أحكام القانون

البحث في المحتوى🔎
ازالة
ازالة

مادده‌ی (1)

متن المادە :

مادده‌ی (1) بۆ مەبەستی حوکمەکانی ئەم یاسایە، ئەم زاراوە و دەستەواژانەی خوارەوە ماناکانی بەرامبەریان دەگەیەنن:- یەکەم: هەرێم: هەرێمی کوردستان - عێراق. دووەم: ئەنجومەنی وەزیران: ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم. سێیەم: وەزارەت: وەزارەتی پەروەردەی هەرێم. چوارەم: وەزیر: وەزیری پەروەردەی هەرێم. پێنجەم: ئەنجومەنی وەزارەت: ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم. شەشەم: ئەنجومەنی پەروەردە: ئەنجومەنی پەروەردەی پارێزگا، ئیدارە سەربەخۆکان و قەزاکان. حەوتەم: بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە: بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان. هەشتەم: بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە: بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ناوەندی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و قەزاکان. نۆیەم: قۆناغی باخچە: قۆناغى شیاندن و ڕاهێنان و ئامادەکردنە بۆ منداڵانى تەمەن (4) چوار ساڵ و (5) پێنج ساڵ بەر لە خوێندنى بنەڕەتى، و پەروەردەی پێشوەخت بۆ منداڵى خاوەن پێداویستى تایبەت لە هەمان تەمەندا دەگرێتەوە. دەیەم: خوێندنی پەیڕەوکراو: ئەو خوێندنەیە کە لە قوتابخانە، خوێندنگە، کۆمەڵگەی پەروەردەیی و پەیمانگە پەروەردەییە پیشەییەکان لەتەمەنی یاسایی قوتابیان و خوێندکاراندا پەیڕەو دەکرێت. یازدەیەم: خوێندنی پابەندکراو: قۆناغی خوێندنی بنەڕەتی دەگرێتەوە، تێیدا بەخێوکار پابەند دەبێت کە لە تەمەنی یاساییدا منداڵ لە یەکێک لە قوتابخانەکان بخاتە بەر خوێندن. دوازدەیەم: 1- خوێندنی بنەڕەتی: یەکەم قۆناغی خوێندنی پەیڕەوکراو و پابەندکراوە کە (9) نۆ پۆلی خوێندن لەخۆدەگرێت. 2- قوتابخانەی بنەڕەتی: ناوەندی خوێندنی قۆناغی بنەڕەتییە. سیازدەیەم: 1- خوێندنی ئامادەیی: ئەو قۆناغەی خوێندنە کە دوای قۆناغی بنەڕەتی دەستپێدەکات و لە (3) سێ پۆلی خوێندن پێکدێت، کە پۆلەکانی دەیەم تا دوازدەیەم لە خۆ دەگرێت. 2- خوێندنگەی ئامادەیی: ناوەندی خوێندنی قۆناغی ئامادەییە. 1- پشووی سەری ساڵی زایینی لە ڕۆژی (30) سی کانونی یەکەم تا ڕۆژی (2) دووی کانونی دووەم. چواردەیەم: خوێندنی پەیمانگەی پەروەردەیی پیشەیی: قۆناغی خوێندنی پیشەییە، کە دوای خوێندنی بنەڕەتی دەستپێدەکات و لە (5) پێنج پۆلی خوێندن پێکدێت. پازدەیەم: پەیمانگەی پەروەردەیی پیشەیی: ئەو ناوەندەیە کە خوێندنی پیشەیی بۆ ماوەی (5) پێنج ساڵ، پاش تەواوکردنی قۆناغی بنەڕەتی تێدا بەڕێوەدەچێت. شازدەیەم: کۆمەڵگەی پەروەردەیی: ئەو دامەزراوەیەیە کە باخچەی منداڵان و قۆناغەکانی خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەیی لەخۆدەگرێت. حەڤدەیەم: دامەزراوە: دامەزراوەی پەروەردەیی و فێرکردنە، کە باخچەی منداڵان، قوتابخانە، خوێندنگە، کۆمەڵگە و پەیمانگە پەروەردەییەکان، بە حکومی و ناحکومی و هاوبەشەوە دەگرێتەوە. هەژدەیەم: دامەزراوەی پەروەردەیی حکومی: ئەو دامەزراوانەی پەروەردە و فێرکردن دەگرێتەوە کە موڵکی حکومەتن و لەلایەن وەزارەتەوە بەڕێوەدەبرێن و خەرجیان لێدەکرێت. نۆزدەیەم: دامەزراوەی پەرەردەیی ناحکومی: ئەو دامەزراوانەی پەروەردە و فێرکردن دەگرێتەوە کە موڵکی کەس و لایەنی پەروەردەکاریی ناحکومین، و لەلایەن ئەوانەوە بەڕێوە دەبرێن و خەرجیان لێدەکرێت. بیستەم: دامەزراوەى پەروەردەیى ناحکومى قازانج نەویست: ناوەندى پەروەردە و فێرکردنى