ماددهی (12) یەکەم: 1. وەزیر لەژێر ڕۆشنایی ڕاسپاردەی بەڕێوبەرایەتی گشتی، ئاماژەپێدراو لە ماددەی (11)ی ئەم یاسایەدا، بڕیار بەسەپاندنی ڕێوشوێنی کۆتایی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پیادەکاریی زیانبەخش دەدات، بەو مەرجەی جۆر و قەبارە و ئاستی پیادەکردنی ڕێوشوێنەکە لە خۆبگرێت، و ئەم بڕیارە لە ماوەی (10) دە ڕۆژ لە ڕێکەوتی دەرچوونیەوە ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران کرێت بۆ پەسەندکردنی. 2. ئەگەر گرتنەبەرى ڕێوشوێنی کۆتایی ڕەتبکرێتەوە، پاڵپشت بەهەمان ئەو بابەت و هۆکارانەى لە داواکاریی یەکەمدا هاتوون، بەر لە تێپەڕبوونی ماوەى (180) سەد و هەشتا ڕۆژ لە ڕێکەوتى بەرکاربوونى بڕیارى وەزیر، نابێت داواکاریەکى تر پێشکەش بکرێتەوە. دووەم: وەزیر بۆ بەرەنگاربوونەوەى پیادەکاریى زیانبەخش ئەم ڕێوشوێنە کۆتاییانەى خوارەوە دەگرێتەبەر:- 1. ڕێوشوێنى بەرەنگاربوونەوەى نوقمکردن، بە سەپاندنى ڕەسمى نوقمکردن بە جۆرێک یەکسان بێت بە پەراوێزى نوقمکردن. 2. ڕێوشوێنى قەرەبووکردنەوە، بە سەپاندنى ڕەسمى گومرگى قەرەبووکردنەوە بەپێى یاسا، کە یەکسان بێت لەگەڵ بڕی پاڵپشتیکردنى بەرهەمى هاوردەکراو بۆ هەرێم. 3. ڕێوشوێنى خۆپاراستن بۆ بەرەنگاربوونەوەى زێدە هاوردەكردنی بێ پاساو، بە سنووردارکردنی ئەو بڕەى ڕێگە بەهاوردەکردنی دەدرێت، یان سەپاندنى پێناسى گومرگى لەسەر بەرهەمى هاوردەکراو، یان زیادکردنى پێناسەکە یان هەر ڕێکارێک كە یارمەتى بەرهەمهێنى خۆماڵى بدات لەسەر خۆگونجاندن لەگەڵ بەرهەمى هاوردەکراو بەو مەرجەى کاریگەرى نەرێنى لەسەر بەرژەوەندیی گشتى و بەکاربەری ناوخۆیی نەبێت. سێیەم: سەپاندنی ڕێوشوێنی کۆتایی، تایبەت بە پاراستنی بەرهەمی کشتوکاڵی، دوای ڕەزامەندی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەبێت.
الموضوع: بڕیار بەسەپاندنی ڕێوشوێنی کۆتایی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پیادەکاریی زیانبەخش,گرتنەبەرى ڕێوشوێنی کۆتایی,سەپاندنی ڕێوشوێنی کۆتایی,پاراستنی بەرهەمی کشتوکاڵی