أحكام القانون

البحث في المحتوى🔎
ازالة
ازالة

مادده‌ی (1)

متن المادە :

مادده‌ی (1) بۆ مه‌به‌ستی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌، ئه‌م زاراوه‌ و ده‌سته‌واژانه‌ی خواره‌وه‌ ماناكانی به‌رامبه‌ریان ده‌گه‌یه‌نن:- یه‌كه‌م/ هه‌رێم: هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق. دووه‌م/ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران: ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم. سێیه‌م/ دەسەڵاتی تایبه‌تمه‌ند: هەر یەكە لە وەزیر یان سەرۆكی لایەنی نەبەستراوە بە وەزارەت یان هەر كەسێك كە ڕێیپێدەدەن بە مەرجێك پلەی وەزیفی لە بەڕێوەبەری گشتی كەمتر نەبێت، دەگرێتەوە. چوارەم/ موڵك و ماڵی دەوڵەت: موڵك و ماڵی كەرتی گشتی لە هەرێم دەگرێتەوە.

مادده‌ی (2)

متن المادە :

مادده‌ی (2) حوكمەكانی ئەم یاسایە بەسەر موڵك و ماڵی گوازراوە و نەگوازراوەی دەوڵەت، لە كاتی فرۆشتن یان بەكرێدان جێبەجێ دەكرێت، ئەگەر دەقێكی یاسایی پێچەوانە نەبێت.

مادده‌ی (3)

متن المادە :

مادده‌ی (3) یه‌كه‌م: موڵك و ماڵی دەوڵەت تەنها بە بڕیاری دەسەڵاتی تایبەتمەند، لەكاتی هاتنەدی بەرژەوەندی گشتی دەفرۆشرێت یان بەكرێ دەدرێت، بە مەرجێك لە بڕیارەكەدا جۆر و خەسڵەت و بڕی ئەو موڵك و ماڵە دیاری بكرێت كە بۆ فرۆشتن یان بە كرێدان دادەنرێت. دووه‌م: فرۆشتن یان بەكرێدانی موڵك و ماڵی دەوڵەت، لە ڕێگەی زیادكردنی ئاشكرا، و بەپێی ئەو ڕێكارانەی لەم یاسایەدا دەقنووسكراون ئەنجامدەدرێت، ئەگەر دەقێكی یاسایی پێچەوانە نەبێت.

مادده‌ی (4)

متن المادە :

مادده‌ی (4) یەكەم: ڕێكارە یاساییەكانی لیژنەی خەمڵاندن، هەواڵە، فرۆشتن، بەكرێدان، وەرگرتنی بڕی بەرامبەری فرۆشتن و بەكرێدان و بەقیستكردن، تەنها لەلایەن دەسەڵاتی تایبەتمەند، لە ماوەیەك كە لە (15) پازدە ڕۆژ لە ڕێكەوتی گەیشتنی كۆنووس تێپەڕنەكات، بڕیاری كۆتاییان لەبارەوە دەدرێت، و بەبنبڕ دادەنرێن. دووەم: ڕێژەی یاسایی خەمڵاندن، فرۆشتن یان بەكرێدان بە ئامادەبوونی گشت ئەندامەكانی دروست دەبێت، بڕیارەكانیشیان لە ئەگەری ڕێكنەكەوتن بە زۆرینە دەردەچن، و ئەو ئەندامەی ڕایەكی جیاوازی هەیە دەبێت ڕایەكەی لە كۆنووس جێگیر بكرێت.

مادده‌ی (5)

متن المادە :

مادده‌ی (5) فرۆشتن یان بەكرێدانی موڵك و ماڵی دەوڵەت لە ڕێگەی زیاكردنی ئاشكرا، بۆ ئەو فەرمانبەرانەی بەشداربوون لە بڕیاری فرۆشتن یان بەكرێدان و ئەندامانی هەردوو لێژنەی خەمڵاندن و فرۆشتن یان بەكرێدان قەدەغەیە، ئەم حوكمەش هاوسەر و پەیوەندی خزمایەتی تا پلەی چوارەم دەگرێتەوە.

مادده‌ی (6)

متن المادە :

مادده‌ی (6) فرۆشتنی موڵك و ماڵە نەگوازراوەكانی دەوڵەت تەنها بۆ هاونیشتیمانیان ڕێپێدراوە، لەگەڵ ڕەچاوكردنی حوكمەكانی یاسای وەبەرهێنانی بەركار لە هەرێم.

مادده‌ی (7)

متن المادە :

مادده‌ی (7) فرۆشتن یان بەكرێدانی موڵك و ماڵە نەگوازراوەكانی دەوڵەت لە ڕێگەی ئەو لیژننانەوە ئەنجام دەدرێت كە بە بڕیاری دەسەڵاتی تایبەتمەند پێكدەهێنرێت.

