أحكام القانون

البحث في المحتوى🔎
ازالة
ازالة

مادده‌ی (81)

متن المادە :

مادده‌ی (81) وردەكاریی تاقیکردنەوە لە دامەزراوە پەروەردەییەکاندا، بە پەیڕەوێک ڕێکدەخرێت کە ئەنجومەنی وەزیران دەریدەکات.

مادده‌ی (82)

متن المادە :

مادده‌ی (82) یەکەم: وەزیر دەبێت ساڵانە لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکان لە کەسانی پسپۆر و بەئەزموون پێکبهێنێت. دووەم: لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکان بەرپرسە لە بەڕێوەبردنی تاقیکردنەوە سەرتاسەرییەکان، دانانی پرسیارەکانیان، پاراستنی نهێنییەکانیان، پێشنیازکردنی ڕێنمایی بۆ ڕێکخستنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان، سەلامەتی ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانیان و یەکلاکردنەوەی تانەکان.

مادده‌ی (83)

متن المادە :

مادده‌ی (83) یەکەم: هەرکەسێک دزە بە پرسیاری تاقیکردنەوەکان بکات، یان زانیاریی لە بارەیانەوە بدرکێنێت یان مامەڵەی پێوەبکات، بە بەندکردن بۆ ماوەیەک کە لە (3) سێ ساڵ کەمتر نەبێت سزا دەدرێت دووەم: ئەگەر کەسی هاتوو لە بڕگەی (یەکەم)ی ئەم ماددەیە، ئەندامی لیژنەی تاقیکرنەوەکان بوو یان تایبەتمەندبوو بە گواستنەوە یان پاراستن یان هەڵگرتنیان، سزاکەی دەبێتە دوو هێندە و بە تاوانی ئابڕوبەر ئەژمار دەکرێت و لە وەزیفەش دەردەکرێت. سێیەم: ئەگەر تاوانبار فەرمانبەر یان کارمەندێکی دیکەی حکومەت بوو، هەمان حوکمی بڕگەی (دووەم)ی ئەم ماددەیەی لەسەر جێبەجێ دەکرێت. چوارەم: ئەم تاوانە بە تێپەڕبوونی کات خەسڵەتی تاوانکاری لەدەست نادات.

مادده‌ی (84)

متن المادە :

مادده‌ی (84) یەکەم: پێویستە بەڕێوبەرایەتی پەروەردە بەبێ بەرامبەر ڕاستاندن بۆ بەڵگەنامە و بڕوانامەى دەرچوون، لە کاتی بەکارهێنانی لەناو وڵاتدا بکات. دووەم: پێویستە وەزارەت بەرامبەر بە ڕەسمێک ڕاستاندن بۆ بەڵگەنامە و بڕوانامەى دەرچوون بکات لەکاتی بردنی بۆ دەرەوەی وڵات.

مادده‌ی (85)

متن المادە :

مادده‌ی (85) سیستمی دڵنیایی جۆریی، لە بەشی کارگێڕیی دامەزراوەکان، مامۆستا، قوتابی و خوێندکار، ڕێگەکانی وانەوتنەوە، پرۆگرامەکانی خوێندن و ژینگەی خوێندن پێکدێت.

مادده‌ی (86)

متن المادە :

مادده‌ی (86) یەکەم: وەزارەت لە ڕێگەى بەڕێوەبەرایەتى گشتى دڵنیایى جۆریى و سەرپەرشتیکردن بەرپرسە لە جێبەجێکردنی بنەماکانی دڵنیایی جۆریی و متمانەبەخشین، لەبەر ڕۆشنایی پێوەر و ستانداردی زانستیدا، و بەرپرسیارە لە پەرەپێدانی بەردەوامی توانای کارمەندانى پەروەردە و فێرکردن. دووەم: لە پرۆسەی دڵنیایی جۆریدا، فیدباکى قوتابی و خوێندکار، مامۆستایان و فەرمانبەران و کارمەندانی دامەزراوەکە، وەردەگرێت.

