أحكام القانون
البحث في المحتوى🔎
ماددهی (141)
ماددهی (141) باجەکانی سەر دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان، بەپێی یاسا بەركارەكانی هەرێم دەبێت، بە ڕەچاوکردنی ئەوەی لە ماددەی (164)ی ئەم یاسایەدا هاتووە.
ماددهی (142)
ماددهی (142) هەموو دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی کە پرۆگرامی حکومی بەکار دەهێنێت، پێویستە پابەندی سیستەمی سەرپەرشتیکردن و دڵنیایی جۆریی و هەڵسەنگاندنی وەزارەت بێت.
ماددهی (143)
ماددهی (143) یەکەم: هەموو دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی کە پرۆگرامی تایبەت بە خۆی پیادەدەکات، ئەوەی کە پێشتر لەلایەن وەزارەتەوە پەسەند کراوە، دەبێت بەشی دڵنیایی جۆریی و سەرپەرشتیکردن و هەڵسەنگاندنی تایبەتی خۆی هەبێت. دووەم: هەر کات وەزارەت بە پێویستی بزانێت، مافی سەرپەرشتیکردنی ئەو دامەزراوانەی هەیە کە پرۆگرامی خوێندنی خۆیان پیادەدەکەن.
ماددهی (144)
ماددهی (144) یەكەم: ئەرکی هەموو دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومییە، بەر لە کۆتایی مانگی تەمووز، هەڵسەنگاندنی ساڵانە بۆ چالاکییەکانی دامەزراوەکە و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ساڵی خوێندنی پێشوو بکەن، بۆ ئەوەی لە کاتی دانانی پلانی ئایندەدا سوودی لێ وەربگیرێت. دووەم: هەڵسەنگاندنی ساڵانەی ئەو دامەزراوانەی کە پرۆگرامی حکومی پیادە دەکەن بەم جۆرەی خوارەوە دەبێت:- 1. هەڵسەنگاندنی ساڵانەی كارمەندانی پەروەردەیی لەلایەن بەڕێوەبەرەوە. 2. ئەنجامەکانی پرۆسەی هەڵسەنگاندن لە تۆمارەکانی دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکاندا تۆمار دەکرێن و پوختەیەکیشی بەشێوەی فۆرمێک بۆ وەزارەت، وبەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگاکان یان ئیدارە سەربەخۆکان دەنێردرێت. 3. هەڵسەنگاندنی ساڵانە بۆ دیاریکردنی خاڵە بەهێز و لاوازەکانی كارمەندەكان و دامەزراوەکە دەکرێت و وەک بنەمایەک بۆ پێشکەشکردنی سوپاس و پێزانین بەکاردێت. 4. دامەزراوەکان لەلایەن لیژنەیەکی هەڵسەنگاندنی وەزارەت، و بەپێی پێوەر و فۆرمی تایبەت کە بەر لە دەستپێکی ساڵی خوێندن بە سەر دامەزراوەکاندا دابەشدەکرێن، هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت، ئەنجامی ئەو هەڵسەنگاندنە بە گشتی، وەک هەڵسەنگاندنی بەڕێوەبەر و دامەزراوەکە هەژمار دەکرێت. سێیەم: هەڵسەنگاندنی ساڵانەی ئەو دامەزراوانەی کە پرۆگرامی خۆیان بەکاردێنن بەپێی ئەو پێوەرانە دەبێت کە لەکاتی داواکردنی مۆڵەت پێشکەش بە وەزارەت کراوە و ڕەزامەندی لەسەر وەرگیراوە، بە ڕەچاوکردنی حوکمەکانی بڕگەی (دووەم)ی ماددەی (143)ی ئەم یاسایە.
ماددهی (145)
ماددهی (145) یەکەم: هەموو قوتابخانە و خوێندنگە و کۆمەڵگە و پەیمانگە پەروەردەییە پیشەییە ناحکومییەکان، جلی یەکپۆشی تایبەت بە خۆیان دەبێت کە لەلایەن دامەزراوەکەوە دیزاین دەکرێت. دووەم: دەکرێت قوتابخانە ناحکومییەکان، پاش دەوامی فەرمی قوتابخانە، شوێنی حەواندنەوە بۆ قوتابییانی خۆیان بکەنەوە، پاش وەرگرتنی مۆڵەت لە وەزارەت، وکرێی مانگانە بەپێی گرێبەستێکی نێوان بەخێوکار و قوتابخانە ناحکومییەکە دەبێت.