مادده‌ی (8)

متن المادە :

مادده‌ی (8) یه‌كه‌م: لیژنەی خەمڵاندن لە ژمارەیەک فەرمانبەری شارەزا پێكدەهێنرێت كە ژمارەیان لە (3) سێ كەس كەمتر نەبێت و پلەی وەزیفی هیچ كامیان لە پلە پێنچ كەمتر نەبێت. دووەم: فەرمانبەرێك لە فەرمانگەی تۆماركردنی خانووبەرە و فەرمانبەرێكی ژمێركاریی لە فەرمانبەرانی وەزارەتی دارایی و ئابووری هاوەڵی ئەو لیژنەیە دەكەن كە لە بڕگەی (یەكەم)ی ئەم ماددەیە دا دەقنووسكراوە. سێیەم: لیژنە دەتوانێت پشت بە كەسانی شارەزا و تایبەتمەند ببەستێت.

مادده‌ی (9)

متن المادە :

مادده‌ی (9) یه‌كه‌م: لیژنەی پێكهاتوو بە پێی ماددەی (8)ی ئەم یاسایە، ئەم ئەركانە ئەنجام دەدات:- 1. دەرخستەی موڵك و ماڵە نەگوازراوەكە، بۆ دیاركردنی شوێن، ژمارە، ڕەگەز، جۆر، سنوور، خەسڵەت، ڕووبەر و پێكهاتەكانی، لەگەڵ جێگیركردنی ئەوەی لەسەری دروستكراوە یان چێندراوە یان ڕوێندراوە. 2. خەمڵاندنی بەهای شایستەی موڵك و ماڵە نەگوازراوەكە یان كرێی شایستەی ساڵانەی، لەبەر ڕۆشنایی بەهای خەمڵێنراو لەلایەن فەرمانگەی تۆماری خانووبەرە و بەهای خانووبەرەكانی هاوسێی یان هاوشێوەی، یان بەهای فرۆشتنی یان كرێی ساڵانەی ڕاستەقینە یان خەمڵێنراوی بۆ مەبەستەكانی باج، هەروەها لێژنە دەتوانێت پشت بەو شارەزایانە ببەستێت كە پێی باشە، و بڕیارەكە لە ئەگەری ڕێكنەكەوتن بە زۆرینە وەردەگیرێت. 3. لیژنە كۆنووسێك رێكدەخات و ئەو زانیارییانە لەخۆ دەگرێت كە لە هەردوو خاڵی (1 و 2)ی ئەم بڕگەیەدا دەقنووسكراون، و لەلایەن ئەندامانی لیژنە و فەرمانبەری تۆماری خانووبەرە و فەرمانبەری ژمێركاریی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری و شارەزایان ئەگەر هەبن، واژۆ دەكرێت. دووەم: دەسەڵاتی تایبەتمەند دەتوانێت داوا لە لیژنەی خەمڵاندن بكات بۆ دووبارە خەمڵاندنەوە، ئەگەر بڕی خەمڵێنراوی پێ شایستە نەبوو یان گەیشتە ئەو ئەنجامەی كە بنەماكانی خەمڵاندنی هاتوو لەم یاسایە، وەك پێویست پیادەنەكراوە.

مادده‌ی (10)

متن المادە :

مادده‌ی (10) لیژنەی فرۆشتن یان بەكرێدان، بۆ لەئەستۆگرتنی ڕێكارەكانی فرۆشتنی موڵك و ماڵی نەگوازراوەی دەوڵەت یان بەكرێدانی بەپێی حوكمەكانی ئەم یاسایە، لە (3) سێ فەرمانبەری شارەزا پێكدەهێنرێت، كە ناونیشانی وەزیفی هەر یەكێكیان لە بەڕێوەبەر یان سەرۆكی تێبینەران كەمتر نەبێت، یان لانیكەم (10) دە ساڵ ڕاژەی وەزیفی هەبێت.

مادده‌ی (11)

متن المادە :

مادده‌ی (11) لەكاتی فرۆشتن یان بەكرێدانی موڵك و ماڵێكی نەگوازراوەی دیاریكراودا، سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی خەمڵاندن، ناكرێنە ئەندامی لیژنەی فرۆشتن یان بەكرێدان.

