مادده‌ی (1)

معرف المادة: 19450

رقم المادة : 587

مادده‌ی (1) بۆ مەبەستی حوکمەکانی ئەم یاسایە، ئەم زاراوە و دەستەواژانەی خوارەوە ماناکانی بەرامبەریان دەگەیەنن:- یەکەم: هەرێم: هەرێمی کوردستان - عێراق. دووەم: ئەنجومەنی وەزیران: ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم. سێیەم: وەزارەت: وەزارەتی پەروەردەی هەرێم. چوارەم: وەزیر: وەزیری پەروەردەی هەرێم. پێنجەم: ئەنجومەنی وەزارەت: ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم. شەشەم: ئەنجومەنی پەروەردە: ئەنجومەنی پەروەردەی پارێزگا، ئیدارە سەربەخۆکان و قەزاکان. حەوتەم: بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە: بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان. هەشتەم: بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە: بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ناوەندی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و قەزاکان. نۆیەم: قۆناغی باخچە: قۆناغى شیاندن و ڕاهێنان و ئامادەکردنە بۆ منداڵانى تەمەن (4) چوار ساڵ و (5) پێنج ساڵ بەر لە خوێندنى بنەڕەتى، و پەروەردەی پێشوەخت بۆ منداڵى خاوەن پێداویستى تایبەت لە هەمان تەمەندا دەگرێتەوە. دەیەم: خوێندنی پەیڕەوکراو: ئەو خوێندنەیە کە لە قوتابخانە، خوێندنگە، کۆمەڵگەی پەروەردەیی و پەیمانگە پەروەردەییە پیشەییەکان لەتەمەنی یاسایی قوتابیان و خوێندکاراندا پەیڕەو دەکرێت. یازدەیەم: خوێندنی پابەندکراو: قۆناغی خوێندنی بنەڕەتی دەگرێتەوە، تێیدا بەخێوکار پابەند دەبێت کە لە تەمەنی یاساییدا منداڵ لە یەکێک لە قوتابخانەکان بخاتە بەر خوێندن. دوازدەیەم: 1- خوێندنی بنەڕەتی: یەکەم قۆناغی خوێندنی پەیڕەوکراو و پابەندکراوە کە (9) نۆ پۆلی خوێندن لەخۆدەگرێت. 2- قوتابخانەی بنەڕەتی: ناوەندی خوێندنی قۆناغی بنەڕەتییە. سیازدەیەم: 1- خوێندنی ئامادەیی: ئەو قۆناغەی خوێندنە کە دوای قۆناغی بنەڕەتی دەستپێدەکات و لە (3) سێ پۆلی خوێندن پێکدێت، کە پۆلەکانی دەیەم تا دوازدەیەم لە خۆ دەگرێت. 2- خوێندنگەی ئامادەیی: ناوەندی خوێندنی قۆناغی ئامادەییە. 1- پشووی سەری ساڵی زایینی لە ڕۆژی (30) سی کانونی یەکەم تا ڕۆژی (2) دووی کانونی دووەم. چواردەیەم: خوێندنی پەیمانگەی پەروەردەیی پیشەیی: قۆناغی خوێندنی پیشەییە، کە دوای خوێندنی بنەڕەتی دەستپێدەکات و لە (5) پێنج پۆلی خوێندن پێکدێت. پازدەیەم: پەیمانگەی پەروەردەیی پیشەیی: ئەو ناوەندەیە کە خوێندنی پیشەیی بۆ ماوەی (5) پێنج ساڵ، پاش تەواوکردنی قۆناغی بنەڕەتی تێدا بەڕێوەدەچێت. شازدەیەم: کۆمەڵگەی پەروەردەیی: ئەو دامەزراوەیەیە کە باخچەی منداڵان و قۆناغەکانی خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەیی لەخۆدەگرێت. حەڤدەیەم: دامەزراوە: دامەزراوەی پەروەردەیی و فێرکردنە، کە باخچەی منداڵان، قوتابخانە، خوێندنگە، کۆمەڵگە و پەیمانگە پەروەردەییەکان، بە