ماددەى (4):
یەكەم: یەكخستن و ڕێكخستنی یەكەكانی ژمێریاری لە گشت یەكەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، ڕێكخراو و ڕێكنەخراو لە چوارچێوەی هەیكەلیەتی وەزارەتی (كاروباری پێشمەرگە) لە یەك یەكەی ژمێریاری كە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجە و بەرنامەكان (ژمێریاری سەربازی) سەر بە وەزارەتی (كاروباری پێشمەرگە)ی هەرێمی كوردستانە.
دووەم: یەكەكانی ژمێریاری پێویستە لە ژێر وردبینی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان، و (فەرمانگەی چاودێری دارایی) هاتوو لە ماددەی (3) لە یاسای ژمارە (19)ی ساڵی 2007 یاسای (وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە لە هەرێمی كوردستان) هاوشێوەی هێزە ڕێكخراوەكانی سەر بە وەزارەتی ناوبراو بێت.
سێیەم: پێویستە وەزیری كاروباری پێشمەرگە دەسەڵاتی تەواو بە پێی یاسا بەركارەكان بدات بە فەرمانگەی (چاودێری دارایی) سەر بە وەزارەتی (كاروباری پێشمەرگە) بۆ ووردبینیكردنی لیستی پێشمەرگە و دروستكردنی دۆسیەی كەسی بە پێداویستییە یاساییەكانەوە، و پێداچوونەوە بە خزمەتی پێشمەرگایەتی لە گشت یەكەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، ڕێكخراو و ڕێكنەخراو لە چوارچێوەی هەیكەلییەتی وەزارەتی (كاروباری پێشمەرگە) بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی میلاكی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجە لە وەزارەتی (دارایی و ئابووری).
چوارەم: پێویستە دەستنیشانكردنی ژمارەی پاسەوانان بۆ بارەگا و دامەزراوە حزبییەكان و هەروەها پاسەوانی پارێزگاری لە خاوەن وەزیفە باڵاكان و بەرپرسانی سەربازی و ئاسایشی ناوخۆ، بە هەماهەنگی و بەپێی پەیڕەوێك ڕێكبخرێت كە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەردەچێت، و ئەوانەی زیاد دەبن لە ژمارەی دیاریكراو لەو پەیڕەوە لە چوارچێوەی میلاكی سەربازی و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ بەپێی شایستەبوونی خۆیان ڕاژەیان ڕێكدەخرێتەوە.
پێنجەم: گواستنەوەی گشت پاسەوانەكان بۆ سەر میلاكی هێزەكانی یەكەی پاسەوانی لە وەزارەتی (ناوخۆ) و بە هیچ جۆرێك نابێت پاسەوان لەسەر میلاكی هیچ یەكەیەكی تری سەربازی یان هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ بێت جگە لە یەكەی پاسەوانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، و خەرجكردنی مووچەی پاسەوانی تەنها لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاری وەزارەتی ناوخۆ دەبێت دوای هاوتاكردن و یەكخستنیان.
شەشەم: پێداچوونەوە و رێكخستنەوەی لیستی سوودمەندانی خانەنشینی كەمئەندامانی پێشمەرگە لەبەر ڕۆشنایی یاسای ژمارە (34)ی ساڵی 2007 یاسای خانەنشینی كەمئەندامانی پێشمەرگە(زێرەڤانی) هەرێمی كوردستان - عێراق ، و هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی ئەو كەسانەی كە بە پێچەوانەی یاسای ناوبراو خانەنشین كراون.
الموضوع: یەكخستن و ڕێكخستنی یەكەكانی ژمێریاری لە گشت یەكەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان,ژمێریاری پێویستە لە ژێر وردبینی دیوانی چاودێری دارایی,دەسەڵاتی وەزیری كاروباری پێشمەرگە,دەستنیشانكردنی ژمارەی پاسەوانان بۆ بارەگا و دامەزراوە حزبییەكان,گواستنەوەی گشت پاسەوانەكان بۆ سەر میلاكی هێزەكانی یەكەی پاسەوانی