مادده‌ی (12)

متن المادە :

مادده‌ی (12) ڕێكارەكانی فرۆشتن و بەكرێدانی موڵك و ماڵە نەگوازراوەكان بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت:- یه‌كه‌م: رێكخستنی لیستی زیادكردن لەبەر ڕۆشنایی خەسڵەتەكانی موڵك و ماڵە نەگوازراوەكە كە لەلایەن لیژنەی خەمڵاندنەوە چەسپێنراوە، و ئەگەر زیاتر لە موڵك و ماڵێكیش بوو، ئەوا بۆ هەریەكێكیان لیستێكی زیادكردن رێكدەخرێت. دووەم: 1. جاڕنامەی فرۆشتن یان بەكرێدان بە زیاكردنی ئاشكرا، لە دوو ڕۆژنامەی ڕۆژانە بڵاودەكرێتەوە، كە یەكێكیان لە هەولێر و ئەوی دیكە لە ناوەندی ئەو پارێزگایە دەبێت كە زیادكردنەكەی تێدا دەكرێت، وێنەیەكی جاڕنامەكەش لەو فەرمانگەیە هەڵدەواسرێت كە فرۆشتن یان بەكرێدانەكە ئەنجام دەدات، لیژنە دەتوانێت بڕیاری بڵاوكردنەوەی جاڕنامەكە لە ڕێگەی ئامرازەكانی دیكەی ڕاگەیاندنەوە، لەناویاندا پێگە ئەلكترۆنیە فەرمییەكان، بدات. 2. ئەو موڵك و ماڵە نەگوازراوەی، بەهای خەمڵێنراوی بەكرێدانی ساڵانەی لە (1,000,000) یەك ملیۆن دینار كەمتر بێت، لە جاڕدان بەدەردەكرێت. سێیەم: 1. جاڕنامەكە گشت ئەو خەسڵەتانەی موڵك و ماڵە نەگوازراوەكە، كە لە كۆنووسی لیژنەی خەمڵاندندا هاتوون، رۆژ و رێكەوت و كاتژمێری زیادكردنەكە، مەرجەكانی بەشداریكردن، ئەو شوێنەی تیایدا ئەنجامدەدرێت و بڕی ئەو بارمتانەی (تأمینات) پێویستە سپاردە بكرێن، لەخۆدەگرێت. 2. فرۆشتن یان بەكرێدانی موڵك و ماڵە نەگوازراوەكە بەپێی ئەو ڕێزبەندییەی لە جاڕنامەكەدا هاتووە، ئەنجامدەدرێت. چوارەم: لیستی زیادكرنەكە لە رۆژی دوای بڵاوكردنەوەی جاڕنامەكە بۆ ماوەی (30) سی ڕۆژ كراوە دەبێت، و پێویستە لەسەر ئەو كەسانەی خواستی كڕین یان بەكرێگرتنی موڵك و ماڵەكەیان هەیە، سەردانی فەرمانگەی تایبەتمەند بكەن بۆ دەربڕینی خواستنی كڕین یان بەكرێگرتن، بەو مەرجەی هەر یەكێكیان پێش بەشداریكردنی لە زیادكرنەكە بارمتەیەك سپاردە بكات، بڕەكەی لە (20%) بیست لەسەدی بەهای خەمڵێنراو لە حاڵەتی فرۆشتن و لە كۆی بڕی بەرامبەری بەكرێدان بۆ تەواوی ماوەكەی لە حاڵەتی بەكرێدان، كەمتر نەبێت. پێنجەم: زیاكردن بە مەبەستی فرۆشتن یا بەكرێدان تەنها لە بازنەی ئەو یەكە كارگێڕییە ئەنجامدەدرێت كە موڵك و ماڵە نەگوازراوەكەی تێدایە، دەسەڵاتی تایبەتمەند دەتوانێت لەكاتی پێویستدا بڕیار بدات كە زیادكردنەكە لە ناوەندی ئەو پارێزگایە بكرێت كە موڵك و ماڵە نەگوازراوەكەی تێدایە. شەشەم: لە ڕۆژی دوای كۆتایی هاتنی ئەو ماوەیەی كە لە بڕگەی (چوارەم)ی ئەم ماددەیەدا دەقنووسكراوە، لەو كات و شوێنەی دیاریكراون بۆ فرۆشتن یان بەكرێدان، بۆ بەشداریكردن لە زیاكردنەكە بانگەواز دەكرێت ، بەمەرجێك بانگەوازەكە وەسفكردنێكی تەواوی موڵك و ماڵە نەگوازراوەكە لەخۆ بگرێت. حەوتەم: زیادكردنەكە بە ئاشكرا دەبێت، بە زیاتر لە (70%) حەفتا لەسەدی بەهای خەمڵێنراو دەستپێدەكات، دواتر لیژنەی فرۆشتن یا بەكرێدان بڕیاری بەركەوتنی (رسو) زیادكردنەكە بۆ كۆتا كەسی زیادكار دەدات و ئەو خستنەڕووەی لە ماوەی (5) پێنج خولەك هیچی لەسەر زیاد ناكرێت، بە كۆتایی زیادكردنەكە دادەنرێت. هەشتەم: 1. دەكرێت لەسەر بڕی بەرامبەری دوایین زیادكردن، لە ماوەی (5) پێنج رۆژی كار لە رێكەوتی بەركەوتنی (رسو) زیادكردنەكە، بە بڕێك كە كەمتر نەبێت لە (15%) پازدە لەسەدی دوایین ئەو بڕی بەرامبەرەی زیادكردنەكە پێی گەیشتووە، خسنتەسەر (ضم) لەلایەن كەسی ترەوە، بكرێت. 2. لە ئەگەری بوونی داواكاریی خستنسەردا، لە ڕۆژی دوای بڵاوكردنەوەی جاڕنامەیەك بە هەمان میكانیزمی یەكەمجار، زیادكردنێكی نوێ بۆ ماوەی (7) حەوت ڕۆژ دەكرێتەوە، دواتر هەواڵە دەكرێت و نابێت جارێكی تر خستنەسەر لەسەر كۆتا بڕی بەرامبەری زیادكردنەكە، بكرێت. 3. داواكاریی خستنەسەر، تەنها دوای وەرگرتنی بارمتە یاساییەكان، ئەوانەی بەپێی ئەو ڕێژەیەی لەسەر بنەمای ئەو بڕی بەرامبەرە دیاركراوە كە كەسی داواكار خستوویەتیەڕوو، قبوڵ دەكرێت.

