أحكام القانون
البحث في المحتوى🔎
ماددهی (101)
ماددهی (101) یەکەم: دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان چوار جۆرن:- 1. دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی خۆماڵی، کە پرۆگرامی حکومی یان پروگرامێکی تایبەت بە خۆیان کە لە وەزارەت ڕێگەپێدراوە، پیادە دەکەن. 2. دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی قازانج نەویست، کە پرۆگرامی حکومی یان پروگرامێکی تایبەت بە خۆیان کە لە وەزارەت ڕێگەپێدراوە، پیادە دەکەن. 3. دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی نێودەوڵەتی، کە بریتین لەو دامەزراوانەی کە:- أ. پرۆگرامێکی خوێندنی ناوەندێکی متمانەدەری نێودەوڵەتی فێرکردنی جیهانی پێشکەوتووی تێدا پیادە دەکرێت. ب. سیستەمێکی ئەزموونەکانی ناوەندێکی پەروەردەیی نێودەوڵەتی متمانەداری باوەڕپێکراویان تێدا پیادە دەکرێت. ج. سیستەمێکی سەرپەرشتیاری یان هەڵسەنگاندنی ناوەندێکی پەروەردەیی نێودەوڵەتی باوەرپێکراویان، هەبێت. 4. دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومیە بیانییەکان، کە پرۆگرامی خوێندن، سیستەمی تاقیکردنەوەکان، جۆری بڕوانامە و هەڵسەنگاندنی وڵاتێکی دیاریکراو پیادە دەکەن، بە ڕەچاوکردنی بنەما گشتییەکانی خوێندن لە هەرێم، وەک ئەوەی لە یاسا بەركارەكاندا، هاتووە. 1. پێویستە داواکاری مۆڵەت ناوێکی جیاکەرەوە بۆ دامەزراوەکەی دیاریبکات، بە جۆریک کە ناوەکە یان ناوە لێکدراوەکە بەتەواویی هەمان ناو نەبێت کە دامەزراوەیەکی پەروەردەیی دیکە لە هەمان بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە هەیەتى، و نابێت ناوەکە لەگەڵ پەیامی پەروەردە ناکۆک بێت. دووەم: گشت دامەزراوە ناحکومییەکان پابەندن بە پیادەکردنی سیستەمی دڵنیایی جۆریی، و نابێت ئامانجەکانیان لەگەڵ ئامانج و فەلسەفەی ئەم یاسایەدا، ناکۆک بێت.
ماددهی (102)
ماددهی (102) هەر کەسێک عێراقی بێت یان بیانی، سروشتی بێت یان مەعنەوی و شیاوى یاسایی هەبێت، ئەگەر مەرجەکانی بەخشینی مۆڵەتی تێدا بێت مافی دامەزراندنی دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی هەیە.
ماددهی (103)
ماددهی (103) یەکەم: دەبێت پرۆژەی بونیادنانی دامەزراوەکە ناکۆک نەبێت لەگەڵ بەها نیشتیمانی و بنەما گشتى و فەلسەفەییەکانى پەروەردە و فێرکردن لە هەرێم. دووەم: نابێت داواکاری مۆڵەت ڕێکخراوێکی سیاسی یان ئایینی بێت. سێیەم: پێویستە داواکاری مۆڵەت بە تاوانی ئابڕوبەر حوکم نەدرابێت. چوارەم: پێویستە داواکاری مۆڵەت قەرز و باجی لەسەر نەبێت و بەڵگەنامەی ئەستۆپاکی قەرز و باج لەگەڵ داواکاریی مۆڵەتدا پێشکەش بکات. پێنجەم: پێویستە داواکاری مۆڵەت تەلاری تایبەت بە خۆی یان گرێبەستی سەرەتایی بۆ بەکرێگرتنی تەلارێکی گونجاو یان زەویەکی گونجاوی بۆ دروستکردنی تەلارێکی پەروەردەیی و فێرکاری هەبێت، مەرج و ڕێکارەکانیشى بەپێی ڕێنماییەک دەبێت کە وەزیر دەریدەکات، بێ ئەوەی مەرجە بیناسازییەکانی لەو مەرجانە توندتربن کە بۆ دروستکردنی تەلاری دامەزراوەی پەروەردەیی حکومی دانراون. شەشەم: 1. ئەگەر داواکاری مۆڵەت دامەزراوەی پەروەردەیی دیکەی هەبێت، مافی هەڵبژاردنی هەمان ناوی دامەزراوەکەی پێشتری بۆ دامەزراوە نوێکەی هەیە، بەڵام بە زیادکردنی وشەیەک یان ناوێکی دیکە. 1. سوودە پەروەردەیی و فێرکاریی و کۆمەڵایەتییەکانی دروستکردنی دامەزراوەکە. حەوتەم: نابێت داواکاری مۆڵەت لە (6) شەش ساڵی پێشتر دەستبەرداری خاوەنداریەتی دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی بوو بێت بۆ کەسێکی دیکە. هەشتەم: دەبێت داواکاری مۆڵەت گشت مەرجەکانی پێدانی مۆڵەتی تێدابێت.