ماددهی (146)
ماددهی (146) یەکەم: دەبێت دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان گشت ئەو تۆمارانەیان هەبێت کە وەزیر لە ڕێگەی ڕێنمایییەوە دیاریاندەکات. دووەم: 1. دامەزراوەی پەروەردەیى ناحکومی قازانج نەویست، دەبێت لە پەیڕەوى دامەزرانیدا هاتبێت کە قازانج نەویستە، و ساڵانە لەلایەن وەزارەتەوە چاودێری دەکرێت بەمەبەستی دڵنیابوون لەوەی کە قازانجی دامەزراوەکە بۆ پەرەپێدانی دامەزراوەکە و قوتابی و خوێندكار و مامۆستا و کارمەندانی دیکەی دامەزراوەکە، خەرج دەکرێت. 2. ژمێرکارى دامەزراوەکە لەژێر ووردبینى دیوانى چاودێرى دارایی هەرێمدا دەبێت.
ماددهی (147)
ماددهی (147) دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان مافی کردنەوەی خولی بەهێزکردنیان تەنها بۆ قوتابیان و خوێندکارانی خۆیان هەیە.
ماددهی (148)
ماددهی (148) یەکەم: ئەو دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییانەی مۆڵەتیان پێش دەرچوونی ئەم یاسایە وەرگرتووە، مافی هێشتنەوە یان گۆڕینی ناوی خۆیان هەیە، بە مەرجێک مۆڵەت لە وەزارەت وەربگرن و ڕەسمی پێویست بدەن. دووەم: خاوەنی دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی خۆماڵی مافی گۆڕینی دامەزراوەکەی بۆ دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی هەیە، بەم مەرجانەی خوارەوە:- 1. نووسراوێكی متمانەبەخشین (ئەكریدیتەیشن) لە ناوەندێكی جیهانی باوەڕپێكراو پێشكەش بكات. 2. پرۆگرام و شێوازی تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی باوڕەپێكراوی هەبێت، 3. ڕەسمی گۆڕینی مۆڵەت کە (50%) پەنجا لە سەدی بڕی ڕەسمی پێدانی مۆڵەتە بدات. 4. گۆڕانکارییەکە گشت قۆناغەکان بگرێتەوە، بەڵام لە پۆلی یەکەم دەست پێ بکات، و ئەو قوتابی و خوێندکارانەی پێش گۆڕینی دامەزراوەکە بۆ دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی لە دامەزراوەکە بوون، هەر بە سیستەمی خۆماڵی خۆیان بەردەوام دەبن.
ماددهی (149)
ماددهی (149) یەکەم: هەر دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی، سەرپێچی پابەندییەکانی بەپێی ئەم یاسایە و رێنماییەکانی وەزارەت بکات، بە پێبژاردنێک سزا دەدرێت کە لە (10.000.000) دە ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (150.000.000) سەد و پێنجا ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، سەرباری ئەوە وەزارەت مافی هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەکەشی هەیە. دووەم: هەر کەس و لایەنێک، بێ ڕەزامەندی فەرمی وەزارەت دامەزراوەی ناحکومی بکاتەوە، بە پێبژاردنێک کە لە (50.000.000) پەنجا ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (150.000.000) سەد و پێنجا ملیۆن زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت و وەزارەت دامەزراوەکە دادەخات. سێیەم: سزاکانی بڕگەکانی (یەکەم) و (دووەم)ی ئەم ماددەیە، ڕێگە لەوە ناگرێت ڕێکاری یاسایی دیکە بەرامبەر بە سەرپێچکار بگیرێتەبەر ئەگەر سەرپێچییەکی دیکەی کردبێت و سزاکەی لە یاسایەکی دیکەدا دەقنووسکرابێت.
ماددهی (150)
ماددهی (150) وەزارەت لە ڕێگەی ئەم ڕێکارانەی خوارەوە، هەوڵی گەیشتن بە ئامانجە گشتی و هاوبەشەکانی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن دەدات:- یەکەم: داڕشتنى سیاسەتى پەروەردەیى و فێرکردن و جێبەجێکردنیان. دووەم: جێبەجێکردن و بەدواداچوون بۆ ئەو ئەرکانەی لەم یاسایەدا هاتوون. سێیەم: چەسپاندنی بنەمای گشتی فێرکردنی بەرمەبنای دابینکردنی هەلی پەروەردەیی و فێرکاریی گونجاو. چوارەم: کارکردن بۆ دابینکردنی دڵنیایی جۆریی، و بەستنەوەی بە ڕێکاری سەرپەرشتیکردنی هەموو دامەزراوە پەروەردەییە حکومیی و ناحکومییەکان. پێنجەم: دروستکردن، دامەزراندن و بەڕێوەبردنی دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان بە هەموو قۆناغ و جۆرەکانیان و پارێزگاریکردن لە سەربەخۆییان و دابینکردنی هەموو پێداویستیەکانی بەگەڕکەوتن و بەردەوامبوونی کارەکانیان. شەشەم: دابینکردنی هۆکارەکانی فێرکردن و تەکنیکە پێویستە پەروەردەییەکان بۆ کاری پەروەردە و فێرکردن. حەوتەم: دیاریکردنی بنەما و پێوەرە گشتییەکانی گەشەپێدانی پرۆسەی فێرکاریی. هەشتەم: دانان و نوێکردنەوەی پلانی فێرکردن و پروگرامەکانی خوێندن، بە سوود وەرگرتن لە پێشکەوتنەکانی ئەو بواره. نۆیەم: گرنگیدان بە توێژینەوەی پەروەردەیی و ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی جیاواز و سوودوەرگرتن لە ئەنجامەکانیان بۆ گەشەپێدانی پرۆسەی فێرکاریی. دەیەم: خوێندنەوە و دانانی ڕێگە و هۆکاری گونجاو بۆ بەرەوپێشبردنی خوێندنی ئەکادیمی و پیشەیی و کارکردن لەسەر گەشەپێدانیان. یازدەیەم: گرنگیدان بە گەشەکردن و بەرەوپێشچوونی توانستە پیشەیی و زانستییەكانی كارمەندە پەروەردەییەکان. دوازدەیەم: گرنگیدان بە چالاکیی وەرزشی و هونەری لە دامەزراوە پەروەردەیی و فێرکارییەکان. سێزدەیەم: گرنگیدان بە لایەنی دەروونیی قوتابیان و خوێندکاران، دابینکردنی خزمەتگوزاریە تەندروستییەکان، توێژینەوەی کۆمەڵایەتی، دڵنیابوون لە تەندروستی و سەلامەتی قوتابی و خوێندکاران و سەلامەتی ژینگەی دامەزراوە پەروەردەیی و فێرکارییەکان. چواردەیەم: ئامادەکردنی پلانی نیشتیمانی سەرتاسەریی بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواریی. پازدەیەم: هاندانی پتەوکردنی پەیوەندی لەنێوان دامەزراوە و کەسوکاری قوتابی و خوێندکاران، لە ڕێگەی بەهێزکردنی ڕۆڵی ئەنجومەنی بەخێوکاران. شازدەیەم: کارکردن بۆ هاندانی وەبەرهێنان لە بواری پەروەردە و فێرکاریی لەلایەن کەرتی تایبەت و فراوانکردنی چوارچێوەی هاوکاری لەگەڵیاندا، سەبارەت بە جێبەجێکردنی ئەو بەرنامە و پڕۆژە پەروەردەییانەی ئامانجیان بەهێزکردنی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردنە. حەڤدەیەم: گرنگیدان بە پەیوەندی لەگەڵ دامەزراوە نیشتیمانی و نێودەوڵەتییەکان و ئاڵوگۆڕی بۆچوون لەبوارە جۆراوجۆرەکانی پەروەردە و فێرکردن، و نوێنەرایەتیکردنی هەرێم لەو کۆنگرە و کۆبوونەوە و ڕێکخراو و کۆڕە هەرێمی و نێودەوڵەتییانەی کە ئامانجی پەروەردەیی و فێرکارییان هەیە. هەژدەیەم: هەر ئەرکێکی پەروەردەیی و فێرکردنی دیکە کە ئەنجومەنی وەزارەت پەسەندی دەکات.
