أحكام القانون
البحث في المحتوى🔎
ماددهی (21)
ماددهی (21) یەكەم: ئەگەر كەسی هەواڵەبۆكراو لە دانەوەی بڕی بەرامبەری فرۆشراوەكە و خەرجییەكان لە حاڵەتی فرۆشتن، و بڕی بەرامبەری بەكرێدان و خەرجییەكان لە حاڵەتی بەكرێدان پاشگەز ببێتەوە، ئەوا: 1. موڵك و ماڵە نەگوازراوەكە دەخرێتە بەردەم دواهەمین كەسی بەشداربووی زیادكردنەكە، ئەوەی كە پێش كەسی پاشگەزبووەوە دەستی لە زیادكردن كێشاوەتەوە، بەو بڕی بەرامبەرەی كە خستبوویە ڕوو. 2. ئەگەر ئەو كەسە ڕازیبێت لەسەر هەڵگرتنەوەی موڵك و ماڵە نەگوازراوەكە و ئامادەبێت بارمتەی یاسایی دیاریكراو لەسەر بنەمای ئەو بڕی بەرامبەرەی خستبوویەڕوو سپاردە بكات، ئەوا بە بڕیاری لیژنەی فرۆشتن یان بەكرێدان، لەو بارمتەیەی كەسی پاشگەزبووەوە داویەتی، جیاوازی نێوان هەردوو بڕی بەرامبەر لە حاڵەتی فرۆشتن، و جیاوازی نێوان هەردوو بڕی بەرامبەری ماوەی تەواوی بەكرێدان لە حاڵەتی بەكرێدان، وەردەگیرێت. 3. ئەگەر بڕی بارمتەكە كەمتر بوو لە بڕی جیاوازی نێوان هەردوو بڕی بەرامبەر لە حاڵەتی فرۆشتن و جیاوازی نێوان هەردوو بڕی بەرامبەری ماوەی تەواوی بەكرێدان لە حاڵەتی بەكرێدان، ئەوا لە موڵك و ماڵەكانی دیكەی، بەپێ حوكمەكانی یاسای وەرگرتنەوەی قەرزە حكومییەكانی بەركار لە هەرێم، بەدەستدەهێندرێت. دووەم: 1. ئەگەر دواهەمین كەسی بەشداربووی زیادكردنەكە ئەوەی كە پێش كەسی پاشگەزبووەوە دەستی لە زیادكردن كێشاوەتەوە هەڵگرتنەوەی موڵك و ماڵە نەگوازراوەكە ڕەتبكاتەوە، ئەوا سەرلەنوێ زیادكردن بۆ ماوەی (15) پازدە ڕۆژ لە ڕۆژی دوای بڵاوكردنەوەی جاڕنامەكە ئەنجام دەدرێتەوە. 2. لیستی فرۆشتنەكە لەو ماوەیەی لە خاڵی (1)ی ئەم بڕگەیەدا هاتووە كراوە دەبێت، و بە بڕیاری لیژنەی فرۆشتن یان بەكرێدان، كەسی پاشگەزبووەوە جیاوازی نێوان هەردوو بڕی بەرامبەرەكە و خەرجییەكانی دووبارەكردنەوەی زیادكردنەكە لە ئەستۆ دەگرێت، و لە بڕی بارمتەكەی وەردەگیرێت، ئەگەر بڕی بارمتەكە كەمتر بوو لە بڕی پابەندییەكانی پاشگەزبووەوە، ئەوا بەپێی حوكمەكانی یاسای وەرگرتنەوەی قەرزە حكومییەكانی بەركار لە هەرێم لێی وەردەگیرێت. سێیەم: ئەگەر هیچ كەسێك خواستی كڕینی لە حاڵەتی فرۆشتن یان بەكرێگرتنی موڵك و ماڵە نەگوازراوەكەی لە حاڵەتی بەكرێدان نەبوو، ئەوا ئەو بارمتەیەی كەسی پاشگەزبووەوە داویەتی دەبێتە داهاتێك بۆ خاوەنی موڵك و ماڵەكە، ئەگەر بڕی بارمتەكە كەمتر بێت لە خەرجییەكانی هەردوو زیادكردنەكە ئەوا كەسی پاشگەزبوەوە جیاوازی نێوانیان لەئەستۆ دەگرێت و بەپێی حوكمەكانی یاسای وەرگرتنەوەی قەرزە حكومییەكانی بەركار لە هەرێم لە موڵك و ماڵەكانی دیكەی بەدەستدەهێنرێت. چوارەم: ڕێگە نادرێت كەسی پاشگەزبووەوە بەشداربێت لەو زیادكردنەی پاشگەزبوونەوەكە بۆتە هۆكاری دووبارەكردنەوەی.
