ماددهی (7)
کۆمپانیا پابەند دەبێت بە:
یەکەم: دابینکردنى هەڵواسگەى ڕێککراو بۆ چەکەکان، کۆگە بۆ کەلوپەل و تەقەمەنییەکان، گۆڕەپان بۆ ئوتۆمبێلەکانى لە دەرەوەى ناوچەکانى نیشتەجێبوون.
دووەم: دروستکردنى داتابەیسێک بۆ گشت چالاکییەکانى کۆمپانیا و سەرجەم ئەو زانیارییانەى پەیوەندارن بە کارمەند و ئەوانەى تر کە لەلایان کاردەکەن، ئوتۆمبێل، چەک، تەقەمەنى و کەلوپەلەکانى.
سێیەم: ڕێکخستنى دۆسیە بۆ سەرجەم کارمەندانى، و ئەوانەى تر کە لای کۆمپانیا کاردەکەن، کە بەجۆرێك داتاى هەر یەکێکیان لەخۆ بگرێت.
چوارەم: هەبوونى تێنووسى بازرگانى کە بە یاسا بڕیارى لێدراوە، و بەجۆرێك كە ئەم تۆمارنامانەى خوارەوە ڕێکبخات:-
1. تۆمارنامەى چەک و کەلوپەلى دیکەى کۆمپانیا و چۆنیەتى بردنە دەرەوەى چەکەکان و بەکارهێنانیان.
2. تۆمارنامەى جوڵە و هاتوچۆى کارمەندان و ئوتۆمبێلەکانى کۆمپانیا.
3. هەر تۆمارنامەیەکى دیکە کە وەزارەت داواى بکات.
پێنجەم: زانیارى بداتە وەزارەت دەربارەى ئەو ئوتۆمبێلە قەڵغانانەى (درع) کە کۆمپانیا خاوەنیانە یان بەکاریان دەهێنێت.
شەشەم: وەرگرتنى ڕەزامەندى پێشوەختەى وەزارەت بەر لە گرێبەستکردن لەگەڵ هەر کەس و لایەنێک، و پێدانى وێنەیەکى گرێبەستەکە بە وەزارەت لە ماوەیەک كە لە (15) پازدە ڕۆژ لە ڕێکەوتى ئەنجامدانى تێپەڕ نەکات.
حەوتەم: دەبێت هاووڵاتیانی نیشتەجێی هەرێم، ڕێژەیەك كە كەمترنەبێت لە (90%) نەوەت لەسەدی كارمەندەكانی بۆ كۆمپانیای نیشتمانی و كەمترنەبێت لە (70%) حەفتا لەسەدی كارمەندەكانی بۆ لقی كۆمپانیای بیانی، پێكبهێنن.
هەشتەم: دانەمەزراندنى هیچ کارمەندێک بەبێ ڕەزامەندى وەزارەت.
نۆیەم: پابەندکردنى کارمەندەکانى بە پۆشینى جلوبەرگى تایبەت بە کۆمپانیا کە لەلایەن وەزارەت دیارى کراوە، و پێویستە ئاڕم یان لوگۆى کۆمپانیا و ئاڵاى کوردستانى لەسەردانرابێت، و نابێت جلوبەرگى کارمەندانى کۆمپانیا لێکچوو بێت لەگەڵ جلوبەرگى هێزە ئەمنییەکان و هێزەکانى پێشمەرگە.
دەیەم: ڕادەستکردنەوەى چەک و تەقەمەنییەکان لەلایەن کارمەندانەوە بە کۆگاى کۆمپانیا لەدواى کۆتایى هاتنى هەر ئەرکێک.
یازدەیەم: ئاگادارکردنەوەى وەزارەت و فەرمانگەکانى ئاسایشى پارێزگاکان سەبارەت بە هەر تاوانێک کە لەسنورى کارى کۆمپانیا ڕوودەدات یان گومانى ڕوودانى لێدەکرێت.
دوازدەیەم: بەکارنەهێنانى هێز دژى هەر کەسێک یان کۆمەڵە کەسێک، بێجگە لەحاڵەتى بەرگریکردنى ڕەوا، بەپێى حوکمەکانى یاساى سزادانى عێراقى ژمارە (111)ى ساڵى 1969ى هەموارکراوى بەرکار یان هەر یاسایەکى دیکە کە جێگەى بگرێتەوە و یاساکانى دیکەى پەیوەندیدار.
سێزدەیەم: دڵنیاییکردن (تأمین) بەرامبەر بەو مەترسییانەى دەرئەنجامى چالاکییەکانى ڕوودەدەن، لاى کۆمپانیایەکى دڵنیایى متمانەپێکراو لە هەرێم.
چواردەیەم: دانى ئەو ڕەسمانەى لە ئەستۆیەتى بەپێى خشتەى پاشکۆى ئەم یاسایە.
پازدەیەم: دروستکردنى ناسنامەى کارمەندان لە وەزارەت و نوێکردنەوەى بەشێوەیەکى ساڵانە.
شازدەیەم: دەرکردنى ناسنامەى هەڵگرتنى چەک بۆ کارمەندان لە وەزارەت و نوێکردنەوەى بەشێوەى ساڵانە.
حەڤدەیەم: دەرکردنى باجى بەکارهێنانى ئوتومبێلى کۆمپانیا لە وەزارەت و نوێکردنەوەى بەشێوەى ساڵانە.
الموضوع: دابینکردنى هەڵواسگەى ڕێککراو بۆ چەکەکان,دروستکردنى داتابەیسێک بۆ چالاکییەکان,ڕێکخستنى دۆسیە بۆ کارمەندان,هەبوونى تێنووسى بازرگانى,زانیارى بداتە وەزارەت,وەرگرتنى ڕەزامەندى پێشوەختەى وەزارەت,پابەندکردنى کارمەندەکان,دانەمەزراندنى هیچ کارمەندێک,ڕادەستکردنەوەى چەک و تەقەمەنییەکان,ئاگادارکردنەوەى وەزارەت,بەکارنەهێنانى هێز دژى هەر کەسێک,دڵنیاییکردن بەرامبەر بەو مەترسییانەى دەرئەنجامى چالاکییەکان,دروستکردنى ناسنامەى کارمەندان,دەرکردنى ناسنامەى هەڵگرتنى چەک,دەرکردنى باجى بەکارهێنانى ئوتومبێلى کۆمپانیا