ماددهی (35) یەكەم: كرێی خزمەتگوزاری بەڕێژەی (2%) دوو لەسەدی بڕی بەرامبەرەكانی فرۆشتن یان بەكرێدانی ئەو موڵك و ماڵانەی حوكمەكانی ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە لە كڕیار یان كرێچی وەردەگیرێت. دووەم: گشت ئەو خەرجییانەی پێویستن بۆ ئامادەكردنی موڵك و ماڵەكە بۆ فرۆشتن یان بەكرێدانی، لەو بڕە پارانەی لە بڕگەی (یەكەم)ی ئەم ماددەیە دەقیان لەسەركراوە دەبڕدرێت، لە نێویشیاندا كرێی جاڕدان و بانگەوازكردن و كرێی لیژنەكانی دەرخستەكردن و خەمڵاندن و فرۆشتن و بەكرێدان. سێیەم: پاداشتێك دەبەخشرێتە لیژنەكانی دەرخستن، خەمڵاندن و فرۆشتن و بەكرێدان و هەریەك لە فەرمانبەری فەرمانگەی تۆماركردنی خانووبەرە و نوێنەری وەزارەتی دارایی و ئابووری و شارەزا و سكرتێری لیژنە و ئەمینداری سندوق و شۆفێرە هاوەڵەكانی لیژنە بەرامبەر هەر كۆنووسێكی خەمڵاندنی پەسەندكراو یان هەر لیستێكی زیادكردن بە مەرجێك كۆی گشتی ئەو پاداشتانەی دەبەخشرێنە هەر ئەندامێكی لیژنە مانگانە لە (400.000) چوارسەد هەزار دینار و بۆ هەر هاوەڵێكیش مانگانە لە (200.000) دووسەد هەزار دینار زیاتر نەبێت. چوارەم: ئەو بانگەوازكارەی هەڵدەستێت بە بانگەوازكردن بەمەبەستی فرۆشتن یان بەكرێدانی موڵك و ماڵە گوازراوە یان نەگوازراوەكانی دەوڵەت، كرێی بانگەوازكردنی پێ دەبەخشرێت بە بڕی (5.000) پێنج هەزار دینار لە بری هەر حاڵەتێكی فرۆشتن یان بەكرێدان بەو مەرجەی مانگانە لە (150.000) سەدو پەنجا هەزار دینار زیاتر نەبێت. پێنجەم: ئەنجومەنی وەزیران دەتوانێت ئەو كرێیانەی لە هەردوو بڕگەی (سێیەم) و (چوارەم)ی ئەم ماددەیەدا دەقیان لەسەركراوە، لەكاتی پێویستدا، هەموار بكات. شەشەم: 1. لەدوای لێبڕینی ئەو كرێ و خەرجیانەی لە بڕگەكانی (دووەم) و (سێیەم) و (چوارەم)ی ئەم ماددەیە دەقنووسكراون و گشت ئەو كرێ و خەرجییانەی لە حاڵەتی پاشگەزبوونەوە و نەبوونی كەسێكی تر كە خواستی كڕینی هەبێت وەردەگیرێت، ئەو بڕەی دەمێنێتەوە لە كرێی خزمەتگوزاری، دەبێتە بەشێك لە داهات و بۆ خەزێنەی گشتی تۆمار دەكرێت. 2. لەو ڕێژەیەی لە خاڵی (1)ی ئەم بڕگەیەدا دەقنووسكراوە، كرێی بڵاوكردنەوە و ڕاگەیاندنی هەموو ئەو حاڵەتانە خەرج دەكرێت كە تیایاندا فرۆشتن یان بەكرێدان، لەبەر نەبوونی كەسێك كە خواستی هەبێت، ئەنجام نادرێت. حەوتەم: حوكمەكانی ئەم ماددەیە بەسەر لیژنەكانی خەمڵاندن و فرۆشتن و بەكرێدانی موڵك و ماڵە گوازراوە و نەگوازراوەكان، ئەوانەی لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی پێكدەهێنرێن، هەروەها بەسەر ئەو فەرمانبەرانەی هاوەڵی ئەم لیژنانەش دەكەن، پیادە دەكرێت.
الموضوع: كرێی خزمەتگوزاری بەڕێژەی (2%),پاداشتێك دەبەخشرێتە لیژنەكانی دەرخستن,كرێی بانگەوازكردنی پێ,كرێی بڵاوكردنەوە و ڕاگەیاندنی هەموو ئەو حاڵەتانە خەرج دەكرێت,حوكمەكانی ئەم ماددەیە بەسەر لیژنەكانی خەمڵاندن و فرۆشتن و بەكرێدانی موڵك و ماڵە گوازراوە و نەگوازراوەكان