مادده‌ی (13)

متن المادە :

مادده‌ی (13) یه‌كه‌م: ئەگەر لە ئەنجامی زیادكردنەكە، بڕی بەرامبەر نەگەیشتە بەهای خەمڵێنراو، ئەوا زیادكردنەكە بۆ ماوەی (15) پازدە رۆژی تر درێژ دەكرێتەوە، كە لە ڕۆژی دوای بڵاوكردنەوەی جاڕنامەكەوە دەستپێدەكات. دووەم: 1. ئەگەر بڕی بەرامبەر لە ئەنجامی زیاكردنی دووەم، نەگەیشتە (80%) هەشتا لە سەدی بەهای خەمڵێنراو، ئەوا لەلایەن لیژنەیەكی دیكە خەمڵاندن بۆ بەهای موڵك و ماڵە نەگوازراوەكە دەكرێتەوە، و جاڕدەدرێت بۆ ئەنجامدانی زیادكردنێكی نوێ. 2. لەكاتی نەگەیشتنی بڕی بەرامبەر بە (80%) هەشتا لەسەدی بەهای خەمڵێنراوی جاری دووەم، ئەوا پرسەكە دەخرێتە بەردەم دەسەڵاتی تایبەتمەند، بۆ تاوتوێكردنی هۆیەكان و چارەسەركردنیان، یان هەڵوەشاندنەوەی زیادكردنە ئاشكراكە.

مادده‌ی (14)

متن المادە :