ماددهی (104)
ماددهی (104) یەکەم: دەبێت داواکاریی مۆڵەت ئەم زانیارییانی خوارەوە لە خۆبگرێت:- 1. سەرچاوە داراییەکان و لایەنی پشتیوانکار. 2. بڕی کرێی خوێندنی ساڵانە و ژمارەی قیستەکان کە دەبێت بە دراوی نیشتمانی بێت. 3. مەرجەکانی وەرگرتنی قوتابیان و خوێندکاران و مەرجەکانی گواستنەوەیان. 4. پرۆگرامەکانی خوێندن، بەجۆرێک کە لەگەڵ ئامانج و فەلسەفەی ئەم یاسایەدا ناکۆک نەبێت. 5. بنەماکانی دەرچوون و دەرنەچوون و سیستەمی تاقیکردنەوەکان و ساڵنامەی خوێندن. 6. بنەماکانی سەرپەرشتیکردن و هەڵسەنگاندن. 7. زمانی خوێندن. 8. بازنە و قۆناغ و ژمارەی ساڵەکانی خوێندن. 9. کارامەیی داواکراو لە كارمەندەكاندا. 10. چۆنیەتی دابینکردنی چاودێریی تەندروستی و چالاکییە جۆراوجۆرەکان. 11. پەیڕەوی ناوخۆی پێشنیازکراو بۆ کارگێڕیی دامەزراوەكە. 12. ڕێکارەکانی بەدەستهێنانی دڵنیایی جۆریی. 13. شوێنی دامەزراوەکە و نەخشەى بیناسازیى. 14. پێشکەشکردنی بەڵگەنامەی ئەستۆپاکی لە قەرز و باج. 15. شێواز و میکانیزمى جێبەجێکردنى ئەرک و پابەندیى دامەزراوەکە بۆ قوتابیان و خوێندکارانى خاوەن پێداویستى تایبەت. دووەم: ئەگەر داواکە سەبارەت بە دامەزراندنی دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی نێودەوڵەتی یان بیانی بێت، ئەوکاتە پێویستە نوسراوێکی فەرمی سەبارەت بە وەدەستهێنانی بەڵگەنامەی کاندیدبوون بۆ متمانەبەخشین (ئەکریدیتەیشن) لەلایەن ناوەندی سەرەکیی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکە یان دەوڵەتە پەیوندیدارەکە، لەگەڵ داواکاریەکە هاوپێچ بکرێت.
