أحكام القانون

البحث في المحتوى🔎
ازالة
ازالة

مادده‌ی (21)

متن المادە :

مادده‌ی (21) یەکەم/دواى لارینەبوونى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، زەوى کشتوکاڵى بۆ پڕۆژەى گەشتیاری، لەبەر ڕۆشنایى یاسا بەرکارەکانى هەرێم، بەمەبەستى جێبەجێکردنى پڕۆژە گەشتیارییەکان، دەکوژێندرێتەوە. دووەم/ بە دەر لە زەوییە کشتوکاڵییەکان، وەزارەت دەتوانێت بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، هەر زەوییەکى تر بۆ مەبەستى جێبەجێکردنى پڕۆژە گەشتیارییەکان، تەرخان بکات.

مادده‌ی (22)

متن المادە :

مادده‌ی (22) یەکەم/ خاوەنى ئەو زەوییەکانى موڵکى تەواون (ملک صرف)، دەتوانن بە ڕەزامەندى دەستە پڕۆژەى گەشتیارى بەپێی حوکمەکانى ئەم یاسایە دابمەزرێنن، بەڕەچاوکردنى پێگەى جوگرافى و لە چوارچێوەى سیاسەتى گەشەپێدانى کەرتى گەشتیاری لە هەرێم. دووەم/ خاوەنى مافى ڕەفتارپێکردن لەسەر ئەو زەویانەى موڵکى دەوڵەتن، بەدەر لە یاساى ژمارە (1)ى ساڵى (2008)، لەسەر ڕووبەرێک کە لە (20%) بیست لەسەدی تەواوى ڕووبەرى زەویەکە تێپەڕ نەکات، لەسەر داواکارى کەسەکە و پێشنیازى دەستە، دواى لارینەبوونى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو و ڕەزامەندى ئەنجومەنى وەزیران، دەتوانن پڕۆژەی گەشتیاری بونیادبنێن، بەرامبەر بەکرێیەک کە بڕەکەى بە ڕێنمایى لەلایەن وەزیرى دارایى و ئابوورى بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزیر دیاریدەکرێت. سێیەم/ خاوەنى مافى ڕەفتارپێکردن لەسەر زەویەک کە ڕووبەرەکەى لە (5) پێنج دۆنم کەمترە، بە هەمان مەرج و ڕێکارى هاتوو لە بڕگەى (دووەم)ى ئەم ماددەیە، دەتوانێت (50%) پەنجا لەسەدی ڕووبەرى زەوییەکە بکاتە پڕۆژەى گەشتیاری بەمەرجی پابەندبوون بە پاراستنى پارێزراوە سروشتییەکان و پابەندییە ژینگەییەکان.

مادده‌ی (23)

متن المادە :

مادده‌ی (23) یەکەم/ دەستە دەتوانێت ئەو زەویانەى کە بۆ مەبەستى گەشتیارى تەرخانکراون، تەنها بۆ پڕۆژەى گەشتیارى بەکرێ بدات. دووەم/ 1. ماوەى گرێبەستى بەکرێدانى زەوى و پڕۆژەى گەشتیارى، لە دواى ڕۆژێک لە تەواوکردن یان نۆژەنکردنەوەى پڕۆژەکە، کە پێشتر ماوەکەى لە ڕێگەى لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دیاریکراوە، هەژماردەکرێت، و کرێى ماوەى تەواوکردنى پڕۆژەکەش لەسەر زەویەکە وەردەگیرێت. 2. ئەگەر خاوەن پڕۆژە دەستى لە پڕۆژەکە هەڵگرت یان نەیویست گرێبەستەکەى نوێبکاتەوە، ئەوا لە بەکرێدانى ئاشکرادا بەکرێ دەدرێتەوە. 3. جگە لە گرێبەستى بانەوانى، گرێبەستەکانى بەکرێدانى شوێن و پڕۆژە گەشتیارییەکان لە لایەن دەستەوە، کە ماوەیان لە (15) پازدە ساڵ کەمترە، بۆ یەک جار یاراى درێژکردنەوەن، بەو مەرجەى ماوەى بنەڕەتى و ماوەى درێژکراوە پێکەوە لە (15) پازدە ساڵ تێپەڕ نەکات و بڕى بەرامبەرى ڕاستەقینە بەپێى ئەو ڕێکارانەى لە یاساى ژمارە (1)ى ساڵى (2021)دا هاتوون، بخەمڵێنرێتەوە. 4. ماوە و بڕى بەرامبەر و مەرجەکانى درێژکردنەوە، لەسەر پێشنیارى دەستە و بە ڕەزامەندى وەزیر دیارى دەکرێت.