ناحکومى خاوەن کەسێتى مەعنەوییە، لەدامودەزگاکانى حکومى پەیوەندیدار تۆمار دەکرێت، قازانجى کارکردنى تەنها بۆ دابینکردنى پێداویستییە زانستى و کارگێڕییەکان و پەرەپێدانى تواناى منداڵان، قوتابیان، خوێندکاران، مامۆستایان و کارمەندانى دیکەى دامەزراوەکە دەبێت و بۆ سوودى کەسى بەکارناهێنرێت. بیست و یەكەم: دامەزراوە هاوبەش و پشتیوانکراوەکان: ئەو دامەزراوانەی پەروەردە و فێرکردن دەگرێتەوە کە موڵکی حکومەتن و تێچووەکانیان لەلایەن حکومەتەوە دابین دەکرێت، بەڵام لەلایەن کەسانی پەروەردەیی نیشتمانی یان بیانییەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەت بەڕێوەدەبرێن. بیست و دووەم: 1- قوتابی: ئەو کەسەیە کە لە قوتابخانەی بنەڕەتی ناونووس کراوە و بەردەوامە لە خوێندن. 2- خوێندکار: ئەو کەسەیە کە لە خوێندنگەی ئامادەیی یان بەشی ئامادەیی کۆمەڵگەی پەروەردەیی یان پەیمانگەکانی پەروەردەیی پیشەیی ناونووس کراوە و بەردەوامە لە خوێندن. بیست و سێیەم: پۆل: ساڵێکی خوێندنی قوتابی و خوێندکارە لە هەرقۆناغێکی خوێندندا. بیست و چوارەم: قوتابخانەی ئێواران: ناوەندی خوێندنی ئێوارانی حکومییە، بۆ ئەو قوتابی و خوێندکارانە تەرخانکراوە کە بەهۆی دەرنەچوونی دوو ساڵ لەسەریەک لە خوێندنی ڕۆژ یاخود بەهۆی تێپەڕبوونی تەمەنی یاساییان مافی بەردەوامبوونیان لە قوتابخانەی بنەڕەتی و ئامادەیی ڕۆژ نییە. بیست و پێنجەم: مامۆستا: پێشەنگى پڕۆسەى پەروەردە و فێرکردنە، شیاو و لێهاتووە، بەپێى حوکمەکانى ئەم یاسایە ئەو مەرج و کارامەییانەى تێدا دەستەبەرە کە بۆ مەبەستى وانە ووتنەوە و پێشەنگى لە دامەزراوەکاندا پێویستە. بیست و شەشەم: مامۆستای پەروەردەی تایبەت: مامۆستاى پسپۆرە لە پەروەردە و فێرکردنى منداڵانى خاوەن پێداویستى تایبەت، لە پڕۆسەى پەروەردەى پیشوەختى قۆناغى باخچە لە دامەزراوە پەروەردەییەکاندا . بیست و حەوتەم: بەڕێوەبەری دامەزراوە: ئەو کەسەیە کە ئەرکی بەڕێوەبردنی دامەزراوەیەکی پەروەردەیی و فێرکردنی پێ دەسپێردرێت. بیست و هەشتەم: یاریدەدەری بەڕێوەبەر: ئەو کەسەیە کە ئەرکی یاریدەدەری بەڕێوەبەری پێدەسپێردرێت. بیست و نۆیەم: ڕێنماییکارى پەروەردەیى: ئەو فەرمانبەرەیە کە خاوەن پسپۆڕییە لە یەکێک لە بوارەکانى دەروونناسى، کۆمەڵناسى، ڕێنماییکردنى پەروەردەیی یان کارى کۆمەڵایەتى یان هەر پسپۆڕییەکى دیکەى هاوشێوە، و ئەرکى ڕێنماییى دەروونى و پەروەردەیى و هۆشیارى کۆمەڵایەتى لە دامەزراوەکاندا لە ئەستۆ دەگرێت، بۆ چارەسەرى کێشە دەروونى، کۆمەڵایەتى یان ڕەفتارییەکانى قوتابیان و خوێندکاران ڕادەسپێردرێت. سییەم: سەرپەرشتیاری پەروەردەیی: ئەوفەرمانبەرەیە کە بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە، ئەرکی ڕێنمایی، بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن، لە دامەزراوەکاندا لە ئەستۆ دەگرێت. سی و یەكەم: پلانی فێرکردن: دیدگا گشتیەکانی پەروەردە و فێرکردنە، کە لە بنەما گشتی و فەلسەفییەکانی پەروەردە وفێرکردنى هاتوو لەم یاسایەدا سەرچاوە دەگرێت و بەها و بنەماکانی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردنی لەسەر بنیاتدەنرێت. سی و دووەم: کتێبەکانی خوێندن: کتێبەکانی خوێندنی هەر بابەتێکە کە وردەکارییەکەی لە پلانی فێرکردنەوە سەرچاوەی گرتووە. سی و سێیەم : پرۆگرامی خوێندن: بەشێکە لە پلانی فێرکردن، کە پەیوەستە بە پۆلێک یاخود بازنەیەکی خوێندنی دیاریکراو، کتێبەکانی خوێندن لە هەر بابەتێک لە قۆناغی یان بازنەی پەیوەندیدار، کتێبەکانی ڕاهێنان