ماددهی (105)
ماددهی (105) یەکەم: 1. پێشکەشکردنی داواکاریی مۆڵەت لەنێوان ڕۆژی یەکەمی مانگی تشرینی دووەم تا ڕۆژی یەکەمی مانگی ئازار دەبێت. 2. پێشکەشکردنی داواکاریی مۆڵەت، دوای پێدانی ڕەسمی پێشکەشکردنی داواکاریی، و هەبوونی گشت مەرجەکانی ماددەی (103) لە داواکاردا و دابینکردنی گشت پێداویستیەکانی ماددەی (104) دەکرێت. 3. پێش بڕیاردان لە داواکە، وەزارەت مافی داواکردنی گۆڕینی داواکارییەکە و ئامادەکردنی هەر پێداویستییەكی لە داواکار هەیە بە گۆڕینی نرخی ساڵانەی خوێندنی پێشنیارکراویشەوە. 4. وەزارەت لە ماوەی (60) شەست ڕۆژ لە ڕێکەوتی پێشکەشکردنی داواکارییەکە بە گشت مەرج و پێداویستیەکانییەوە وەڵام دەداتەوە، و ئەگەر لەو ماوەیەدا وەڵامی نەدایەوە داواکارییەکە بە ڕەتکراوە ئەژمار دەکرێت. دووەم: 1. لە ئەگەری ڕەتکردنەوەی داواکارییەکە لەلایەن وەزارەتەوە، دەبێت ڕەتکردنەوەکە بە نوسراو و هۆدار بێت، لەو بارەدا ڕەسمەکانی پێشکەشکردنی مۆڵەت نادرێتەوە. 2. داواکاری مۆڵەت مافی دادخوازی لە بڕیاری ڕەتکردنەوە یان وەڵام نەدانەوەی لە ماوەی دیاریکراودا، لە ماوەی (30) سی ڕۆژ لە ڕێکەوتی پێڕاگەیاندنی بڕیارەکە یان دوای تێپەربوونی (60) شەست ڕۆژەکە، هەیە. سێیەم: لە ئەگەری پێنەدانی مۆڵەت، داواکار مافی هەیە دوای نەمانی هۆیەکانی پێنەدانی مۆڵەت و پێدانی ڕەسمی نوێ، جارێکی دیکە داوای مۆڵەت پێشکەش بە وەزارەت بکات.
ماددهی (106)
ماددهی (106) یەکەم : تەنها پاش بڕیاری وەزیر بە پێدانی مۆڵەت و بەجێهێنانی ئەم ئەرکانەی خوارەوە، مۆڵەت كاریپێدەكرێت. 1. پێدانی ڕەسمی دامەزراندن. 2. دانانی بارمتە نامە، بە بڕێک کە وەزیر بە ڕێنمایی دیاریدەكات، و بۆ ماوەی (3) سێ ساڵ دەبێت، ئەویش بۆ دڵنیابوون لە بەڕێوەبردنی کاری دامەزراوەکە بە شێوەیەکی باش و لە کاتی نوێکردنەوەی مۆڵەتدا دامەزراوەکە پابەند دەکرێت بە نوێکردنەوەی دڵنیایی بانکی. 3. پێشکەشکردنی هەر پێداویستییەکى دیکە کە وەزارەت بە پێویستی دەزانێت. دووەم: پێدانی مۆڵەتی باخچە و قوتابخانە و خوێندنگە و پەیمانگا ناحکومییەکان بەپێی پێویست و پلانی وەزارەت و جۆری پسپۆرییەکەیان دەبێت.
ماددهی (107)
ماددهی (107) یەکەم: ڕێگە بە دەستبەکاربوونی هیچ دامەزراوەیەکی پەروەردەیی نادرێت و ناتوانێت قوتابی و خوێندکار وەربگرێت تا بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە مۆڵەت وەرنەگرێت. دووەم: 1. ئەو کەسەی مۆڵەتی دامەزراندنی دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی وەردەگرێت، دەبێت لەماوەی (1) یەک ساڵ لە ڕۆژی وەرگرتنی مۆڵەتەکە دامەزراوەکەی دەستبەکار بێت، و تەنها یەکجار و بۆ ماوەی (1) یەک ساڵ ماوەکەی بۆ درێژ دەکرێتەوە. 