مادده‌ی (1)

معرف المادة: 18810

رقم المادة : 555

مادده‌ی (1) بۆ مەبەستى حوکمەکانى ئەم یاسایە، ئەم زاراوە و دەستەواژانەى خوارەوە ماناکانى بەرامبەریان دەگەیەنن: یەکەم: هەرێم: هەرێمی کوردستان-عێراق دووەم: ئەنجومەنى وەزیران: ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم سێیەم: وەزارەت: وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم چوارەم: وەزیر: وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێم پێنجەم: بەڕێوبەرایەتی گشتی: بەڕێوەبەرایەتى گشتى گەشەپێدانى پیشەسازى لە وەزارەت. شەشەم: بەرهەمە خۆماڵییەکان: کاڵاى پیشەسازى یان کشتوکاڵى ( ڕووەکى و ئاژەڵى) بەرهەمهێنراو لە ناوخۆی هەرێم و عێراق. حەوتەم: بەرهەمی هاوشێوە: بەرهەمی خۆماڵی هاوشێوەی بەرهەمی هاوردەکراو لە هەموو ڕوویەکەوە، یان هاوشێوەی بەڕێژەیەکى ڕەها لە ڕووى خەسڵەت و بەکارهێنانەوە. هەشتەم: بەرهەمی ڕکابەر(المنافس): ئەو بەرهەمە خۆماڵییەیە کە لەبەکارهێناندا کێبەرکێی بەرهەمی هاوردەکراو ئەکات ئەگەر هاوشێوەشی نەبێت. نۆیەم: نوقمکردن: هاوردەکردنی بەرهەمێک بۆ هەرێم بە نرخێکی کەمتر لە بەهای ئاسایی خۆی لە بازاڕی وڵاتی هەناردەکار. دەیەم: بەرهەمهێنە ناوخۆییەکان: ئەو بەرهمهێنەرانەن کە ڕێژەى زۆرینەی بەرهەمی هاوشێوە یان ڕکابەر بەرهەم دەهێنن، بەمەرجێک بەرهەمی نوقمکار یان پاڵپشتیکراو هاوردە نەکەن. یازدەیەم: پاڵپشتیکردن: ئەو سوودە داراییەیە کە دەوڵەتی سەرچاوە (المنشأ) یان هەناردەکار، یان هەر دامەزراوەیەکى کەرتى گشتى لەو دەوڵەتە، بە ڕاستەوخۆ یان نا ڕاستەوخۆ پێشکەشی دەکات، و دەبێتە مایەی سوودمەندبوونى بەرهەمهێن یان ئەو کەسانەی بەرهەمەکە دەگوازنەوە یان دەیفرۆشن یان هەناردەى دەکەن. دوازدەیەم: زێدە هاوردەکردنى بێ پاساو: زێدە هاوردەکردنی بەرهەمە بۆ هەرێم بە شێوەى ڕەها یان ڕێژەیی، ئەگەر نوقمکار یان پاڵپشتیکراویش نەبێت، بە جۆرێک ببێتە هۆکاری زیانگەیاندنی ڕاستەوخۆ یان ئەگەرى زیانگەیاندن بە ئەو دامەزراوە خۆماڵیانەی کە بەرهەمى هاوشێوە یان ڕکابەر بەرهەم دەهێنن. سێزدەیەم: زیان: ئەو زیانانەن کە ڕوویانداوە یان ئەگەری ڕوودانیان هەیە، و دەبنە هۆی ئاستەنگ دروستکردن لە بەردەم کەرتی پیشەسازیی یان کشتوکاڵی خۆماڵی، بەهۆی نوقمکردن یان پاڵپشتیکردن یان زێدە هاوردەكردنی بێ پاساو. چواردەیەم: پیادەکاریی زیانبەخش: نوقمکردن یان پاڵپشتیکردن یان زێدە هاوردەكردنی بێ پاساو دەگرێتەوە. پازدەیەم: نرخی ئاسایی: بریتییە لەو نرخەی کە بەرهەمە هاوردەکراوەکەی پێ دەخرێتە بەردەم بەکاربەر لە خوودی وڵاتی هاوردەلێکراو. شازدەیەم: پەراوێزى نوقمکردن: جیاوازى نێوان بەهای ئاسایی بەرهەمى هاوردەکراو و نرخى هەناردەکردنیەتی. حەڤدەیەم: لێکۆڵینەوە: ئەو ووردبینی و بەدواداچوونەیە کە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بۆ دڵنیابوون لە ڕاستی و دروستی بەڵگەنامە و زانیارییە پێشکەشکراوەکان، ڕوودانی پیادەکاریی زیانبەخش، زیانە لێکەوتەکانی و بوونی پەیوەندی هۆکاریی لە نێوانیاندا، ئەنجامیدەدات. هەژدەیەم: ڕێکاری خێرا: ئەو ڕێکارانەن کە بەشێوەیەکی کاتی، تا یەکلایی کردنەوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوە، بۆ ڕاگرتن یان کەمکردنەوەی کاریگەریی پیادەکاریی زیانبەخش لەسەر بەرهەمی خۆماڵی بابەتی لێکۆڵینەوە، پیادەدەکرێن. نۆزدەیەم: ڕێوشوێنی کۆتایی: ئەو ڕێوشوێنانەن کە دوای کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکان و سەلماندنی پیادەکاریی زیانبەخش و زیانە لێکەوتەکانی و پەیوەندی هۆکاریی لە نێوانیاندا، بە بڕیاری وەزیر بۆ پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی، دەگیرێنەبەر.

الموضوع: هەرێم,ئەنجومەنی وەزیران,وەزارەت,وەزیری بازرگانی و پیشەسازی,بەرهەمە خۆماڵییەکان,بەرهەمی هاوشێوە,بەرهەمی ڕکابەر,نوقمکردن,بەرهەمهێنە ناوخۆییەکان,پاڵپشتیکردن,زێدە هاوردەکردنى بێ پاساو,زیان,پیادەکاریی زیانبەخش,نرخی ئاسایی,پەراوێزى نوقمکردن,لێکۆڵینەوە,ڕێکاری خێرا,ڕێوشوێنی کۆتایی