و ڕێبەری مامۆستا و ڕێبەری سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، سیستەمی تاقیکردنەوەکان و هەڵسەنگاندن لەخۆدەگرێت. سی و چوارەم: بەخێوکار: ئەو کەسەی بەخێوکردن و چاودێریکردنی منداڵ، قوتابی و خوێندکار، بە پێی یاسا بەرکارەکان لە ئەستۆ دەگرێت. سی و پێنجەم: ئەنجومەنی بەخێوکاران: ئەو ئەنجومەنەیە کە بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە لە ناوەندەکانی خوێندن لەلایەن بەخێوکارانەوە پێکدەهێنرێت. سی و شەشەم: پەروەردەی تایبەت: بریتیە لە کۆمەڵێک بەرنامەی پەروەردەیی تایبەت، کە دەبێت بۆ قوتابیان و خوێندکارانی خاوەن پێداویستیی تایبەت دابین بکرێت، بۆ گەشەکردن و پەرەپێدانی تواناکانی خوێندنیان، لە ڕێگەی ئەو هۆکارانەى خوێندن کە لەگەڵ تواناکانیاندا دەگونجێت. سی و حەوتەم: قوتابیان و خوێندکارانی خاوەن پێداویستی تایبەت: ئەو قوتابى و خوێندکارانەن کە بە هۆکارێکى تەندروستى، دەروونى یان فیزیکى، بەبێ بایەخپێدانى تایبەت ناتوانن چالاکییە ڕۆژانەکانى پڕۆسەى خوێندن هاوشێوەى هاوپۆلەکانیان، ڕایى بکەن. سی و هەشتەم: پەروەردە و فێرکردن: ئەو پرۆسەیەیە کە بەپێی پلانی فێرکردن و پرۆگرامەکان، لەژێر چاودێری مامۆستا، بەمەبەستی بەهرەمەندبوونی قوتابی و خوێندکاران بە زانست و تێگەشتن و بنیاتنانی بەهاکان، هاوتەریبى خوێندنەوەى ڕەخنەگرانەى دەقەکان، لە دامەزراوە پەروەردەییەکاندا بەڕێوەدەچێت. سی و نۆیەم: بەشە وانە: پرۆسەیەکی پەروەردەیی و فێرکردنە، لە پۆل و لەژێر سەرپەرشتی مامۆستا و لە ماوەیەکی دیاریکراودا بەڕێوە دەچێت. چل: دڵنیایی جۆری: ئەو ڕێکارانەیە کە لە پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە دامەزراوە پەروەردەییەکاندا بۆ هێنانەدی ئامانجەکانی ئەم یاسایە دەگیرێتەبەر. چل و یەكەم: خوێندنی خێرا: ئەو خویندنەیە کە ئامانجی ڕەخساندنی هەلی فێربوونە بۆ ئەوانەی لە تەمەنی یاساییدا لە خوێندن بەردەوام نەبوون یان هەر پەیوەندیان بە قوتابخانەوە نەکردووە، لە ڕێگەی ئامادەکردنیان لە ماوەی (5) پێنج ساڵ یان زیاتر، بۆ ئەوەی بەپێی تەمەنەکانیان بگەنەوە سەر ڕێچکەی خوێندنی پەیڕەوکراو. چل و دووەم: نەهێشتنی نەخوێندەواریی: بنیاتنانی توانستەکانی خوێندنەوە و نووسین و بنەماکانی ژمارەکارییە، بۆ ئەو کەسەى کە هەر نیەتى و تەمەنیشى لە (16) شازدە ساڵ زیاترە. چل و سێیەم: شوێنی حەواندنەوەی قوتابیان: ئەو شوێنانەن کە لە دواى تەواوبوونى دەوامى فەرمى قوتابخانەکان دەکرێنەوە، بۆ ئەو قوتابیانەى تەمەنیان لە (14) چواردە ساڵ کەمتر نەبێت و بەهۆى کارى بەخێوکاریان ناتوانن لە کاتى تەواوبوونى دەوامى قوتابخان ڕاستەوخۆ بڕۆنەوە ماڵەوە. چل و چوارەم: دیداری گەشە: بریتیە لە دیدارێک کە لە قوتابخانە و خوێندنگە بە ئامادەبوونی مامۆستا، بەخێوکار و قوتابی یان خوێندکار بۆ تاوتوێکردنی باری خوێندن و بەمەبەستی دروستکردنى لێکتێگەیشتنی هاوبەش بۆ پەرەپێدانی تواناکانی قوتابی و خوێندکار و باشترکردنی بارودۆخی خوێندنیان، ئەنجام دەدرێت. چل و پێنجەم: قوتابخانەو خوێندنگەی بەهرەداران و تایبەتمەند: بریتییە لە قوتابخانە و خوێندنگەی بەهرەداران، یان تایبەتمەند بە هونەر یان وەرزش یان هەر بابەتێکی دیکە، کە وەزارەت ڕەزامەندی لەسەر کردنەوەیان دەدات. چل و شەشەم: مۆڵەت: ئەو ڕێگەپێدانەیە کە لەلایەن وەزارەتەوە و بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە و ڕێنماییەکانی، بە دروستکردنی دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی دەدرێت.

