أحكام القانون

البحث في المحتوى🔎
ازالة
ازالة

مادده‌ی (21)

متن المادە :

مادده‌ی (21) خوێندکاری پۆلی چوارەمی پەیمانگە پەروەردەییە پیشەییەکان، دەبێت یەکێک لەم دوو بژاردەیە هەڵبژێرێت:- یەکەم: پرۆژەیەکی زانستی یان پیشەیی بە ناوی پرۆژەی پەیمانگەی پەروەردەیی پیشەیی ئەنجام بدات، ئەو خوێندکارەی لە پرۆژەکەیدا نمرەی پێویستی بەدەست نەهێنا بە دەرنەچوو هەژمار دەکرێت. دووەم: بەشداری لە خولێکی ڕاهێنان کە لە (14) چواردە ڕۆژی پشووی هاوین کەمتر نەبێت بکات، ئەو خوێندکارەی پابەندی بەشداربوونی تەواو نەبێت، بە دەرنەچوو هەژمار دەکرێت.

مادده‌ی (22)

متن المادە :

مادده‌ی (22) پێویستە وەزارەت بە هاریکاریی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی دیكە و کەرتی تایبەت، کار بکات بۆ ئەوەی خوێندن لە پەیمانگە پەروەردەییە پیشەییەکان لەگەڵ بازاڕی کار لەلایەک و خوێندنی باڵاش لەلایەکی دیكەوە بگونجێنێت.

مادده‌ی (23)

متن المادە :

مادده‌ی (23) یەکەم: پێویستە دامەزراوە پەروەردەییە حکومی و ناحکومییەکان وفەرمانبەرانیان، کار لە پێناو جێبەجێکردنی بنەما و ستانداردەکانی دڵنیایی جۆری و بەدەستهێنانی متمانەی دامەزراوەیی و متمانەی پرۆگرامەکاندا، بکەن. دووەم: پێویستە هەموو دامەزراوەیەکی پەروەردەیی حکومی ناوێکی جیاکەرەوەی هەبێت، و نابێت دامەزراوە هەمان ناو یان هەمان ناوی لێکدراوی دامەزراوەیەکی دیکەى لە هەمان بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردە هەبێت.

مادده‌ی (24)

متن المادە :

مادده‌ی (24) یەکەم: پێویستە دامەزراوەکان پلانی ساڵانەیان بۆ گەشەپێدانی بەڕێوەچوونی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن هەبێت. دووەم: پێویستە سەرجەم مامۆستایان پلانی ساڵانە و وەرزانە بۆ ئەو بابەتانەی لە ئەستۆیانە دابڕێژن، خشتە و چالاکییە پلان بۆ دانراوەکان لەخۆبگرن و لە هەفتەی یەکەمی هەموو وەرزێکی خوێندندا بەسەر قوتابیان و خوێندکاراندا دابەش بکرێن. سێیەم: دامەزراوەی پەروەردەیی حکومی، پاش وەرگرتنی مۆڵەتی وەزارەت، دەتوانێت لە پۆلدا سوود لە دوو مامۆستا وەربگرێت، کە یەکێکیان دەبێت بە مامۆستای سەرەکی و ئەوەی دیکەش دەبێتە مامۆستای هاوکار.

مادده‌ی (25)

متن المادە :

مادده‌ی (25) یەکەم: ئەرکی دامەزراوەکانە تێڕوانینیان لەسەر بنەمای ئەوە بێت کە هەر قوتابی و خوێندکارێک ڕێچکەیەکی تایبەت بە خۆی هەیە بۆ فێربوون و داهێنان، و پێویستە پرۆسەی خوێندن توانا و تایبەتمەندی هەر قوتابی و خوێندکارێک وەک تاک بە جیا لە بەرچاو بگرێت. دووەم: ئەرکی دامەزراوەکانە پشتیوانی قوتابی و خوێندکار لە ئەستۆ بگرن و کاری بۆ بکەن، بە تایبەتیش پشتیوانی ئەو قوتابی و خوێندکارانەی پێویستیان بە هاوکاریی زانستی زیاتر هەیە، دەبێت ئەو پاڵپشتیە لە ساڵانی یەکەمی قۆناغی بنەڕەتیدا چڕتر بێت.

مادده‌ی (26)

متن المادە :

مادده‌ی (26) وەزارەت تایبەتمەندە بەدانانی پرۆگرامەکان و کتێبەکانی خوێندن، گەشەپێدانی شێوازەکانی وانەوتنەوە و کەرەستەکان و هۆیەکانی فێربوون، بەجۆرێک کە کتێبە بنەڕەتییەکانی فێربوونی زمان و زانستەکان و بیرکاری و مێژوو و جوگرافیا و پەروەردەی ئیسلامی و (پەروەردەی مەسیحی و پەروەردەی ئێزیدیایەتی بە پێی تایبەتمەندی) و هونەر و وەرزش، و ئەو بابەتانەی کە وەزارەت دوای هەڵسەنگاندنی زانستی بە پێویستی دەزانێت بۆ گەشپێدانی کارامەیی زانستی و بەهایی قوتابیان و خوێندکاران و پێکەوەژیانی گەلی کوردستان، بخوێندرێن.

مادده‌ی (27)

متن المادە :

مادده‌ی (27) یەکەم: هەر ساڵێکی خوێندن لە وەرزی یەکەم و دووەمی خوێندندن پێکدێت، و وەرزی یەکەم لە مانگی ئەیلول و وەرزی دووەمیش لە مانگی کانوونی دووەم دەستپێدەکات. لە دۆخی نائاساییدا ئەنجومەنی وەزارەت دەتوانێت بۆ ساڵێکی خوێندن گۆڕانکاری لەو کاتانەدا بکات. دووەم: هەر ساڵێکی خوێندن لانیکەم (170) سەد و حەفتا ڕۆژی خوێندن لەخۆ دەگرێت، و هەر حەفتەیەک لانیکەم (5) پێنج ڕۆژی خوێندن لەخۆ دەگرێت وهەر ڕۆژێکی خوێندن لە (4) چوار کاتژمێر کەمتر نابێت. سێیەم: ئەمانەى خوارەوە پشووەکانى دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکانن: 1- پشووی نیوەی ساڵ، کە دوای کۆتاییهاتنی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەم لە مانگی کانوونی دووەم دەبێت و نابێت پشووەکە لە یەک هەفتە زیاتر بێت . 2- پشووی سەری ساڵی کوردی كە لە ڕۆژی (19) نۆزدەی ئازار تا ڕۆژی (24) بیست و چواری ئازار دەبێت. 3- پشووی هاوین، کە ماوەکەی لە دوو مانگ کەمتر نابێت و بە ڕەچاوکردنی کاتی تاقیکردنەوەکان و دۆخی ناهەموار، دەکرێت بەپێی بریاری ئەنجومەنی وەزارەت گۆڕانکاریی تێدا بکرێت. 4- پشووی جەژنەکان. چوارەم : وەزارەت دەتوانێت لە کاتی پێویستدا گۆڕانکاریی لەکاتی پشووەکاندا بکات، بەمەرجێک لەگەل ئەو پشووانە ناکۆک نەبێت کە لە یاسا بەرکارەکان و بڕیارەکانی پەرلەمانی كوردستاندا هاتوون.

مادده‌ی (28)

متن المادە :

مادده‌ی (28) یەکەم: لە بارودۆخی نائاساییدا وەزیر دەتوانێت دەوامی دامەزراوەکان بۆ ماوەی (7) حەوت ڕۆژ ڕابگرێت، بە مەرجێک ئەنجومەنی وەزیران لە بڕیارەکە و هۆ و ڕێکارەکانی ڕاگرتنەکە ئاگادار بکرێتەوە، ئەنجومەنی وەزیران مافی درێژکردنەوەی ماوەکەی بە درێژایی بارودۆخە نائاساییەکە هەیە. دووەم: لە بارودۆخی نائاساییدا بەڕێوبەری گشتیی پەروەردە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەتوانێت دەوامی دامەزراوەکان بۆ ماوەی (2) دوو ڕۆژ ڕابگرێت، بە مەرجێک وەزیر لە بڕیارەکە و هۆ و ڕێکارەکانی ڕاگرتنەکە ئاگادار بکرێتەوە، و وەزیر مافی درێژکردنەوەی ماوەکەی بۆ (7) حەوت ڕۆژ هەیە.