مادده‌ی (87)

متن المادە :

مادده‌ی (87) یەکەم: ڕێبەری دڵنیایی جۆریی لەلایەن وەزارەت بڵاودەکرێتەوە، وێنەیەکی لای دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان دەپارێزرێت، و دەبێتە سەرچاوەی سەرەکی بۆ پیادەکردنی و بەدواداچوونی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دڵنیایی جۆریی. دووەم: بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی کارمەندان و خودی دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان لە ڕووی کارگێڕیی و ژینگەییەوە، وەزارەت بەر لە کۆتایی مانگی ئایاری هەر ساڵێک، فۆڕمی وەکیەکی هەڵسەنگاندن بەسەر دامەزراوەکاندا دابەش دەکات و ئەو فۆڕمانە دەبنە بنەمایەک بۆ خود هەڵسەنگاندن و هەڵسەنگاندنى دەرەکی ناوبەناو لەلایەن دامەزراوەکانەوە و دەبنە بنەمایەکیش بۆ ڕاپۆرتی سەرپەرشتیاران. سێیەم: بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی دڵنیایی جۆریی، و پیادەکردنی بە باشترین شێوە، بەڕێوەبەرایەتییەکی کارگێڕیی دڵنیایی جۆریی و سەرپەرشتیکردن لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دادەمەزرێت. ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لە کۆتایی هەردوو وەرزەکانی یەکەم و دووەم، زانیاری سەبارەت بە پرۆسەی دڵنیایی جۆری کۆدەکاتەوە، و لەسەر بنەمای ئەوە پوختەیەک لەسەر پابەندی دامەزراوەکان لە کۆتایی ساڵی خوێندن پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دڵنیایی جۆریی و سەرپەرشتیکردن دەکات.

مادده‌ی (88)

متن المادە :

مادده‌ی (88) یەکەم: بەڕێوەبەری دامەزراوە بەرپرسە لە جێگیرکردنی سیستەمی دڵنیایی جۆریی لە دامەزراوە، سەرپەرشتیکردنی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان و پیادەکردنی ڕێبەری دڵنیایی جۆریی، ئەوەی کە لەلایەن وەزارەتەوە ئامادە و دابەش دەکرێت. دووەم: ئەنجومەنی دامەزراوە یەکێک لە ئەندامەکانی، دوای بەشداریکردنی لەخولی ڕاهێنان، بە بەرپرسیارێتیی سەرپەرشتیکردن و بەدواداچوونی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دڵنیایی جۆریی ڕادەسپێرێت. سێیەم: هەر مامۆستایەک پێویستە بە گیانی هاوکاری لە پیادەکردنی پرۆسەی دڵنیایی جۆریی بەشدار بێت، و کار بکات بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە لەو بابەتانەی کە پەیوەستن بە ئەرکەکانیەوە.

مادده‌ی (89)

متن المادە :

مادده‌ی (89) یەکەم: پێویستە هەموو دامەزراوەکان، بەر لە کۆتایی مانگی ئایاری هەر ساڵێک، و لە ڕێگەی پڕکردنەوەی فۆرمێکی وەکیەکی دڵنیایی جۆریی کە وەزارەت دایدەڕێژێت و دابەشی دەکات، ساڵانە بۆ ئاستی فێربوونی قوتابیان و خوێندکاران، پابەندی کادیرانی وانەوتنەوە و کارگێڕیی، بەڕێوەچوونی کارى دامەزراوەکە، چالاکییە جۆراوجۆرەکان، و ئاستی سەرکەوتنیان لە پیادەکردنی سیستەمی دڵنیایی جۆریی هەڵسەنگاندن بکەن. دووەم: پوختەیەک لە فۆڕمەکانی هەڵسەنگاندن، لەگەڵ بەڵگەکان و پێداویستییەکان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرزدەکرێتەوە، و هەڵسەنگاندنەکە دەبێتە بنەمای بابەتیانەی پرۆسەی هەڵسەنگاندن. سێیەم: مافی هەر کەسێکە کە بەرژەوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەبێت، وێنەیەکی ڕاپۆرتی کۆتایی هەر دامەزراوەیەک بەدەستبهێنێت، لە ڕێگەی داوایەک کە پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دڵنیایی جۆریی و سەرپەرشتیکردن دەکرێت. چوارەم: ئەگەر کەموکوڕی لە کاری دامەزراوەکە بەدیکرا، و لەکاتی دیاریکراودا چارسەر نەکرا، ئەوا ئەرکی وەزارەتە ڕێکاری پێویست بەرامبەر دامەزراوەکە بگرەبەر.

