أحكام القانون
البحث في المحتوى🔎
ماددهی (121)
ماددهی (121) یەکەم: ئەو دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییە خۆماڵیەی كە پرۆگرامی وەزارەت پیادە دەکات، هەمان کتێبى دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان بەکاردێنێت، و مافی بەکارهێنانی کتێبی دیکەى هەیە بە مەرجێک پێشوەختە ڕەزامەندى وەزارەتى بۆ وەرگرتبێت. دووەم: ئەو دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییە خۆماڵیانەی پرۆگرامی تایبەت بە خۆیان دەخوێنن، پاش ڕەزامەندی وەزارەت مافی هەبوونی کتێبی تایبەت بە خۆیان هەیە. سێیەم: دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییە نێودەوڵەتی و بیانییەکان، کتێبی تایبەت بە خۆیان دەخوێنن، بەڵام دەبێت ڕەزامەندی فەرمی وەزارەتی بۆ وەربگرن. چوارەم: لە گشت دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان دەبێت بابەتی زمانی کوردی بە پێی پرۆگرامی وەزارەت بخوێندرێت.
ماددهی (122)
ماددهی (122) یەکەم: دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی، بەهەمان ستافی بەڕێوەبردن، دەتوانێت خوێندن بە یەک یان زیاتر لە زمانەکانی عەرەبی، تورکمانی، سریانی، ئەرمەنی، ئینگلیزی یان هەر زمانێکی دیکەی جیهانی باوەڕپێکراو بکات، بە مەرجێک بابەتی زمانی کوردی و زمانی عەرەبی بەپێی سیستمی وەزارەت بخوێندرێت. دووەم: ڕەوەندی بیانی و پەنابەرەکان دەتوانن لە دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان بە زمانی خۆیان بخوێنن، بە مەرجێک بابەتەکانى زمانی کوردی و زمانی عەرەبی بەپێی سیستەمی وەزارەت تێیاندا بخوێندرێت.
ماددهی (123)
ماددهی (123) یەکەم: بنەمای سەرەکی وەرگرتنی قوتابی و خوێندکار، بەپێی ئەو مەرجانەی وەرگرتن دەبێت کە پێشتر لەلایەن دامەزراوەکە لەکاتی داواکردنی مۆڵەتی دامەزراندن پێشکەش بە وەزارەت کراوە و مۆڵەتی لەسەر وەرگیراوە، بە ڕەچاوکردنی حوکمی بڕگەکانی خوارەوەی ئەم ماددەیە. دووەم: 1. لە باخچەی منداڵانی ناحکومی، ئەو منداڵانە وەردەگیرێن کە لە ڕۆژی تۆمارکردنیان یان لە (31) کانونی یەکەمی ئەو ساڵە، تەمەنی (4) چوار یان (5) پێنج ساڵ تەواودەکەن. 2. هیچ منداڵێک لە قوتابخانەی بنەڕەتی ناحکومی وەرناگیرێت ئەگەر لە (31) کانونی یەکەمی ئەو ساڵە تەمەنی نەبووبێتە (6) شەش ساڵ. 3. نابێت تەمەنی قوتابی لە قوتابخانەی بنەڕەتی ناحکومی لە(19) نۆزدە ساڵ زیاتر بێت. 4. نابێت تەمەنی خوێندکاری ئامادەیی ناحکومی لە(28) بیست و هەشت ساڵ زیاتر بێت. سێیەم: ئەو قوتابی و خوێندکارانەی لە دامەزراوەیەكی پەروەردەیی ناحكومی لە پۆلێکی دیاریکراودا دەخوێنن، جێگایان لە پۆلێکی بەرزتری هەمان دامەزراوە بۆ ساڵی خوێندنی دواتر دابینکراو دەبێت، بە مەرجێک دامەزراوەکە ئەو پۆلەى هەبێت و قوتابیەکە یان خوێندکارەکە دەرچووبێت و ئامادەبێت کرێی ساڵانەی خوێندن بدات. چوارەم: دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان بۆیان نییە قوتابی و خوێندکار لەبەر هۆی ناپەروەردەیی، یان ئەوانەی خاوەن پێداویستیی تایبەتن وەرنەگرن، تەنها لەو بارەدا نەبێت کە قوتابی و خوێندکار پێویستی بە پۆلی تایبەت هەبێت یان وەرگرتنی ببێتە هۆی خەرجی زیاتر لەسەر دامەزراوەکە. پێنجەم: 1. ئەرکی هەموو دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومییە، ساڵانە (5) پێنج کورسی بە خۆڕایی بۆ کوڕ وکچی شەهیدان و هاوسەرەکانیان تەرخان بکەن، بەو مەرجەی ئەو ژمارە داواکاریە هەبێت و داواکار مەرجەکانی هاتوو لەم یاسایەی تێدابێت. 2. ئەرکی هەموو دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومییە، ساڵانە (5) پێنج کورسی بە خۆڕایی بۆ کوڕ وکچ و هاوسەری ئەنفالکراوان و جینۆسایدکراوان و کەمئەندامانی سەنگەر یان کوڕ و کچیان تەرخان بکەن، بە مەرجێک ئەو ژمارە داواکاریە هەبێت و داواکار مەرجەکانی هاتوو لەم یاسایەی تێدابێت. شەشەم : دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان مافی ئەوەیان هەیە کە بەڕێژەی (10٪) دە لە سەدی کورسیەکانی هەر پۆلێک، بە پێی ڕێکاری دامەزراوەکە قوتابی و خوێندکار وەربگرن. حەوتەم: پێویستە دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان ساڵانە و پێش کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم لیستێک بە ناو، تەمەن، پۆلەکانی قوتابیان و خوێندکاران، بۆ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پەیوەندیدار، بەمەبەستی ئاگادارکردنەوە، بنێرن. هەشتەم: هیج دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی، نابێت قوتابی یان خوێندکاری دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی دیکە وەربگرێت و ڕەزامەندی لەسەر گواستنەوە و بەشداریکردنی لە خوێندن بدات، ئەگەر خوازیارەکە پێشوەختە بەڵگەنامەی گواستنەوەی لە دامەزراوەی دووەمەوە نەهێنابێت. نۆیەم: دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان مافیان هەیە قوتابی و خوێندکار لەسەر بنەمای تاقیکردنەوە و نمرە وەربگرن.
ماددهی (124)
ماددهی (124) یەکەم: کات و شێوەی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان، دانانی نمرە لە دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان، بەسەر هەموو ئەو دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییانەدا پیادە دەکرێت کە پرۆگرامی حکوومی دەخوێنن، جگە لەو دامەزراوانەی پێشوەختە مۆڵەتیان لە وەزارەت وەرگرتووە بۆ پیادەکردنی سیستەمێک کە بەشێک لە ووردەکارییەکانی جیاوازە لە سیستەمی حکومی. دووەم: ئەرکی هەموو دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی نێودەوڵەتی و بیانییەکانە، کات و شێوەی تاقیکردنەوە و نمرەدانانی تایبەت بەخۆیان هەبێت و پێشتر لەلایەن وەزارەتەوە پەسەند کرابێت. سێیەم: بەمەبەستی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێم، وەزارەت لە ڕێگەی ڕێکاری تایبەتەوە بڕیار لە شێوازی هەژمارکردنی نمرەکانی قوتابیان و خوێندکارانی دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییە نێودەوڵەتیی و بیانییەکان و ئاستەکانیان دەدات. چوارەم: پاش وردبینی، دامەزراوەکان وێنەیەکی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلەکان بۆ یەکەی تاقیکردنەوەکان و بەشی ئەرشیف لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەزموونەکان دەنێرن.
ماددهی (125)
ماددهی (125) یەکەم: ئەو دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییانەی پرۆگرامی وەزارەت دەخوێنن، دەکەونە ژێر هەمان مەرج و ڕێکاری پێدانی کارتی هەڵسەنگاندن و بڕوانامەی نمرە و بەڵگەنامەی دەرچوون، ئەوانەی کە لە دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکاندا پەیڕەو دەکرێن. دووەم: کارتی هەڵسەنگاندن، بڕوانامەی نمرە و بەڵگەنامەی دەرچوونی هەر قۆناغێک لەو دامەزراوانە، هاوتایە لەگەڵ کارتی هەڵسەنگاندن و بڕوانامەی نمرە و بەڵگەنامەی دەرچوون لە دامەزراوەی پەروەردەیی حكومی. سێیەم: ئەو دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییانەی پرۆگرامی نێودەوڵەتی و بیانی دەخوێنن، دەکەونە ژێر ئەو مەرج و ڕێکارە تایبەتانەی پێدانی کارتی هەڵسەنگاندن، بڕوانامەی نمرە و بەڵگەنامەی دەرچوون، کە پێشتر لەلایەن دامەزراوەکە پێشکەش بە وەزارەت کراوە و ڕەزامەندی لەسەر دراوە. چوارەم: بەڵگەنامەی دەرچوون لە پۆلی دوازدەیەمی خوێندنگە ناحکومییە نێودەوڵەتییەکان، لە سەر بنەمای دەرچوون لە تاقیکردنەوە نێودەوڵەتییەکان دەدرێت و بەڵگەنامەی دەرچوون لە پۆلی دوازدەیەمی خوێندنگە ناحکومییە بیانییەکان لەسەر بنەمای دەرچوون لە تاقیکردنەوە بیانییەکان دەدرێت. پێنجەم: وەزارەت تاکە لایەنە کە مافی پشتگیریکردن و هاوتاكردنی بەڵگەنامەکانی دەرچوونی هەیە.
ماددهی (126)
ماددهی (126) یەکەم: هەر ساڵێکی خوێندن لە دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان، لانیکەم لە (170) سەد و حەفتا ڕۆژی خوێندن پێکدێت، و هیچ ڕۆژێکی خوێندن لە (5) پێنج کاتژمێر کەمتر نابێت. دووەم: ساڵنامەی خوێندن و کاتەکانی دەوام و پشووەکان لە دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان، بەپێی ئەو پرۆگرامە ڕێکدەخرێت کە پێشتر ڕەزامەندی لەسەر وەرگیراوە لە وەزارەت، بە ڕەچاوکردنی بڕگەی (یەکەم)ی ئەم ماددەیە و حوکمەکانی ماددەی (27) ی ئەم یاسایە. سێیەم: دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان دەتوانن ڕۆژ و کاتژمێری زیاتر بخوێنن، وەک لەوەی لە بڕگەی (یەکەم)ی ئەم ماددەیەدا هاتووە، و هەروەها دەتوانن لەو ڕۆژانەدا بخوێنن کە بەپێی ماددەی (27) پشوو نییە. چوارەم: دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان دەتوانن سوود لە سیستەمی (2) دوو مامۆستا لە پۆل وەربگرن، کە یەکێکیان دەبێت بە مامۆستای سەرەکی و ئەوەی دیکەش دەبێتە مامۆستای هاوکار.
ماددهی (127)
ماددهی (127) ڕێکارەکانی گواستنەوەی قوتابی و خوێندکار لە نێوان دامەزراوە پەروەردەییە حکومی و ناحکومییەکاندا، بەپێی ڕێنماییەک کە وەزیر دەریدەکات، ڕێکدەخرێت.
ماددهی (128)
ماددهی (128) یەکەم: هەموو قوتابخانە و خوێندنگە و کۆمەڵگەی پەروەردەیی و پەیمانگەیەکی پەروەردەیی پیشەیی ناحکومی، لە ساڵی یەکەمی دامەزراندنیدا، دەتوانێت بە (1) یەک پۆل دەست پێبکات. دووەم: 1. ئەو قوتابخانە بنەڕەتییە ناحکومییەی کە لە ساڵی یەکەمی خوێندندا گشت پۆلەکانی یەک بازنەی خوێندنی تێدا نییە، دەبێت بۆ ساڵی دواتر پۆلی نوێ بکاتەوە، بۆ ئەوەی لەماوەی (3) سێ ساڵی خوێندندا ببێتە خاوەن گشت پۆلەکانی یەک بازنەی خوێندن. 2. ئەو خوێندنگە ناحکومییەی کە لە ساڵی یەکەمی خوێندندا گشت پۆلەکانی ئامادەیی تیدا نییە، دەبێت بۆ ساڵی دواتر پۆلی نوێ بکاتەوە، بۆ ئەوەی لەماوەی (3) سێ ساڵی خوێندندا ببێتە خاوەن گشت پۆلەکانی خوێندنی ئامادەیی. 3. ئەو پەیمانگە پەروەردەییە پیشەییە ناحکومییەی کە لە ساڵی یەکەمی خوێندندا گشت پۆلەکانی پەیمانگەی پەروەردەیی پیشەیی تێدا نییە، دەبێت بۆ ساڵی دواتر پۆلی نوێ بکاتەوە، بۆ ئەوەی لەماوەی (5) پێنج ساڵی خوێندندا ببێتە خاوەن گشت پۆلەکانی خوێندنی پەیمانگەی پەروەردەیی پیشەیی. 4. کۆمەڵگەی پەروەردەیی ناحکومی دەبێت لە ساڵی یەکەمی خوێندندا، لانیکەم پۆلێکی لە هەر قۆناغێکی خوێندن هەبێت، و هەر ساڵێکی خوێندن پۆلێکی نوێ زیاد بکات، بۆ ئەوەی ساڵ لە دوای ساڵ ببێتە خاوەن گشت پۆلەکانی خوێندن. سێیەم: هەموو قوتابخانەیەکی بنەڕەتی ناحکومی، بۆ درێژەدان بە خوێندن، دەتوانێت خوێندنی قۆناغی ئامادەیی بکاتەوە، بەمەرجێک لای وەزارەت مۆڵەتی بۆ وەربگرێت.
ماددهی (129)
ماددهی (129) یەکەم: پێویستە هەموو دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی بەڕێوەبەرێکی هەمیشەیی هەبێت. دووەم: 1. ئەگەر ژمارەی منداڵان لە باخچەیەکی منداڵان لە (150) سەد و پەنجا منداڵ زیاتر بوو، پێویستە یاریدەدەرێکی بەڕێوەبەر دابنرێت. 2. ئەگەر ژمارەی قوتابیان و خوێندکارانی قوتابخانە یان خوێندنگە یان کۆمەڵگەی پەروەردەیی یان پەیمانگەیەکی پەروەردەیی پیشەیی ناحکومی گەیشتە (150) سەد و پەنجا، یاریدەدەرێکی بەڕێوەبەر یان زیاتری بۆ دادەنرێت. سێیەم: پێویستە هەموو دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی ژمارەیەک مامۆستای هەبێت کە لەگەڵ ژمارەی منداڵان یاخود قوتابیان و خوێندکارانیاندا بگونجێت، و ناکۆک نەبێت لەگەل ڕێنماییەکانی وەزارەت. چوارەم: پێویستە هەموو قوتابخانە، خوێندنگە، کۆمەڵگەی پەروەردەیی و پەیمانگەیەکی پەروەردەیی پیشەیی ناحکومی، ڕێنماییکارێکی پەروەردەیی بۆ هەر (125) سەد و بیست و پێنج قوتابی و خوێندکارێک هەبێت. پێنجەم: پێویستە هەموو قوتابخانە، خوێندنگە، و پەیمانگەیەکی پەروەردەیی پیشەیی ناحکومی، فەرمانبەرێکی تەندروستی هەبێت یان خزمەتگوزاری تەندروستی لە ڕێگەی گرێبەستێک لەگەڵ دامەزراوەیەکی تەندروستی دابین بکات. شەشەم: پێویستە هەموو کۆمەڵگەیەکی پەروەردەیی ناحکومی بەڕێوەبەرێکی خاوەن بڕوانامەی زانکۆی هەبێت، هەروەها بەڕێوەبەرێک بۆ هەر یەک لە بەشەکانی باخچەی منداڵان و قۆناغی بنەڕەتی و قۆناغی ئامادەیی دابنێت. بەڕێوەبەری کۆمەڵگە بەرپرسی یەکەمی کاری ئەکادیمی و کارگێڕیی و دارایی دەبێت، هەروەها ئەرکی سەرەکی سەرپەرشتیاری و دڵنیایی جۆریی لە گشت قۆناغەکانی خوێندن لە کۆمەڵگەکەدا دەکەوێتە ئەستۆی. حەوتەم: هەموو دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی دەبێت ژمارەیەک کارمەند دابمەزرێنێت، بەپێی پێداویستی دامەزراوەکە و بەو ناونیشانەی دامەزراوەکە پێویستیەتی.
ماددهی (130)
ماددهی (130) یەکەم: 1- دەبێت ڕێژەی مامۆستا هەمیشەییەکانی دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان لە (80٪) هەشتا لە سەدی کۆی ژمارەی مامۆستایانی دامەزراوەکە، کەمتر نەبێت. 2- دەبێت ڕێژەی مامۆستا هەمیشەییەکان لە هەر یەک لە (3) سێ قۆناغەکەی کۆمەڵگەی پەروەردەیی لە (80٪) هەشتا لە سەدی مامۆستایانی قۆناغە پەیوەندیدارەکەی کۆمەڵگەکە کەمتر نەبێت. 3- دەبێت لانیکەم (80٪) هەشتا لە سەدی بەشە وانەکانی هەر یەک لە دوازدە ساڵەکەی خوێندنی قوتابخانە و خوێندنگە و کۆمەڵگەی پەروەردەیی و (5) پێنج ساڵەکەی پەیمانگەی پەروەردەیی پیشەیی بە مامۆستا هەمیشەییەکان بدرێت. دووەم: 1. لە کاتی دەوامی فەرمی دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکاندا، هیچ دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی مافی نیە مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردەیی دیکە و سەرپەرشتیاران و کادیرانی دیوانی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان بەکاربخات، ئەوانە نەبێت کە مۆڵەتی بێ مووچەیان وەرگرتووە یان خواستراون. 2. تەنها پێش دەستپێکردن یان دوای تەواوبوونی دەوامی فەرمی ئەو دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەی کە مامۆستا و فەرمانبەرە حکومییەکە کاری تێدا دەکات، و دوای مۆڵەت وەرگرتنی نووسینەکی لە دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکە لەلایەن مامۆستا و فەرمانبەرەوە، دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی مافی بەکارخستنی مامۆستا و فەرمانبەری پەروەردەیی حکومی هەیە. سێیەم: هیچ کە ناتوانێت لە یەک کاتدا بەڕێوەبەری دوو دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی بێت. چوارەم: هەر مامۆستایەک بەهۆکاری تەندروستی خانەنشین کرابێت مافی کارکردنی لە دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکاندا نییە. پێنجەم: پێویستە دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان، لە مانگی یەکەمی ساڵی خوێندندا، ناوی ئەندامانی کارگێڕیی و مامۆستایانیان بۆ وەزراەت بنێرێن. شەشەم: 1. بەڕێوەبەری هەمیشەیی، یاریدەدەری بەڕێوەبەری هەمیشەیی، مامۆستای هەمیشەیی و ڕێنماییکاری پەروەردەیی هەمیشەیی لە دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکاندا ئەوانەی خوارەوەن:- أ. ئەوانەی لە دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکە دامەزراون بێ ئەوەی لە کەرتی گشتی کار بکەن. ب. ئەوانەی تەمەنیان لە (63) شەست و سێ ساڵ تێپەر نەبووە. ج. ئەوانەی لە دامەزراوەکە دامەزراون بێ ئەوەی گرێبەستی کاری هەمیشەییان لە گەڵ شوێنێکی دیکە هەبێت. 2. بەڕێوەبەر، یاریدەدەری بەڕێوەبەر، مامۆستا و ڕێنماییکاری پەروەردەیی کەرتی گشتی، کە خواستراون یان خاوەنی مۆڵەتی بێ مووچەن، بەکارمەندی هەمیشەیی هەژمار ناکرێن. 1. نابێت کاتژمێرەکانی کارکردنی كارمەندانی دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان لە (8) هەشت کاتژمێر لە ڕۆژێکدا و لە (40) چل کاتژمێر لە حەفتەیەکدا، زیاتر بێت.
ماددهی (131)
ماددهی (131) یەکەم: خاوەنی دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی، بەرپرسە لە پاراستنی ماف و شایستە ماددی و مەعنەوییەکانی کارمەندەکانی لە ماوەی خزمەتکردنیان لە دامەزراوەکەدا، هەروەها پابەند دەبێت بە ڕەخساندنی دەرفەتی شیاندن و فێربوونی بەردەوام و ڕاهێنانیان لەسەر پرۆسەی دڵنیایی جۆریی. دووەم: پێویستە دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی، ئەو تۆمارانەی هەبێت کە یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی بەمەرجی گرتوون، ئەوەش بەمەبەستی جێگیرکردنی مافەکانی مامۆستا و کارمەندەکانی. سێیەم: كارمەندانی دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان، مافی پشوویان بە پێی گریبەستی نێوان کارمەند و دامەزراوەکە دەستنیشان دەکرێت، بەڕەچاوکردنی حوکمەکانی یاسای کاری بەرکار لە هەرێم. چوارەم: بەڕێوەبەر، یاریدەدەری بەڕێوەبەر، مامۆستا و ڕێنمایکاریی پەرورەدەیی دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان، مافی بەشداریکردنیان لە خولی بەهێزکردنی تواناکان و فێربوونی بەردەوام هەیە، کە لە ساڵێکدا نابێت لە (30) سی کاتژمێر کەمتر بێت، و لەسەر خەرجی دامەزراوەکە بۆیان دەکرێتەوە. پێنجەم: 1. ژمارەی بەشە وانەکانی مامۆستایان بەپێی ئەو گرێبەستە دەبێت کە لەنێوان دامەزراوەکە و مامۆستاکە بەستراوە، بە ڕەچاوکردنی کاتژمێرەکانی کار لە هەفتەیەکدا. 2. لە حاڵەتی کارکردنی زیادە یان وتنەوەی بەشە وانەی زیاتر وەک لەوەی لە گرێبەستەکەدا هاتووە، دەبێت دامەزراوەکە مافی هەر کاتژمێرێکی کارکردنی زیادە بە مامۆستا و كارمەندە پەیوەندیدارەکە بدات. شەشەم: 1. کەمترین بڕی مووچەی مانگانەی کارمەندانى باخچە ناحکومییەکان، نابێت لە کۆى مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکانى هاوتاکانیان لە کەرتی گشتی کەمتر بێت. 2. کەمترین بڕی مووچەی مانگانەی کارمەندانی قوتابخانە، خوێندنگە و پەیمانگە ناحکومییەکان، نابێت لە شایستەى دارایى هاوتاکانیان لە کەرتی گشتی کەمتر بێت. حەوتەم: لە پشووی هاویندا، مووچەی مامۆستا و کارمەندانی هەمیشەیی دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان بە پێی گرێبەستی نێوان کارمەند و دامەزراوەکە دەبێت، و لە هیچ بارێکدا نابێت لە (70%) حەفتا لە سەدی مووچەی مانگانە کەمتربێت. هەشتەم: خاوەنی دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی، بە بێ دیاریکردنی هۆیەکەی، مافی دەرکردنی بەڕێوەبەر یان کارمەندانی وانەوتنەوە و کارمەندانی دیکەی نیە، کە دەبێت پشتبەست بە ڕاسپاردەی لیژنەیەک کە بۆ ئەو مەبەستە لەلایەن دامەزراوەکە دروست دەکرێت، دوای ئەوەی ڕەزامەندی وەزارەتی بۆ وەردەگیرێت، بڕیاری لە بارەوە بدرێت. نۆیەم: مەرجەکانی بەکارخستن و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەست و ناکۆکییەکانی نێوان دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان و مامۆستایان و کارمەندانی دیکەی دامەزراوەکە، بەپێی حوکمەکانی یاسای کاری بەرکار لە هەرێم مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، ئەگەر دەقێکی دیکەی جیاواز لەم یاسایەدا نەهاتبێت. دەیەم: ساڵەکانی کارکردنی بەڕێوەبەر، یاریدەدەری بەڕێوەبەر، مامۆستا، ڕێنماییکاری پەروەردەیی لە دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی، بە ڕاژەی کردەیی بۆ گشت مەبەستەکان هەژمار دەکرێت.
ماددهی (132)
ماددهی (132) یەکەم: مەرجەکانی دامەزراندنی بەڕێوەبەر:- 1. لانیکەم خاوەنی بڕوانامەی بەرایی زانکۆ بێت. 2. ئەزموونی کار یان چالاکی لەبواری پەروەردە و فێرکردن لە (5) پێنج ساڵ کەمتر نەبێت، لە عێراق یان دەرەوەی عێراق. 3. بە تاوانی ئابڕوبەر حوکم نەدرابێت و سزای کارگێڕیی (سەرزەنشت) و زیاتر نەدرا بێت. 4. دەکرێت هەڵگرانی بڕوانامەی زانکۆ، هەرچەندە خوێندنەکەیان لەبواری پەروەردە نەبووبێت، وەک بەڕێوەبەر بەکاربخرێن، بە مەرجێک پێش دامەزراندنیان خولی شیاندنی بەڕێوبەریان بینیبێت. دووەم: مەرجەکانی دامەزراندنی یاریدەدەری بەڕێوەبەر:- 1. دەبێت یاریدەدەری بەڕێوەبەری باخچەی منداڵان بڕوانامەی زانکۆی لەبواری پەروەردەدا هەبێت. 2. دەبێت یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانە و پەیمانگەی پەروەردەیی پیشەیی بڕوانامەی زانکۆی لەبواری پەروەردەدا هەبێت، و ئەزموونی لە بواری پەروەردە لە (5) پێنج ساڵ کەمتر نەبێت. 3. بە تاوانی ئابڕوبەر حوکم نەدرابێت و سزای کارگێڕیی (سەرزەنشت) و زیاتر نەدرابێت. سێیەم: مەرجەکانى دامەزراندنى مامۆستا و ڕێنماییکارى پەروەردەیى، هەمان ئەو مەرجانە دەبێت کە بۆ مەبەستى دامەزراندنیان لە کەرتى گشتى، بەپێى حوکمەکانى ئەم یاسایە دانراوە. چوارەم: 1- بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەر، لەسەر خەرجی دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکە، لە یەکێک لەو خولانەی شیاندن بەشدار دەبن کە وەزارەت ساڵانە ڕێکیدەخات. 2- مامۆستا و ڕێنماییکاری پەروەردەیی لەسەر خەرجی دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومیەکە، لە یەکێک لەو خولانەی شیاندن و دڵنیایی جۆریی بەشداردەبن کە وەزارەت ساڵانە ڕێکیدەخات.
ماددهی (133)
ماددهی (133) یەکەم: پێویستە گرێبەست لەنێوان دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی و هەر كارمەندێكی دامەزراوەکەدا هەبێت. دووەم: دەبێت گرێبەستەکە ماوەی کارکردن، بڕی موچە، کات و شێوازی کار، پشووەکان، و مافەکانی دیكەی کارمەندان و سزاکانی جێبەجێنەکردنی ئەرکەکانی تێدا هاتبێت. سێیەم: گرێبەستی دامەزراندنی بەڕێوەبەر لە نێوان بەڕێوەبەر و خاوەنی دامەزراوەکە یان ئەوەی نوێنەرایەتی دەکات واژۆ دەکرێت. چوارەم: گرێبەستی دامەزراندنی كارمەندانی دیکە، لە نێوان كارمەندەكە و بەڕێوەبەر واژۆ دەکرێت. پێنجەم: دەبێت وێنەیەکى گرێبەستەکە بە تەواوى پاشکۆکانییەوە لە بەڕێوەبەرایەتى گشتى خوێندنى ناحکومى دابنرێت.
ماددهی (134)
ماددهی (134) بەڕێوەبەر نوێنەرایەتی دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکە دەکات و ئەم ئەرکانەی هەیە:- یەکەم: ئەو ئەرکانەى لە بڕگەکانى ماددەى (57)ى ئەم یاسایەدا هاتوون و لەگەڵ سروشتى ئەرکەکانى بەڕێوەبەر لە دامەزراوەى پەروەردەیى ناحکومیدا دەگونجێن. دووەم: بەرزکردنەوەی پێشنیاز بۆ خاوەن دامەزراوەکە سەبارەت بە گرێبەست لەگەڵ كارمەندان بەپێی پێویستی، یان هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستیان. سێیەم: هەر ئەرکێکی دیکەی پەروەردەیی کە لەلایەن خاوەن دامەزراوەکەوە، پێی ڕادەسپێردرێت.
ماددهی (135)
ماددهی (135) یەکەم: ئەو ئەرکانەی لە ماددەکانی(58، 59، 60)ی ئەم یاسایەدا هاتوون، بەسەر یاریدەدەری بەڕێوەبەر و مامۆستا و ڕێنماییکاری پەروەردەیی لە دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکاندا، جێبەجێ دەکرێت. دووەم: دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان دەتوانن ئەرکی دیکە بە یاریدەدەری بەڕێوەبەر و مامۆستا و ڕێنماییکاری پەروەردەیی بسپێرن بەپێى ئەو ڕێکەوتنەى لەگرێبەستى دامەزراندندا هاتووە.
ماددهی (136)
ماددهی (136) یەکەم: لە هەر قوتابخانە و خوێندنگە و کۆمەڵگەیەکی پەروەردەیی و پەیمانگەیەکی پەروەردەیی پیشەیی ناحکومیدا، ئەنجومەنێک پێکدەهێنرێت، بە سەرۆکایەتی خاوەن دامەزراوەکە یان ئەوەی نوێنەرایەتی دەکات و ئەندامیەتی هەر یەک لە:- 1. بەڕێوەبەری دامەزراوەکە. 2. دوو نوێنەری دەستەی مامۆستایان. 3. ڕێنماییکاری پەروەردەیی، ئەگەر لە دامەزراوەکەدا هەبێت. دووەم: لە هەر باخچەیەکی منداڵانی ناحکومیدا کە ژمارەی منداڵانی لە (50) پەنجا منداڵ زیاتر بوو، ئەنجومەنێک پێکدەهێنرێت، بە سەرۆکایەتی خاوەن دامەزراوەکە، یان ئەوەی نوێنەرایەتی دەکات و ئەندامیەتی هەر یەک لە:- 1. بەڕێوەبەری باخچەکە. 2. دوو نوێنەری دەستەی مامۆستایان. 3. چاودێرێک. سێیەم: بڕیارەکانی ئەنجومەنی هاتوو لە بڕگەی (یەکەم) و(دووەم)ی ئەم ماددەیەدا، پاش ڕەزامەندی خاوەن دامەزراوەکە یان نوێنەرەکەی، بە پەسەندکراو هەژمار دەکرێن.
ماددهی (137)
ماددهی (137) یەکەم: بەدواداچوون بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی خوێندن و پرۆسەی دڵنیایی جۆریی لە دامەزراوەکە و هەڵسەنگاندنی وەرزانەیان. دووەم: بەدواداچوون بۆ وردەکارییەکانی پلانی ساڵانەی دامەزراوەکە. سێیەم: تاوتوێکردن و چارەسەرکردنی ئەو پرسە گرنگانەی پەیوەست بە دامەزراوەکەن، و بەڕێوەبەر داوا لە ئەنجومەن دەکات لەو بوارەدا یارمەتی بدەن. چوارەم: بەڕێوەبردنی دامەزراوەکە بە جۆرێک کە لەگەڵ ئامانجەکانی ئەم یاسایەدا، بگونجێت.
ماددهی (138)
ماددهی (138) لە هەر قوتابخانە و خوێندنگە و کۆمەڵگەیەکی پەروەردەیی و پەیمانگەیەکی پەروەردەیی پیشەیی ناحکومی، بەڕێوەبەر لانیکەم ئەو (6) شەش لیژنەیە دادەنێت کە لە ماددەی (75) ی ئەم یاسایەدا هاتووە.