ماددهی (22)
ماددهی (22) یەكەم: دەكرێت موڵك و ماڵە نەگوازراوەكان بەبێ زیادكردنی ئاشكرا بە بڕیاری دەسەڵاتی تایبەتمەند بە بڕی بەرامبەرێكی گونجاو، بەو مەرجەی كەمتر نەبێت لە (50%) پەنجا لەسەدی نرخی ڕاستەقینەی خانووبەرەكە، بفرۆشرێنە فەرمانگەكانی دەوڵەت و كەرتی گشتی لە حاڵەتی بەكارهێنانی خانووبەرەكە بۆ مەبەستە فەرمییەكانی فەرمانگە لە نێوان وەزارەتە پەیوەندیدارەكان. دووەم: دەكرێت خانووبەرەكانی نیشتەجێبوون بفرۆشرێنە فەرمانگەكانی دەوڵەت و كەرتی گشتی بەبێ زیادكردنی ئاشكرا، بە نرخی ڕاستەقینە و بەپێی نرخە باوەكانی خانووبەرە هاوشێوە و هاوسێیەكان، خەمڵێنراو لەلایەن لیژنەی خەمڵاندن و پەسەندكراو لەلایەن دەسەڵاتی تایبەتمەند بەمەبەستی فرۆشتنی بە فەرمانبەرەكانی لە ڕێگەی زیادكردنی ئاشكراوە. سێیەم: شارەوانی تایبەتمەند لەدوای وەرگرتنی ڕەزامەندی وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزار دەتوانێت ئەو زەوییانەی بۆ نیشتەجێبوون تەرخانكراون بە بەرامبەرێكی ڕاستەقینە و بەپێی نرخە باوەكانی هاوشێوە و هاوسێیەكانی، خەمڵێنراو لەلایەن لیژنەی خەمڵاندن بەپێی حوكمەكانی ئەم یاسایە، بەبێ زیادكردنی ئاشكرا بفرۆشرێتە ئەو هاونیشتیمانیانەی كە خۆیان یان هاوسەرەكانیان یان منداڵە ناكامەكانیان خانوو یان شووقە یان زەویەكی نیشتەجێبونیان بە سەربەخۆیی نییە و پێشتر یەكەی نیشتەجێبوون یان پارچە زەوی نیشتەجێبوونیان لە دەوڵەت یان كۆمەڵەكانی هەرەوەزی نیشتەجێكردن وەرنەگرتووە. چوارەم: دەسەڵاتی تایبەتمەند، لە رێگەی كۆنووسی دەرخستەكردن لەگەڵ فەرمانگەی خانووبەرە بۆی هەیە بڕیار بدات بە: 1. فرۆشتنی پاشماوەی ڕێگەوبانەكان و هەموو پاشماوەكانی دیكە، كە ڕووبەرەكانیان لە كەمترین، ڕووبەری دیاریكراو بۆ جیاكردنەوە (أفراز) كەمترە، یان ئەوانەی یارای جیاكردنەوە نین، ئەمەش بە ڕێنمایی ڕێك دەخرێت و وەزیری تایبەتمەند دەری دەكات. 2. فرۆشتنی پارچە زەوی جیاكراوە بە قەواڵەیەكی سەربەخۆ، یان ئەو پارچە زەویەی دەكرێت جیابكرێتەوە و دەروازەیەكی هەیە لەسەر ڕێگەی گشتی ، وەك پارچە زەویەكی سەربەخۆ، بە زیادكردنی ئاشكرا، بەپێی حوكمەكانی ئەم یاسایە، بەو مەرجەی ڕێگە لە پارچە زەویەكانی دەوروبەری نەگرێت.
ماددهی (23)
ماددهی (23) یەكەم: 1. دەكرێت موڵك و ماڵە نەگوازراوەكان بە بڕی بەرامبەری ڕاستەقینە و خەمڵێنراو بەپێی حوكمەكانی ئەم یاسایە لەلایەن لیژنەی خەمڵاندن، لەسەر بنەمای بڕی بەرامبەری هاوشێوە و هاوسێ، بەبێ زیادكردنی ئاشكرا بە بڕیاری دەسەڵاتی تایبەتمەند بەكرێ بدرێن بۆ ئەم لایەنانەی خوارەوە: 2. فەرمانبەرانی دەوڵەت و كەرتی گشتی لە هەرێم سەبارەت بەو یەكانەی نیشتەجێبوون كە موڵكی دەوڵەتن. 3. فەرمانگەكانی دەوڵەت و كەرتی گشتی، سەندیكا، یەكێتی، رێكخراو و كۆمەڵەكان لە هەرێم بۆ مەبەستی وەسوودهێنانی موڵك و ماڵە نەگوازراوەكە وەك فەرمانگە یان بارەگایەك بۆ كارەكانی یان بۆ ئەو مەبەستانەی لە یاساكانیاندا دەقنووسكراون. 4. كرێچی حانووتی هێزە چەكدارەكان، كە دەكەونە ناو سەربازگە و كۆگا و فێرگە و نەخۆشخانە سەربازییەكان و هی دیكە، و كرێچی حانووتەكان لە فەرمانگەكانی دەوڵەت و كەرتی گشتی، ئەوانەی بارودۆخی تایبەتیان هەیە و پێویستە ڕەچاوی تایبەتمەندیان بكرێت لە دەستنیشانكردنی كەسی كرێچیدا. 