مادده‌ی (90)

متن المادە :

مادده‌ی (90) یەکەم: وەزارەت ڕێبەری دڵنیایی جۆریی لە بواری پەروەردە و فێرکردندا بڵاودەکاتەوە. ڕێبەری دڵنیایی جۆریی پێناسەی دڵنیایی جۆریی و سیستمەکەی، بەڕێوەبردنی سیستەمی دڵنیایی جۆریی لە وەزارەت و دامەزراوەکان، و نیشاندەرەکانی دڵنیایی جۆری لە وانەوتنەوە، بەڕێوەبردنی دامەزراوەکان، شێوازەکانی وانەوتنەوە، پرۆگرامەکان، ژینگەی دامەزراوەکە، پێکهاتەکانی هەگبەی مامۆستا، دیاریکردنی ڕۆڵی بەخێوکاران لە پرۆسەی دڵنیایی جۆریی، نموونەیەکی فۆرمەکانی هەڵسەنگاندن و چۆنیەتی پڕکردنەوەیان لەلایەن كارمەندانی دامەزراوەکان، لە خۆدەگرێت. دووەم: دەبێت ڕێبەری دڵنیایی جۆریی پێش دەستپێکردنی ساڵی خوێندن لەلایەن وەزارەتەوە ئامادە بکرێت و بەسەر دامەزراوەکاندا دابەش بکرێت.

مادده‌ی (91)

متن المادە :

مادده‌ی (91) یەکەم: هەر مامۆستا و بەڕێوەبەر و یاریدەرەی بەڕێوەبەرێک، هەگبەیەکی تایبەت بە خۆی دەبێت بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە تایبەتییەکان سەبارەت بە باش بەڕێوەچوونى کارەکانیان. دووەم: هەگبە ئەمانەی خوارەوە لەخۆ دەگرێت:- فێربوونی بەردەوام لە ڕێگەی ئاشنابوون بە گەشەکردنەکانی بواری پەروەردە و فێرکردن. سازدانی سیمیناری پەروەردەیی و فێرکردن یان بەشداربوون تێیاندا. ئەنجامدانی ڕاپۆرت و توێژینەوەی پەروەردەیی و فێرکردنی جیاواز. بەشداریکردنی مامۆستا لە کارەکانی دامەزراوەکەی بۆ سەرخستنی ئەرکەکانی و بەرەوپێشبردنی لە هەموو بوارەکاندا. سێیەم: وەزارەت مافی زیادکردنی پێکهاتەی دیکەی بۆ هەگبە هەیە، و دەبێت بەڕێنمایی ڕێکبخرێت كە وەزیر دەریدەكات.

مادده‌ی (92)

متن المادە :

مادده‌ی (92) یەکەم: كارمەندانی پەروەردەیی و فێرکردن و كارمەندانی کارگێڕیی، ساڵانە لەلایەن بەڕێوەبەری دامەزراوەکەوە، هەڵسەنگاندنیان لە بوارە جیاوازەکاندا بۆ دەکرێت. ئەنجامەکانی پرۆسەی هەڵسەنگاندن لە تۆمارەکانی دامەزراوەکە تۆماردەکرێن و پوختەیەکی لە شێوەی فۆرمێک بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆكانی و وەزارەت دەنێردرێت. هەڵسەنگاندنی ساڵانە بۆ دیاریکردنی خاڵە بەهێز و لاوازەکانی كارمەندان و دامەزراوەکە دەکرێت و وەک بنەمایەک بۆ پێشکەشکردنی سوپاس و پێزانین بەکاردێت. دووەم: هەر دامەزراوەیەک لەلایەن لیژنەیەکی هەڵسەنگاندنی دەرەکی سەر بە وەزارەت، و بەپێی پێوەرەکانی وەزارەت و فۆڕمی تایبەت، کە بەر لە دەستپێکی ساڵی خوێندن بەسەر دامەزراوەکاندا دابەش دەکرێت، هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت، و ئەنجامی ئەو هەڵسەنگاندنە وەک هەڵسەنگاندنی بەڕێوەبەر و دامەزراوەکە هەژمار دەکرێت.

