی له‌ خزمه‌تی دادوه‌ریدا نیه‌ .

المادة 58

متن المادە :

المادة 58: یه‌كه‌م: كۆتایی هێنان به‌ راژه‌ی دادوه‌ر به‌ بڕیاری ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری ده‌بێ . دووه‌م: به‌پێی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ هه‌ر كه‌سێك كۆتایی به‌ راژه‌كه‌ی هات بۆ دادوه‌ری ناگه‌ڕێته‌وه‌.

المادة 59

متن المادە :

المادة 59: یه‌كه‌م: داوا له‌سه‌ر دادوه‌ر به‌پێی بڕیاری سه‌رۆكی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ تۆمار ده‌كرێ و بۆ لیژنه‌ی كاروباری دادوه‌ران ده‌نێردرێت وه‌ ده‌بێ بڕیاره‌كه‌ ئه‌و رووداوه‌ی تێدا به‌یان بكرێ كه‌ دراوه‌ته‌ پاڵی له‌گه‌لأ ئه‌و به‌ڵگانه‌ی كه‌ ده‌یسه‌لمێنن و بڕیاره‌كه‌ش به‌ دادوه‌رو داواكاری گشتی راده‌گه‌یه‌ندرێ. دووه‌م: 1-لیژنه‌ی كاروباری دادوه‌ران واده‌یه‌ك دیاری ده‌كات بۆ ته‌ماشاكردنی ئه‌و داوایه‌و ده‌بێ ئه‌وكاته‌ به‌ سه‌رۆكی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌و سه‌رۆكی داواكاری گشتی و دادوه‌ره‌كه‌ راده‌گه‌یه‌ندرێت. 2-دادگایی كردن نهێنی یه‌ و بڕیاره‌كه‌شی به‌ ئاشكرا تێده‌گه‌یه‌ندرێ. 3-دادگایی كردنه‌كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری سه‌رۆكی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌و سه‌رۆكی داواكاری گشتی یان هه‌ر داواكارێكی گشتی كه‌ ته‌نسیبی ده‌كا و پێویسته‌ دادوه‌ر خۆی ئاماده‌بێ وبۆشی هه‌یه‌ پارێزه‌رێك له‌گه‌لأ خۆیدا ئاماده‌ بكات. 4- لیژنه‌ بۆی هه‌یه‌ چه‌ندی به‌باشی ده‌زانێ لێكۆڵینه‌وه‌ بكات. 5-لیژنه‌ دوای ته‌واوكردنی لێكۆڵینه‌وه‌و گوێ گرتن له‌ وته‌كانی نوێنه‌ری سه‌رۆكی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌و داواكاری گشتی و به‌رگریی دادوه‌ر داواكه‌ یه‌كلاده‌كاته‌وه‌و بڕیاره‌كه‌ی به‌ سه‌رۆكی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌و سه‌رۆكی داواكاری گشتی و دادوه‌ر راده‌گه‌نێ. 6-لیژنه‌ له‌ رێكاره‌كانیدا ئه‌و بنه‌مایانه‌ په‌یڕه‌و ده‌كات كه‌ له‌ یاسای بنچینه‌كانی دادگایی كردنه‌كانی سزاداندا هاتوون.

المادة 60

متن المادە :

المادة 60: یه‌كه‌م: ئه‌گه‌ر لیژنه‌ی كاروباری دادوه‌ریی له‌كاتی سه‌یركردنی داوایه‌كه‌دا بۆی ده‌ركه‌وت ئه‌و كاره‌ی خراوه‌ته‌ پالأ دادوه‌ره‌كه‌ تاوانه‌ یان كه‌تنه‌، بڕیاری ناردنی بۆ دادگای تایبه‌تمه‌ند ده‌دات وهه‌موو ئه‌وراقه‌كانی بۆ ره‌وانه‌ ده‌كات دوای ئه‌وه‌ی كه‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی ده‌ستی دادوه‌ره‌كه‌ له‌ كاره‌كه‌ی ده‌كێشێته‌وه‌، هه‌روه‌كو له‌ یاسای به‌رزه‌فتكاریی فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌تدا یا هه‌ر یاسایه‌كی تر كه‌ جێگای ده‌گرێته‌وه‌ بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌. دووه‌م: ئه‌گه‌ر دادگای تایبه‌تمه‌ند بڕیاری به‌بێ تاوانی دادوه‌ره‌كه‌، یان به‌ به‌ردانی دا یان هه‌ر بڕیارێكی دی كۆتایی به‌ داوا سزاییه‌كه‌ هێنا، پێویسته‌ لیژنه‌ به‌پێی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ له‌ ته‌ماشاكردنی داوا به‌رزفتكارییه‌كه‌ به‌رده‌وام بێت. سێیه‌م: ئه‌گه‌ر دادگا بڕیاری تاوانباركردنی دادوه‌ره‌كه‌ی ده‌ركرد، پێویسته‌ لیژنه‌ سزایه‌كی به‌رزه‌فتیی گونجاو له‌گه‌لأ ئه‌و كاره‌ی دراوه‌ته‌ پاڵی بسه‌پێنێ ئه‌مه‌ش به‌پێی حوكمه‌كانی مادده‌ی (57)ی ئه‌م یاسایه‌ ده‌بێ.