ماددهی (151)
ماددهی (151) یەکەم: وەزیر: سەرۆکی باڵای وەزارەتە و بەرپرسی کارەکانیەتی و ئاراستەکاری پلانەکانیەتی و سەرپەرشتیکار و چاودێرە بەسەریەوە، بە بڕیار و سەرپەرشتیی خۆی و بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە، سەرجەم ئەو بڕیار و فەرمان و ڕێنمایییانە دەردەچن، کە پەیوەندییان بە ئەرک و پێکهاتە و دەسەڵات و هەموو کاروبارە هونەری و دارایی و کارگێڕیی و ڕێکخستنەکانی وەزارەتەوە هەیە، و وەزیر وەک ئەندامێک لەئەنجومەنی وەزیران لە بەردەمیدا بەرپرس دەبێت. نووسینگەی وەزیر: کە لەلایەن فەرمانبەرێکەوە بەڕێوەدەبرێت کە بڕوانامەی بەرایی زانکۆی هەیە و چەند فەرمانبەرێکی دیکە یارمەتیدەدەن. دووەم: بریکاری وەزارەت: وەزارەت یەک بریکاری دەبێت، لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتانەی وەزیر پێیدەدات، یارمەتی وەزیر دەدات لە ڕاییکردن و سەرپەرشتیکردنی کاروباری وەزارەتدا. نووسینگەی بریکاری وەزارەت: لەلایەن فەرمانبەرێکەوە بەڕێوەدەبرێت کە بڕوانامەی بەرایی زانکۆی هەیە، و چەند فەرمانبەرێکی دیکە یارمەتیدەدەن. سێیەم: وەزارەت ژمارەیەک ڕاوێژکاری دەبێت کە ژمارەیان لە (5) پێنج زیاترنابێت و ئەو ئەرکانە جێبەجێدەکەن کە وەزیر بەپێی پێداویستی وەزارەت پێیان دەسپێرێت، و دەبێت هەریەکەیان خاوەن بڕوانامەی بەرایی زانکۆ بن و ئەزموونیان لە بواری پەروەردە و فێرکاریی لە (15) پازدە ساڵ کەمتر نەبێت. چوارەم: بەڕێوەبەرە گشتیەکانی ناو وەزارەت و پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.
ماددهی (152)
ماددهی (152) یەکەم: ئەم بەڕێوەبەرایەتیە گشتیانەی خوارەوە لە وەزارەت دەبن:- 1. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دیوان. 2. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باخچەی منداڵان و فێرکردنی بنەڕەتی. 3. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فێرکردنی ئامادەیی و پیشەیی. 4. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەیمانگەکان. 5. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی dڵنیایی جۆریی و سەرپەرشتیکردن. 6. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تاقیکردنەوەکان و ساڵنامەی خوێندن . 7. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پرۆگرامەکانی خوێندن. 8. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پلاندانانی پەروەردەیی. 9. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فێرکردنی تورکمانی. 10. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فێرکردنی سریانی. 11. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش و هونەر. 12. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بیناسازیی. 13. بەڕێوەبەرایەتی گشتیی فێرکردنی ناحکومی. دووەم: لە گشت پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێم بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردە دەبێت. سێیەم: هەر یەک لەو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییانەی لە بڕگەکانی (یەکەم) و (دووەم) ی ئەم ماددەیەدا هاتوون، لەلایەن فەرمانبەرێکەوە بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەدەبرێن، کە دەبێت بڕوانامەی بەرایی زانکۆی هەبێت و ئەزموون و خزمەتیشی لە بواری پەروەردە و فێرکردن، یاخود بواری ئەکادیمی لە (10) دە ساڵ کەمتر نەبێت. چوارەم: 1. ئەرک و دەسەڵاتی پێکهاتەکانی وەزارەت بە پەیڕەوێک ڕێکدەخرێت کە ئەنجومەنی وەزیران دەریدەکات. 2. ئەنجومەنی وەزیران دەتوانێت لە کاتی پێویستدا، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی هاتوو لە بڕگەی (یەکەم)ی ئەم ماددەیەدا لەسەر پێشنیاری وەزارەت، لێکبدات یان تێکەڵ بکاتەوە.