مادده‌ی (2)

متن المادە :

مادده‌ی (2) یەکەم: پەروەردە و فێرکردن میکانیزمى تواناسازى و بنیاتنەرى تاکێکى کوردستانى خوێندەوار و هۆشیار و داهێنەرە، بە ئاراستەى گەشەپێدانى کۆمەڵگەیەک کە پرنسیپەکانى دیموکراتى، بنەماکانى دادپەروەرى کۆمەڵایەتى و یەکسانى نێوان هەردوو ڕەگەز، گیانى پێکەوە ژیانى ئاشتییانە و مرۆڤدۆستى و خۆشەویستى خاک و پاراستنى ژینگەى تێیدا گەشە بکات. دووەم: قوتابى و خوێندکار تاکى خاوەن خواستى فێربوون و توانستى و شیکردنەوە و ڕەخنەگرتنن، تواناى تێگەیشتن و قبوڵکردنى دیدوبۆچوونى جیاواز و گوزارشت لە خۆکردنى ئازاد و بوێرانەیان هەیە، ئامادەن بۆ کارکردنى داهێنەرانە و جێبەجێکردنى کارامەییە بنەڕەتییەکان و هەڵگرتنى بەرپرسیارێتى لە داهاتوودا. سێیەم: گەشەپێدانى گیانى ڕێزگرتن لە بەها نەتەوەیى و کۆمەڵایەتییە باڵاكانی کۆمەڵگەى کوردستانى لە پڕۆسەى پەروەردە و فێرکردن، و ڕاهێنانى قوتابى و خوێندکار لەسەر متمانە بەخۆبوون و داکۆکیکردن لە مافەکانى مرۆڤ و ئازادییە گشتییەکان لە چوارچێوەى دەستور و یاسا کارپێکراوەکان و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییە پەسەندکراوەکاندا.

مادده‌ی (3)

متن المادە :