مادده‌ی (93)

متن المادە :

مادده‌ی (93) یەکەم: ئەرکی بەڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆریی و سەرپەرشتیکردنە، فۆرمەکانی هەڵسەنگاندن کۆبکاتەوە، کورت و پوختیان بکات، تۆمار و شیکردنەوەیان بۆ بکات و سوودیان لێ وەربگرێت . دووەم: ئاستی کارایی هەر دامەزراوەیەک بەپێی زانیاری و بەڵگەکانی ڕاپۆرتی ساڵانە دەبێت، و دامەزراوەکان بەم جۆرە پۆلێن دەکرێن:- ئاستی یەکەم: پێویستی بە پشتیوانی گەورەیە. ئاستی دووەم: پێویستی بە پشتیوانیە. ئاستی سێیەم: ناوەندە. ئاستی چوارەم: باشە. سێیەم: هەر کارمەندێکی پەروەردەیی و فێرکردن، لە هەر دامەزراوەیەک، بەپێی هەڵسەنگاندنی هەگبەکەی پۆلێن دەکرێت بۆ:- پێویستی بە پشتیوانیە. پەسەندە. ناوەندە. باشە. زۆر باشە. نایابە. چوارەم: وەزارەت، بە پشتبەستن بە ئاکامەکانی پیادەکردنی سیستەمی دڵنیایی جۆریی، پڕۆسەی هاندان جێبەجێ دەکات. پێنجەم: ڕاپۆرتی ئەنجامەکانی پرۆسەی هەڵسەنگاندن لەناو دۆسیەی دامەزراوەکەدا هەڵدەگیرێت، و وێنەیەکی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی دڵنیایی جۆریی و سەرپەرشتیکردن لە پارێزگا بەرزدەکرێتەوە.

مادده‌ی (94)

متن المادە :

مادده‌ی (94) یەکەم: ھیچ دامەزراوەیەکى پەروەردەیى دانامەزرێت و مۆڵەتی پێ نادرێت، ئەگەر پێداویستییە خوازراوەکان و ڕێکارەکانی دڵنیایی جۆریی و ڕێبەری دڵنیایی جۆریی، نەبێت. دووەم: هەموو دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان، هەر چوار ساڵ جارێک، داوای باوەڕپێدان لە وەزارەت دەکەن، کە وەک سەلماندنی ئاستی وانەوتنەوە ئەژماردەکرێت، و وەزارەت لەو ڕووەوە پشت بەو هەڵسەنگاندنەی دامەزراوەکە دەبەستێت کە لە چوار ساڵی پێشتردا بەدەستیهێناوە.

مادده‌ی (95)

متن المادە :

مادده‌ی (95) یەکەم: ئامانجی سەرپەرشتیکردن و هەڵسەنگاندن، گەیشتنە بە ئامانجە پەروەردەیی و فێرکارییەکان و باشترکردنی پرۆسەی پەروەردەیی و فێرکردن و بنیاتنانی تواناکانە لە دامەزراوەکاندا. دووەم: دەبێت پەرەپێدانی شێوازەکانی پێوانە و هەڵسەنگاندنی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە ڕووە جیاوازەکانیەوە بەپێی بنەما و پێوەری بابەتی بێت، کە مەبەست لێی پەرەپێدانی بوارەکانی پێشخستنە لای قوتابی و خوێندکار و فەرمانبەرانی دامەزراوەکە، و بۆ باشترکردنی پرۆگرامەکانی خوێندن و ناوەڕۆکەکانیان و شێوازەکانی وانەوتنەوە و تاقیکردنەوەکان و بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی توانای مامۆستاکانە.