2. ئەگەر دروستکردنی تەلاری دامەزراوەکە بەپێی مەرجەکان، زیاتر لە دوو ساڵی لە ڕۆژی وەرگرتنی مۆڵەت خایاند، دەکرێت ماوەی یەک ساڵی تریش بدرێت بە خاوەن مۆڵەت بە مەرجێک ڕەسمەکان بدات. 3. درێژکردنەوەی ماوەکانی هاتوو لە خاڵەکانی (1، 2)ی ئەم بڕگەیە، بە بڕیاری وەزیر و لەسەر داوای خاوەن مۆڵەت و پێشنیاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی خوێندنی ناحکومی دەبێت. سێیەم: 1. موڵەتى دامەزراوەى پەروەردەیى ناحکومى بە باخچە و قوتابخانە و خوێندنگەیەک نادرێت کە لە چوارچێوەى پڕۆژەیەکى وەبەرهێنانى بوارى نیشتەجێبووندا دروستکرابێت و بەشێک بێت لەو خزمەتگوزارییە گشتییانەى کە پێشتر خاوەن پڕۆژەکەى پێ پابەندکراوە. 2. ئەگەر لە هەمان کاتدا، لە مۆڵەتى پڕۆژەى وەبەرهێنانەکەدا مافى هەردوو دامەزراوەی پەروەردەیى حکومى و ناحکومى پێدرابێت، ئەوا دەبێت یەکەمجار دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکە بونیاتبنێت، بەپێچەوانەوە، موڵەت بە دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکە نادرێت. 3. هەر پڕۆژەیەکى وەبەرهێنانى هاتوو لە خاڵى (1)ى ئەم بڕگەیە، ئەگەر دواى چوونە بوارى جێبەجێکردنی ئەم یاسایە، پابەندى دروستکردنى دامەزراوەى پەروەردەیى حکومى نەبووبێت، بە دروستکردنى دامەزراوەکە پابەند دەکرێت تەنانەت ئەگەر زەوى تەرخانکراویش بۆ بواریکى دیکە بەکارهاتبێت و ناچار دەکرێت لە دەرەوەى پڕۆژەکە دامەزراوە پەروەردەییەکە دروست بکات. 4. پڕۆژەکانى وەبەرهێنان و کۆمپانیاکانى خزمەتگوزاریى، پابەندن بە دابینکردنى خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ دامەزاروە پەروەردەییە حکومییەکان، بە هەمان نرخى دابینکردنى خزمەتگوزارییەکە لەلایەن کەرتى گشتییەوە.
ماددهی (108)
ماددهی (108) یەکەم: دەبێت داواکاریی نوێکردنەوەی مۆڵەت، لانیکەم بە (3) سێ مانگ پێش بەسەرچوونی مۆڵەتی کارپێکراو، پێشکەش بە وەزارەت بکرێت. دووەم: 1. نوێکردنەوەی مۆڵەت هەر (3) سێ ساڵ جارێک دەبێت. 2. ڕێکارەکانی نوێکردنەوەی مۆڵەت بە ڕێنماییەک کە وەزیر دەریدەکات ڕێکدەخرێت، بە ڕەچاوکردنی ئەوەی کە وەزارەت دەبێت لە ماوەی (30) سی ڕۆژدا، لە ڕۆژی پێشکەشکردنی داوای نوێکردنەوەی مۆڵەت بە گشت پێداویستیەکانیەوە، بڕیار لەسەر نوێکردنەوە یان ڕەتکردنەوەی داواکە بدات. 3. ئەگەر گشت مەرجەکانی نوێکردنەوەی مۆڵەت لە داواکارییەکەدا هەبوو، مۆڵەتەکە نوێ دەکرێتەوە. 4. لە کاتی نوێکردنەوەی مۆڵەت، دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان مافیان هەیە لە سەرهەمان كرێی ساڵانەی خوێندن کە پێش نوێکردنەوەی مۆڵەت هەیانبووە، بەردەوام بن. 5. ئەگەر نوێکردنەوەکە سەبارەت بە دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی یان بیانی بوو، دەبێت دامەزراوەکە نووسراوی متمانە (ئەکریدیتەیشن)، نەک کاندیدبوون لە دامەزراوە نێوەدەوڵەتییەکە یان دەوڵەتە بیانییەکە، هاوپێچ بکات.
ماددهی (109)
ماددهی (109) یەکەم: خاوەنی مۆڵەت، تەنها پاش تێپەڕبوونی (4) چوار ساڵ بەسەر دامەزراندنی دامەزراوەکە بە شێوەیەکی کرداریی، مافی دەستبەرداربوونی خاوەنداریەتی مۆڵەتەکەی هەیە. دووەم: 1. خاوەن مۆڵەت ناتوانێت بێ ڕەزامەندی فەرمی وەزارەت و هەبوونی گشت مەرجەکان لەو کەسەی داواکاره ببێتە خاوەنی نوێ، دەستبەرداری مۆلەتەکەی ببێت. 2. لە کاتی هەبوونی گشت مەرجەکان لە داواکاردا، وەزارەت لە ماوەیەک کە لە (60) شەست ڕۆژ لە ڕێکەوتی پێشکەشکردنی داواکارییەکە بە گشت پێداویستیەکانیەوە تێپەڕ نەکات، داواکارییەکە پەسەند دەکات. سێیەم: مۆڵەت نادرێت بە هیچ کەسێک، کە لە ماوەی (6) شەش ساڵی پێشتر، دەستبەرداری خاوەنداریەتی مۆڵەتێک بووبێت، یان مۆڵەتەکەی هەڵوەشێنرابێتەوە.
ماددهی (110)
ماددهی (110) یەکەم: لە حاڵەتی مردنی خاوەن مۆڵەت، مۆڵەتەکە بۆ میراتگرەکەی دەگوازرێتەوە بە مەرجێک گشت مەرجەکانی پێدانی مۆڵەتی هاتوو لەم یاسایە، لە میراتگردا هەبێت. دووەم: لە کاتی بوونی مەرجەکانی ئەم یاسایە لە میراتگردا، میراتگر یان نوێنەرێکی یاسایى دەتوانێت کەسێک کە مەرجەکانی تێدا بێت بۆ بەڕێوەبردنی دامەزراوەکە هەڵبژێرێت، و هەروەها دەتوانێت دامەزراوەکە بفرۆشێت یان دەستبەرداری ببێت بۆ کەسێک کە مەرجەکانی پێدانی مۆڵەتی تێدا بێت. سێیەم: ئەگەر مەرجەکانی وەرگرتنی مۆڵەت لە میراتگر یان نوێنەرە یاساییەكەیدا بوونی نەبوو، ئەوا دامەزراوەکە دەفرۆشرێتەوە یان دەستبەرداری دەبێت بۆ کەسێک کە مەرجەکانی وەرگرتنی مۆڵەتی تێدا بێت.
ماددهی (111)
ماددهی (111) یەکەم: دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی مافی گواستنەوەی بۆ تەلارێکی دیكە هەیە. دووەم: مەرجەکانی گواستنەوەی دامەزراوەکە لە تەلارێک بۆ تەلارێکی دیکە بە ڕێنمایی کە وەزیر دەریدەکات، ڕێکدەخرێت.
ماددهی (112)
ماددهی (112) لە هەر یەک لەم بارانەی خوارەوەدا، ئەرکی وەزارەتە لە ماوەی (60) شەست ڕۆژدا، مۆڵەتی دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی، هەڵوەشێنێتەوە:- یەکەم: کاتێک دامەزراوەیەک دەفرۆشرێت یان خاوەنەکەی دەستبەرداری دەبێت، بەبێ ڕەزامەندی فەرمی وەزارەت. دووەم: کاتێک دامەزراوەیەک بەردەوام دەبێت لە داخستنی دەوام بەڕووی قوتابیان و خوێندکاراندا زیاتر لە (1) یەک هەفتە و بەبێ هۆی ڕەوا و بەبێ گوێدانە هۆشداری فەرمی وەزارەت. سێیەم: کاتێک دامەزراوەیەک دەگوازرێتەوە لە تەلارێک بۆ تەلارێکی دیکە بێ ڕەزامەندی فەرمی وەزارەت. چوارەم: کاتێک خاوەنی مۆڵەت لە کاتی دیاریکراودا داوا سەبارەت بە نوێکردنەوەی مۆڵەت پێشکەش بە وەزارەت ناکات، بێ گوێدانە هۆشداری دووبارەی فەرمی وەزارەت سەبارەت بە بەسەرچوونی مۆڵەتی کارپێکراو. پێنجەم: کاتێک دامەزراوەیەک لەو کاتەی بەپێی بڕیاری مۆڵەت بۆی دیاریکراوە دەستبەکار نابێت، بەبێ بوونی پاساوێکی ڕەوا کە لەلایەن وەزارەتەوە پەسەند کرابێت. شەشەم: کاتێک دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی نێودەوڵەتی یان بیانی متمانەی (ئەکریدیتەیشن)ی ئەکادیمی لەدەست دەدات، و لەو کاتەدا دامەزراوەکە دەکرێت بە دامەزراوەیەکی خۆماڵی. حەوتەم: کاتێک سەلمێنرا کە بڕیاری پێدانی مۆڵەت لەسەر بنەمای بەڵگە و نووسراوێکی ساختە بێت. هەشتەم: کاتێک خاوەن مۆڵەت، پاش ئاگادارکردنەوەی زیاتر لە جارێك لەلایەن وەزارەتەوە، بەڵگەنامەی ئەستۆپاکی پێشکەش نەکات. نۆیەم: کاتێک دامەزراوەکە پابەند نابێت بە ئەرک و پابەندییە یاسایی و کارگێڕییەکانی، سەرەڕای هۆشداریی زیاتر لە جارێكی وەزارەت.
ماددهی (113)
ماددهی (113) یەکەم : بەمەبەستی ڵێکۆڵینەوە سەبارەت بە سەرپێچییەكان دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی، وەزیر لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەرێکی گشتی و ئەندامیەتی چەند فەرمانبەرێکی دیکە کە یەکێکیان یاسایی دەبێت، پێکدەهێنێت و لیژنەکە ڕاسپاردەکانی پێشکەش بە وەزیر دەکات. دووەم : ئەرک و ڕێکارەکانی کاری لیژنەکە بە ڕێنماییەک کە وەزیر دەریدەکات، ڕێکدەخرێن.
ماددهی (114)
ماددهی (114) یەکەم: 1. لە کاتی سەلماندنی یەکێک لە بارەکانی ماددەی (112)ی ئەم یاسایە، وەزارەت پێش دەرکردنی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەت، مافی سەپاندنی پێبژاردنێکی هەیە له سهر دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی کە لە (10.000.000) دە ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (150.000.000) سەد و پێنجا ملیۆن دینار زیاتر نەبێت. 2. وەزارەت مافی دەستبەسەرداگرتنی بڕی دڵنیایی بانکی بە شێوەیەکی کاتی هەیە. دووەم: لە ماوەی (30) سی ڕۆژ لە بڕیاری وەزیر بە سەپاندنی سزای پێبژاردن یان هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەت، خاوەنی مۆڵەت دەتوانێت دادخوازی و تانە لە بڕیارەکە بدات، بەپێی حوکمەکانی یاسای ئەنجومەنی شورای بەرکار لە هەرێم.
ماددهی (115)
ماددهی (115) یەکەم: لە ئەگەری دەرکردنی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەت، خوێندن لە دامەزراوەکە تا کۆتایی ساڵی خوێندن بەردەوام دەبێت، لە ڕێگەی بەرێوەبردنێکی هاوبەشەوە لە نێوان دامەزراوەکە و وەزارەت و گشت تێچووەکانی بەڕێوەبردنە هاوبەشەکە لەسەر خاوەنی دامەزراوەکە دەبێت. دووەم: بە هەماهەنگی لەگەڵ خاوەنی ئەو دامەزراوەیەی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەکەی دراوە، وەزارەت دەتوانێت دوای تەواوبوونی ساڵی خوێندن، بەڕەزامەندی قوتابیان و خوێندكاران و بەخێوكارانیان، بۆ دامەزراوەیەکی پەروەردەیی حکومی یان ناحکومی دیكەیان بگوازێتەوە.
ماددهی (116)
ماددهی (116) خاوەنی دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی بەجێهێنانی پابەندییەكان لە ئەستۆدەگرێت و بەرپرسە لە فەراهەمکردنی مافەکانی کارمەندانی دیکەی دامەزراوەکە.
ماددهی (117)
ماددهی (117) یەکەم: هەموو دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی مافی کردنەوەی چێشتخانە و فرۆشگای لە دامەزراوەکە هەیە، بەپێی مەرجە تەندروستییەکان. دووەم: دەبێت نرخی خواردن و شتومەکی خواردنگە و فرۆشگا گونجاو بێت، و ئەنجومەنی وەزارەت مافی کەمکردنەوەی نرخەکانی هەیە ئەگەر لەچاو نرخی بازاڕ و هاوشێوەکانیان بەرزبوون.
