ماددهی (8)
قەدەغەیە كۆمپانیا ئەم كارانەی خوارەوە ئەنجام بدات:-
یەکەم: هەر چالاکییەک لە دەرەوەى چوارچێوەى پێشکەشکردنى خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان.
دووەم: بەکارهێنانى چەک و تەقەمەنى و ئامێرەکانى پەیوەندیکردن بێجگە لەو بوارانەى ڕێگە پێدراون.
سێیەم: بەکارهێنانى چەک و ئوتۆمبێلەکانى کۆمپانیا لە دەرەوەى ئەو ناوچانەى بۆیان دیاریکراوە.
چوارەم: خاوەندارێتى یان بەکارهێنانى هەر ئوتۆمبێلێکى قەڵغان تەنها لەو بارەدا نەبێت كە بە ڕەزامەندى وەزارەت هێنرابێتە ناوەوەى هەرێم ئەگەر هاوردەکرابێت، یان لەلایەن کارگەى موڵەتدراو لەلایەن وەزارەتەوە لەناو هەرێم کرابێتە قەڵغان.
پێنجەم: دەستداریی یان عەمبارکردن یان مامەڵە پێکردنى چەکى ئاگرینی موڵەت پێنەدراو و چەکى جەنگى و کەرەستەى شیاو بۆ تەقینەوە یان تەقەمەنى.
شەشەم: هەر چالاکییەک ببێتە مایەى هەڕەشەکردن لە ئاسایش و سەقامگیرى هەرێم یان یەکێتى گەل و خاکەکەى.
حەوتەم: دروستکردنى ڕێکخستنێکى سەربازى یان ناسەربازى.
هەشتەم: هەر کارێک ببێتە مایەى دەستوەردان لە کاروبارى ناوخۆى هەر وڵاتێکى دیکە یان لێدانى بەرژەوەندییەکانیان.
نۆیەم: هەر کارێک ببێتە مایەى دەستدرێژى کردنە سەر ماف و ئازادییەکانى هاوڵاتیان و نیشتەجێبووانی هەرێم.
دەیەم: خاوەندارێتى ئەو چەکەى قەبارەى فیشکەکانى لە (7,62)ملم زیاتر بێت، جگە لەو دەمانچانەى قەبارەى فیشەکەکانیان لە (9) نۆ ملم زیاتر نییە.
یازدەیەم: خاوەندارێتى یان بەکارهێنانى چەکى بێدەنگ.
دوازدەیەم: گواستنەوەى چەک و تەقەمەنى و کەلوپەلى سەربازى لە شوێنێک بۆ شوێنێکى دیکە بەبێ ڕەزامەندى پێشوەختەى وەزارەت.
سێزدەیەم: گواستنەوەى هەر زانیارییەک کە پەیوەندى بە ئاسایشى هەرێمەوە هەیە.
الموضوع: قەدەغەی چالاکییەکان لە دەرەوە,قەدەغەی بەکارهێنانی چەک و تەقەمەنی,قەدەغەی بەکارهێنانی چەک و ئوتۆمبێل,قەدەغەی خاوەندارێتی ئوتۆمبێل,قەدەغەی مامەڵەی چەکەکان,قەدەغەی چالاکییەکان لە ئاسایش و سەقامگیرى,قەدەغەی دروستکردنی ڕێکخستنێکی سەربازى,قەدەغەی دەستدرێژى کردنە سەر ماف و ئازادییەکان,قەدەغەی خاوەندارێتی چەکەی فیشکەکان,قەدەغەی گواستنەوەی چەک و کەلوپەلی سەربازى,قەدەغەی گواستنەوەی زانیارییەکان