مادده‌ی (4)

معرف المادة: 11892

رقم المادة : 331

مادده‌ی (4) داواکارى وەرگرتنى موڵەت پێشکەش بە وەزارەت دەکرێت بەپێى ئەم مەرجانەى خوارەوە: یەکەم: ئەگەر کۆمپانیاکە نیشتیمانى بێت، پێویستە ئەمانەى خوارەوە هاوپێچى داواکارییەکە بکرێت: 1. بەڵگەنامەى دامەزراندن کە مەبەستەکەى تێدا ڕوونکرابێتەوە. 2. ناوى دامەزرێنەرانى. 3. ناوى بەڕێوەبەرى ڕپێدراو و ئەندامانى ئەنجوومەنى کارگێڕیى کۆمپانیاى پشکدار (المساهمة). 4. قەواڵەی خانووبەرەیەک کە بۆ بارەگاى کۆمپانیا گونجاو بێت. 5. لیستێک بە ناو و ژمارە و جۆرى ئەو چەک و کەلوپەلە سەربازییانەى کە کۆمپانیا پێویستى پێدەبێت، لەگەڵ سەرچاوەى دابینکردنیان. 6. لیستێک بەناو و جۆرى ئەو ئوتومبێلانەى کە کۆمپانیا خاوەنیانە یان پێویستى پێیاندەبێت لەگەڵ دیاریکردنى چۆنیەتى بەدەستخستنیان. 7. لیستێک بە ناو و جۆرى ئامێرەکانى پەیوەندى بێتەل و فریکوێنسى بەکارهێنانیان لەگەڵ چۆنیەتى بەدەستخستنى ئەو ئامێرانە و خەسڵەتەکانیان. 8. بەڵگەنامەی سپاردنى بارمتەیەکى نەختینە لاى یەکێک لە بانکە حکومییەکان لە هەرێم، وەک گەرەنتییەک بۆ بەرژەوەندى وەزارەت، بە بڕى (250,000,000) دوو سەد و پەنجا ملیۆن دینار. دووەم : ئەگەر لقێکى کۆمپانیاى بیانى بێت، پێویستە ئەمانەى خوارەوە هاوپێچى داواکارییەکە بکرێن: 1. بەڵگەنامەى تۆمارکردنى لقى کۆمپانیەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى گشتی تۆمارى کۆمپانیەکان لە هەرێم. 2. وێنەیەک لە گرێبەستى دامەزراندن و پەیڕەوى ناوخۆى کۆمپانیاى سەرەکى یان ئەوەى جێگەیان دەگرێتەوە. 3. وێنەیەک لە بەڵگەنامەى تۆمارکردنى لقى کۆمپانیا لەهەر وڵاتێک کە تیایدا تۆمارکراوە. 4. لیستێک بەناوى ئەندامانى کارگێڕیى کۆمپانیا و ڕەگەزنامەى هەر یەکێکیان و ناوى ئەو کەسانەى لە جیاتى کۆمپانیا بەواژۆکردن ڕاسپێردراون . 5. وێنەیەک لە نووسراوی ڕاسپاردنى بەڕێوەبەرى لق لە عێراق، کە بەشێوەى کردەیى تیایدا نیشتەجێیە، بەجۆرێک لەلایەن کارگێرى کۆمپانیا دەرچووبێت، لەگەڵ نموونەى واژۆەکەى. 6. وێنەیەک لە دوایین ژمێرەى کۆتایی کۆمپانیا لەگەڵ دوو وێنە لە ڕاپۆرتى ئەنجوومەنى کارگێڕى یان دەستەى گشتى کە هاوپێچ یان پاشکۆى ئەم ژمێرانەیە. 7. ژمارەى ئەو چەکانەى کۆمپانیا پێویستى پێیاندەبێت لەگەڵ جۆر و ژمارەکانیان و تەقەمەنى و شوێنى دروستکردنیان. 8. ژمارەى ئوتۆمبێلەکان و جۆرەکانى و شوێنى دروستکردنیان و ژمارەى تابلۆى تۆمارکردنیان، بەو مەرجەى لە فەرمانگەى هاتوچۆى تایبەتمەند بەناوى کۆمپانیا تۆمار بکرێت. 9. خستنەڕوویەكی ئامێرە بێتەلەکان، کە جۆر و ژمارەى زنجیرەیى و شوێنى دروستکردن و خەسڵەتە هونەرییەکانى دیکەیان لەخۆبگرێت، بەمەرجێك تەنها بۆ پەیوەندیکردن تەرخان کرابێت، و ملکەچ دەبێت بۆ پشکنینى وورد لەلایەن وەزارەتەوە . 10. بەڵگەنامەى سپاردنى بارمەتەیەکى نەختینە لاى یەکێک لە بانکە حکومییەکان لە هەرێم، وەک گەرەنتییەک بۆ بەرژەوەندى وەزارەت، بە بڕى (500,000,000) پێنج سەد ملیۆن دینارى عێراقى. سێیەم: پێویستە ئەو بەڵگەنامەکانەى لە خاڵەکانى (2، 3 ، 4، 5، 6)ى بڕگەى (دووەم)ى ئەم ماددەیە دا دەقنووسکراون لە نیشتیمانگەى (موطن) کۆمپانیاکە پەسەندکرابێت.

الموضوع: داواکارى وەرگرتنى موڵەت پێشکەش بە وەزارەت,پێویستە ئەمانەى خوارەوە هاوپێچى داواکارییەکە بکرێت,بەڵگەنامەى دامەزراندن,لیستێک بە ناو و ژمارە و جۆرى چەک و کەلوپەلە سەربازییانە,بەڵگەنامەى سپاردنى بارمەتەیەکى نەختینە لاى یەکێک لە بانکە حکومییەکان