مادده‌ی (6):
مادده‌ی (پێنجه‌م)ی یاساكه هه‌موارده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه ده‌خوێندرێته‌وه:
ده‌سته كار ده‌كات له‌سه‌ر:
یه‌كه‌م: جێبه‌جێكردن و سه‌پاندنی یاساكانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و ستانده‌ره‌كانی ڕاژه‌ی گشتی به‌پێی ده‌ستوور و یاسا به‌ركاره‌كان.
دووه‌م: وه‌رگرتنی هه‌واڵدان و زانیاری و سكاڵا له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی به‌سه‌رجه‌م رێگه و ئامرازه‌كان و له‌سه‌رجه‌م سه‌رچاوه‌كان و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م ئه‌و شتانه‌ی ڕه‌دی ده‌كه‌نه‌وه له نێوانیشیاندا هه‌واڵدانی به درۆ (الاخبارات الكاژبه).
سێیه‌م: لێكۆڵینه‌وه له تاوانه‌كانی گه‌نده‌ڵی له‌ڕێگه‌ی لێكۆڵه‌ری سه‌ر به ده‌سته، له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی دادوه‌رانی لێكۆڵینه‌وه به‌پێی یاسای بنه‌ماكانی دادگاییه سزاكارییه‌كان و، به‌دواداچونیان و پاراستنی نهێنی ناسنامه‌ی ئه‌وانه‌ی هاوكارن به‌پێی یاسا.
چواره‌م: گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی تۆمه‌تبارن به تاوانی گه‌نده‌ڵی كه بۆ ده‌ره‌وه ڕایان كردووه و، گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مایه و سامان و داهاته‌كانی گه‌نده‌ڵی كه به قاچاغ براونه‌ته ده‌ره‌وه به هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریی لایه‌نه تایبه‌تمه‌نده‌كان.
پێنجه‌م: هاوكاریی نێوده‌وڵه‌تی له‌بواری رێگه‌گرتن له گه‌نده‌ڵی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی و ئاڵوگۆڕكردنی زانیاری له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی و لێكۆڵینه‌وه‌ی هاوبه‌ش به‌تایبه‌تی له تاوانه‌كانی گه‌نده‌ڵیی سنووربڕ به هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان.
شه‌شه‌م: بڵاوكردنه‌وه‌ی رۆشنبیری نیشتمانی بۆ گه‌شه‌پێدانی چه‌مكه‌كانی ده‌سپاكی و شه‌فافیه‌ت و لێپرسینه‌وه و، پابه‌ند بوون به ستانده‌ره‌كانی ڕاژه‌ی گشتی و كاركردن له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی تایبه‌تمه‌ند له پێناوی دانانی پرۆگرامی خوێندنی نیشتمانی، بۆ پته‌وكردنی چه‌مكی ده‌سپاكی گشتی.
حه‌وته‌م: ده‌ركردنی رێنمایی رێساكانی ره‌فتاری ئه‌رێنی وه‌زیفی بۆ روونكردنه‌وه‌ی ستانده‌ره‌كانی راژه‌ی گشتی و ره‌وشته‌كانی كار كه پێویسته فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم پێیه‌وه پابه‌ند بن وه‌ك مه‌رجێكی دامه‌زراندن و به‌رده‌وام بوون له ڕاژه و چاودێری كردنی مه‌ودای پابه‌ندبوون پێیه‌وه و، به گوێره‌ی پێویست له ماوه‌یه‌ك بۆ ماوه‌یه‌كی تر هه‌موار ده‌كرێت.
هه‌شته‌م:
1ـ ده‌ركردنی رێنمایی ده‌رخستنی ئه‌ستۆی دارایی به‌پابه‌ندكردنی ڕاسپێردراوان به خزمه‌تی گشتی كه له‌م یاسایه‌دا ده‌قیان له‌سه‌ر كراوه، كه‌وا به‌رژه‌وه‌ندییه داراییه‌كانی خۆیان و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی هاوسه‌ر و منداڵه دواكه‌وته‌كانیان ئاشكرا بكه‌ن و، له‌ماوه‌یه‌ك بۆ ماوه‌یه‌كی تر هه‌موارده‌كرێت به گوێره‌ی ئه‌وه‌ی ده‌سته به گونجاوی ده‌یبینێت، بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئه‌و مه‌به‌ستانه‌ی لێی چاوه‌ڕێ ده‌كرێت.
