المواد القانونية
ماددهی (1) بۆمەبەستى حوکمەکانى ئەم یاسایە، ئەم زاراوە و دەستەواژانەی خوارەوە ماناکانی بەرامبەریان دەگەیەنن:- یەکەم/ هەرێم: هەرێمى کوردستان ــ عێراق. دووەم/ ئەنجومەنى وەزیران: ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم. سێیەم/ دەستە: دەستەیەکى دڵنیاکەرەوەى زانستى متمانە بەخشینە بەدامەزراوەکان و پرۆگرامەکانى پەرەوەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێم، كە بە پێی ئەم یاسایە دامەزراوە، بۆ پاڵپشتى و هاریکاری هەردوو وەزارەتى پەرەوەردە و وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و دامەزراوەکانى پەروەردەیی، بە ئامانجى دڵنیابوونەوە لە کواڵتیى پەرەوەردە و خوێندنى باڵا. چوارەم/ ئەنجومەن: ئەنجومەنى باڵاى دەستە. پێنجەم/ دامەزراوەکان و پرۆگرامەکانى پەروەردە و خوێندنی باڵا: دامەزراوەکان و پرۆگرامەکانى پەروەردە و خوێندنى باڵا سەر بە هەردوو وەزارەتى پەروەردە و خوێندنى باڵا و توێژنەوەى زانستى لە هەرێم و هەر دامەزراوەیەکى تری پەروەردەیی. شەشەم/ بڕوانامەى متمانەیى: بەخشینى متمانەیە بە دامەزراوەکان و پرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنى باڵا، دوای دڵنیابوون لەوەى کە دامەزراوەکانى پەروەردە و خوێندن هەموو پێداویستى و پێوەرەکانى متمانە بەخشینیان جێبەجێ کردووە، لەلایەن دەستەوە دەدرێت.
ماددهی (2) ئامانجەکانى ئەم یاسایە بریتین لە دڵنیابوونەوە لە:- یەکەم/ پاراستنى کوالێتى پەروەردە و خوێندنی باڵا، بە شێوەیەکى یەکسان بۆسەرجەم قوتابیان، لەڕێگەى داڕشتن و دروستکردنى کولتورى ڕۆشنبیری هەڵسەنگاندن و بەرەو پێشچوونى بەردەوام. دووەم/ بەرزکردنەوەى ئاستى پەرەوەردەیى وزانستی دامەزراوەکانى پەرەوەردە و خوێندنی باڵا. سێیەم/ بەدیهێنانى ئامانجە گشتییەکانى دامەزراوەکانى پەروەردە و خوێندنی باڵا، بە مەبەستی پێگەیاندنى نەوەیەکى بەرپرسیار و هۆشیار و بەرهەمدار.
ماددهی (3) یەکەم/ دەستەیەک بەناوى (دەستەى متمانە بەخشین بە دامەزراوەکان و پڕۆگرامەکانى پەروەردە و خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستانى - عێراق) دادەمەزرێت و خاوەن کەسێتی مەعنەویى و سەربەخۆیى دارایی و کارگێڕى دەبێت . دووەم/ دەستە سەرۆکێکی دەبێت کە لەلایەن ئەنجومەنى باڵا دیاریدەکرێت، و بەرپرس دەبێت لە ئاڕاستەکردنى کارەکانى و گشت ئەو بابەتانەى پەیوەندیان بە ئەرکەکانى دەستە و سەرجەم کاروبارەکانیەوە هەیە. سێیەم/ دەستە لەم پێکهاتانەى خوارەوە پێک دێت، و لەلایەن سەرۆکى دەستەوە سەرپەرشتى دەکرێن:- 1. بۆردى متمانە بەخشینى پەروەردەیى . 2. بۆردى متمانە بەخشینى خوێندنى باڵا. 3. فەرمانگەى یاسایی و کارگێڕی و دارایی. چوارەم/ پێکهاتەکانى بۆردى متمانە بەخشینى پەروەردەیی و بۆردى متمانە بەخشینى خوێندنى باڵا و فەرمانگەکانى دەستە و لقەکانى، و ئەرک دەسەڵاتەکانیان، بە پەیڕەوێکى ناوخۆ دیاری دەکرێن کە دەستە پێشنیاری دەکات و ئەنجومەنى باڵا پەسەندى دەکات. پێنجەم/ دەستە لەکاتى پێویستدا دەتوانێت بەڕێوەبەرایەتى و بەش و هۆبە بهێنتە کایەوە یان لێکیان بدات یان هەڵیانبوەشێنێتەوە .
ماددهی (4) ئەرکەکانى دەستە بریتین لە:- یەکەم/ دانانى پێوەرى گونجاو بۆچەسپاندنى بنەماکانى متمانە بەخشین، بە جۆرێک هاوتەریب بێت لەگەڵ پێوەرە کارپێکراوە نێودەوڵەتییەکان کە دەستەبەرى نایابى ئەکادیمى و پەروەردەیى و ئەنجامەکانى کۆى پڕۆسەى خوێندن و فێربوون بکات . دووەم/ دڵنیابوون لەوەى کە دامەزراوەکانى پەروەردەیى و خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى پەیڕەوى پێوەر و ستانداردە نێودەوڵەتییەکانى متمانە بەخشین لە پڕۆگرامەکانى خوێندن دەکەن، لەڕێگەى ڕێکخستنى میکانیزمەکانى پرۆسەى متمانە بەخشین و بەکارهێنانى ئامرازەکانى پێداچونەوەى هاوشێوە و چاودێریکردنیان. سێیەم/ پشتیوانیکردنى هەردوو وەزارەتى پەروەردە و خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ دانانى سیاسەتى گشتى و پلان و پەرەپێدانى توانا مرۆییەکانى تایبەت بە پرۆسەى بەدەستهێنانى بڕوانامەى متمانەیى بۆ دامەزراوەکانی پەروەردە و خوێندنى باڵا و پرۆگرامەکانى خوێندن، و فەراهەمکردن و بە دەستهێنانی بودجە و پشتوانی دارایى بۆ ئەو دامەزراوانە بۆ پڕکردنەوەى پێداویستییەکانى بەدەستهێنانى ئەو بڕوانامەیە بەپێى پێوەرە کارپێکراوەکان .
ماددهی (5) یەکەم/ ئەنجومەنى باڵا سەرپەرشتى دەستە دەکات، و پێوەر و سیاسەتى گونجاو بۆ متمانە بەخشین و ڕێسا و ڕێکسازییەکان بۆ جێبەجێبکردنیان، پەسەند دەکات. دووەم/ پێکهاتە و ئەرک و دەسەڵاتەکانى ئەم ئەنجومەنە بە پەیڕەوێک ڕێک دەخرێت، کە ئەنجومەنى وەزیران دەریدەکات.
ماددهی (6) یەکەم/ دەستە بودجەیەکى تایبەتى لە ناو بودجەى گشتى هەرێمدا دەبێت. دووەم/ دەستە بۆى هەیە ببێتە خاوەنى مایەى گوێزراوە و نەگوێزراوە، و ئەنجامدانی گشت ئەو ڕەفتارە یاساییانەى بۆ هێنانەدى ئامانجەکانى پێویستن، لە نێویشیاندا ئەنجامدانى ئەو گرێبەستانەى کە تایبەتن بە بەدیهێنانى ئەرکەکانى دەستە، و قبوڵکردنى یارمەتى و بەخشین ودیارى.
ماددهی (7) دامەزراوەکانى پێکهاتوو بەپێى ئەم یاسایە، جێگەى وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ناگرنەوە، لەو ئەرک و دەسەڵاتانەى لە یاساى تایبەتى ئەو وەزارەتانە بۆیان دەستنیشان کراوە.
ماددهی (8) کار بە دەقى هیچ یاسا یان بڕیارێک ناکرێت کە لەگەڵ حوکمەکانى ئەم یاسایەدا ناکۆک بێت.
ماددهی (9) ئەنجومەنى وەزیران و لایەنە پەیوەندارەکان حوکمەکانى ئەم یاسایە جێبەجێ دەکەن.
ماددهی (10) ئەم یاسایە لە ڕیكەوتی بڵاوكردنەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمی (وەقایعی كوردستان)دا، جێبەجێ دەكرێت.
- تم نشر هذا القانون في جريدة الوقائع العراقية
- تأكد من مراجعة النص الرسمي للأنظمة والقوانين قبل الاعتماد عليها في المحكمة