مادده‌ی (29)

متن المادە :

مادده‌ی (29) پێش کۆتاییهاتنی مانگی ئایاری هەموو ساڵێک، دەبێت وەزارەت لانیکەمی ژمارەی وانەکانی خوێندن لە هەر بابەتێکدا و بۆ هەر قۆناغێکی خوێندن بۆ ساڵی خوێندنی داهاتوو دیاریبکات، بە مەرجێک لەگەڵ بازنەکانی خوێندن و چوارچێوەی پرۆگرامی فێرکردندا بگونجێت.

مادده‌ی (30)

متن المادە :

مادده‌ی (30) یەکەم: 1- ئەرکی وەزارەتە، لە سەرەتای ساڵی خوێندندا، کتێبەکانی خوێندن بەخۆڕایی، بۆ دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان دابین بکات، بەمەبەستی دابەشکردنیان بەسەر قوتابیان و خوێندکاراندا. 2- پێویستە وەزارەت لە سەرەتای ساڵی خوێندندا کتێبەکانی خوێندن، بە تێچووی خۆی بەبێ قازانج بۆ ئەو دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییانەی پرۆگرامی حکومی بە کاردێنن دابین بکات، بەمەبەستی دابەشکردنیان بەسەر قوتابیان و خوێندکاراندا بە خۆڕایی. دووەم: ئەرکی وەزارەتە، پێش دەستپێکردنى ساڵى خوێندن پێدوایستیەکانی دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان، دابین بکات.

مادده‌ی (31)

متن المادە :

مادده‌ی (31) یەکەم: خوێندن بە زمانی عەرەبی، تورکمانی، سریانی و ئەرمەنی، بۆ قوتابی و خوێندکارانی ئەو پێکهاتانە، لە دامەزراوەى پەروەردەیى حکومی تایبەت بەو زمانانە دابیندەکرێت، بە مەرجێک زمانى دایکى بەخێوکاری قوتابی و خوێندکار زمانى کوردی نەبێت، و ژمارەی قوتابیان و خویندکاران بۆ کردنەوەی قوتابخانەیەکی لەو جۆرە گونجاوبێت، وهاوکات زمانی کوردیش لەو ناوەندانە بخوێندرێت. دووەم: ئەگەر قوتابیەکی بنەڕەتی لە قوتابخانەیەکی حکومی بخوێنێت کە خوێندن تیێدا بە زمانى دایک نەبێت، مافی هەیە بێ بەرامبەر لەسەر داواى بەخێوکار بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لە هەفتەیەکدا بە زمانی دایک بخوێنێت، بە مەرجێک زمانى دایکى بەخێوکارەکەى زمانی کوردى نەبێت، و ژمارەی ئەو قوتابیانەی کە دەیانەوێت بەو زمانە بخوێنن لە (10) دە قوتابی کەمتر نەبێت. سێیەم: وەزارەت دەتوانێت بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە، باخچەی منداڵان و قوتابخانە و خوێندنگە و پەیمانگەی پەروەردەیی پیشەیی حکومی بە زمانە جیهانییەکان بکاتەوە، لەگەڵ پابەندکردنیان بە خوێندنی زمانی کوردی تیایاندا.

