مادده‌ی (12): مادده‌ی (49) ی یاساكه هه‌موار ده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه ده‌خوێندرێته‌وه: مادده‌ی (49): یه‌كه‌م: ده‌سته‌ی گشتیی سه‌ندیكا له رێگه‌ی نێردهكانییهوه له كۆنگره ئه‌م ده‌سه‌ڵات و تایبه‌تكارییانه‌ی خواره‌وه پیاده ده‌كات: 1. گفتوگۆكردنی كاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی سهندیكاو په‌سه‌ندكردن و بڕیاردانی ژمێره كۆتاییه‌كانی بودجه‌ی پێشوو و بڕیاردانی بودجه‌ی نوێ كه ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكا بۆ (3) سێ ساڵی داهاتوو ئاماده‌ی ده‌كات. 2. تێڕوانین و یه‌كلایی كردنه‌وه له كاروباری پارێزه‌ران كه له خشته‌ی كاردا هاتوون و تێڕوانین له‌و پێشنیارانه‌ی پێشكه‌شی كراون له گشت ئه‌و شتانه‌ی په‌یوه‌ندارن پێیه‌وه. 3. پێشنیاری هه‌مواركردنی رسومات و هاوبه‌ش و پێبژاردن بۆ سهندیكاو سندوقی خانه‌نشینیی. 4. بڕیاره‌كانی كۆنگره‌ی گشتی پابه‌ندن و به زۆرینه‌ی ئه‌ندامه ئاماده‌بووه‌كان ده‌رده‌كرێت. دووه‌م: ده‌سته‌ی سه‌رپه‌رشتیار له‌سه‌ر كاره‌كانی كۆنگره بانگهێشتی ده‌سته‌ی گشتی ده‌كات به ته‌واوی ئه‌ندامه تۆماركراوه‌كانی له تۆمار و ئه‌وانه‌ی به‌رامبه‌ری به‌شداربوونی ساڵانه‌یان داوه بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی سه‌ندیكا و ئه‌ندامانی ئه‌صڵی و یه‌ده‌گی ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكا له‌و رۆژه‌ی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته دیاركراوه و له رووی كارگێڕی و تهكنییكی رێكی ده‌خات و مافی نییه ده‌ستبخاته نێو رێڕه‌وی هه‌ڵبژاردنه‌كان یان ئه‌نجامه‌كانی و، چه‌ند دادوه‌رێك له دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندی ناوچه‌كه سه‌رپه‌رشتی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن و كۆنووسه‌كانی رێكده‌خه‌ن و ئه‌نجامه‌كانی جێگیر ده‌كه‌ن و ڕایده‌گه‌یه‌نن. سێیه‌م: دادگای ته‌مییزی هه‌رێم تایبه‌تمه‌ند ده‌بێت به تێڕوانین به‌شێوه‌ی به‌په‌له له‌و تانانه‌ی پێشكه‌ش ده‌كرێن له‌سه‌ر پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان كه پێویسته له ماوه‌ی (15) پازده رۆژ پێشكه‌ش بكرێن كه له رۆژی دوای ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ست پێده‌كات و بڕیاری دادگا له‌م باره‌یه‌وه ملكه‌چ ده‌بێت بۆ تانه‌لێدانی له لای ده‌سته‌ی گشتیی دادگای ته‌مییز له رێگه‌ی داواكردنی راستكردنه‌وه ئه‌ویش له ماوه‌ی (15) پازده رۆژدا.
الموضوع: ده‌سته‌ی گشتیی سه‌ندیكا,تێڕوانین و یه‌كلایی كردنه‌وه,پێشنیاری هه‌مواركردنی رسومات و هاوبه‌ش,بڕیاره‌كانی كۆنگره‌ی گشتی پابه‌ندن,دادگای ته‌مییزی هه‌رێم