ماددهی (151) یەکەم: وەزیر: سەرۆکی باڵای وەزارەتە و بەرپرسی کارەکانیەتی و ئاراستەکاری پلانەکانیەتی و سەرپەرشتیکار و چاودێرە بەسەریەوە، بە بڕیار و سەرپەرشتیی خۆی و بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە، سەرجەم ئەو بڕیار و فەرمان و ڕێنمایییانە دەردەچن، کە پەیوەندییان بە ئەرک و پێکهاتە و دەسەڵات و هەموو کاروبارە هونەری و دارایی و کارگێڕیی و ڕێکخستنەکانی وەزارەتەوە هەیە، و وەزیر وەک ئەندامێک لەئەنجومەنی وەزیران لە بەردەمیدا بەرپرس دەبێت. نووسینگەی وەزیر: کە لەلایەن فەرمانبەرێکەوە بەڕێوەدەبرێت کە بڕوانامەی بەرایی زانکۆی هەیە و چەند فەرمانبەرێکی دیکە یارمەتیدەدەن. دووەم: بریکاری وەزارەت: وەزارەت یەک بریکاری دەبێت، لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتانەی وەزیر پێیدەدات، یارمەتی وەزیر دەدات لە ڕاییکردن و سەرپەرشتیکردنی کاروباری وەزارەتدا. نووسینگەی بریکاری وەزارەت: لەلایەن فەرمانبەرێکەوە بەڕێوەدەبرێت کە بڕوانامەی بەرایی زانکۆی هەیە، و چەند فەرمانبەرێکی دیکە یارمەتیدەدەن. سێیەم: وەزارەت ژمارەیەک ڕاوێژکاری دەبێت کە ژمارەیان لە (5) پێنج زیاترنابێت و ئەو ئەرکانە جێبەجێدەکەن کە وەزیر بەپێی پێداویستی وەزارەت پێیان دەسپێرێت، و دەبێت هەریەکەیان خاوەن بڕوانامەی بەرایی زانکۆ بن و ئەزموونیان لە بواری پەروەردە و فێرکاریی لە (15) پازدە ساڵ کەمتر نەبێت. چوارەم: بەڕێوەبەرە گشتیەکانی ناو وەزارەت و پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.
الموضوع: وەزیر,بریکاری وەزارەت,ڕاوێژکاری,بەڕێوەبەرە گشتیەکان