مادده‌ی (3) یەکەم: فێربوون مافێکی دابینکراو و بەخۆڕاییە لە سەرجەم دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکاندا، نابێت هیچ تاکێک کە مەرجەکانی هاتوو لەم یاسایەی تێدابێت لەو مافە بێبەش بکرێت. دووەم: زمانی کوردی زمانی فەرمیی خوێندنە لە سەرجەم دامەزراوەکاندا، جگە لەو دامەزراوانەی کە تایبەتن بە پێکهاتەکان وەک تورکمان، سریان کلدان ئاشور، ئەرمەن و عەرەب کە خوێندن تێیاندا بە زمانی دایک دەبێت، لەگەڵ ئەو دامەزراوانەی کە بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە مۆڵەتیان پێدراوە بە زمانێکی دیکە بخوێنن. سێیەم: قوتابی و خوێندکار بە چەقی هەردوو پڕۆسەی خوێندن و فێرکردن هەژمار دەکرێن. چوارەم: مامۆستا پێشەنگی سەرەکییە بۆ پەروەردە و هاندانی گیانی فێربوون و داهێنان، و گەیاندنی زانیاری و توانستە جۆراوجۆرەکان بە قوتابیان و خوێندکاران، و پێویستی بە پەرەپێدانی خودی بەردەوام هەیە و دەبێت شکۆى پارێزراو بێت. پێنجەم: بەکارهێنانی توندوتیژیی جەستەیی و دەروونی و هەموو جۆرەکانی جیاکاریی و خراپ مامەڵەکردن لە دامەزراوەکاندا، قەدەغەیە. شەشەم: پڕۆسەى پەروەردە و فێرکردن لە دامەزراوە پەرەوەردەییە حکومیەکاندا لەسەر هەمان سیستم و بەها و میکانیزم بەڕێوەدەچێت. حەوتەم: وەرگرتنی هەر بڕە پارەیەک لە قوتابیان و خوێندکاران و کەسوکاریان لەلایەن قوتابخانە و خوێندنگە و پەیمانگە پەروەردەییە پیشەییە حکومیەکان، بەمەبەستی خوێندن، قەدەغەیە. هەشتەم: وەزارەت سیستمى شۆڕکردنەوەى دەسەڵاتەکان لە بەڕێوەبەردندا، بۆ مەبەستى پێدانى دەسەڵاتى زیاتر بە بەڕێوەبەرایەتى دامەزاراوە پەروەردەییە حکومییەکان پیادە دەکات.

مادده‌ی (4)

متن المادە :

مادده‌ی (4) یەکەم: فێرکردن و گەشەپێدان و بنیاتنانی تواناکانى نەوەیەکی بەهرەمەند بە زانست. دووەم: بنیاتنانى هەستى پابەندبوون لە تاکدا، بە جۆرێک کە شانازی بە نیشتیمان و مێژوو و کلتوری کوردستانی خۆی بکات و لە بنیاتنانی وڵاتەکەیدا بەشدار بێت. سێیەم: پەرەپێدانی بەهاکانی دیموکراسى، ئاشتی، پێکەوەژیانی ئاشتیانە، یەکسانیی نێوان هەردوو ڕەگەز، ڕێزگرتنی ئایین و نەتەوەکان، ئازادیی تاک، مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی ژینگە. چوارەم: گەشەپێدانی توانستەکانی قوتابی و خوێندکار، تا ببن بە هاونیشتیمانییەکی خوێندەوار، داهێنەر، چالاک، خاوەن هۆشیاری و کەسایەتی سەربەخۆ. پێنجەم: گەشەپێدانی توانای نەوەکان بۆ ئامادەکردنیان تا بەشداری لە ژیانی گشتی کۆمەڵگە و بازاڕی کار و پێشکەوتنی هەرێمدا بکەن. شەشەم: ئامادەکردن و هاندانی قوتابیان و خوێندکاران تا بەردەوام بن لە خوێندن لە قۆناغی بەرزتردا. حەوتەم: گرنگیدان بە پەروەردەی وەرزشی و هونەری و جەستەیی قوتابیان و خوێندکاران. هەشتەم: کارکردن بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواریی و ڕەخساندنی هەلی فێربوون و گەڕاندنەوەی دابڕاوان بۆ ناوەندەکانی خوێندن. نۆیەم: هێنانەئارای کۆمەڵگەیەک کە بڕوای بە ئاوێتەکردنی پەروەردەیی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت هەبێت، بەپێی بنەماکانی یەکسانی، بۆ ئەوەی فێرکردنێکی ئاست بەرزیان بۆ دابین بکرێت. دەیەم: بەهێزکردنی تواناکانی قوتابیان و خوێندکاران بۆ بیرکردنەوەی زانستی، ئەنجامدانی توێژینەوە و تاقیکردنەوەکان، بەکارهێنانی سەرچاوەی زانستی و تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو. یازدەیەم: هەوڵدان بۆ ڕاهێنانی قوتابی و خوێندکار لەسەر شێوازە هاوچەرخەکانی خوێندن و پەرەپێدانی توانستی پیشەیی خوێندکاران و ئامادە و مەشقپێکردنیان، بە ئاراستەی گونجاندنی تواناکانیان لەگەڵ پیشەیەکی دیاریکراوی پێویست لە بازاڕی کاردا.