مادده‌ی (32)

متن المادە :

مادده‌ی (32) یەکەم: قوتابی و خوێندکاری خاوەن پێداویستی تایبەت، کە لە چوارچێوەی تەمەنی یاسایی خوێندندایە، مافی خوێندن و دابینکردنی هەلی یەکسان، وەرگرتن و بەردەوامبوونی خوێندنیان لە دامەزراوەکاندا هەیە، بە ڕەچاوکردنی بڕگەی (چوارەم)ی ماددەی (35)ی ئەم یاسایە. دووەم: پێویستە لە هەموو قۆناغەکانی خوێندن گرنگی بە قوتابیان و خوێندکارانی خاوەن پێداویستی تایبەت بدرێت، بەپێی جیاوازیی توانست و ئامادەباشیان، لەگەڵ دابینکردنی مامۆستایانی پەروەردەی تایبەت. سێیەم: دەبێت وەزارەت پێوەر و هۆکار و کەلوپەلی تایبەت و شێوازی هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەی گونجاو بۆ قوتابی و خوێندکارانی خاوەن پێداویستی تایبەت، دابین بکات. چوارەم: ئەرکی وەزارەتە ناوەڕۆکی پلانی فێرکردن و پرۆگرامەکانی خوێندن و بەڵگە پەروەردەییەکان، بۆ میلاکەکانی فێرکردن و چالاکییە تایبەتەکان، کە پەیوەستن بە کتێبەکانی خوێندن، گەشە پێبدات و بیانڕەخسێنێت. پێنجەم: ئەرکی وەزارەتە کاربکات بۆ پتەوکردنی ڕۆڵی هۆشیاریی کۆمەڵگە و بەشداریپێکردنی کەسوکاری قوتابیان و خوێندکاران و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی. شەشەم: پێویستە دامەزراوەکان کاربکەن بۆ ئەوەی تەلاری قوتابخانە وخوێندنگە و پەیمانگە پەروەردەییە پیشەییەکانیان لەگەڵ پێداویستییەکانى کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت بگونجێنن و ژینگەیەکی پەروەردەیی و فێرکاریی گونجاویان بۆ دابین بکەن. حەوتەم: ئەرکی وەزارەتە ڕێڕەوی خوێندنی جۆراوجۆر، پێداویستی خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی، بوارەکانی دیکەی گونجاو لەگەڵ تواناکانیان، بۆ قوتابیان و خوێندکارانی خاوەن پێداویستی تایبەت، دابینبکات.

مادده‌ی (33)

متن المادە :

مادده‌ی (33) وەزارەت لە کاتی پێویست، لەهەر قۆناغێکی خوێندندا بێت، مافی ڕێگەپێدانی بە خوێندنی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین وئاوێتە بە هەموو جۆرەکانیانەوە، هەیە.

مادده‌ی (34)

متن المادە :

مادده‌ی (34) یەکەم: وەزارەت مافی کردنەوەی قوتابخانە و خوێندنگەی تایبەتمەند و بەهرەدارانی هەیە. دووەم: مەرجەکانی تەمەن، وەرگرتن لە قوتابخانە و خوێندنگەکانی بەهرەداران، چۆنیەتی خوێندن، تاقیکردنەوەکان، کاروباری کارگێڕیی و چۆنیەتی سەرپەشتیکردن، بە پەیڕەوێک ڕێکدەخرێت کە ئەنجومەنی وەزیران لەسەر پێشنیاری وەزارەتی پەروەردە دەریدەکات. سێیەم: دەکرێت مەرجەکانی تەمەن لە قوتابخانە و خوێندنگەکانی بەهرەداران، بەدەربن لەو مەرجانەی لە ماددەی (9) و (13)ی ئەم یاسایەدا دەقنووسکراون.

مادده‌ی (35)

متن المادە :