ماددهی (153)
ماددهی (153) یەکەم: وەزیر مافی هێنانەئارا یان لێکدان یان هەڵوەشاندنەوە یان گواستنەوەی بەڕێوەبەرایەتی یان بەش یان هۆبەی هەیە. دووەم: پێکهاتەی نووسینگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانى وەزارەت و ئەرکەکانیان لە ڕێگەی پەیڕەوێکی ناوخۆ، کە وەزیر بە ڕەچاوکردنی حوکمەکانی ئەم یاسایە دەریدەکات، ڕێکدەخرێت.
ماددهی (154)
ماددهی (154) یەکەم: ئەنجومەنێک بە ناوی (ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە) پێکدێت، بە سەرۆکایەتی وەزیر و ئەندامیەتی هەر یەک لە:- 1. بریکاری وەزارەت. 2. ڕاوێژکارەکانی وەزارەت. 3. بەڕێوەبەرە گشتییەکان. دووەم: بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیر سکرتێری ئەنجومەن دەبێت، کارەکانی ڕێکدەخات، کۆنوسی کۆبونەوەکان تۆمار دەکات و بڕیارەکانی ئەنجومەن بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان، دەنێرێت.
ماددهی (155)
ماددهی (155) ئەرکەکانی ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە پێکدێت لە:- یەکەم: داڕشتنی پلانی کاری وەزارەت و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی لەبەر ڕۆشنایی ئامانجەکانی ئەم یاسایە. دووەم: گرتنەبەری بڕیاری پێویست سەبارەت بە بەڕێوەچوونی پرۆسەی پەروەردە و فێرکاریی. سێیەم: بڕیاردان لە ساڵنامەی خوێندن و چەسپاندنی ڕۆژە پشووەکانی خوێندن. چوارەم: ئامادەکردنی پێشنیازی بودجەی ساڵانەی وەزارەت و پێکهاتەکانی و ڕاستاندنی ڕاپۆرتی ژمێرەی کۆتایی. پێنجەم: دانانی ئەرکە لەپێشینەکان و ڕێسا گشتییەکان، بۆ پێدانی مۆڵەتی خوێندن و شاند و زەمالەکان. شەشەم: بڕیاردان لە ڕەشنووسی ڕێنماییەکان و هەموارکردنەوەیان. حەوتەم: کارکردن بۆ دابینکردنی دڵنیایی جۆریی. هەشتەم: پێشنیاری هەموارکردنەوەی یاسای پەروەردە و ئاراستەكردنی بۆ ئەنجومەنی وەزیران. نۆیەم: گفتوگۆکردن و بڕیاردان لە ڕاپۆرتی ساڵانەی کارەکانی وەزارەت. دەیەم: تاوتوێکردنی ڕاپۆرتی ساڵانەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە . یازدەیەم: هەر ئەرکێکی دیکە کە لەم یاسایەدا هاتووە، و هەر کارێک کە وەزیر لەبەر ڕۆشنایی حوکمەکانی ئەم یاسایەدا بە پێویستی دەزانێت کە ئەنجومەن تاوتوێی بکات و بڕیاری لێبدات.
ماددهی (156)
ماددهی (156) یەکەم: ئەنجومەن کۆبوونەوەی مانگانەی دەبێت و دەتوانێت لە کاتی پێویستدا کۆبوونەوەی دیکە لەسەر داوای سەرۆک بکات، و بڕیارەکانی بە ئامادەبوونی زۆرینەی ئەندامەکانی دەدرێت، جگە لە دەنگدان لەو پرسانەی کە بەپێی یاسا تەنها لە دەسەڵاتی وەزیرە. دووەم: سەرۆکی ئەنجومەن، مافی بانگهێشتکردنی پسپۆران و کەسانی پەیوەستداری بۆ کۆبوونەوەکان هەیە، بەبێ ئەوەی مافی دەنگدانیان هەبێت.