مادده‌ی (24)

متن المادە :

مادده‌ی (24) یەکەم/ 1. دەستە لە ڕێگەى لیژنەیەکەوە، کە پێکهاتەکەى بە ڕێنماییەک دیاریدەکرێت کە وەزارەت بۆ ئەو مەبەستە دەریدەکات، لە داواکارى ئەو کرێچیانە دەڕوانێت، کە وەبەرهێنانى گەشتیارییان لەسەر ماڵ و موڵکى دەوڵەت بە گرێبەست لەناوچە تازە گەشەسەندووەکاندا کردووە، و پرۆژەکانیان مایەى خۆى ناهێنێتەوە و داواى لێخۆشبوون لە کرێ دەکەن. 2. ئەگەر دواى هەڵسەنگاندن، لیژنەکە گەیشتە ئەو ئەنجامەى کە داواکارییەکە مەرجى لیخۆشبوونى تێدایە، پێشنیازى لێخۆشبوون لە کرێ بۆ وەزیر دەکات. 3. وەزیر بۆ هێنانەدى بەرژەوەندیى گشتى و پەرەپێدانى گەشتیارى لەو ناوچە تازە گەشەسەندووانە بڕیارى لێخۆشبوون تەنها بۆ ماوەیەکى دیارکراو کە لە دوو ساڵ زیاتر نەبێت، دەدات. دووەم/ دەستە دەتوانێت دوای ڕەزامەندى وەزارەت، ماوەى گرێبەستى پڕۆژە گەشتیارییە بەکرێدراوەکان لە گوندەکان درێژ بکاتەوە، ئەگەر لە ماوەى بەکرێدانەکەدا، دواى جێبەجێکردنى رێژەى (100%) لە سەدا سەدى پڕۆژەکە، بەپێى توێژینەوەى کەڵکى ئابوورى، سەرمایەى پڕۆژەکە بەدەست نەهاتبێت.

مادده‌ی (25)

متن المادە :

مادده‌ی (25) یەکەم/ئەو کەسەى زەوى بە بەرامبەر بۆ تەرخان دەکرێت، مافى هەیە بە ڕەزامەندی دەستە، پڕۆژەکە یان ئەو شوێنە گەشتیارییەى لەسەرى دروستکراوە، لەدواى تەواوبوونى بەڕێژەى ( 100%) لە سەدا سەدى، بەبێ زەوییەکە، بفرۆشێتە کەسانى دیکە، بەمەرجى زیادکردنى (20%) بیست لە سەدی کرێى ساڵانەى زەوى. دووەم/خاوەنى پڕۆژە گەشتیارییەکان کە لانیکەم (51%) لە سەدا پەنجا و یەکی پڕۆژەکانیان دروستکردووە، دەتوانن بە مەبەستى تەواو کردنى پڕۆژەکە، داواى هاوبەش (ادخال شریک) بکەن.

مادده‌ی (26)

متن المادە :

مادده‌ی (26) وەزیر لەسەر پێشنیازى دەستە رێنمایى بۆ رێکخستنى ئەمانەى خوارەوە دەردەکات. یەکەم/ چاودێرى و پشکنینى دامەزراوە گەشتیارییەکان. دووەم/ کردنەوەى پەیمانگە و ناوەندەکانى تایبەت بە ڕاهێنانى گەشتیاریى لە کەرتى گشتى و تایبەت و تێکەڵ. سێیەم/ مۆڵەتدانى پڕۆژە گەشتیارییەکان بەپێى سیستەمى دابەشکردنى کات بەهاوکارى لەگەڵ وەزارەتی دارایى و ئابوریى. چوارەم/ ئامادەکردنى ڕێبەرە گەشتیارییەکان. پێنجەم/ دیاریکردنى کاتى دەستپێکردن و کۆتایى هاتنى کار و چالاکیە گەشتیارییەکان لە شوێنە گەشتیارییەکاندا.

مادده‌ی (27)

متن المادە :

مادده‌ی (27) یەکەم/ ئەو پڕۆژە و دامەزراوە گەشتیارییانەى دەکەونە ناو پۆلێنکراوى وەبەرهێنانى گەشتیارى، ئەو لێخۆشبوونانە دەیانگرێتەوە کە بەپێى یاسا بەرکارەکانى هەرێم بۆ پڕۆژەکانى وەبەرهێنان بڕیاریان لێدراوە. دووەم/ لێخۆشبوونى هاتوو لە بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیە، ڕەسمەکانى تایبەت بە پیادەکردنى پیشە ناگرێتەوە.

مادده‌ی (28)

متن المادە :

مادده‌ی (28) پشکەکانى کۆمپانیاى (ئینشکێ)ی هاوپشکى تێکەڵ کە (49%) چل و نۆ لە سەدی سەرمایەى کۆمپانیاکەیە و بەناوى وەزارەتى دارایى عێراق تۆمارکراوە بەبێ‌ بەرامبەر بەناوى وەزارەت تۆمار دەکرێت و گواستنەوەی تۆمارەكە لە باج و رسومات دەبوردرێت.

مادده‌ی (29)

متن المادە :

مادده‌ی (29) وەزیر خۆى یان لەسەر پێشنیازى دەستە ڕێنمایى پێویست بۆ ئاسان جێبەجێکردنى حوکمەکانى ئەم یاسایە دەردەکات.

مادده‌ی (30)

متن المادە :

مادده‌ی (30) پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندارەکان حوکمەکانى ئەم یاسایە جێبەجێ بکەن.

مادده‌ی (31)

متن المادە :

مادده‌ی (31) کار بە دەقى هیچ یاسا یان بڕیارێک ناکرێت کە لەگەڵ حوکمەکانى ئەم یاسایەدا ناکۆک بێت.

مادده‌ی (32)

متن المادە :

مادده‌ی (32) ئەم یاسایە لە ڕێکەوتى بڵاوکردنەوەى لە ڕۆژنامەى فەرمى (وەقایعى کوردستان) جێبەجێ دەکرێت.