مادده‌ی (5)

متن المادە :

مادده‌ی (5) باخچەی منداڵان قۆناغێکی ئارەزوومەندانەیە، (2) دوو ساڵ بەر لە خوێندنی بنەڕەتی دەستپێدەکات، منداڵان بۆ خوێندنی بنەڕەتی ئامادە دەکات، و هەموو ئەو منداڵانەی تێدا وەردەگیرێن کە لە ڕۆژی دەستپێکردنیان لە باخچە یان رۆژی (31)ی کانونی یەکەمی ئەو ساڵە، تەمەنیان گەیشتبێتە (4) چوار یان (5) پێنج ساڵ.

مادده‌ی (6)

متن المادە :

مادده‌ی (6) ئامانجە تایبەتییەکانى باخچەى منداڵان بریتین لە:- یەکەم: کارکردن بۆ گەشەپێدانی کەسێتى منداڵ، بە تێکەڵاوبوون لەگەڵ منداڵانی دیکە لە ژینگەی دەرەوەی بازنەی خێزان و پیادەکردنی چالاکی پەروەردەیی چێژبەخش و فێرکردنی سوودبەخش. دووەم: بەدەستهێنانی بنەما بەراییەکانی خوێندنەوە و نووسین و ژماردن، هاندانی هەستی جوانناسی و هونەر و پەرەپێدانی کارامەیی جەستەیی.

مادده‌ی (7)

متن المادە :

مادده‌ی (7) وەزارەت باخچەی منداڵانی نوێ دەکاتەوە و پشتیوانی پەرەپێدانی باخچەی منداڵان دەکات و کەرتی تایبەت بۆ کردنەوەی باخچەی منداڵانی ناحکومی هاندەدات.

مادده‌ی (8)

متن المادە :

مادده‌ی (8) یەکەم: پێویستە ژمارەی منداڵان لە هەر پۆلێک لەگەڵ ڕووبەری پۆلەکەدا گونجاو بێت، و ژینگەیەکی لەباری تێدا دەستەبەر بکرێت. دووەم: ئەگەر باخچەی منداڵان یەک دەوام بوو دەبێت دەوامی ڕۆژانەی لە شەش کاتژمێر کەمتر نەبێت، و ئەگەر دوو دەوام بوو دەبێت دەوامی ڕۆژانەی باخچە لە پێنج کاتژمێر کەمتر نەبێت.

مادده‌ی (9)

متن المادە :

مادده‌ی (9) یەکەم: هەر منداڵێک لە ڕۆژى (31)ى کانوونى یەکەم تەمەنى بگاتە (6) شەش ساڵ، پێویستە لەلایەن بەخێوكارەكەیەوە لە قوتابخانەیەکى بنەڕەتى بخرێتە بەر خوێندن. دووەم: خوێندنى بنەڕەتى پەیڕەوکراو، بۆ هەموو تاکێک کە تەمەنى (16) شازدە ساڵى تەواو نەکردبێت پابەندکراوە و پێویستە قوتابى پێش ئەوەى تەمەنى (19) نۆزدە ساڵى تێپەڕبکات ئەو خوێندنەى تەواوکردبێت.

مادده‌ی (10)

متن المادە :

مادده‌ی (10) یەکەم: بنیاتنانى بنەماکانى پەروەردە، خوێندن، نووسین و ژماردن لاى قوتابیان، و پەرەپێدانى کارامەییە سەرەکیەکانیان، بەتایبەت کارامەیی زمانزانى، ژماردن، هونەر، جووڵە و چالاکى زانستى. دووەم: فێرکردنى بنەماکانى هاونیشتیمانى بوون، مەدەنیەت، لێبووردەیى و قبوڵکردنى جیاوازى، هاندانى قوتابیان بۆ بەهێزکردنى توانستى دەستپێشخەرى، کۆششکردن، پشوودرێژى، و پاراستنى بەها باڵاکانى ڕەوشت و ڕەفتار.

مادده‌ی (11)

متن المادە :

