ماددەى (1)

معرف المادة: 17693

رقم المادة : 517

ماددەى (1): بۆ مەبەستەكانی ئەم یاسایە، ماناكانی ئەم دەستەواژە و زاراوانەی خوارەوە، لە بەرامبەریاندا دانراون: یەكەم: هەرێم: هەرێمی كوردستان - عێراق. دووەم: وەزارەت: وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان - عێراق. سێیەم: وەزیر: وەزیری تەندروستی هەرێمی كوردستان - عێراق. چوارەم: سەندیكای دەرمانسازان: سەندیكای دەرمانسازانی هەرێمی كوردستان - عێراق. پێنجەم: سەندیكای پزیشكان: سەندیكای پزیشكانی هەرێمی كوردستان - عێراق. شەشەم: ماددە هۆشبەرەكان: هەر ماددەیەكی سروشتی یان پێكهێنراوە لەو ماددانەی كە لە خشتەكانی (یەكەم و دووەم و سێیەم و چوارەم)ی هاوپێچی ئەم یاسایەدا هاتوون. حەوتەم: كارتێكارە عەقڵییەكان: هەر ماددەیەكی سروشتی یان پێكهێنراوە لەو ماددانەی لە خشتەكانی (پێنجەم و شەشەم و حەوتەم و هەشتەم)ی هاوپێچی ئەم یاسایەدا هاتوون. هەشتەم: پێشینە كیمیاییەكان: ئەو توخم یان پێكهاتە كیمیاییانەیە كە دەچنە ناو دروستكردنی دەرمانی پزیشكیی خاوەن كاریگەریی دەروونی، و وردەكارییەكانی لە هەردوو خشتەی (نۆیەم و دەیەم)ی هاوپێچی ئەم یاسایەدا هاتووە. نۆیەم: بازرگانیپێكردن: بەرهەمهێنان، دروستكردن، دەرهێنان، گرتنەوە، دەستداری، پێشكەشكردن، خستنەڕووە بۆ فرۆشتن، ڕەواجپێدان، دابەشكردن، كڕین و فرۆشتن، ڕادەستكردن بە هەر سیفەتێك، دەڵاڵیكردن، ناردن، پێداڕۆیشتن بە (ترانزێت)، گواستنەوە، هاوردەكردن، هەناردەكردن و نێوەندگیریكردنە لە نێوان دوو لایەندا لە یەكێك لەو كردانەی لەم بڕگەیەدا هاتوون. دەیەم: بازرگانیپێكردنی ناڕەوا: چاندنی ماددە هۆشبەرەكان یان بازرگانیپێكردنیان، یاخود بازرگانیپێكردن بە كاتێكارە عەقڵیی یان پێشینە كیمیاییەكان، بە پێچەوانەی ئەو حوكمانەی لەم یاسایەدا هاتوون. یازدەیەم: هاوردەكردن: هێنانی ماددەی هۆشبەر، كارتێكارە عەقڵیی و پێشینە كیمیاییەكان بۆ ناو هەرێم. دوازدەیەم: هەناردەكردن: بردنەدەرەوە یان گواستنەوەی ماددە هۆشبەر، كارتێكارە عەقڵیی و پێشینە كیمیاییەكانە بۆ دەرەوەی هەرێم، چ لە ناوەوەی عێراق، یان بۆ وڵاتانی دیكە، یاخود بە ڕێگای تێپەڕبوون (ترانزێت). مانای زارەوەی هەناردەكردن، سەرلەنوێ هەناردەكردنیش دەگرێتەوە، تەنها مەگەر بەڵگینەیەك (قرینە) هەبێت لەسەر پێچەوانەكەی. سیازدەیەم: دەستداری (حیازە) و خاوەنداریەتی: دەستداریی ماددە هۆشبەر و كارتێكارە عەقڵیی و پێشینە كیمیاییەكانە، بە هەر سیفەتێك بێت و بۆ هەر مەبەستێك بێت. چواردەیەم: دروستكردن: گشت پرۆسەكانی بەدەستهێنانی ماددە هۆشبەر یان كارتێكارە عەقڵییەكانە، كە پاڵفتەكردن و گۆڕینیان لە شێوەیەك بۆ شێوەیەكی دیكە دەگرێتەوە. پرۆسەی گۆڕینیش واتە گۆڕینی ماددەیەكە لە شێوەی یەكەمیەوە و دروستكردنیەتی لە شێوەی دووەمیدا. پازدەیەم: بەرهەمهێنان: جیاكردنەوەی ماددەی هۆشبەر یان كارتێكارە عەقڵیی یان پێشینە كیمیاییەكانە لە بنەچە ڕووەكییەكانیان. شازدەیەم: گیراوە: هەر تێكەڵەیەكی رەق یان شل یاخود گازییە، كە ماددەی هۆشبەر لەخۆبگرێت، بەپێی ئەوەی لە بڕگەكانی (شەشەم و حەوتەم و هەشتەم)ی ماددەی (1)ی ئەم یاسایەدا هاتوون. حەڤدەیەم: ڕووەكی هۆشبەریی هەمواركراو لە ڕووی بۆهێڵەوە (جینیاً): ئەو ڕووەكە خۆڕسكانەن، كە بەمەبەستی لێدەستكەوتنی ماددە هۆشبەرەكان، لەڕووی بۆهێڵەوە هەمواردەكرێن. هەژدەیەم: پزیشك: پزیشكی مۆڵەتدراوە، بە پێی یاسای بەركاری سەندیكای پزیشكان، كە لانیكەم بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە پزیشكییدا، لە زانكۆیەك لە زانكۆكانی هەرێم، یان هاوتاكەی بەدەستهێنابێت. نۆزدەیەم: دەرمانساز: دەرمانسازی مۆڵەتدراوە، بەپێی یاسای بەركاری سەندیكای دەرمانسازان، كە لانیكەم بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە دەرمانسازییدا، لە زانكۆیەك لە زانكۆكانی هەرێم، یان هاوتاكەی بەدەستهێنابێت. بیستەم: لیژنەی باڵا: لیژنەی باڵای نەهێشتنی ماددە هۆشبەر و كارتێكارە عەقڵییەكانی پێكهێنراوە بەپێی حوكمەكانی ئەم یاسایە. بیست و یەكەم: گەڕانەوە: دووبارەكردنەوەی هەمان تاوان یان زیاتر لە تاوانێك، لەوانەی كە لەم یاسایەدا دەقنووسكراوە، دوای دەرچوونی حوكمی كۆتایی لەسەر تاوانی پێشتر.

الموضوع: هەرێم,وەزارەت,وەزیر,سەندیكای دەرمانسازان,سەندیكای پزیشكان,ماددە هۆشبەرەكان,كارتێكارە عەقڵییەكان,پێشینە كیمیاییەكان,بازرگانیپێكردن,بازرگانیپێكردنی ناڕەوا,هاوردەكردن,هەناردەكردن,دەستداری (حیازە) و خاوەنداریەتی,دروستكردن,بەرهەمهێنان,گیراوە,ڕووەكی هۆشبەریی هەمواركراو لە ڕووی بۆهێڵەوە,پزیشك,دەرمانساز,لیژنەی باڵا,گەڕانەوە