5. خاوەنی ئەو موڵكانەی دەكەونە تەنیشت كەنارە ئاوییەكانی موڵكی دەوڵەت، ئەگەر ئەو كەنارانەی دانراون بەكرێ بدرێن پێیەوەلكاوبن و رێگەی هاتووچۆیان تەنها لەناو ئەو موڵكانەدا هەبێت. 6. كرێچی ئەو خانووبەرانەی تەرخانكراون بۆ بەرهەمهێنانی نان و سەمون لە دوای كۆتایهاتنی ماوەی گرێبەستی بەكرێدانی یەكەمیان، هەرچەندە پێشتر لە ئەنجامی زیادكردنی ئاشكراوە بەكرێ درابن، بەو مەرجەی بڕی بەرامبەری بەكرێدان دووبارە خەمڵاندنی لەلایەن لیژنەی خەمڵاندنی پێكهێنراو بەپێی حوكمەكانی ئەم یاسایە بۆ بكرێت. 7. كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت كە پسپۆڕن لە سیستەمەكانی گەیاندن، ئەوانەی مۆڵەتی یاساییان وەرگرتووە و گرێبەستیان كردووە لەگەڵ لایەنی تایبەتمەند، بە مەبەستی دروستكردنی تاوەرەكانی پڕۆژەی مۆبایل و هۆڵەكانی پرۆژەی مۆبایلی بێتەل و هۆڵەكانی بەكارهێنانی وێستگەكانی (VSAT) ئەوانەی بە بگۆڕەكان دەبەسترێنەوە. 8. كرێچی ئەو زەویانەی موڵكی دەوڵەتن، بە مەبەستی دامەزراندنی وێستگەكانی پشوودان و وێستگەكانی پڕكردنەوەی سوتەمەنی لەسەر رێگا دەرەكییەكانی دەرەوەی سنوری شارەوانییەكان، كە رێكسازییەكانی بە كرێدانی زەوی لەسەر رێگا دەرەكییەكان دەیانگرێتەوە، رێكارەكانی زیادكردنی ئاشكرای لەسەر جێبەجێ دەكرێت. دووەم: 1. وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ڕێپێدراوە بە بەكرێدانی ئەو زەوییانەی نانەواخانە، ئاش، گەراج و شوێنەكانی چاككردنەوەی ئەو شوێنكارانەیان لەسەر بیناكراوە، بەو كەسانەی زیادكردنی ئاشكرای كڕینی ئەو شوێنكارانەیان بۆ یەكلایی دەبێتەوە. 2. ئەو زەوییانەی لە خاڵی (1)ی ئەم بڕگەیە باسكراون بەدەر لە رێكارەكانی زیادكردنی ئاشكرا بەكرێ دەدرێن، و بڕی بەرامبەری بەكرێدانەكەی پێشوەختە لەلایەن لیژنەی خەمڵاندنی پێكهێنراو بەپێی ماددەی (8)ی ئەم یاسایە دیاریدەكرێت. سێیەم: دەسەڵاتی تایبەتمەند، لەسەر داوای كرێچی، دەتوانێت ماوەی گرێبەستی ئەو خانووبەرانەی هی نیشتەجێبوون نین، و بەبێ زیادكردنی ئاشكرا بەكرێدراون، درێژ بكاتەوە، بەو مەرجەی بڕی بەرامبەری ڕاستەقینە (3) سێ ساڵ جارێك بەپێی ئەو رێكارانەی لەم یاسایەدا دەقنووسكراون، بخەمڵێنرێتەوە. چوارەم: 1. دەسەڵاتی تایبەتمەند، لەسەر داوای كرێچی، دەتوانێت ماوەی گرێبەستی ئەو خانووبەرانەی بۆ نیشتەجێبوون نین، و بەزیادكردنی ئاشكرا بەكرێدراون و ماوەی بەكرێدانی بنەڕەتیان لە (10) دە ساڵ كەمترە ، بە مەرجێك درێژ بكاتەوە كە لە هیچ بارێكدا ماوەی گرێبەست بە هەردوو ماوەی بنەڕەتی و ماوەی درێژكراوەش پێكەوە لە (10) دە ساڵ تێپەر نەكات. 2. پێویستە ئەو كرێچیەی خواستی درێژكردنەوەی هەیە، داواكارییەكی نووسراو بۆ درێژكردنەوە بەر لە (3) سێ مانگ لە كۆتایی هاتنی ماوەی گرێبەستی بەكرێدانی بنەڕەتی پێشكەش بكات و، بە پێچەوانەوە، مافی داواكردنی درێژكردنەوەی نامێنێت. 3. لەكاتی ڕەزامەندیدان لەسەر داواكاری درێژكردنەوە ئەوا سەربارێك دەخرێتە سەر بڕی بەرامبەری بەكرێدانی ناونراو لە گرێبەست بە ڕێژەی (10%) دە لەسەدی بەكرێدانی ساڵی پێش درێژكردنەوەكە بەرامبەر بە هەر ساڵێك لە ساڵەكانی درێژكردنەوە بەپێی هاوكێشەیەكی ژمارەیی بەدوای یەكدا هاتوو (متوالیة عددیة).
ماددهی (24)
ماددهی (24) وەزیری دارایی و ئابووری بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزار لەسەر داوای فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و بە ڕەزامەندی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، بۆی هەیە ئەو زەوییانەی موڵكی دەوڵەتن بەكرێ بداتە وڵاتانی بیانی بۆ دروستكردنی بارەگای نوێنەرایەتییە سیاسیەكانیان یان قونسولخانەكانیان یان بۆ مەبەستی دروستكردنی خانووی نیشتەجێبوون لەسەریان یان نووسینگە بۆ پاشكۆكانیان ئەویش بۆ ماوەیەك زیاتر نەبێت لە ماوەی بەكرێدانی ڕێگەپێدراو لە وڵاتی لایەنی بەرامبەر، بە بڕی بەرامبەرێك كە لیژنەیەكی تایبەت دەیخەمڵێنێت كە وەزیری دارایی پێكیدەهێنێت یان بەبێ بەرامبەر بە مەرجی بوونی مامەڵەی هاوشێوە لەلایەنی بەرامبەر.
ماددهی (25)
ماددهی (25) بەهای ئەو موڵك و ماڵە گوازراوەی دانراوە بۆ فرۆشتن، لەلایەن لێژنەی خەمڵاندنی پێكهێنراو بەپێی حوكمەكانی ماددەی (8)ی ئەم یاسایە، بەبێ بەشداریكردنی نوێنەری فەرمانگەی تۆماركردنی خانووبەرە، دەخەمڵێنرێت، و ئەو ڕێكارانە دەگیرێنەبەر كە لە ماددەی (9)ی ئەم یاسایەدا دەقنووسكراون، بە ڕەچاوكردنی سروشتی موڵك و ماڵی نەگوازراوە.
ماددهی (26)
ماددهی (26) لیژنەی فرۆشتن یان بەكرێدانی پێكهێنراو بەپێی حوكمەكانی ماددەی (10)ی ئەم یاسایە فرۆشتنی موڵك و ماڵە گوازراوەكە لە ئەستۆ دەگرێت بەپێ ئەم رێكارانەی خوارەوە: یەكەم: رێكخستنی لیستێكی زیادكردن لەبەر ڕۆشنایی ئەو خەسڵەتانەی موڵك و ماڵە گوازراوەكە كە لەلایەن لیژنەی خەمڵاندنەوە لە كۆنووسدا چەسپێنراون. دووەم: 1. خستنەڕووی موڵك و ماڵەكە بۆ فرۆشتن لە زیادكردنی ئاشكرادا، بۆ ماوەیەك كە لە (7) حەوت ڕۆژ كەمتر نەبێت و لە (30) سی ڕۆژ زیاتر نەبێت ڕادەگەیەنێت، ماوەكە لە ڕێكەوتی ئەو ڕۆژەی دەكەوێتە داوای بڵاوكردنەوەی جاڕنامەكە بەهەمان ڕێكارەكانی دەقنووسكراو لەم یاسایە، دەستپێدەكات. 2. پێویستە جاڕنامەكە گشت خەسڵەتەكانی ئەو موڵك و ماڵە گوازراوەیەی دانراوە بۆ فرۆشتن، شوێن و ڕۆژ و ڕێكەوت و كاتی زیادكردنەكە، مەرجەكانی بەشداریكردن و بڕی ئەو بارمتانەی پێویستە سپاردە بكرێن، لە خۆ بگرێت. سێیەم: لیستی زیادكردنەكە لە ڕێكەوتی ئەو ڕۆژەی دەكەوێتە دوای بڵاوكردنەوەی جاڕنامەكە كراوە دەبێت، و پێویستە لەسەر ئەو كەسانەی خواستی بەشداریكردنیان هەیە، سەردانی فەرمانگەی تایبەتمەند بكەن بۆ خستنەڕووی خواستی كڕین، بەو مەرجەی هەر یەكێكیان پێش بەشداریكردن لە زیادكردنەكە بارمتەیەك سپاردە بكات، كە بڕەكەی لە (20%) بیست لەسەدی بەهای خەمڵێنراوی موڵك و ماڵەكە كەمتر نەبێت. چوارەم: لەو ڕۆژەی دیاركراوە بۆ فرۆشتن لە كات و شوێنی دیاركراو بانگەواز دەكرێت بۆ بەشداریكردن لە زیادكردنەكە