مادده‌ی (11) یەکەم: هیچ بەخێوکارێک مافى ئەوەى نیە كە ڕێگە لە خستنەبەر خوێندنى منداڵ لە قوتابخانەیەکى خوێندنى بنەڕەتى و بەردەوامبوون تێیدا، بگرێت، تەنها بە پاساوى تەندروستى و لە ڕێگەى ڕاپۆرتى پزیشکى پەسەندکراو لەلایەن لێژنەى تەندروستى تایبەتمەندەوە نەبێت، و هەر ڕاپۆرتێکیش تەنها بۆ یەک ساڵى خوێندن کاریپێدەکرێت و دەبێت ساڵانە نوێ بکرێتەوە. دووەم: هەر بەخێوکارێک بەدەر لە حوکمى بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیە، ڕێگە لە چوونە بەر خوێندن یان بەردەوامبوونى خوێندنى منداڵێک بگرێت، دواى ئاگادارکردنەوەى بۆ یەکجار و پابەندکردنى بە ناردنى منداڵەکە بۆ قوتابخانە، بە پێبژاردنێک کە بڕەکەى لە (500.000) پێنج سەد هەزار دینار کەمتر نەبێت سزا دەدرێت، و لە کاتى دووبارەکردنەوەى سەرپێچییەکە سزاکەى دەبێت بە دوو هێندە، بە ڕەچاوکردنى هەر سزایەکى توندتر کە لە یاسا بەرکارەکانى هەرێمدا هاتووە.

مادده‌ی (12)

متن المادە :

مادده‌ی (12) خوێندنى بنەڕەتى لە سێ بازنەى خوێندن پیکدێت:- یەکەم: بازنەى یەکەم كە پۆلەکانى یەکەم، دووەم و سێیەم لە خۆدەگرێت، قوتابخانە بە پەیڕەوکردنى سیستمى مامۆستاى پۆل پابەندە، قوتابى لە هەر بابەتێکى خوێندندا کارتى هەڵسەنگاندنى پێدەدرێت و دەرنەچوون لەم بازنەیەدا بوونى نابێت. دووەم: بازنەى دووەم كە پۆلەکانى چوارەم، پێنجەم و شەشەم لە خۆدەگرێت، تێیدا سیستمى مامۆستاى بابەت پیادە دەکرێت، هەر بابەتێکى خوێندن لەلایەن مامۆستاى پسپۆڕى بابەتەکەوە دەوترێتەوە، قوتابیان کارتى نمرەیان پێدەدرێت و دەرنەچوون لە هەمان پۆل بەپێى حوکمەکانى ئەم یاسایە، بوونى دەبێت. سێیەم: بازنەى سێیەم كە پۆلەکانى حەوتەم، هەشتەم و نۆیەم لە خۆدەگرێت، تێیدا سیستمى مامۆستاى بابەت پیادە دەکرێت، قوتابیان کارتى نمرەیان پێدەدرێت و دەرنەچوون لە هەمان پۆل بەپێى حوکمەکانى ئەم یاسایە، بوونى دەبێت.

مادده‌ی (13)

متن المادە :

مادده‌ی (13) دوای تێپەڕاندنی قۆناغی خوێندنی بنەڕەتی لە هەموو بابەتەکانی خوێندن بەسەرکەوتوویی، قوتابی مافی هەیە پەیوەندی بە قۆناغی خوێندنی ئامادەیی حکومی بێ بەرامبەر بکات، بە مەرجێک تەمەنی لە (20) بیست ساڵ تێپەر نەکات و پێویستە خوێندکار بەر لە تێپەڕبوونی تەمەنی (24) بیست و چوار ساڵی قۆناغی خوێندنی ئامادەیی تەواو کردبێت.

مادده‌ی (14)

متن المادە :

مادده‌ی (14) یەکەم: بەهێزکردنی توانستى خوێندکار لە ڕووى بیرکردنەوە، توێژینەوە، تاقیکردنەوە، بەکارهێنانی سەرچاوە زانستییەکان و شێوازە هاوچەرخەکانى خوێندن و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و هاندانى بۆ ئەوەى ئازادانە کار و کۆشش و هەماهەنگى لەگەڵ کەسانى دیکەدا بکات. دووەم: بنیاتنانی کەسێتى خوێندکار لە ڕێگەى پڕۆگرام و پلانى تایبەتەوە، بۆ بەشداریکردنى ئەرێنی لە ژیانى کۆمەڵایەتیدا و قبووڵکردنى جیاوازى و پێکەوەژیانى و ئاشتییانە. چوارەم: گەشەپێدانی توانستى پیشەیى خوێندکارانى بەشە پیشەییەکان و ئامادەکردن و مەشقپێکردنیان بۆ بازاڕى کار.

