مادده‌ی بیسته‌م: یه‌كه‌م: هه‌ڵگرتن و ئاگركردنه‌وه له ده‌ره‌وه‌ی خانوو بیناكان له‌نێو سنووری دارستانه‌كانی هه‌رێم و له ده‌وروبه‌ری به درێژایی (200) مه‌تر له سنووره‌كه‌یه‌وه، قه‌ده‌غه ده‌كرێت. دووه‌م: رێگه نادرێت ئاگر به‌كاربهێنرێت له‌ناو چادر و شوێنی ئیشكردن و كارگه دامه‌زراوه كاتییه‌كان كه ده‌كه‌ونه ناو دارستانه‌كانی هه‌رێم یا به دووری (200) مه‌تر له سنووره‌كه‌یه‌وه‌ن، ته‌نها بۆ مه‌به‌ستی چێشت لێنان و خۆگه‌رمكردنه‌وه نه‌بێت، له‌م حاڵه‌ته‌شدا ڕێ‌و شوێنی پێویست ده‌گیرێته‌به‌ر. سێیه‌م: رێگه نادرێت به دامه‌زراندنی هیچ ده‌زگایه‌كی پیشه‌سازی یا دامه‌زراوه‌یه‌ك كه ئاگر به‌كاردێنێت، یا كۆگای مادده‌ی تیشكده‌ر، یا دروستكردنی خانووێك كه ڕووبه‌ره‌كه‌ی له (120/م2) زیاتر بێت، له‌ناو دارستانه‌كانی هه‌رێم یا له دووری كه‌متر له (500) مه‌تر له هه‌ر سنوورێكی دارستانه‌كاندا، به‌بێ به‌ده‌ستهێنانی مۆڵه‌تی وه‌زاره‌ت، هه‌روه‌ها روونكردنه‌وه‌ی پێویست ده‌رده‌كرێت له‌نێو رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌ت بۆ ئه‌م بابه‌ته. چواره‌م: هیچ كه‌س بۆی نییه ئاگر بكاته‌وه له‌نێو دارستانه‌كانی هه‌رێمدا یا له نزیكی كه‌متر له (300) مه‌تر، ته‌نها به مۆڵه‌تی لایه‌نی به‌رپرس له پاراستنی دارستانه‌كانه‌وه نه‌بێت. پێنجه‌م: پێویسته له‌سه‌ر وه‌زاره‌ت به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لایه‌نه هونه‌رییه‌كان پێداویستی و ئامرازه‌كانی ئاگركوژاندنه‌وه‌ی میكانیكی و ده‌ستیی ده‌سته‌به‌ر بكات و تاوه‌ری چاودێری و نه‌هێشتنی ئاگر دروست بكات له‌و ناوچانه‌ی دارستان تێیدا چڕه یا ناوه‌ندییه. شه‌شه‌م: وه‌زیری كشتوكاڵ وسه‌رچاوه ئاوییه‌كان، یان ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پێده‌دات، بۆی هه‌یه په‌نا به‌رێته به‌ر ده‌سه‌ڵاتی كارگێڕی ناوچه‌كه بۆ به‌كارهێنانی ئامراز و ئۆتۆمبێل و ئامێره‌كان بۆ گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی پێویست بۆ خۆپاراستن له ئاگركه‌وتنه‌وه.
الموضوع: هه‌ڵگرتن و ئاگركردنه‌وه له ده‌ره‌وه‌ی خانوو بیناكان,رێگه نادرێت ئاگر به‌كاربهێنرێت له‌ناو چادر و شوێنی ئیشكردن,رێگه نادرێت به دامه‌زراندنی هیچ ده‌زگایه‌كی پیشه‌سازی,هیچ كه‌س بۆی نییه ئاگر بكاته‌وه له‌نێو دارستانه‌كانی هه‌رێمدا,پێویسته له‌سه‌ر وه‌زاره‌ت به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لایه‌نه هونه‌رییه‌كان پێداویستی و ئامرازه‌كانی ئاگركوژاندنه‌وه‌ی میكانیكی