مادده‌ی (35) یەکەم: وەرگرتنی منداڵان و قوتابیان و خوێندکاران و تۆمارکردنیان لە دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان، لەسەر بنەمای ڕەخساندنی هەلی یەکسان بۆ هەمووان دەبێت. دووەم: پێویستە هەموو قوتابخانە و خوێندنگەیەکی حکومی، جگە لە قوتابخانە و خوێندنگەکانى تایبەتمەند و بەهرەداران، بە پلەی یەکەم ئەو قوتابی و خوێندکارانە وەربگرن کە دانیشتووی ئەو گەڕەک و ناوچە جوگرافیەن کە قوتابخانە و خوێندنگەکەی تێدایە. سییەم: نابێت دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان، جگە لە قوتابخانە و خوێندنگەکانى تایبەتمەند و بەهرەداران، مەرجی پێشوەختە و تاقیکردنەوەی دەرەکی بۆ وەرگرتنی قوتابی و خوێندکار دابنێن، جگە لە مەرجەکانی توانای زمانەوانی و ئەو مەرجانەی لەم یاسایەدا ڕێگەیان پێدراوە. چوارەم: 1- وەرگرتنی منداڵان و قوتابیان و خوێندکارانی خاوەن پێداویستی تایبەت بەپێی یەکێک لەم دوو میکانیزمە دەبێت:- 2- ئەو منداڵ و قوتابی و خوێندکارانەی، لەلایەن لیژنەی تایبەتەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ کراوە و توانای فێربوونی پرۆگرامەکانیان لا ئاسانترە، لە پۆلی ئاسایی وەک قوتابیانی دیکە وەردەگیرێن، بەڵام مامۆستای تایبەتیان وەک مامۆستای دووەم لە پۆلدا بۆ تەرخاندەکرێت. 3- ئەو منداڵ و قوتابی و خوێندکارانەی لەلایەن لیژنەی تایبەتەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ کراوە و توانای فێربوونی پرۆگرامەکانیان، بەهۆی ئۆتیزم، داون سیندرۆم، یان ئیفلیجی قورسی مێشک و هتد، لا قورسترە، لە پۆلێکی تایبەت لە دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکە یان لە دامەزراوەیەکی پەروەردەیی حکومی تایبەت وەردەگیرێن و پرۆگرام و مامۆستای تایبەتیان بۆ دابین دەکرێت. 4- وەزیر دەتوانێت منداڵان و قوتابیان و خوێندکارانى خاوەن پێداویستى تایبەت لە مەرجى بەرزترین تەمەنى هاتوو لە ماددەکانى (9) و (13)ى ئەم یاسایە بەدەربکات. پێنجەم: قوتابیان و خویندکاران مافی گواستنەوەیان لە ناوەندێکى خوێندن بۆ ناوەندێکى دیکەى خوێندن هەیە، بەپێى ئەو مەرجانەی وەزارەت دیاریدەکات.

مادده‌ی (36)

متن المادە :

مادده‌ی (36) یەکەم: پێویستە وەزارەت ڕێکاری پێویست بۆ ئاسان وەرگرتنی ئەو قوتابی و خوێندکارانەی لە دەرەوەی هەرێم دەگەڕێنەوە، بگرێتەبەر. دووەم: ئەو قوتابی و خوێندکارانەی لە دەرەوەی هەرێم دەگەڕێنەوە و پێشتر لە ساڵێک زیاتر لە دەرەوەی هەرێم نیشتەجێ بوون، مافی خوێندنیان هەیە بەم مەرجانەی خوارەوە:- 1- نوسراوێکی ڕاستێندراو لەو قوتابخانە یان خوێندنگە یان پەیمانگە پەروەردەییە پیشەییەوە بێنن کە لە دەرەوەی هەرێم لێیهاتوون. 2- بڕوانامەکانی خوێندنیان پێشکەش بکەن بەمەبەستی هاوتاکردنیان لەلایەن وەزارەتەوە، وەک بنەمایەک بۆ وەرگرتنیان لەو ئاستەی بەپێی هەڵسەنگاندنی وەزارەت بە گونجاو دەزانرێت. سێیەم: 1- ئەو قوتابی و خوێندکارانەی لەدەرەوەی هەرێم گەڕاونەتەوە و زمانی کوردی یان عەرەبی یاخود هەردووکیان باش نازانن، بۆ ماوەی (2) دوو ساڵ لە دەرچوون لەو بابەتانە دەبەخشرێن، بە مەرجێک لەناو پۆلى خوێندنى زمانەکان بەشداربن، و پۆلى دوازدەش لە نێو ئەو (2) دوو ساڵەدا نەبێت کە لە دەرچوون دەبەخشرێن. 2- ئەو قوتابى و خوێندکارانەى بەخێوکارانیان بۆ ماوەیەکى دیاریکراو لە هەرێمى کوردستان، لە چوارچێوەى نێردە دیبلۆماسی و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان دەمێننەوە، لە حوکمى خاڵى (1)ى ئەم بڕگەیە بەدەردەکرێن و وەزیر بە ڕێنمایى شێوازى خوێندن و دەرچوونیان لە زمانەکانى کوردى و عەرەبى ڕێکدەخات.