المادة 61

متن المادە :

المادة 61: سه‌رۆكی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌و سه‌رۆكی داواكاری گشتی و دادوه‌ره‌كه‌ به‌پێی حوكمی ئه‌م یاسایه‌ مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ له‌به‌رده‌م ده‌ستی گشتی دادگای پێداچوونه‌وه‌ تانه‌ له‌ بڕیاری لیژنه‌ی دادوه‌ران له‌ كاروباره‌ به‌رزه‌فتكارییه‌كان بده‌ن، له‌ ماوه‌ی سی رۆژ له‌ رۆژی پێڕاگه‌یاندنه‌كه‌وه‌و ده‌سته‌ی گشتیش بۆی هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر پێویستی كرد نوێنه‌ری سه‌رۆكی دادگای تێهه‌لچوونه‌وه‌و نوێنه‌ری سه‌رۆكی داواكاری گشتی و دادوه‌ره‌كه‌ بانگ بكات تا گوێ له‌ وته‌كانیان بگرێت وپاشان بڕیاره‌كه‌ی به‌ په‌سند كردنی بڕیاری لیژنه‌ یاخود هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یا هه‌مواركردنی ده‌رده‌كات و، بڕیاره‌كه‌شی له‌مباریه‌وه‌ بنبڕه‌.

المادة 62

متن المادە :

المادة 62: بودجه‌ی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری له‌ مانه‌ دابین ده‌كرێ: یه‌كه‌م: ره‌سم و غه‌رامه‌ی دادوه‌ری كه‌ له‌لایه‌ن دادگاكانه‌وه‌ وه‌رده‌گیرێن. دووه‌م: ئه‌و پاره‌یه‌ی كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم ساڵانه‌ بۆ بودجه‌ی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری ته‌رخانی ده‌كات.

المادة 63

متن المادە :

المادة 63: یه‌كه‌م: ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی دادگا یان سه‌رۆكی ده‌سته‌ ئاماده‌ نه‌بوو یاخود پایه‌كه‌ی چۆل بوو یاخود ته‌گه‌ره‌یه‌ هاته‌پێش و رێی له‌ ده‌ست به‌كاربوونی گرت، ئه‌وا كۆنترین له‌ جێگرانی یان ئه‌ندامان كاره‌كه‌ی ئه‌و ده‌كه‌ن. دووه‌م: ئه‌گه‌ر پتر له‌ دادوه‌رێك له‌ دادگایه‌كدا هه‌بوون، كۆنترینیان ده‌بێته‌ به‌رپرسی كارگێڕیی و كاره‌كان له‌ نێوانیاندا دابه‌ش ده‌كرێ.

المادة 64

متن المادە :

المادة 64: نابێ راوه‌ دووی داده‌ر بنبڕی یان له‌سه‌ر تاوانێك ده‌ستگیر بكرێ پێش وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی، ته‌نیا له‌ حاڵه‌تی ئه‌نجامدانی تاوانێكی ده‌ست ئه‌نقه‌ست نه‌بێت.

المادة 65

متن المادە :

المادة 65: کاته‌کانی ده‌وام له‌ دادگاكان به‌ بڕیاری ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری دیاری ده‌كرێت.

المادة 66

متن المادە :

المادة 66: ده‌سته‌یه‌ك به‌ناوی ده‌سته‌ی سه‌رپه‌رشتی دادوه‌ری داده‌مه‌زرێ وبه‌ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌رییه‌وه‌ ده‌لكێ وئه‌رك و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی به‌ یاسا رێك ده‌خرێن.

المادة 67

متن المادە :

المادة 67: بۆ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌یه‌ رێنمایی بۆ ئاسانكاری جێبه‌جێ كردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌ربچوێنێ.

المادة 68

متن المادە :

المادة 68: یاسای ده‌سته‌ڵاتی دادوه‌ری ژماره‌(14)ی ساڵی 1992و هه‌مواركروه‌كانی هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه‌.

المادة 69

متن المادە :

المادة 69: پێویسته‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ولایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.