مادده‌ی (14) یه‌كه‌م: 1. لەگەڵ ڕەچاوكردنی حوكمەكانی ماددەی (12)ی ئەم یاسایە، فرۆشتنی خانوو، شووقە یان زەوی نیشتەجێبوون كە ڕووبەری لە (300م2) سێ سەد مەتر دووجا زیاتر نییە و خاوەندارێتی دەگەڕێتەوە بۆ دەوڵەت، لەناو فەرمانبەراندا جاڕدانی بۆ دەكرێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەم خاڵانەی خوارەوە: 2. فرۆشتن یەکەمجار لەنێوان فەرمانبەرانی یەک وەزارەتدا دەکرێت، لەگەڵ پێدانی پێشەنگی (الأولویة) بۆ فەرمانبەرانی ئەو فەرمانگەیەی خانوو، شووقە یان زەوی نیشتەجێبوونەكەی داناوە بۆ فرۆشتن. 3. ئەگەر هیچ فەرمانبەرێكی وەزارەت یان فەرمانگەی پەیوەندار خواستی كڕینیان نەبوو، یان بەشێك لە موڵكەكە بە نەفرۆشراوی مایەوە، ئەوا سەرلەنوێ جاڕدانی فرۆشتن بەڕێگەی زیادكردن لەناو سەرەجەم فەرمانبەرانی هەرێم، دەكرێت. 4. لە ئەگەری نەبوونی كڕیاری فەرمانبەر، یان مانەوەی بەشێكی موڵكەكە بە نەفرۆشراوی، ئەوا سەر لەنوێ جاڕدانی فرۆشتنی بە رێگەی زیادكردن لەناو سەرەجەم هاوڵاتیاندا بۆ دەكرێت. 5. لە سەرجەم بەندەكانی (أ، ب، ج) پێشەنگی بۆ ئەوانە دەبێت كە هاوسەرگیرییان كردوە، و خۆیان یان هاوسەرەكانیان یان منداڵە ناكامەكانیان، خانوویەك یان شووقەیەك یان زەوییەكی نیشتەجێبوونیان بەشێوەی سەربەخۆ نییە و پێشتر یەكەیەكی نیشتەجێوون یان پارچە زەوییان لە دەوڵەت یان لە كۆمەڵە هەرەوەزییەكان وەرنەگرتووە. 6. حوكمەكانی خاڵی (1)ی بڕگەی (یەكەم)ی ئەم ماددەیە لەسەر ئەو فەرمانبەرەش جێبەجێ دەبێت كە لەناو یەكەیەكی نیشتەجێبوونی فەرمانگەیەكی دیاركراو نیشتەجێبووە، هەرچەندە لەسەر بنەمای پێداویستی كار بۆ فەرمانگەیەكی دیكە لەناو هەمان وەزارەت گوازرابێتەوە، بەمەرجێك سەرباری گواستنەوەی ڕاژەكەی بە نیشتەجێی ئەو یەیە مابێتەوە. دووەم: 1. فەرمانبەری خانەنشینكراو، ئەگەر پێشتر سوودمەند نەبووبێت، دەتوانێت بەشداری لە زیادكردنی جاڕداراو بۆسەرجەم فەرمانبەران بكات، بۆ كڕینی ئەو خانووبەرانەی نیشتەجێبوون كە لە خاڵی (1)ی بڕگەی (یەكەم)ی ئەم ماددەیە ئاماژەیان پێدراوە. 2. ئەگەر لەكاتی فرۆشتنی یەكەی نیشتەجێبوونەكە، بە كردەنی و بە شێوەیەكی یاسایی و لەسەر بنەمای ئەو ڕێكارانەی لە یاسا بەركارەكاندا دەقنووسكراون، خانەنشینكراو نیشتەجێی یەكەكە بێت، ئەوا هەمان مامەڵەی فەرمانبەری ئەو فەرمانگەیەی لەگەڵ دەكرێت كە خاوەندارێتی یەكەكە دەكات، بەمەرجێك پێش خانەنشینبوونیی فەرمانبەری هەمان فەرمانگە بووبێت. 3. بۆ ئەوەی فەرمانبەری خانەنشینكراو لە حوكمی خاڵی (2)ی ئەم بڕگەیە سوودمەند بێت، پابەند دەكرێت پێش بەشداربوون لە زیادكردن بەشێوەیەكی نووسراو بەڵێن بدات بە چۆڵكردنی یەكە نیشتەجێبوونەكە لە ماوەی (6) شەش مانگ لەو رێكەوتەی كەبڕیاری هەواڵەكردنی زیادكردنەكە بۆ كەسێكی دیكە پلەی بنبڕ وەردەگرێت، بەپێچەوانەوە، یەكە نیشتەجێبووەنەكەی بەزۆرەكی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێكردنی تایبەتمەندەوە بەبێ پێدانی هیچ ماوەیەكی دیكە، پێ چۆڵدەكرێت. سێیەم: پشكی هاوبەشی ناو یەكە نیشتەجێبوونەكانی نەشیاو بۆ جیاكردنەوە (ئیفرازكردن)، بەدەر دەكرێن لە حوكمی بڕگەی (یەكەم و دووەم)ی ئەم ماددەیە، و جاڕدانی فرۆشتن بۆ سەرجەم هاوڵاتیان، دەكرێت.

مادده‌ی (15)

متن المادە :

مادده‌ی (15) دەسەڵاتی تایبەتمەند، دەستڕۆیە بۆ مەبەستەكانی چالاكی بازرگانی، پیشەسازیی، گەشتوگوزاریی و وەبەرهێنان، لە ڕێگەی زیادكردنی ئاشكراوە، بەهەمان ئەو رێكارانەی لە ماددەی (12)ی ئەم یاسایەدا دەقنووسكراون، بونیادنانی مافەكانی بانەوانیی (المساطحة) لەسەر موڵك و ماڵە نەگوازراوەكان، ڕابگەیەنێت، بەم شێوەیەی خوارەوە: یەكەم: نابێت ماوەی بانەوانیی لە (25) بیست و پێنج ساڵ زیاتر بێت، و یارای نوێكردنەوە و بەموڵككردنی بۆ بانەوانیكار نییە، دوای كۆتایهاتنی ماوەی بانەوانیی هەرچی بونیادنرابێت، دەبێتە موڵكی خاوەنی موڵك و ماڵە نەگوازراوەكە، بەبێ بەرامبەر. دووەم: بڕی بەرامبەری بانەوانیی ساڵانە وەردەگیرێت، بەمەرجێك هەر (5) پێنج ساڵ جارێك، لە رێكەوتی گرێبەستی بانەوانیی پێداچوونەوەی بۆبكرێت، ئەمەش بە ڕێنمایی ڕێكدەخرێت كە وەزیری دارایی و ئابووری دەریدەكات. سێیەم: 1. بانەوانیكار، لەو ماوەیەی لە گرێبەستی بانەوانیی دیاركراوە، و ڕەزامەندی دەسەڵاتی تایبەتمەندی لەسەردراوە، پابەندی دروستكردنی بیناكاریی دەبێت. 2. بانەوانیكار، بارمتەی كۆتایی، كە یەكسان بێت بە (5%) پێنج لەسەدی بەهای تەواوی بڕی بەرامبەری زیادكردنەكە بۆ تەواوی ماوەی گرێبەستەكە، بۆ مسۆگەركردنی باش جێبەجێكردنی بیناكارییەكە پێشكەش دەكات، كە بەدرێژایی ماوەی گرێبەستی بانەوانكارییەكە دەمێنێتەوە، و تا كۆتایی هاتنی ماوەكەی ڕادەستی ناكرێتەوە، و ساڵانەش بەمەبەستی گونجاندنی لەگەڵ پێداچوونەوەكان، نوێدەكرێتەوە. 3. ئەگەر لەو ماوەیەدا بانەوانیكار تەواوی بیناكارییەكانی دروست نەكرد، ئەوا بڕە بارمتەكراوەكە دەستی بەسەردادەگیرێت، و گرێبەستی بانەوانییەكە بە هەڵوەشاوە ئەژماردەكرێت، و ئەو بیناكارییەی هەیە بەبێ بەرامبەر دەبێتە موڵكی ئەو لایەنەی خاوەندارێتی موڵك و ماڵە نەگوازراوەكە دەكات. چوارەم: ئەگەر كەسی بانەوانیكار لە دانەوەی بڕی بەرامبەری ساڵانە لە وادەی دیاریكراویدا دواكەوت، ئەوا دەسەڵاتی تایبەتمەند دەتوانێت وەرگرتنی ئەو بڕی بەرامبەرە بۆ ماوەیەكی گونجاو لە رێكەوتی شایستەبوونیەوە دوابخات، لەم بارەشدا سوودی دواكەوتن بەڕێژەی (7%) حەوت لەسەدی بڕی بەرامبەری شایستە دەخرێتە ئەستۆی كەسی بانەوانیكار، ئەگەر دواكەوتن دووبارە ببێتەوە، ئەوا دەسەڵاتی تایبەتمەند دەتوانێت گرێبەستی بانەوانیی هەڵبوەشێنێتەوە و بیناكارییەكان بەبێ بەرامبەر دەبنە موڵكی ئەو لایەنەی خاوەندارێتی موڵك و ماڵە نەگوازراوەكە دەكات.

مادده‌ی (16)

متن المادە :

مادده‌ی (16) یەكەم: كڕیار پابەندە لە ماوەی (30) سی ڕۆژ لە ڕێكەوتی هەواڵەكردنی بنبڕ، بە یەكجار بڕی بەرامبەری فرۆشتنی موڵك و ماڵی نەگوازراوە، بدات. دووەم: بەدەر لە حوكمەكانی بڕگەی (یەكەم)ی ئەم ماددەیە، دەسەڵاتی تایبەتمەند دەتوانێت ڕەزامەندی لەسەر دانەوەی بڕی بەرامبەری فرۆشتن بە شێوەی قیست بدات، بەم شێوەیەی خوارەوە:- 1. نیوەی بڕی بەرامبەری فرۆشتن و تەواوی خەرجییەكان لەماوەی (30) سی ڕۆژ لە ڕێكەوتی هەواڵەكردنی بنبڕ. 2. ئەوی دەمێنێتەوە لە بڕی بەرامبەری فرۆشتن، دەكرێت بە چەند قیستێك، بەمەرجێك لە (5) پێنج قیست زیاتر نەبێت، و وادەی دوایین قیست نەگاتە زیاتر لە (3) سێ ساڵ لە كۆتایی ئەو ماوەیەی لە خاڵی (1)ی ئەم بڕگەیەدا دیاری كراوە. سێیەم: لەكاتی فرۆشتنی خانووبەرەی نیشتەجێبوونی موڵكی دەوڵەت یان كەرتی گشتی بە فەرمانبەران، بۆ دانەوەی بڕی بەرامبەری فرۆشتنەكە، ئەو حوكمانەی خوارەوە پیادە دەكرێت: 1. ڕێژەی بارمتەكان (5%) پێنج لەسەدی بەهای خەمڵاندنی یەكە یان پارچە زەوی نیشتەجێبوونەكە دەبێت. 2. ڕێژەی (5%) پێنج لەسەدی بڕی بەرامبەری فرۆشراوەكە وەك پێشەكی وەردەگیرێت و باقیەكەی بە قیستی ساڵانەی یەكسان بۆ ماوەی (15) پازدە ساڵ لە ڕێكەوتی فرۆشتنەكە دەدرێتەوە. چوارەم: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران یان هەركەسێك كە ڕێی پێدەدات، دەتوانێت دووبارە ماوەی قیستی شایستەی سەر پرۆژەكانی پیشەسازیی، كشتوكاڵی و گەشت و گوزاریی، فرۆشراو بە پێی حوكمەكانی ئەم یاسایە، بەجۆرێك دابڕێژێتەوە كە ماوەی دانەوەی قیستەكان درێژبكاتەوە، پاڵپشت بە ڕاسپاردەی لیژنەیەكی تایبەتمەند كە بە فەرمانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران یان هەر كەسێك كە ڕێیپێدەدات، پێكدەهێنرێت، لەسەر بنەمای پاساو یان بارودۆخی زۆر پێویست، بەرامبەر بە بڕی ئەو سوودی دواكەوتنەی كە بانكە حكومییەكان بەپێ سروشتی موڵك و ماڵە نەگوازراوەكە وەریدەگرن.