ماددهی (139)
ماددهی (139) یەکەم: هەموو دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی مافی وەرگرتنی کرێی ساڵانەی خوێندنی هەیە. دووەم: 1. کرێی ساڵانەی خوێندن کتێبەکانی خوێندن و جلی یەکپۆشی ساڵی خوێندن لەخۆدەگرێت، بە ڕەچاوکردنی حوکمی بڕگەی دووەمی ماددەی (30)ی ئەم یاسایە. 2. هەموو دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی کە پێش دەرچوونی ئەم یاسایە دەستبەکار بووە، دەبێت لە ماوەی (3) سێ ساڵ لە دەرچوونی ئەم یاسایە لەگەڵ حوکمەکانی خاڵی (1)ی ئەم بڕگەیە خۆی بگونجێنێت. سێیەم: دامەزراوە مافی هەیە بڕی تێچووی خواردن و کرێی هاتوچۆی قوتابی و خوێندکار وەربگرێت، بە مەرجێک ئارەزوومەندانە بێت. چوارەم: دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان مافیان نییە، بێ ڕازیبوونی بەخێوکار، یان بێ ڕازیبوونی خودی قوتابی یان خوێندکار ئەگەر تەمەنی (18) هەژدە ساڵ یان زیاتر بوو، هیچ بارگرانییەکی دارایی بخەنە ئەستۆیان، جگە لەو کرێیانەی کە لەم ماددەیەدا هاتوون. پێنجەم: 1. دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان دەتوانن لەسەر کرێی ساڵانەی خوێندنی خۆیان، کە لە کاتی وەرگرتنی مۆڵەت بڕیاری لێدراوە بەردەوام بن، بێ هیچ دەستێوەردانێک. 2. بەدەر لە خاڵى (1)ى ئەم بڕگەیە، وەزارەت لە کاتى قەیرانى داراییدا، دەسەڵاتى کەمکردنەوەى کرێى خوێندنى بەڕێژەیەکى گونجاو هەیە. شەشەم: 1. ئەگەر بەخێوکار لە ماوەی (30) سی ڕۆژ لە پێدانی قیستی یەکەم، پەشیمان بوو لە دانانی یان بەردەوامبوونی منداڵەکەی یان قوتابی یان خوێندکارەکەی لە دامەزراوەکە، ئەرکە لەسەر دامەزراوەکە (90%) نەوەد لە سەدی پارەکە بۆ بەخێوکار بگەڕێنێتەوە و گەڕاندنەوەکە پارەی کتێب و جلوبەرگی بەکارهاتوو ناگرێتەوە. 2. منداڵ و قوتابی و خوێندکار لە کرێی وەرزی دووەم دەبەخشرێت، ئەگەر پێش دەسپێکی وەرزەکە دامەزراوەکەی بەجێهێشت بە کشانەوە یان گواستنەوە. حەوتەم: ئەرکی دامەزراوەکەیە پێش دەسپێکی ساڵی خوێندن، یان پێش دەسپێکردنی خوێندنی منداڵ و قوتابی و خوێندکار، گرێبەستێک لەگەڵ بەخێوکار سەبارەت بە ماف و ئەرکەکانی هەردوو لایەن بکات، بەمەرجێک ناوەڕۆکەکەی بە زمانی دایک بێت، و هیچ بڕگەیەکی گرێبەستەکە لەگەڵ هیچ ماددە و بڕگەیەکی ئەم یاسایە ناکۆک نەبێت. هەشتەم: هەر قوتابی یان خوێندکارێک یەکەمی سەر ئاستی هەر پۆلێک لە پۆلەکانی خویندن بێت، لانیکەم لە (50%) پەنجا لەسەدی کرێی خوێندنی ساڵەکە دەبەخشرێت.
ماددهی (140)
ماددهی (140) یەکەم: 1. کرێی ساڵانەی خوێندن لانیکەم بە (3) سێ قیست دەبێت. 2. قیستی یەکەم لە کاتی تۆمارکردن یان پێش دەستپێکردنی ساڵی خوێندن دەدرێت. 3. قیستی دووەم لە کاتی دەستپێکی وەرزی دووەم دەدرێت، و قیستی سێیەمیش لەگەڵ وەرگرتنەوەی کارتی نمرە. دووەم: ئەگەر بەخێوکار پابەند نەبوو بە دانی کرێی ساڵانەی خویندن لە کاتی خۆیدا، دامەزراوە مافی هەیە داوا لە وەزارەت بکات بە گواستنەوەی منداڵ و قوتابی و خوێندکار بۆ دامەزراوەیەکی دیکە، و دەبێت وەزارەت لە ماوەی (15) پازدە ڕۆژ لە ڕێکەوتی داواکەوە بڕیاری گواستنەوەکە و جێبەجێکردنی بدات. سێیەم: بۆ وەرگرتنی کرێی ساڵانی خوێندن، دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی مافی کردنەوەی ژمارەی بانكی هەیە.