2ـ ده‌رخستنی به‌رژه‌وه‌ندییه داراییه‌كان زانیاری ورد له خۆ ده‌گرێت ده‌رباره‌ی ئه‌و شتانه‌ی كه‌سی داوالێكراو خاوه‌نیانه له نێوانیشیاندا ئه‌و خانووبه‌ره و گوازراوه و داهاته دارایی و ڕه‌سیدی له بانكی و پشك و سه‌نه‌د و مافه مه‌عنه‌وییانه‌ی له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم خاوه‌نیانه.
3ـ ده‌رخستنی به‌رژه‌وه‌ندییه داراییه‌كان هه‌ر یه‌ك له مانه‌ی خواره‌وه ده‌گرێته‌وه:
أـ سه‌رۆكی هه‌رێم و جێگره‌كه‌ی.
ب ـ سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جێگر و سكرتێر و ئه‌ندامه‌كان.
ج ـ سه‌رۆك وه‌زیران و جێگره‌كه‌ی.
د ـ وه‌زیره‌كان و ئه‌وانه‌ی به پله‌ی وه‌زیرن و بریكاری وه‌زیره‌كان.
هـ ـ سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌سپاكی و جێگره‌كه‌ی و سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌ره گشتیه‌كانی ده‌سته و لێكۆڵه‌ره‌وه‌كانی.
وـ خاوه‌ن پله تایبه‌ته‌كان و بریكار و یاریده‌ده‌ره‌كانیان.
زـ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و یاریده‌دهركانیان.
ح ـ دادوه‌ر و ئه‌ندامانی داواكاری گشتی و سه‌رپه‌رشتیاره دادوه‌رییه‌كان و لێكۆڵه‌ره‌كان.
ت ـ ئه‌فسه‌رانی پاسه‌وانی هه‌رێم و ئاسایشی ناوخۆ له پله‌ی موقه‌ده‌م به‌ره و سه‌ره‌وه و، ئه‌و ئه‌فسه‌ر و مفه‌وه‌زانه‌ی كاری لێكۆڵینه‌وه ده‌كه‌ن.
ی ـ پارێزگار و سه‌رۆكی یه‌كه كارگێڕییه‌كان و سه‌رۆك و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نه‌كانی پارێزگا و قه‌زا و ناحیه و سه‌رۆكی شاره‌وانیه‌كان و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نه‌كانی شاره‌وانی.
ك ـ هه‌ر كه‌سێك پۆستێكی مه‌ده‌نی یان سه‌ربازی هه‌بێت له‌سه‌ره‌وه ناوی نه‌هاتبـێ و ده‌سته به پێویستی بزانێ كه‌وا راپۆرتی ده‌رخستنی دارایی بیگرێته‌وه، به پێـی رێنماییه‌ك كه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ده‌رده‌چێت.
4ـ ده‌سته بۆی هه‌یه راپۆرتی ده‌رخستنی ئه‌ستۆی دارایی ئه‌وانه‌ی حوكم ده‌درێن به یه‌كێك له‌و تاوانانه‌ی كه له بڕگه‌ی (حه‌وته‌م)ی مادده‌ی یه‌كه‌می ئه‌م یاسایه‌دا هاتووه بڵاوبكاته‌وه و رێگه بدات به‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر و ڕاگه‌یاندن سه‌یریان بكه‌ن یان كۆپیان بكه‌ن.
نۆیه‌م:
1ـ ده‌سته بۆی هه‌یه فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندیدار ڕاسپێرێت به ده‌ستكێشانه‌وه‌ی ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ی ملكه‌چی لێكۆڵینه‌وه‌یه به پێی یاسای به‌رزه‌فته‌كردنی فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌تی ژماره (14)ی ساڵی 1991ی به‌ركار له هه‌رێمدا.
2ـ ده‌سته بۆی هه‌یه ئه‌و سه‌رپێچیانه‌ی په‌یوه‌ستن به ستانده‌ره‌كانی راژه‌ی گشتی ره‌وانه‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار بكات و، بۆی هه‌یه راسپارده‌ی له‌گه‌ڵ هاوپێچ بكات به گرتنه‌به‌ری رێكاریی به‌رزه‌فته‌كاری.
ده‌یه‌م:
1ـ ده‌سته هاوكاری دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم ده‌كات و، هه‌ڵده‌ستێت به چاودێری وه‌رگرتن و خه‌رجكردنی مایه‌كانی (أموال) هه‌رێم و ره‌فتاركردن پێیانه‌وه و رێگه‌ی به‌ڕێوه‌بردن و ده‌ركردنی راپۆرتی ناوبه‌ناو ده‌رباره‌یانه‌وه.