مادده‌ی (17)

متن المادە :

مادده‌ی (17) یەكەم: ئەگەر كڕیار لە دانەوەی یەكێك لە قیستەكان لە وادەی خۆیدا دوابكەوێت، ئەوا دەسەڵاتی تایبەتمەند دەتوانێت وەرگرتنەوەی ئەو قیستە لەسەر داوای كڕیار بۆ ماوەیەكی گونجاو لە ڕێكەوتی شایستەبوونیەوە دوابخات، بەرامبەر بە بڕی ئەو سوودی دواكەوتنەی كە بانكە حكومییەكان بەپێی سروشتی موڵك و ماڵە نەگوازراوەكە وەریدەگرن. دووەم: ئەگەر دواكەوتنی قیست دووبارە ببێتەوە، ئەوا دەسەڵاتی تایبەتمەند دەتوانێت یان لەسەر بنەمای پێویستیەكی دیاریكراو وەرگرتنەوەی قیست یان قیستە دواكەوتووەكان لەگەڵ ئەو سوودەی لە بڕگەی (یەكەم)ی ئەم ماددەیەدا دەقتووسكراوە قبوڵ بكات، یان بە قیستكردنەكە هەڵبوەشێنێتەوە و ئەوەی لە بڕی بەرامبەری فرۆشتنەكە ماوە بە یەكجار وەریبگرێتەوە، بە گرتنەبەری ئەم ڕێكارانەی خوارەوە: 1. ئەگەر خانووبەرەكە لە فەرمانگەی تۆماری خانووبەرە بەناوی كڕیار تۆمار نەكرابێت، ئەوا خاوەنەكەی بەپێی حوكمەكانی ئەم یاسایە دەیفرۆشێتەوە، لەم بارەشدا كڕیاری (دووەم) بەیەكجار بڕی بەرامبەری كڕینەكە دەدات، و ئەو قیستانەی لە ئەستۆی كڕیاری (یەكەم) مابوونەوە لەگەڵ سوودەكانی دوواكەوتن و خەرجییەكانی فرۆشتنی دووەم لە بەهاكەی وەردەگیرێت، و دوای ئەوەی شایستەییەكانی كڕیاری (یەكەم) ڕادەست دەكرێت، ئەوەی دەمێنێتەوە وەك داهاتێك بۆ فرۆشیار تۆمار دەكرێت. 2. ئەگەر خانوبەرەكە بەناوی كڕیار تۆمار كرابێت، ئەوا بەپێی حوكمەكانی یاسای تۆماركردنی خاووبەرەی بەركار لە هەرێم، لەسەر ئەو بنەمایەی بەحوكمی بارمتەی گەرینتیكار گلداراوەتەوە دەفرۆشرێت، و ئەو قیستانەی لە ئەستۆی كڕیاری (یەكەم) ماونەتەوە لەگەڵ سوودەكانی دواكەوتن، لە بڕی بەرامبەری فرۆشتنەكە وەردەگیرێت، وهەرچی دەمێنێتەوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی تۆماركردنی خانووبەرە بەپێی یاسا ڕادەستی كڕیاری (یەكەم) دەكرێت.