ماددهی (118)
ماددهی (118) یەکەم: دەکرێت تەلاری دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان موڵک یان کرێ بن. دووەم: ئەگەر تەلاری دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی لە (3) سێ نهۆم زیاتربوو، کە هەرسێکیان پۆلی تیدابێت، ئەو کاتە پێویستە ڕەزامەندیی فەرمی وەزارەت وەربگیرێت، و ئەو هەلومەرجە تایبەتانە ڕوونبکرێنەوە کە وایانکردووە تەلارەکە لە (3) سێ نهۆم زیاتر بێت، و پاش ئەوە وەزارەت بڕیاری خۆی دەدات. سێیەم: ئەو تەلارانەی دوای دەرچوونی ئەم یاسایە بۆ دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی دروست دەکرێن، دەبێت ڕووبەری پۆلەکانیان لە (35) سی و پێنج مەتر دووجا کەمتر نەبێت. چوارەم: دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان، مافی خۆیانە تەلارەکانیان بۆ (2) دوو دەوامی یەک لەدوای یەک بەکاربهێنن . پێنجەم: نابێت ئەو مەرجە بیناسازیانەی لە دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان داوا دەکرێن لە کاتی دروستکردنی تەلارەکانیاندا، لەو مەرجانە توندتر بن کە لە دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان داوا دەکرێن. شەشەم: تەلاری ئەو دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییانەی پێش دەرچوونی ئەم یاسایە دروستکراون بەپێی یاسا و ڕێنمایی و مۆڵەتی کارپێکراوی کاتی دروستکردنیان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. حەوتەم: خاوەنی دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی مافی هەبوونی نوسینگەی خۆی لە تەلاری دامەزراوەکەدا هەیە. هەژبەتەم: ژێرزەمین بە نهۆم هەژمار ناکرێت، و نابێت هیچ پۆلێکی وانەوتنەوە لە ژێرزەمین هەبێت، بەڵکو دەکرێت بۆ هۆڵی کۆبونەوە و هۆڵی تاقیکردنەوە و تاقیگە و کافیتێریا و کاری خزمەتگوزاریی بەکاربهێندرێت.
ماددهی (119)
ماددهی (119) هەر دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی، دەبێت بە یەكێك لەم چوار جۆرە پرۆگرامەی خوێندن پابەند بێت:- یەکەم: پرۆگرامەکانی خوێندنی وەزارەت، ئەگەر دامەزراوەکە دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی خۆماڵی بێت. دووەم: پروگرامێکی تایبەت، ئەگەر دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی پێشوەختە و بەفەرمی، ڕەزامەندی بۆ پڕۆگرامەکەی لە وەزارەت وەرگرتبێت. سێیەم: پرۆگرامی دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی نێودەوڵەتی دانپێدانراو، کە لەلایەن بنکەی سەرەکیی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکە پەسەندکرابێت و لەلایەن وەزارەتیشەوە مۆڵەتی پێدرابێت . چوارەم: پرۆگرامی دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی بیانی، کە تایبەت بێت بە ڕەوەندە بیانییەکان و لەلایەن دەوڵەتی پەیوەندیدار و وەزارەتەوە پەسەند کرابێت.
ماددهی (120)
ماددهی (120) یەکەم: بابەتەکانی خوێندن لە دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان بەپێی پرۆگرامی خوێندنی دامەزراوەکە دەبێت، کە پێشتر لە وەزارەت ڕەزامەندی بۆ وەرگیراوە. دووەم: هەر دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی، دوای ئاگادارکردنەوەی وەزارەت، مافی زیادکردنی بابەتی خوێندنی بۆ پرۆگرامەکانی حکومی هەیە، بەو مەرجەی کاریگەری لەسەر بابەتەکانی خوێندن نەبێت و لەگەڵ بنەما گشتییەکان و فەلسەفەی ئەم یاسایە ناکۆک نەبێت.