حکومی و ناحکومی و هاوبەشەوە دەگرێتەوە. هەژدەیەم: دامەزراوەی پەروەردەیی حکومی: ئەو دامەزراوانەی پەروەردە و فێرکردن دەگرێتەوە کە موڵکی حکومەتن و لەلایەن وەزارەتەوە بەڕێوەدەبرێن و خەرجیان لێدەکرێت. نۆزدەیەم: دامەزراوەی پەرەردەیی ناحکومی: ئەو دامەزراوانەی پەروەردە و فێرکردن دەگرێتەوە کە موڵکی کەس و لایەنی پەروەردەکاریی ناحکومین، و لەلایەن ئەوانەوە بەڕێوە دەبرێن و خەرجیان لێدەکرێت. بیستەم: دامەزراوەى پەروەردەیى ناحکومى قازانج نەویست: ناوەندى پەروەردە و فێرکردنى ناحکومى خاوەن کەسێتى مەعنەوییە، لەدامودەزگاکانى حکومى پەیوەندیدار تۆمار دەکرێت، قازانجى کارکردنى تەنها بۆ دابینکردنى پێداویستییە زانستى و کارگێڕییەکان و پەرەپێدانى تواناى منداڵان، قوتابیان، خوێندکاران، مامۆستایان و کارمەندانى دیکەى دامەزراوەکە دەبێت و بۆ سوودى کەسى بەکارناهێنرێت. بیست و یەكەم: دامەزراوە هاوبەش و پشتیوانکراوەکان: ئەو دامەزراوانەی پەروەردە و فێرکردن دەگرێتەوە کە موڵکی حکومەتن و تێچووەکانیان لەلایەن حکومەتەوە دابین دەکرێت، بەڵام لەلایەن کەسانی پەروەردەیی نیشتمانی یان بیانییەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەت بەڕێوەدەبرێن. بیست و دووەم: 1- قوتابی: ئەو کەسەیە کە لە قوتابخانەی بنەڕەتی ناونووس کراوە و بەردەوامە لە خوێندن. 2- خوێندکار: ئەو کەسەیە کە لە خوێندنگەی ئامادەیی یان بەشی ئامادەیی کۆمەڵگەی پەروەردەیی یان پەیمانگەکانی پەروەردەیی پیشەیی ناونووس کراوە و بەردەوامە لە خوێندن. بیست و سێیەم: پۆل: ساڵێکی خوێندنی قوتابی و خوێندکارە لە هەرقۆناغێکی خوێندندا. بیست و چوارەم: قوتابخانەی ئێواران: ناوەندی خوێندنی ئێوارانی حکومییە، بۆ ئەو قوتابی و خوێندکارانە تەرخانکراوە کە بەهۆی دەرنەچوونی دوو ساڵ لەسەریەک لە خوێندنی ڕۆژ یاخود بەهۆی تێپەڕبوونی تەمەنی یاساییان مافی بەردەوامبوونیان لە قوتابخانەی بنەڕەتی و ئامادەیی ڕۆژ نییە. بیست و پێنجەم: مامۆستا: پێشەنگى پڕۆسەى پەروەردە و فێرکردنە، شیاو و لێهاتووە، بەپێى حوکمەکانى ئەم یاسایە ئەو مەرج و کارامەییانەى تێدا دەستەبەرە کە بۆ مەبەستى وانە ووتنەوە و پێشەنگى لە دامەزراوەکاندا پێویستە. بیست و شەشەم: مامۆستای پەروەردەی تایبەت: مامۆستاى پسپۆرە لە پەروەردە و فێرکردنى منداڵانى خاوەن پێداویستى تایبەت، لە پڕۆسەى پەروەردەى پیشوەختى قۆناغى باخچە لە دامەزراوە پەروەردەییەکاندا . بیست و حەوتەم: بەڕێوەبەری دامەزراوە: ئەو کەسەیە کە ئەرکی بەڕێوەبردنی دامەزراوەیەکی پەروەردەیی و فێرکردنی پێ دەسپێردرێت. بیست و هەشتەم: یاریدەدەری بەڕێوەبەر: ئەو کەسەیە کە ئەرکی یاریدەدەری بەڕێوەبەری پێدەسپێردرێت. بیست و نۆیەم: ڕێنماییکارى پەروەردەیى: ئەو فەرمانبەرەیە کە خاوەن پسپۆڕییە لە یەکێک لە بوارەکانى دەروونناسى، کۆمەڵناسى، ڕێنماییکردنى پەروەردەیی یان کارى کۆمەڵایەتى یان هەر پسپۆڕییەکى دیکەى هاوشێوە، و ئەرکى ڕێنماییى دەروونى و پەروەردەیى و هۆشیارى کۆمەڵایەتى لە دامەزراوەکاندا لە ئەستۆ دەگرێت، بۆ چارەسەرى کێشە دەروونى، کۆمەڵایەتى یان ڕەفتارییەکانى قوتابیان و خوێندکاران ڕادەسپێردرێت. سییەم: سەرپەرشتیاری پەروەردەیی: ئەوفەرمانبەرەیە کە بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە، ئەرکی ڕێنمایی، بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن، لە دامەزراوەکاندا لە ئەستۆ دەگرێت. سی و یەكەم: پلانی فێرکردن: دیدگا گشتیەکانی پەروەردە و فێرکردنە، کە لە بنەما گشتی و فەلسەفییەکانی پەروەردە وفێرکردنى هاتوو لەم یاسایەدا سەرچاوە دەگرێت و بەها و بنەماکانی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردنی لەسەر بنیاتدەنرێت. سی و دووەم: کتێبەکانی خوێندن: کتێبەکانی خوێندنی هەر بابەتێکە کە وردەکارییەکەی لە پلانی فێرکردنەوە سەرچاوەی گرتووە. سی و سێیەم : پرۆگرامی خوێندن: بەشێکە لە پلانی فێرکردن، کە پەیوەستە بە پۆلێک یاخود بازنەیەکی خوێندنی دیاریکراو، کتێبەکانی خوێندن لە هەر بابەتێک لە قۆناغی یان بازنەی پەیوەندیدار، کتێبەکانی ڕاهێنان و ڕێبەری مامۆستا و ڕێبەری سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، سیستەمی تاقیکردنەوەکان و هەڵسەنگاندن لەخۆدەگرێت. سی و چوارەم: بەخێوکار: ئەو کەسەی بەخێوکردن و چاودێریکردنی منداڵ، قوتابی و خوێندکار، بە پێی یاسا بەرکارەکان لە ئەستۆ دەگرێت. سی و پێنجەم: ئەنجومەنی بەخێوکاران: ئەو ئەنجومەنەیە کە بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە لە ناوەندەکانی خوێندن لەلایەن بەخێوکارانەوە پێکدەهێنرێت. سی و شەشەم: پەروەردەی تایبەت: بریتیە لە کۆمەڵێک بەرنامەی پەروەردەیی تایبەت، کە دەبێت بۆ قوتابیان و خوێندکارانی خاوەن پێداویستیی تایبەت دابین بکرێت، بۆ گەشەکردن و پەرەپێدانی تواناکانی خوێندنیان، لە ڕێگەی ئەو هۆکارانەى خوێندن کە لەگەڵ تواناکانیاندا دەگونجێت. سی و حەوتەم: قوتابیان و خوێندکارانی خاوەن پێداویستی تایبەت: ئەو قوتابى و خوێندکارانەن کە بە هۆکارێکى تەندروستى، دەروونى یان فیزیکى، بەبێ بایەخپێدانى تایبەت ناتوانن چالاکییە ڕۆژانەکانى پڕۆسەى خوێندن هاوشێوەى هاوپۆلەکانیان، ڕایى بکەن. سی و هەشتەم: پەروەردە و فێرکردن: ئەو پرۆسەیەیە کە بەپێی پلانی فێرکردن و پرۆگرامەکان، لەژێر چاودێری مامۆستا، بەمەبەستی بەهرەمەندبوونی قوتابی و خوێندکاران بە زانست و تێگەشتن و بنیاتنانی بەهاکان، هاوتەریبى خوێندنەوەى ڕەخنەگرانەى دەقەکان، لە دامەزراوە پەروەردەییەکاندا بەڕێوەدەچێت. سی و نۆیەم: بەشە وانە: پرۆسەیەکی پەروەردەیی و فێرکردنە، لە پۆل و لەژێر سەرپەرشتی مامۆستا و لە ماوەیەکی دیاریکراودا بەڕێوە دەچێت. چل: دڵنیایی جۆری: ئەو ڕێکارانەیە کە لە پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە دامەزراوە پەروەردەییەکاندا بۆ هێنانەدی ئامانجەکانی ئەم