ماددەى (3):
یەكەم:
1. هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو بەخشین و ئیمتیازاتە داراییانەی كە خەرج دەكرێن بۆ ئەو كەسانەی كە بەناوی سوودمەندی تەرخانكراوەكانی چاودێری كۆمەڵایەتی و خاوەن پێداویستی تایبەت و كەمئەندامان، بەدەر لە یاسا و ڕێنماییە كارپێكراوەكان خۆیان تۆمار كردووە، وڕاستكردنەوەی ئەو سوودمەندییە بەپێی پێوەرەكانی سوودوەرگرتن لەو بەخشین و ئیمتیازاتانە، و لەناویشیاندا ڕێژەی پەككەوتەیی بەپێی ڕاپۆرتی لیژنەی پزیشكی ڕاستێنراو.
2. كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت لە كەسانی فەرمانبەر، لەجیاتی ئەو بەخشینەی لە تەرخانكراوەكانی چاودێری كۆمەڵایەتی، دەرماڵەی (لەبری پەككەوتەیی)یان پێدەدرێت، بەڕێژەیەك لە مووچەی بنەڕەتییان، كە ئەو ڕێژەیە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەستنیشان دەكرێت بەڕەچاوكردنی ڕێژەی پەككەوتن لەلایەن لێژنەیەكی پزیشكی پسپۆڕەوە.
دووەم: كار بە سەرجەم ئەو یاسا و بڕیار و پەیڕەو و ڕێنماییانە ناكرێت كە ڕێگە دەدەن بە سوودمەندبوون لە وەرگرتنی زیاتر لە یەك مووچە و بەخشین و هەر ئیمتیازێكی دارایی تر لە بودجەی گشتی لە ناو هەرێم و دەسەڵاتی فیدراڵی، بۆ سەرجەم سوودمەندان لە بوارەكانی شارستانی، سەربازی، هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، سوودمەندانی تەرخانكراوەكانی چاودێری كۆمەڵایەتی و خانەنشینی بە هەموو جۆرەكانی جگە لە ئیمتیازاتە داراییەكانی میراتگرانی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانی و گیراوی سیاسی و سوودمەندان بەپێی یاسای ژمارە (9)ی ساڵی 2015 (یاسای ماف و ئیمتیازاتی تاقانەكانی جینۆساید لە هەرێمی كوردستان - عێراق).
سێیەم: سەرپشككردنی ئەو كەسانەی كە بڕگەی (دووەم)ی ئەم ماددەیە دەیانگرێتەوە، كە بەپێی یاسا و ڕێنماییەكان سەرەڕای مووچە سوودمەندن لە وەرگرتنی مینحە و ئیمتیازاتی دارایی تر لە بودجەی گشتی لەناو هەرێم و دەسەڵاتی ئیتیحادی، كەدەبێت تەنها لە یەكێك لەو مووچە و مینحە و ئیمتیازاتانە سوودمەندبن.
چوارەم: لەكاتی گەڕانەوەى فەرمانبەری خانەنشینكراو بۆ وەزیفەی گشتی بە هەمیشەیی یان بە گرێبەست، سەرپشك دەكرێت لە وەرگرتنی مووچەی خانەنشینییەكەی یان مووچەی ئەو وەزیفەیەی كە پێی دامەزراوەتەوە، و لە هیچ حاڵەتێكدا نابێت سوودمەند بێت لە دوو مووچە.
الموضوع: هەڵوەشاندنەوەی بەخشین و ئیمتیازاتە داراییانە,دەرماڵەی كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت,ممنوعیت وەرگرتنی زیاتر لە یەك مووچە و بەخشین,ممنوعیت سوودمەندبوون لە دوو مووچە