مادده‌ی (96)

متن المادە :

مادده‌ی (96) یەکەم: ڕێنوێنی، بەدواداچوون، هەڵسەنگاندن، پشتیوانیکردن و پشکنینی کاری دامەزراوەکان و مامۆستایان و فەرمانبەران لە ڕووە جیاوازەکانەوە. دووەم: پشتگیریکردنی دامەزراوە پەروەردەیی و فێرکارییەکان بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستەکانیان. سێیەم: داهێنانی ڕێکاری بابەتیانە بۆ دڵنیایی جۆریی. چوارەم: ئامادەکردنی ڕاپۆرتی ساڵانە سەبارەت بە باش بەڕێوەچوونی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن، پلان و پێشنیازەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دڵنیایی جۆریی و سەرپەرشتیكردن، سەرپەرشتیاری و چۆنیەتی گەشەکردنی پرۆسەی پەروەردەیی و فێرکاریی و چالاکییەکان، کاروباری دارایی و کارەکانی دیکەی بەڕێوەبەرایەتییەکە.

مادده‌ی (97)

متن المادە :

مادده‌ی (97) یەکەم: ڕێنوێنی، بەدواداچوون، هەڵسەنگاندن، پشتیوانیکردن و سەرپەرشتیکردنی کارەکانی دامەزراوەکان، بۆ دڵنیابوون لە ئاستی پەروەردەیی و فێرکردن و ڕێگەکانی کارکردنیان، بەمەبەستی گەشەپێدانی کاری دامەزراوەکان و پرۆسەی پەروەردە و فێرکاریی بە شێوەیەکی گشتی و پشتگیریکردنی دامەزراوەکان لە کارەکانیاندا. دووەم: دڵنیابوون لە هەبوونی ڕێکاری تۆکمە بۆ دڵنیایی جۆریی لە دامەزراوەکاندا. سێیەم: هەڵسەنگاندنی کاری کارگێڕیی دامەزراوەکان بەپێی پێوەرەکانی وەزارەت. چوارەم: هەڵسەنگاندنی پابەندبوونی مامۆستایان لە کاتی وانەوتنەوەدا بەپێی پێوەرەکانی وەزارەت، و هەڵسەنگاندنی مامۆستایان بەپێی پێوەری زانستی تایبەت. پێنجەم: هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی پابەندبوونی دامەزراوەکان بە یاسا و ڕێنماییەکان، ئاستی تۆمارکردنی دەسکەوتەکانی دامەزراوەکە و تۆمارکردنی هەر پێشێلکارییەک کە لە دامەزراوەکەدا ڕوویدابێت. شەشەم: هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی پابەبەندبوونی دامەزراوە بە پروگرامەکانی خوێندن و ڕادەی پشتیوانیکردن و هاندانی کارامەیی سەرکردایەتی لای قوتابیان و خوێندکاران و مامۆستایان. حەوتەم: دڵنیابوون لە پابەندبوونی مامۆستایان بە ئامادەکردنی هەگبەکانیان و کۆکردنەوەی بەڵگەی دڵنیایی جۆریی و زانستخوازیی بەردەوام. هەشتەم: هەڵسەنگاندنی ئاستی پەروەردەیی و فێرکردنی قوتابیان و خوێندکاران و ڕێژەی دەرچوونیان. نۆیەم: هەڵسەنگاندنی ژینگەی خوێندن. دەیەم: هەڵسەنگاندنی ئاستی چالاکی ئامادەیی پیشەیی و پەیمانگە پەروەردەییە پیشەییەکان لە ڕووی هەماهەنگیکردنیان لەگەڵ بازاڕی کاردا. یازدەیەم: هەڵسەنگاندنی پلانی خوێندنی دامەزراوەکان و چۆنیەتی جێبەجێکردنی و ئەنجامەکانیان، بەپێی چەند فۆرمێکی گشتگیر و پێوەری باوەڕپێکراو. دوازدەیەم: هەڵسەنگاندنی هەر بوارێکی دیکە کە سەرپەرشتیار لە چوارچێوەی داواکاریەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دڵنیایی جۆریی و سەرپەرشتیكردن، بە گرنگی دابنێت لە ڕووی سوودگەیاندن بە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن. سێزدەیەم: کارکردن لەپێناو سوودوەرگرتن لە گرنگی توێژینەوەکانی ناوەوە و دەرەوەی هەرێم سەبارەت بە گەشەپێدانی سیستەمی پەروەردەیی و فێرکردن. چواردەیەم: وەرگرتنی سکاڵای قوتابیان و خوێندکاران و کەسوکاریان لەبارەی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکاری لە دامەزراوەکان و لێکۆڵینەوە لێیان، بێ ئاشکراکردنی ناوی سکاڵاکار، و بڕیاردانی گونجاو لە بارەیانەوە لە ماوەیەکدا کە لە (1) یەک مانگ تێپەر نەکات.