یاسایە دەگیرێتەبەر. چل و یەكەم: خوێندنی خێرا: ئەو خویندنەیە کە ئامانجی ڕەخساندنی هەلی فێربوونە بۆ ئەوانەی لە تەمەنی یاساییدا لە خوێندن بەردەوام نەبوون یان هەر پەیوەندیان بە قوتابخانەوە نەکردووە، لە ڕێگەی ئامادەکردنیان لە ماوەی (5) پێنج ساڵ یان زیاتر، بۆ ئەوەی بەپێی تەمەنەکانیان بگەنەوە سەر ڕێچکەی خوێندنی پەیڕەوکراو. چل و دووەم: نەهێشتنی نەخوێندەواریی: بنیاتنانی توانستەکانی خوێندنەوە و نووسین و بنەماکانی ژمارەکارییە، بۆ ئەو کەسەى کە هەر نیەتى و تەمەنیشى لە (16) شازدە ساڵ زیاترە. چل و سێیەم: شوێنی حەواندنەوەی قوتابیان: ئەو شوێنانەن کە لە دواى تەواوبوونى دەوامى فەرمى قوتابخانەکان دەکرێنەوە، بۆ ئەو قوتابیانەى تەمەنیان لە (14) چواردە ساڵ کەمتر نەبێت و بەهۆى کارى بەخێوکاریان ناتوانن لە کاتى تەواوبوونى دەوامى قوتابخان ڕاستەوخۆ بڕۆنەوە ماڵەوە. چل و چوارەم: دیداری گەشە: بریتیە لە دیدارێک کە لە قوتابخانە و خوێندنگە بە ئامادەبوونی مامۆستا، بەخێوکار و قوتابی یان خوێندکار بۆ تاوتوێکردنی باری خوێندن و بەمەبەستی دروستکردنى لێکتێگەیشتنی هاوبەش بۆ پەرەپێدانی تواناکانی قوتابی و خوێندکار و باشترکردنی بارودۆخی خوێندنیان، ئەنجام دەدرێت. چل و پێنجەم: قوتابخانەو خوێندنگەی بەهرەداران و تایبەتمەند: بریتییە لە قوتابخانە و خوێندنگەی بەهرەداران، یان تایبەتمەند بە هونەر یان وەرزش یان هەر بابەتێکی دیکە، کە وەزارەت ڕەزامەندی لەسەر کردنەوەیان دەدات. چل و شەشەم: مۆڵەت: ئەو ڕێگەپێدانەیە کە لەلایەن وەزارەتەوە و بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە و ڕێنماییەکانی، بە دروستکردنی دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی دەدرێت.

الموضوع: هەرێم,ئەنجومەنی وەزیران,وەزارەت,وەزیر,ئەنجومەنی وەزارەت,ئەنجومەنی پەروەردە,بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە,بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە,قۆناغی باخچە,خوێندنی پەیڕەوکراو,خوێندنی پابەندکراو,خوێندنی بنەڕەتی,خوێندنی ئامادەیی,خوێندنی پەیمانگەی پەروەردەیی پیشەیی,پەیمانگەی پەروەردەیی پیشەیی,کۆمەڵگەی پەروەردەیی,دامەزراوە,دامەزراوەی پەروەردەیی حکومی,دامەزراوەی پەرەردەیی ناحکومی,دامەزراوەى پەروەردەیى ناحکومى قازانج نەویست,دامەزراوە هاوبەش و پشتیوانکراوەکان,قوتابی,خوێندکار,پۆل,قوتابخانەی ئێواران,مامۆستا,مامۆستای پەروەردەی تایبەت,بەڕێوەبەری دامەزراوە,یاریدەدەری بەڕێوەبەر,ڕێنماییکارى پەروەردەیى,سەرپەرشتیاری پەروەردەیی,پلانی فێرکردن,کتێبەکانی خوێندن,پرۆگرامی خوێندن,بەخێوکار,ئەنجومەنی بەخێوکاران,پەروەردەی تایبەت,قوتابیان و خوێندکارانی خاوەن پێداویستی تایبەت,پەروەردە و فێرکردن,بەشە وانە,دڵنیایی جۆری,خوێندنی خێرا,نەهێشتنی نەخوێندەواریی,شوێنی حەواندنەوەی قوتابیان,دیداری گەشە,قوتابخانەو خوێندنگەی بەهرەداران و تایبەتمەند,مۆڵەت