2ـ ده‌سته هه‌ڵده‌ستێت به چاودێریكردنی ئاستی ده‌سپاكی بڕیار و كاره به‌ڕێكراوه‌كان یان ئه‌و كارانه‌ی گیراونه‌ته‌به‌ر له كه‌رتی گشتی و ده‌ركردنی راپۆرتی ناوبه‌ناو ده‌رباره‌یان.
3ـ پێویسته له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ی ملكه‌چی چاودێرییه له‌سه‌ر داوای ده‌سته و به‌بێ دواكه‌وتن زانیاری و روونكردنه‌وه و نووسراو و به‌ڵگه‌نامه به‌وانه‌ی كه نهێنیشن پله‌ی نه‌دركاندنیان هه‌ر چیه‌ك بێت پێشكه‌شی ده‌سته بكات و له‌گه‌ڵ هه‌ر شتێكی تر كه ده‌سته بۆ مه‌به‌سته‌كانی چاودێری به پێویستی بزانێت لێی بڕوانێت، به پێی یاسا كارپێكراوه‌كان.
4ـ ئه‌وه‌ی سه‌رپێچی حوكمه‌كانی به‌ندی (3)ی بڕگه‌ی (ده‌یه‌م)ی ئه‌م مادده‌یه بكات ئه‌وا سزا ده‌درێت به به‌ند كردن بۆ ماوه‌یه‌ك كه له (6) مانگ زیاتر نه‌بێت و، به غه‌رامه‌یه‌ك كه له (10) ده ملیۆن دینار زیاتر نه‌بێت، یان به یه‌كێك له‌م دوو سزایه.
5ـ ده‌سته ده‌سه‌ڵاتی جوڵاندنی سكاڵای سزاكاری و به دواداچوونی هه‌یه به پێی به‌ندی (4)ی بڕگه‌ی (ده‌یه‌م)ی ئه‌م مادده‌یه.
یازده‌م: پێشنیاركردنی ئه‌و پڕۆژه یاسایانه‌ی ده‌كه‌ونه بواری خۆپاراستن له گه‌نده‌ڵی یان به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی.
دوازده‌م: ده‌سته بۆی هه‌یه فه‌رمانگه و دامه‌زراوه‌كانی كه‌رتی گشتی پابه‌ند بكات به بڵاوكردنه‌وه‌ی داتا یان زانیاری یان به‌ڵگه‌نامه‌ی دیاریكراو له‌سه‌ر هه‌ر كاروبارێك كه‌وا سه‌پاندنی شه‌فافیه‌تی تێدا به پێویست بزانێ به پێی چه‌ند میكانیزم و رێسایه‌ك كه ده‌سته دیاری‌یان ده‌كات.
سێزده‌م: جێبه‌جێكردنی رێوشوێن بۆ رێگه‌گرتن له تێوه‌گلانی كه‌رتی تایبه‌ت له گه‌نده‌ڵیدا و پته‌وكردنی شه‌فافیه‌ت له قه‌واره‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت و رێگری كردن له ناكۆكی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان تیایاندا.
چوارده‌م: ده‌ركردنی رێنمایی رێگه‌گرتن له ناكۆكی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان له هه‌رێمدا و چاودێریی پابه‌ند بوون پێیه‌وه و ده‌ست نیشان كردنی سه‌رپێچی كردنی حوكمه‌كانی و، ده‌ركردنی راپۆرتی ناوبه‌ناو ده‌رباره‌یانه‌وه.
پازده‌م: ده‌سته بۆی هه‌یه كارێك بكات كه زه‌روری بێت له بواری به‌ره‌نگاربوونه‌وه و خۆپاراستن له گه‌نده‌ڵی.
الموضوع: جێبه‌جێكردن و سه‌پاندنی یاساكانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و ستانده‌ره‌كانی ڕاژه‌ی گشتی,وه‌رگرتنی هه‌واڵدان و زانیاری و سكاڵا له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی,لێكۆڵینه‌وه له تاوانه‌كانی گه‌نده‌ڵی,گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی تۆمه‌تبارن به تاوانی گه‌نده‌ڵی,هاوكاریی نێوده‌وڵه‌تی له‌بواری رێگه‌گرتن له گه‌نده‌ڵی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی زانیاری