ماددهی (157)
ماددهی (157) یەکەم: لەهەر بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتیی پەروەردە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، ئەنجومەنێک پێکدێت، بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەری گشتی و ئەندامیەتی هەر یەک لە: 1. یاریدەدەرانی بەڕێوەبەری گشتی. 2. بەڕێوەبەرەکانی پەروەردە لە سنووری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان. 3. بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆریی و سەرپەرشتیکردن. دووەم: دەکرێت کەسانی پسپۆر بۆ کۆبونەوەکانی ئەنجومەن بانگێشت بکرێن، بێ ئەوەی مافی دەنگدانیان هەبێت. سێیەم: نوێنەری یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، مافی ئامادەبوونی لەو کۆبوونەوانە هەیە کە پەیوەستن بە پرسی مامۆستایان، بێ ئەوەی مافی دەنگدانی هەبێت. چوارەم: لەکاتی ئامادەنەبوونی سەرۆکی ئەنجومەن لە کۆبوونەوەکان، پێشوەختە مافی دستینشانکردنی جێگرەوەیەکی بۆ بەڕێوەبردنی کۆبونەوەکە هەیە. پێنجەم: کۆبوونەوەی ئەنجومەن لانیکەم مانگێ جارێک دەبێت، و هەر کاتێکیش پێویست بوو دەتوانێت کۆبوونەوە بکات، و بڕیارەکانی ئەنجومەن بە دەنگی زۆرینە دەبێت، جگە لە دەنگدان لەو پرسانەی کە تەنها لە دەسەڵاتی بەڕێوەبەری گشتییە. شەشەم: بەڕێوەبەری گشتی بڕیاردەرێک بۆ ئەنجومەن لە نێو فەرمانبەرانی پەروەردە دیاریدەکات، کە دەبێت بڕوانامەی بەرایی زانکۆی هەبێت و لە تۆمارکردنی کۆنوسی کۆبوونەوەکان و گشتاندنیان بەرپرس دەبێت.
ماددهی (158)
ماددهی (158) یەکەم: جێبەجێکردن و بەدواداچوونی ئەو پلان و پرۆژانەی کە وەزارەت لە سنووری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکە دایڕشتووە، و کارکردن بۆ دڵنیایی لە جێبەجێکردنی پرۆژەکان، و پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی وەرزی لە بارەیانەوە بە وەزارەت. دووەم: گفتوگۆکردن دەربارەی کێشە پەروەردەیی و فێرکاریی و کارگێڕیی و هونەرییەکان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکە و بەدواداچوون بۆ ئاستەکانی خوێندن و پرسی دڵنیایی جۆریی، لە چوارچێوەی دەسەڵاتی ئەنجومەندا. سێیەم: ڕوانین لەو پرسانەی کە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی قەزاکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دووچاری دەبن. چوارەم: پێشنیارکردن بۆ وەزارەت سەبارەت بە دامەزراندنی بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزا، کە پشت بە پێشنیازی لیژنەی پسپۆر دەبەستێت. پێنجەم: پێشنیارکردن بۆ وەزارەت سەبارەت بە دابەشکردنی فەرمانبەران و گشت كارمەندانی دیكە بەسەر بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە لە ناوەندی پارێزگا و قەزاکانی. شەشەم: پێشنیارکردنی ئاڕاستە گشتییەکانی پلانی پەروەردە و فێرکردن لە سنووری کاری ئەنجومەنەکە و ئاراستەکردنی بۆ وەزارەت. حەوتەم: پێشنیارکردنی دابەشکردنی بودجەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ناوەندی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆ و قەزاکان، و پێداچوونەوە بەسەر ڕاپۆرتی ژمێرەی کۆتایی. هەژتەم: بەرزکردنەوەی پێشنیاز بۆ وەزارەت سەبارەت بەو پرسانەی کە دەتوانن ببنە هۆی باشترکردنی بەڕێوەچوونی کاروبارەکانی پەروەردە و فێرکردن بە شێوەیەکی گشتی. نۆیەم: پێشنیازکردنی کردنەوەی قوتابخانەی نوێی حکومی یاخود داخستنیان، بەگوێرەی پێداویستیەکانی بەرژەوەندیی گشتی. دەیەم: هەر ئەرکێکی دیکە کە لەلایەن وەزارەتەوە دەخرێتە ئەستۆی ئەنجومەنی پەروەردەی پارێزگا.
ماددهی (159)
ماددهی (159) یەکەم: دەبێت لە هەر قەزایەک بەڕێوەبەرایەتییەکی پەروەردە هەبێت. دووەم: لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی قەزاکان، ئەنجومەنێک بەناوی ئەنجومەنی پەروەردەی قەزا پێکدەهێنرێت، بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزا و ئەندامیەتی هەر یەک لە: 1. سەرپەرشتیاری پەروەردەیی یەکەمی قەزا. 2. بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆریی و سەرپەرشتیکردن. سێیەم: نوێنەری یەکێتی مامۆستایانی کوردستان مافی ئامادەبوونی لەو کۆبوونەوانە هەیە کە پەیوەستن بە پرسی مامۆستایان، بێ ئەوەی مافی دەنگدانی هەبێت. چوارەم: بەڕێوەبەر بڕیاردەرێک بۆ ئەنجومەن لەنێو فەرمانبەرانی پەروەردە دیاریدەکات، کە دەبێت بڕوانامەی بەرایی زانکۆی هەبێت، و بەرپرس دەبێت لە تۆمارکردنی کۆنووسی کۆبوونەوەکان و گشتاندنیان. پێنجەم: کۆبوونەوەی ئەنجومەن لانیکەم مانگی جارێکە، و هەر کاتیش پێویست بوو دەتوانێت کۆبونەوە بکات، و بڕیارەکانی ئەنجومەن بە دەنگی زۆرینە دەبێت، جگە لە دەنگدان لەو پرسانەی کە تەنها لە دەسەڵاتی بەڕێوەبەرە. شەشەم: دەکرێت خەڵکانی پسپۆر بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەن بانگهێشت بکرێن لە کاتی پێویست، بێ ئەوەی مافی دەنگدانیان هەبێت.
ماددهی (160)
ماددهی (160) یەکەم: جێبەجێکردن و بەدواداچوونی ئەو پلان و پرۆژانەی کە وەزارەت لە سنووری قەزا دایڕشتووە، و کارکردن بۆ دڵنیایی لە جێبەجێکردنیان و پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی وەرزیی لە بارەیانەوە بە ئەنجومەنی پەروەردە لە پارێزگا. دووەم: گفتوگۆکردن لەسەر کێشە پەروەردەیی و فێركاریی و کارگێڕیی و هونەرییەکان لە سنووری قەزاکە و بەدواداچوون بۆ ئاستەکانی خوێندن و پرسی دڵنیایی جۆریی. سێیەم: پێشنیازکردن بۆ وەزارەت سەبارەت بە دامەزراندنی بەڕێوەبەری دامەزراوەی پەروەردەیی و فێرکردن و گشت کادیرانی دیکەی دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان لە قەزاکان پشتبەست بە پێشنیازی لیژنەی پسپۆر. چوارەم: بەرزکردنەوەی پێشنیاز بۆ ئەنجومەنی پەروەردەی پارێزگا سەبارەت بە ئاڕاستە گشتییەکانی پلانی پەروەردە و فێرکردن لە قەزا و ئەو پرسانەی کە دەتوانن ببنە هۆی باشکردنی بەڕێوەچوونی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن بە شێوەیەکی گشتی. پێنجەم: بەرزکردنەوەی پێشنیاز بۆ ئەنجومەنی پەروەردەی پارێزگا سەبارەت بە دامەزراندنی قوتابخانەی حکومی نوێ یاخود داخستنیان، بەپێی پێداویستیەکانی بەرژەوەندیی گشتی. شەشەم: هەر ئەرکێکی دیکە کە لەلایەن ئەنجومەنی پەروەردەی پارێزگا یان ئیدارەی سەربەخۆ بە ئەنجومەنی پەروەردەی قەزا دەسپێردرێت.