بە بەهای خەمڵێنراو، بەمەرجێك بانگەوازەكە وەسفێكی تەواوی ئەو موڵك و ماڵانەی خراوەنەتەڕوو بۆ فرۆشتن، لەخۆبگڕێت. پێنجەم: زیادكردنەكە بە ئاشكرایی دەكرێت، دواتر لیژنەی فرۆشتن بڕیار دەدات بە بەركەوتنی زیادكردنەكە بۆ دوایین كەسی زیادكار، و ئەو خستنەڕووەی لە دوای تێپەڕبوونی (5) پێنج خولەك هیچی لەسەر زیاد ناكرێت بە كۆتایی زیادكردنەكە دادەنرێت. شەشەم: 1. دەكرێت لەسەر بڕی بەرامبەری دوایین زیادكردن، لەماوەی (5) پێنج ڕۆژی كار لە ڕێكەوتی بەركەوتنی زیادكردنەكە، بە بڕێك كە كەمتر نەبێت لە (15%) پازدە لەسەدی دوایین ئەو بڕی بەرامبەرەی زیادكردنەكە پێی گەیشتووە، خستنەسەر (ضم) لەلایەن كەسی ترەوە بكرێت. 2. داواكردنی خستنەسەرەكەش بە قبوڵكراو دانانرێت هەتا كەسی داواكار بارمتەی یاسایی بە ڕێژەی (20%) بیست لەسەدی ئەو بڕی بەرامبەرەی خستوویەتیە ڕوو، دانەنێت. 3. ئەگەر خستنەسەر هەبوو، زیادكردنێكی نوێ بۆ ماوەی (7) حەوت ڕۆژ لە ڕۆژی دوای بڵاوكردنەوەی جاڕنامەیەك بەهەمان میكانیزمی یەكەمجار، دەكرێتەوە، دواتر هەواڵە دەكرێت و نابێت جارێكی تر خستنەسەر لەسەر كۆتا بڕی بەرامبەری زیادكردنەكە، بكرێت.
ماددهی (27)
ماددهی (27) یەكەم: ئەگەر بڕی بەرامبەری فرۆشتنی موڵك و ماڵەكە لە ئەنجامی زیادكردنی ئاشكرا نەگەیشتە بەهای خەمڵێنراو، ئەوا زیادكردنەكە بۆ ماوەی (15) پازدە ڕۆژ درێژ دەكرێتەوە و لە ڕۆژی دوای بڵاوكردنەوەی جاڕنامەكەوە دەستپێدەكات. دووەم: موڵك و ماڵەكە لە زیادكردنی (دووەم) بەو نرخەی لەسەری دەوەستێت دەفرۆشرێت، ئەگەر لەو موڵك و ماڵانە نەبێت كە دەكرێت لە پیشەسازیی گۆڕین سوودی لێ وەربگیرێت. سێیەم: ئەگەر لیژنەی فرۆشتن وایبینی ئەو نرخەی زیادكردنی دووەم لەسەری وەستاوە بەرژەوەندی گشتی دەستەبەر ناكات ئەوا زیادكردنەكە بۆ ماوەی (15) پازدە ڕۆژی دیكە درێژ دەكرێتەوە و لە ڕۆژی دوای بڵاوكردنەوەی جاڕنامەكەوە دەستپێدەكات، و موڵك و ماڵەكان لە زیادكردنی سێیەم بەو نرخە دەفرۆشرێن كە لەسەری دەوەستێت.
ماددهی (28)
ماددهی (28) یەكەم: 1. ئەگەر ئەو كەسەی زیادكرنەكەی بۆیەكلایی بوەتەوە، پاشگەزببێتەوە و ئامادەنەبێت لەماوەی (7) حەوت ڕۆژ لە ڕێكەوتی هەواڵەكردنی بنبڕ، بڕی بەرامبەری فرۆشراوەكە و تەواوی خەرجییەكان بدات، ئەوا موڵك و ماڵەكە دەخرێتە بەردەم دواین كەسی زیادكار، ئەوەی پێش كەسی پاشگەزبووەوە دەستی خۆی لە زیادكردنەكە كشاندۆتەوە، بەو بڕی بەرامبەرەی خستبوویەڕوو. 