ماددەى (5)

معرف المادة: 17697

رقم المادة : 517

ماددەى (5): لیژنەی باڵا ئەم ئەركانەی خوارەوە لە ئەستۆ دەگرێت: یەكەم: دانانی سیاسەتی گشتی بۆ هاوردەكردنی هەر جۆرێكی ماددە هۆشبەر و كارتێكارە عەقڵیی و پێشینە كیمیاییەكان، هەناردەكردن، گواستنەوە، بەرهەمهێنان، دروستكردن، گرتنەوە، شیكردنەوە، چاندن، بەخاوەنبوون، دەستداری و بەدەستهێنان (إحراز)، بازرگانیپێكردن، كڕین، فرۆشتن، ڕادەستكردن، وەرگرتن، نووسینی بەراچێتەی پزیشكیی، پێدانی لە دەرمانخانەكان و هێنانی بەهەر رێگایەك، یان نێوەندگیریكردن لە هەریەكێك لەم كردانە بۆ مەبەستەكانی پزیشكی یان زانستی یاخود پیشەسازی، بەو مەرجەی بەپێی مۆڵەتی وەزیر بێت، لە چوارچێوەی سیاسەتی گشتیی هەرێمدا. دووەم: هەماهەنگیكردن و هاریكاریی لەگەڵ وەزارەت و لایەنەكانی دیكەی تایبەتمەند لە كاروباری ماددە هۆشبەر و كارتێكارە عەقڵییەكان لە هەرێم، بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی ئەم یاسایە. سێیەم: هەماهەنگیكردن لەگەڵ لایەنە تایبەتمەندەكانی حكومەتی فیدراڵی بۆ هێنانەدیی ئامانجەكانی ئەم یاسایە. چوارەم: دانانی ستراتیژی نیشتمانیی گشتگیر بۆ نەهێشتنی بازرگانیپێكردنی ناڕەوا بە ماددە هۆشبەرەكان و خراپ بەكارهێنانی كارتێكارە عەقڵیی و پێشینە كیمیاییەكان، سەرەڕای ئامادەكردنی پلان و پرۆگرام بۆ جێبەجێكردنیان. پێنجەم: گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ نەهێشتنی دیاردەی بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان و خراپ بەكارهێنانی كارتێكارە عەقڵییەكان، بەپێیی میتۆدێكی زانستی، چاكسازیی و چارەسەركاریی كەسانی ئالوودەبوو. شەشەم: دیاریكردنی بڕی ئەو ماددە هۆشبەر و كارتێكارە عەقڵی و پێشینە كیمیاییانەی، كە دەبێت ساڵانە هاوردەبكرێن یان هەناردەبكرێن یان بگوازرێنەوە یان بەرهەمبهێنیرێن، یاخود بۆ مەبەستەكانی زانستیی و پزیشكیی بچێندرێن. حەوتەم: سوودوەرگرتنی ساڵانە لە ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان، بۆ مەبەستی بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی گشتیی سەبارەت بە مەترسیەكانی بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان، یان بازرگانیپێكردنی ناڕەوا پێیان، یاخود خراپ بەكارهێنانی ماددە هۆشبەر و كارتێكارە عەقڵیی و پێشینە كیمیاییەكان، و هاندانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، پەیوندیدار بە پرسەكانی نەهێشتنی بازرگانیپێكردنی ناڕەوا بە ماددەی هۆشبەر و كارتێكارە عەقڵییەكان، یان خراپ بەكارهێنانیان، و كۆمەككردنیان لەڕووی مەعنەوییەوە. هەشتەم: هاندانی لێكۆڵینەوە و توێژینەوەی زانستی لە بوارە جیاجیاكانی تایبەت بە نەهێشتنی بازرگانیپێكردنی ناڕەوا بە ماددە هۆشبەر و كارتێكارە عەقڵییەكان و خراپ بەكارهێنانیان، ئەنجامدانی پێشبڕكێی ساڵانە، و بەخشینی پاداشتی ماددی و هاندان و بەخشینی خەڵاتی نەختینە بە سەركەوتووان. نۆیەم: پێشنیازكردن بۆ دامەزراندن و پەرەپێدانی دامەزراوەی تەندروستیی تایبەت بە چارەسەركردنی كەسانی ئالودەبوو بە ماددە هۆشبەر و كارتێكارە عەقڵییەكان، و دەستەبەركردنی پێداویستیە بنەڕەتیەكانی، لە فەرمانبەرانی لێهاتوو بۆ ئەم چارەسەرییە، لەگەڵ ئامێر و كەرەستەی پێویست. دەیەم: گرێبەستكردن لەگەڵ شارەزایانی خاوەن لێهاتوویی زانستی و پراكتیكی، بۆ سوود وەرگرتن لێیان لەهەر بوارێك لەو بوارانەی هاوكاربێت لە هێنانەدی ئامانجەكانی ئەم یاسایە. یازدەیەم: پێكهێنانی لیژنەی تایبەتمەند لەهەر كاروبارێك لە كاروبارەكانی ماددە هۆشبەر و كارتێكارە عەقڵیی و پێشینە كیمیاییەكان. دوازدەیەم: هاندانی كادیرە پزیشكیی و كۆمەڵایەتییەكان بۆ كاركردن لەو دامەزراوانەی پەیوەندیدارن بە نەهێشتنی ماددە هۆشبەر و كارتێكارە عەقڵییەكان و چارەسەركردنی ئالوودەبووان بە ماددە هۆشبەرەكان. سیانزدەیەم: نوێكردنەوەی ئەو خشتانەی كە هاوپێچی ئەم یاسایەن لە (1 تا 11)، بەجۆرێك كە بگونجێت لەگەڵ ئەو ڕێكەوتننامە نێودەوڵەتییانەی لەلایەن كۆماری عێراقی فیدراڵەوە واژۆكراون و پەیڕەودەكرێن و هەروەها بە سوود وەرگرتن لە ڕێكخراوی تەندورستی جیهانی.

الموضوع: دانانی سیاسەتی گشتی بۆ هاوردەكردنی ماددە هۆشبەر و كارتێكارە عەقڵیی,هەماهەنگیكردن و هاریكاریی لەگەڵ وەزارەت و لایەنەكانی دیكە,دانانی ستراتیژی نیشتمانیی گشتگیر بۆ نەهێشتنی بازرگانیپێكردنی ناڕەوا,گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ نەهێشتنی دیاردەی بەكارهێنانی ماددە هۆشبەر,دیاریكردنی بڕی ماددە هۆشبەر و كارتێكارە عەقڵیی