مادده‌ی (18)

متن المادە :

مادده‌ی (18) خانووبەرەی فرۆشراو لە فەرمانگەی تۆماركردنی خانووبەرە بەناوی كڕیار تۆمار دەكرێت و لە دوای هەواڵەكردنی بنبڕ و دانەوەی تەواوی بڕی بەرامبەرەكە و خەرجییەكان، یان ئەو بەشەی پابەندە بەدانەوەی، لەدوای ڕەزامەندیدان لەسەر بەقیستكردنی و تەواوی خەرجییەكان، ڕادەستی دەكرێت و دانەوەی باقی بەرامبەرەكە بەپێی حوكمەكانی ئەم یاسایە ڕێكدەخرێت، و ئاماژەی گلدانەوە بە حوكمی بارمتەی گەرەنتیكار لەسەر خانووبەرەكە لە فەرمانگەی تۆماركردنی خانووبەرەی تایبەتمەند دادەندرێت.

مادده‌ی (19)

متن المادە :

مادده‌ی (19) یەكەم: كرێچی پابەند دەبێت بە دانەوەی بڕی بەرامبەری بەكرێدان لەگەڵ تەواوی خەرجییەكان لە ماوەی (30) سی ڕۆژ لە رێكەوتی هەواڵەكردنی بنبڕ ئەگەر ماوەی گرێبەستەكە لە ساڵێك زیاتر نەبێت، و دەسەڵاتی تایبەتمەند دەتوانێت ڕەزامەندی بدات لەسەر دانەوەی بڕی بەرامبەری بەكرێدانەكە بە قیست بەم شێوەیەی خوارەوە: 1. (1/3) یەك لەسەر سێی بڕی بەرامبەری بەكرێدانی ساڵانە لە ماوەی (30) سی ڕۆژ لە رێكەوتی هەواڵەكردنی بنبڕ. 2. باقی بڕی بەرامبەری بەكرێدانی ساڵانە بە چەند قیستێك، بەو مەرجەی لە (4) چوار قیست زیاتر نەبێت و وادەی دوایین قیست نەگاتە زیاتر لە (9) نۆ مانگ لە ڕێكەوتی دەستپێكردنی ماوەی گرێبەستی بەكرێدانەكە. دووەم: ئەگەر ماوەی گرێبەستی بەكرێدان لە ساڵیك زیاتر بێت ئەوا كرێچی پابەند دەكرێت بەدانەوەی تەواوی بڕی بەرامبەرەكە لەگەڵ خەرجییەكان لە ماوە (30) سی ڕۆژ لە ڕێكەوتی هەواڵەكردنی بنبڕ، و دەسەڵاتی تایبەتمەند دەشتوانێت ڕەزامەندی بدات لەسەر دانەوەی بڕی بەرامبەری بەكرێدانەكە بەقیست بەم شێوەیەی خوارەوە: 1. (1/3) یەك لەسەر سێی تەواوی بڕی بەرامبەری بەكرێدانەكە لە ماوەی (30) سی ڕۆژ لە ڕێكەوتی هەواڵەكردنی بنبڕ. 2. باقی بڕی بەرامبەرەكە بە چەند قیستێك، كە ژمارەیان لە دووهێندەی ساڵەكانی بەكرێدان زیاتر نەبێت، بەو مەرجەی دوایین قیست لانیكەم بەر لە كۆتایی هاتنی ماوەی بەكرێدانەكە بە (6) شەش مانگ بدرێت.

مادده‌ی (20)

متن المادە :

مادده‌ی (20) یەكەم: بەكرێدراوەكە ڕادەستی كرێچی ناكرێت بەر لە دانەوەی بڕی بەرامبەری بەكرێدانەكە بەپێی حوكمەكانی ماددەی (19)ی ئەم یاسایە. دووەم: ئەگەر كرێچی دوابكەوێت لە دانەوەی یەكێك لە قیستەكان لە وادەی خۆیدا، ئەوا ئەو قیستەی دواكەوتووە پێبژاردنێكی دەخرێتەسەر كە هاوتابێت لەگەڵ نرخی ئەو سوودی دواكەوتنەی بانكە حكومییەكان بەگوێرەی سروشتی بەكارهێنانی خانووبەرەكە وەریدەگرن، و ئەگەر ئەمە دووبارە ببێتەوە ئەوا دەسەڵاتی تایبەتمەند دەتوانێت لە دوای هۆشداریدان بە كرێچی، قیستەكان هەڵبوەشێنێتەوە و ئەوەی دەمێنێتەوە لە بڕی بەرامبەری بەكرێدانكە و پێبژاردنێكی هاوتا لەگەڵ نرخی سوودی بانكە حكومییەكان، بەپێی یاسای وەرگرتنەوەی قەرزە حكومییەكانی بەركار لە هەرێم، بەیەكجار وەربگرێتەوە.