مادده‌ی (98)

متن المادە :

مادده‌ی (98) یەکەم: ئامادەکاریی بۆ سەردانی دامەزراوەکان بەپێی ڕێکارەکان و پێداویستیەکانی سیستمی دڵنیایی جۆریی. دووەم: بەدواداچوون و سەرپەرشتیکردنی کاری دامەزراوەکان، دڵنیابوون لە بوونی ڕێکاریی فەراهەمکردنی دڵنیایی جۆریی و بەدواداچوونیان. سێیەم: شیکردنەوەی ئەنجامی سەردانیکردنەکان و نووسینی ڕاپۆرتی کۆتایی هەڵسەنگاندن. چوارەم: ڕاگەیاندنی ڕاپۆرتی کۆتایی و ناردنی وێنەیەکی بۆ دامەزراوە پەیوەندیدارەکە.

مادده‌ی (99)

متن المادە :

مادده‌ی (99) یەکەم: مەرجەکانی دامەزارندنی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی:- بڕوانامەی بەرایی زانکۆی هەبێت و ناونیشانی مامۆستا بێت. ئەزموونی لە بواری پەروەردە و فێرکردن لە (10) دە ساڵ کەمتر نەبێت، و لەو ماوەیە لانیکەم (5) پێنج ساڵ کاری وانە وتنەوەی کردبێت. بەشداری لە خولی شیاندنی سەرپەرشتاریی کردبێت، کە وەزارەت ساڵانە بە هاوکاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە، ئەنجامیدەدات. بە تاوانی ئابڕووبەر حوکم نەدرابێت و سزای کارگێڕیی (سەرزەنشت) و زیاتری بەسەردا نەسەپێنرابێت. دووەم: ڕێکارەکانی دامەزراندنی سەرپەرشتیاران:- سەرپەرشتیار، لەلایەن لیژنەیەکی پسپۆڕ لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دڵنیایی جۆریی و سەرپەرشتیکردن و بەپێی تاقیکردنەوەی بابەتیانە دەپاڵێورێت، و فەرمانی دانانیان لەلایەن وەزیرەوە بۆ دەردەچێت. لە کاتی پاڵاوتن، لە پێشینەیی بۆ ئەو مامۆستایەیە کە خاوەن بڕوانامەی بەرزتر و لێهاتوویی زیاترە. هەر کەسێک کە داواکاریی بۆ کاری سەرپەرشتیاری پەروەردەیی پێشکەش کردبێت و کارەکەی پێ نەدرێت بەپێی یاسای ئەنجومەنی شورای بەرکار لە هەرێم مافی دادخوازی و تانەلێدانی لە بڕیارەكە هەیە.

مادده‌ی (100)

متن المادە :

مادده‌ی (100) ئامانج لە مۆڵەتپێدانی دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان ئەمانەن:- یەکەم: ڕەخساندنی بواری زیاتر بۆ پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن بە بەراورد بە تواناکانی حکومەت. دووەم: دابینکردن و ئامادەکردنی پێداویستییە جۆراوجۆرەکان بۆ نوێکردنەوەی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە ڕێگەی پرۆگرام و ڕێکارە هاوچەرخەکان. سێیەم: هاندانی پرۆسەی وەبەرهێنانی نیشتیمانی و بیانی لە بوارەکانی پەروەردە و فێرکردن لە چوارچێوەی سیستمێکی هاوچەرخدا. چوارەم: ڕەخساندنی هەل لە بواری پەروەردە و فێرکردن بۆ ڕەوەند و کەسانی بیانی و ئەوانەی گەڕاونەتەوە هەرێم. پێنجەم: سوودوەرگرتن لە ئەزموون و پێوەرە زانستییە سەرکەوتووەکان، بەمەبەستی دەوڵەمەندکردنی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن و بەرزکردنەوەی ئاست و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو.