ماددهی (6) یەکەم: 1. سەرۆکى یەکە کارگێڕییەکان بەهاماهەنگى لایەنە پەیوەندیدارەکان، شوێنى بازاڕ وگۆڕەپانی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵی ماڵێ و پێشانگاکانى خستنەڕووى ئاژەڵان بە ڕەچاوکردنی یاسا و پێڕەو و ڕێنماییە بەرکارەکان، دیاریدەکەن. 2. بەڕێوەبەرایەتی چاودێری مەرجى تەندروستی و تەکنیکی ئەو گۆڕەپان و پێشانگایانەى کە لەخاڵی (1)ی ئەم بڕگەیەدا هاتوون، لە ئەستۆ دەگرێت. دووەم: مامەڵەکردن بە ئاژەڵ و پەلەوەرى کێوى لە گۆڕەپان و پێشانگاکانى کڕین و فرۆشتنی هاتوو لە خاڵى (1)ى بڕگەی (یەکەم)ی ئەم ماددەیە قەدەغەیە. سێیەم: 1. هەر کەسێک، لە شوێنێکى بەدەر لەو شوێنانەی کە بە ڕێکاری هاتوو لە بڕگەی (یەکەم)ی ئەم ماددەیە دیاریدەکرێت کڕین یان فرۆشتن ئەنجام بدات، بە پێبژاردنێک کە لە (250.000) دووسەد و پەنجا هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە (500.000) پێنج سەد هەزار دینار زیاتر نەبێت سزا دەدرێت. 2. خاوەنی شوێنی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵی ماڵێ و خاوەنی شوێنی بەخێوکردنی بەکۆمەڵی ئاژەڵ، و پێشانگاکانى خستنەڕووى ئاژەڵان بە پێبژاردنێک کە لە (250.000) دووسەدو پەنجا هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە(1.000.000) یەک ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، بۆ هەر سەرپێچییەکى بڕگەی (دووەم)ی ئەم ماددەیە، سزا دەدرێت. 3. سزای هاتوو لەم بڕگەیەدا دەبێت بە دوو هێندە، لە کاتی دووبارە بوونەوەی هەمان سەرپێچی. 4. سەرباری سەپاندنی سزای هاتوو لە خاڵی (3)ی ئەم بڕگەیە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی دەتوانێت بەشێوەى کاتى یان هەمیشەیی، بڕیاری داخستنی شوێنەکە بدات.
الموضوع: مامەڵەکردن بە ئاژەڵ,پێشانگاکانی خستنەڕووى ئاژەڵان,سزا بۆ سەرپێچی,چاودێری مەرجى تەندروستی و تەکنیکی