2. ئەگەر دواین كەس لەسەر هەڵگرتنەوەی موڵك و ماڵەكە و پێشكەشكردنی بارمتە یاساییەكان بەڕێژەی (20%) بیست لەسەدی بڕی بەرامبەری فرۆشتنەكە ڕەزامەندبوو، ئەوا كەسی پاشگەزبووەوە بە بڕیاری لیژنەی فرۆشتن جیاوازی نێوان هەردوو بڕی بەرامبەر لەئەستۆ دەگرێت و لە بارمتەكانی وەردەگیرێت، و ئەگەر بڕی بارمتەكانی لە پابەندییەكانی كەمتر بوو، ئەوا بەپێی حوكمەكانی یاسای وەرگرتنەوەی قەرزە حكومییەكانی بەركار لە هەرێم، لە موڵك و ماڵەكانی دیكەی وەردەگیرێت. دووەم: 1. ئەگەر دواهەمین كەسی بەشداربووی زیادكردنەكە كە پێش كەسی پاشگەزبووەوە دەستی لە زیادكردن كێشاوەتەوە، هەڵگرتنەوەی موڵك و ماڵە نەگوازراوەكە ڕەتبكاتەوە، ئەوا سەرلەنوێ زیادكردن بۆ ماوەی (15) پازدە ڕۆژ لە ڕۆژی دوای بڵاوكردنەوەی جاڕنامەكە ئەنجامدەدرێتەوە. 2. لیستی فرۆشتنەكە لەو ماوەیەی لە خاڵی (1)ی ئەم بڕگەیەدا هاتووە كراوە دەبێت، و بە بڕیاری لیژنەی فرۆشتن، كەسی پاشگەزبووەوە جیاوازی نێوان هەردوو بەرامبەرەكە و خەرجییەكانی دووبارەكردنەوەی زیادكردنەكە لەئەستۆ دەگرێت و لە بڕی بارمتەكەی وەردەگیرێت، ئەگەر بڕی بارمتەكە كەمتر بوو لە بڕی پابەندییەكانی پاشگەزبووەوە ئەوا بەپێی حوكمەكانی یاسای وەرگرتنەوەی قەرزە حكومیەكانی بەركار لە هەرێم، لە موڵك و ماڵەكانی دیكەی وەردەگیرێت. سێیەم: ئەگەر كەسێك نەبوو كە خواستی كڕینی موڵك و ماڵە گوازراوەكەی هەبێت ئەوا ئەو بارمتەیەی كەسی پاشگەزبووەوە داویەتی، دەبێتە داهاتێك بۆ لایەنی خاوەنداری موڵك و ماڵەكە، و ئەگەر بڕەكەی لە خەرجییەكانی هەردوو زیادكرنەكە كەمتر بێت، ئەوا كەسی پاشگەزبووەوە جیاوازییەكەی لەئەستۆ دەگرێت و بەپێی یاسای وەرگرتنەوەی قەرزە حكومییەكانی بەركار لە هەرێم لە موڵك وماڵەكانی دیكەی وەردەگیرێت. چوارەم: ڕێگە نادرێت كەسی پاشگەزبووەوە بەشداربێت لەو زیادكردنەی پاشگەزبوونەوەكە بۆتە هۆكاری دووبارەكردنەوەی.
ماددهی (29)
ماددهی (29) دەكرێت موڵك و ماڵە گوازراوەكانی دەوڵەت بە بڕیاری دەسەڵاتی تایبەتمەند بفرۆشرێن و بەكرێ بدرێن بەبێ بڵاوكردنەوە لە ڕۆژنامە خۆجێیەكان و بەبێ زیادكردنی ئاشكرا و بە بەهای خەمڵێنراو، لە یەكێك لەم حاڵەتانەی خوارەوە: یەكەم: ئەگەر فرۆشتن یان بەكرێدانەكە بۆ فەرمانگەكانی دەوڵەت و كەرتی گشتی بێت. دووەم: ئەگەر ئەو موڵك و ماڵانەی دانراون بۆ فرۆشتن تێكچوونیان خێرابێت یان بەهایان بەرەو كەمبوونەوە بچێت. سێیەم: ئەگەر كۆی گشتی بەهای خەمڵێنراو بۆ ئەو موڵك و ماڵانەی دانراون بۆ فرۆشتن لە هەر حاڵەتێك لە (500.000) پێنج سەد هەزار دینار زیاتر نەبێت. چوارەم: ئەگەر خەرجییەكانی پارێزگاری لێكردن و چاككردنەوەی ئەو موڵك و ماڵانەی دانراون بۆ فرۆشتن زۆر زیاتر بێت بە بەراورد بە بەهاكەی.
ماددهی (30)
ماددهی (30) هەردوو لیژنەی خەمڵاندن و لیژنەی فرۆشتن یان بەكرێدانی پێكهێنراو بەپێی حوكمەكانی هەردوو ماددەی (8) و (10)ی ئەم یاسایە بەبێ نوێنەری فەرمانگەی تۆماركردنی خانووبەرە، خەمڵاندنی بەهای موڵك و ماڵی گوازراوە و فرۆشتنی بەبێ زیادكردنی ئاشكرا لە ئەستۆ دەگرن.
ماددهی (31)
ماددهی (31) یەكەم: ڕادەستكردنی موڵك و ماڵی فرۆشراو، لەدوای دانەوەی بڕی بەرامبەری فرۆشتن و خەرجییەكان دەبێت و فرۆشتنەكە بە بنبڕ دادەنرێت، و كڕیار پابەند دەبێت بە گواستنەوەی لە ماوەی (15) پازدە ڕۆژ لە ڕێكەوتی هەواڵەكردنی بنبڕەوە، و دەسەڵاتی تایبەتمەند بەرپرسیارێتی لە ناوچوون یان ئەو زیانانە لەئەستۆ ناگرێت كە لە دوای ئەم ماوەیە دووچاری موڵك و ماڵەكە دەبێت. دووەم: دەسەڵاتی تایبەتمەند دەتوانێت ماوەیەكی لەسەر ڕاوەستان بداتە كڕیار كە لە (30) سی ڕۆژ زیاتر نەبێت بۆ گواستنەوەی موڵك و ماڵەكە ئەگەر بە پێویستی بزانێت، یان پاساوێكی ڕەوا هەبێت و كڕیار كرێی لەكۆگا دانانی ماوەی لەسەر ڕاوەستانەكە لەئەستۆ دەگرێت. سێیەم: لەحاڵەتی نەگواستنەوەی موڵك و ماڵە گوازراوەكە لە دوای كۆتایی هاتنی ماوەی دیاركراو یان ماوەی لەسەر ڕاوەستانەكە ئەوا كرێی لەكۆگادانانی لێوەردەگیرێت بە ڕێژەی (0.5%) نیو لەسەدی بڕی بەرامبەری فرۆشتنەكە لەبری هەر ڕۆژێك دواكەوتن و بۆماوەی (30) سی ڕۆژ، و ئەگەر ئەم ماوەیەش كۆتایی هات و كڕیار موڵك و ماڵەكەی نەگواستەوە، ئەوا فەرمانگە دەتوانێت بۆ دووبارە فرۆشتنەوەی بەپێی حوكمەكانی ئەم یاسایە، جاڕبداتەوە. چوارەم: ئەگەر بڕی بەرامبەری فرۆشراوەكە لە زیادكردنی دووەمدا لەو بڕی بەرامبەرەی كە كڕیاری (یەكەم) داویەتی كەمتر بێت، ئەوا جیاوازی نێوان هەردوو بڕی بەرامبەرەكە و كرێی لە كۆگادانان لەئەستۆی كڕیاری (یەكەم) دەبێت و لەو بڕە پارەیە وەردەگیرێت كە پێشتر داویەتی، و ئەگەر بڕەكەی لە پابەندییەكانی كەمتربوو، ئەوا بەپێی یاسای وەرگرتنەوەی قەرزە حكومیەكانی بەركار لە هەرێم، لە موڵك و ماڵەكانی دیكەی وەردەگیرێت. پێنجەم: ئەگەر كەسێك نەبوو خواستی كڕینی هەبێت ئەوا دەكرێت لە یەكێك لە كۆگاكان سپاردە بكرێت بەو مەرجەی تێچووەكانی گواستنەوە و سپاردن لە ئەستۆی كەسی كڕیار بێت.
ماددهی (32)
ماددهی (32) یەكەم: دەكرێت موڵك و ماڵە گوازراوەكانی دەوڵەت لەكاتی پێویستی، بە بڕیاری دەسەڵاتی تایبەتمەند بەپێی حوكمەكانی ئەم یاسایە، بەكرێ بدرێن. دووەم: دەسەلاتی تایبەتمەند دەتوانێت بەبێ جاڕدان و بەبێ زیادكردنی ئاشكرا، موڵك و ماڵە گوازراوەكانی دەوڵەت، بە فەرمانگەكانی دەوڵەت و كەرتی گشتی لە هەرێم بەكرێ بدات.
ماددهی (33)
ماددهی (33) ئەگەر ئەو وادانەی بەپێی ئەم یاسایە دیاری كراون لە ڕۆژێكی پشووی فەرمیدا كۆتایی بێت ئەوا درێژ دەكرێتەوە بۆ ئەو ڕۆژەی كاركردنی فەرمی كە دەكەوێتە دوای پشووەكە.
ماددهی (34)
ماددهی (34) سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆی هەیە لەكاتی پێویست، بڕیار بدات بە فرۆشتنی موڵك و ماڵە گوازراوە و نەگوازراوەكانی دەوڵەت یان بەكرێدانیان بەدەر لەو رێكارانەی لەم یاسایەدا دەقیان لەسەر كراوە.
ماددهی (35)
ماددهی (35) یەكەم: كرێی خزمەتگوزاری بەڕێژەی (2%) دوو لەسەدی بڕی بەرامبەرەكانی فرۆشتن یان بەكرێدانی ئەو موڵك و ماڵانەی حوكمەكانی ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە لە كڕیار یان كرێچی وەردەگیرێت. دووەم: گشت ئەو خەرجییانەی پێویستن بۆ ئامادەكردنی موڵك و ماڵەكە بۆ فرۆشتن یان بەكرێدانی، لەو بڕە پارانەی لە بڕگەی (یەكەم)ی ئەم ماددەیە دەقیان لەسەركراوە دەبڕدرێت، لە نێویشیاندا كرێی جاڕدان و بانگەوازكردن و كرێی لیژنەكانی دەرخستەكردن و خەمڵاندن و فرۆشتن و بەكرێدان. سێیەم: پاداشتێك دەبەخشرێتە لیژنەكانی دەرخستن، خەمڵاندن و فرۆشتن و بەكرێدان و هەریەك لە فەرمانبەری فەرمانگەی تۆماركردنی خانووبەرە و نوێنەری وەزارەتی دارایی و ئابووری و شارەزا و سكرتێری لیژنە و ئەمینداری سندوق و شۆفێرە هاوەڵەكانی لیژنە بەرامبەر هەر كۆنووسێكی خەمڵاندنی پەسەندكراو یان هەر لیستێكی زیادكردن بە مەرجێك كۆی گشتی ئەو پاداشتانەی دەبەخشرێنە هەر ئەندامێكی لیژنە مانگانە لە (400.000) چوارسەد هەزار دینار و بۆ هەر هاوەڵێكیش مانگانە لە (200.000) دووسەد هەزار دینار زیاتر نەبێت. چوارەم: ئەو بانگەوازكارەی هەڵدەستێت بە بانگەوازكردن بەمەبەستی فرۆشتن یان بەكرێدانی موڵك و ماڵە گوازراوە یان نەگوازراوەكانی دەوڵەت، كرێی بانگەوازكردنی پێ دەبەخشرێت بە بڕی (5.000) پێنج هەزار دینار لە بری هەر حاڵەتێكی فرۆشتن یان بەكرێدان بەو مەرجەی مانگانە لە (150.000) سەدو پەنجا هەزار دینار زیاتر نەبێت. پێنجەم: ئەنجومەنی وەزیران دەتوانێت ئەو كرێیانەی لە هەردوو بڕگەی (سێیەم) و (چوارەم)ی ئەم ماددەیەدا دەقیان لەسەركراوە، لەكاتی پێویستدا، هەموار بكات. شەشەم: 1. لەدوای لێبڕینی ئەو كرێ و خەرجیانەی لە بڕگەكانی (دووەم) و (سێیەم) و (چوارەم)ی ئەم ماددەیە دەقنووسكراون و گشت ئەو كرێ و خەرجییانەی لە حاڵەتی پاشگەزبوونەوە و نەبوونی كەسێكی تر كە خواستی كڕینی هەبێت وەردەگیرێت، ئەو بڕەی دەمێنێتەوە لە كرێی خزمەتگوزاری، دەبێتە بەشێك لە داهات و بۆ خەزێنەی گشتی تۆمار دەكرێت. 2. لەو ڕێژەیەی لە خاڵی (1)ی ئەم بڕگەیەدا دەقنووسكراوە، كرێی بڵاوكردنەوە و ڕاگەیاندنی هەموو ئەو حاڵەتانە خەرج دەكرێت كە تیایاندا فرۆشتن یان بەكرێدان، لەبەر نەبوونی كەسێك كە خواستی هەبێت، ئەنجام نادرێت. حەوتەم: حوكمەكانی ئەم ماددەیە بەسەر لیژنەكانی خەمڵاندن و فرۆشتن و بەكرێدانی موڵك و ماڵە گوازراوە و نەگوازراوەكان، ئەوانەی لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی پێكدەهێنرێن، هەروەها بەسەر ئەو فەرمانبەرانەی هاوەڵی ئەم لیژنانەش دەكەن، پیادە دەكرێت.
ماددهی (36)
ماددهی (36) ئەو پرۆژانەی ملكەچن بۆ حوكمەكانی یاسای وەبەرهێنانی بەركار لە هەرێمی كوردستان لە حوكمەكانی ئەم یاسایە، بەدەر دەكرین.
ماددهی (37)
ماددهی (37) یەكەم: ڕاگرتنی كاركردن بە یاسای فرۆشتن و بەكرێدانی موڵك و ماڵەكانی دەوڵەت ژمارە (32)ی ساڵی 1986ی هەمواركراو لە هەرێم. دووەم: راگرتنی كاركردن بەو بڕیارانەی ئەنجومەنی بە ناو سەركردایەتی شۆڕشی (هەڵوەشاوە) كە لە خوارەوە دێن: 1. ژمارە (400) لە 7/6/1987 2. ژمارە (522) لە 21/7/1987 3. ژمارە (832) لە 28/10/1987 4. ژمارە (557) لە 25/5/1988 5. ژمارە (681) لە 2/8/1988 6. ژمارە (62) لە 4/2/1990 سێیەم: ئەو ڕێنماییانەی بەپێی یاسای ژمارە (32)ی ساڵی (1986) دەرچوون و ناكۆك نین لەگەڵ حوكمەكانی ئەم یاسایە، تاوەكو دەرچوواندنی ئەوەی جێگەیان دەگرێتەوە یان هەڵیاندەوەشێنێتەوە، بە بەركار دەمێننەوە.
ماددهی (38)
ماددهی (38) ئەو ڕێكاری و بڕیارانەی بەپێ حوكمەكانی ئەم یاسایە وەردەگیرێن، ڕاستەوخۆ بۆ دیوانی چاودێری دارایی دەنێردرێن و، ملكەچی چاودێری و ووردبینی دەبن.
ماددهی (39)
ماددهی (39) ئەنجوومەنی وەزیران ولایەنە پەیوەندیدرەكان حوكمەكانی ئەم یاسایە جێبەجێ دەكەن.
ماددهی (40)
ماددهی (40) كار بە دەقی هیچ یاسا و بڕیارێك ناكرێت كە لەگەڵ حوكمەكانی ئەم یاسایە ناكۆك بێت.