مادده‌ی (15)

متن المادە :

مادده‌ی (15) یەکەم: قۆناغى خوێندنى ئامادەیى لە بەشەکانى زانستى، وێژەیى و پیشەیى پێکدێت، و پسپۆڕییەکانى بەشى پیشەیى بەپێى پێویستى بازاڕى کار، و پسپۆڕییەکانى بەشى زانستى و وێژەیى بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لەلایەن ئەنجوومەنى وەزارەت بڕیارى لێدەدرێت. دووەم: ئەنجومەنى وەزارەت دەتوانێت بەپێى پێویستى، خوێندنگەى ئامادەیى پیشەیى حکومى بۆ پەیمانگاى پەروەردەیى پیشەیى (5) پینج ساڵە بگۆڕێت. سێیەم: خوێندکارى ئامادەیى مافى گۆڕینى بەشەکەى بۆ بەشێکى دیکە هەیە، ئەگەر مەرجەکانى بەشە نوێکەى تێدابێت، و ئامادەبێت سەر لەنوێ گشت پۆلەکانى ئەو بەشە بخوێنێتەوە.

مادده‌ی (16)

متن المادە :

مادده‌ی (16) یەکەم: خوێندکاری پۆلی یازدەیەمی ئامادەیی زانستی و وێژەیی دەبێت پرۆژەیەکی زانستی یان وێژەیی یان کۆمەڵایەتی بە ناوی پرۆژەی ئامادەیی، ئەنجام بدات. دووەم: ئەو خوێندکارەی زانستی و وێژەیی کە پرۆژە ئەنجامنادات یاخود نمرەی خوار (50%) پەنجا لە سەد لە پرۆژەکەی وەردەگرێت، بە دەرنەچوو هەژمار دەکرێت. سێیەم: خوێندکاری پۆلی یازدەیەمی پیشەیی لە جیاتی پرۆژەی ئامادەیی دەبێت بەشداری لە خولێکی ڕاهێنان لە بوارەکەی خۆیدا بکات کە لە (14) چواردە ڕۆژی پشووی هاوین کەمتر نەبێت.

مادده‌ی (17)

متن المادە :

مادده‌ی (17) بۆ تێپەڕکردنی قۆناغی خوێندنی ئامادەیی، دەبێت خوێندکار تەواوی بابەتەکانی پرۆگرامی خوێندنی تەواوكردبێت و لە تەواوى تاقیکردنەوەکانیش دەرچووبێت.

مادده‌ی (18)

متن المادە :

مادده‌ی (18) وەزارەت، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی دیکە و کەرتی تایبەت، کاردەکات بۆ بەستنەوەی خوێندنی ئامادەیی پیشەیی بە بازاڕی کار لەلایەک و خوێندنی باڵا لەلایەکی دیکە.

مادده‌ی (19)

متن المادە :

مادده‌ی (19) یەکەم: دوای تەواوكردنی قۆناغی خوێندنی بنەڕەتی بەدەرچوون لە هەموو بابەتەکانی خوێندن، خوێندکار مافی هەیە بێ بەرامبەر لە پەیمانگەیەکی پەروەردەیی پیشەیی حکومی دەست بە خوێندن بکات، ئەگەر مەرجەکانی پەیمانگەی پەروەردەیی پیشەیی پەیوەندیداری تێدا بێت و تەمەنیشی لە (20) بیست ساڵ زیاتر نەبێت. دووەم: خوێندکار بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە مافی بەردەوامبوونی خوێندنی لە پەیمانگە پەروەردەییە پیشەییە حکومییەکان هەیە، بە مەرجێک تەمەنی لە (28) بیست و هەشت ساڵ تێپەر نەکات. سێیەم: وەرگرتنی خوێندکار لە پەیمانگە پەروەردەییە پیشەییە جیاوازەکان، بەپێی ڕێنمایی دەبێت کە ئەنجومەنی وەزارەت پێش کۆتایی مانگی ئازاری هەر ساڵێک بڕیاری لێ دەدات و وەزیر دەریدەکات.

مادده‌ی (20)

متن المادە :

مادده‌ی (20) یەکەم: ئامادەکردنی خوێندکار بۆ پیشەیەکی دیاریکراو لە بازاڕی کاردا. دووەم: بەهێزکردنی تواناکانی خوێندکار سەبارەت بە گەشەکردنی بیرکردنەوەی زانستی، قوڵبوونەوەی توانستی توێژینەوە و تاقیکردنەوە، پیادەکردنی پرۆگرامی خوێندن، بەکارهێنانی سەرچاوەکان و ڕاهاتن لەسەر شێوازە هاوچەرخەکانی خوێندن و تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو. سێیەم: بنیاتنانی بناغەیەکی بەهێز بۆ گەشەپێدانی کەسایەتی خوێندکار و بەشداریکردنی لە ژیانی کۆمەڵایەتی و هاندانی بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە، گەشەپێدانی توانستە زانستییەکانی، بایەخپێدانی تا بتوانێت سەربەخۆیانە کار بکات و توانای هەماهەنگی لەگەڵ کەسانی دیکەدا هەبێت.