مادده‌ی (37)

متن المادە :

مادده‌ی (37) یەکەم: ئەو کار و ڕەفتارانەی لەگەڵ پەیامی پەروەردە و فێرکردن ناگونجێن، لەدامەزراوەکاندا ڕێپێنەدراون، بەتایبەتیش ئەمانەی خوارەوە:- 1- هەڵگرتنی چەک و ئامێری بریندارکەر و مەترسیدار. 2- جگەرەکێشان و نێرگەلەکێشان بەهەموو جۆرەکانیەوە. 3- چالاکی دوور لە پەروەردە و فێرکردن و ڕێکلامی بازرگانی و چالاکی سیاسی. 4- بەکارهێنانی توندوتیژی جەستەیی و دەروونی و مەعنەوی و ڕەفتاری یەکتر شکاندن. 5- بەکارهێنان و خستنەڕووی ئەو دروشمانەی لەگەڵ بنەماکانی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی گەلی کوردستان ناگونجێن. دووەم: ئەو کەسەی سەرپێچی خاڵەکانی بڕگەی (یەکەم)ی ئەم ماددەیە دەکات، بەپێی ڕێنمایی وەزارەت سزای کارگێڕی دەدرێت، بێ ئەوەی ڕێگە لە هەر سزایەکی دیکە بگرێت ، کە لە یاسایەکی دیکەی بەرکاردا دەقنووسکراوە. سێیەم: بنەماکانی پەیڕەوی خوێندن و ڕێکخستنی هەڵسوکەوتی قوتابیان و خوێندکاران بەپێی ڕێنمایی وەزارەت ڕێکدەخرێن، بە ڕەچاوکردنی ئەوەی کە سزای دوورخستنەوەی قوتابیانی قۆناغی بنەڕەتی لەماوەی یەک ساڵی خوێندندا نابێت لە (10) دە رۆژ زیاتر بێت.

مادده‌ی (38)

متن المادە :

مادده‌ی (38) سیستمى یەکپۆشى بۆ قوتابیان و خوێندکاران لە دامەزراوە پەروەردەییەکاندا پەیڕەو دەکرێت، وەزارەت بە ڕێنمایى شێوازەکەى دیاریدەکات، و هەر گوڕانکارییەکیش بکات، دەبێت پێش کۆتاییهاتنى مانگى ئایار گشت دامەزاروە پەروەردەییەکانى لێ ئاگادار بکاتەوە.

مادده‌ی (39)

متن المادە :

مادده‌ی (39) پێویستە قوتابی و خوێندکار لە وانەکان ئامادە و بەشداربن، لانی زۆری ڕۆژانی ئامادەنەبوونی قوتابی و خوێندکار، بە ڕێنماییەک ڕێکدەخڕێت کە لەلایەن وەزیرەوە دەردەکرێت.

مادده‌ی (40)

متن المادە :

مادده‌ی (40) یەکەم: پێویستە هەموو قوتابخانەیەکی خوێندنی بنەڕەتی لە یەک بازنەی خوێندن کەمتر لە خۆ نەگرێت، جگە لە گوند و ناوچە دوورەدەستەکان. دووەم: پێویستە هەموو خوێندنگەیەکی ئامادەیی هەر سێ پۆلەکانی دەیەم، یازدەیەم و دوازدەیەم لەخۆ بگرێت، لە کاتی کردنەوەی خوێندنگەیەکی نوێ دەکرێت بە یەک پۆل دەستپێبکرێت. سێیەم: پێویستە هەموو پەیمانگەیەکی پەروەردەیی پیشەیی هەر (5) پێنج قۆناغەکانی خوێندن لەخۆ بگرێت، لە کاتی کردنەوەی پەیمانگەیەکی پەروەردەیی پیشەیی نوێ دەکرێت بە قۆناغی یەکەم دەستپێبکرێت.