أحكام القانون
البحث في المحتوى🔎
ماددهی (61)
ماددهی (61) یەکەم: لە هەر قوتابخانە و خوێندنگە و پەیمانگەیەکی پەروەردەیی پیشەیی حکومی، ئەنجومەنی دامەزراوە پێکدەهێنرێت، بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەر و ئەندامیەتی هەریەک لە:- یاریدەدەرانی بەڕێوەبەر. بەرپرسی دڵنیایی جۆریی. نوێنەرێکی مامۆستایان کە لە سەرەتای هەموو ساڵێکی خوێندندا دەگۆڕدرێت. ڕێنماییکاری پەروەردەیی، ئەگەر لە دامەزراوەکەدا هەبێت. دووەم: لە کاتی هەبوونی ئەنجومەنی بەخێوکارانی قوتابیان و خوێندکاران، سەرۆکی ئەنجومەنەکە مافی ئامادەبوون و بەشداریکردنی لە گفتوگۆکانی ئەنجومەنی دامەزراوە سەبارەت بە قوتابیان و خوێندکاران هەیە، بێ ئەوەی مافی دەنگدانی هەبێت. سییەم: ئەنجومەنی دامەزراوە مانگانە و لە کاتی پێویست کۆبوونەوە دەکات و ڕۆژ و کاتی کۆبونەوەکان لەلایەن بەڕێوەبەر دیاریدەکرێن و پێشوەختە ئەندامانی ئەنجومەنەکەی لێئاگادار دەکرێنەوە. چوارەم: بڕیارەکانی ئەنجومەنی دامەزراوە بەپێی بنەمای زۆرینە دەدرێت، بەبێ ئەوەی ئەو دەسەڵاتانەی بەڕێوەبەر بەپێی یاسا هەیەتی سنوردار بکرێت. پێنجەم: قوتابخانە و خوێندنگەکانی گوند و شوێنە دوورەدەستەکان، بەدەرن لەو مەرجانەی لە بڕگەکانی سەرەوەی ئەم ماددەیەدا هاتوون، و کارەکانی ئەو دامەزراوانە بەپێی ڕێنماییەک کە وەزیر دەریدەکات، ڕێکدەخرێن.
ماددهی (62)
ماددهی (62) یەکەم: بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی وەرزیی بۆ کاری دامەزراوەکە لەڕووی جێبەجێکردنی بنەماکانی دڵنیایی جۆری و متمانەبەخشین، بەپێی پێوەر و ستانداردە کارپێکراوەکان. دووەم: بەدواداچوون بۆ ناوەڕۆکی پلانی ساڵانە و پلانەکانی دیکە و ڕاپۆرتەکانی دامەزراوەکە و پرۆسەی دڵنیایی جۆریی. سێیەم: بەدواداچوون بۆ کاروباری دارایی و کارگێڕیی، و ئەرکی بەڕێوەبەره زانیاری پێویست سەبارەت بەو کارانە بە ئەنجومەنەکە بدات. چوارەم: تاوتوێکردن و پێشنیاری چارەسەرکردنی ئەو پرسە گرنگانەی دامەزراوەکە کە لەلایەن بەڕێوەبەرەوە داوا لە ئەنجومەن دەکرێت تاوتوێیان بکات. پێنجەم: تاوتوێکردنی ئەو پێشنیازانەی کە بەڕێوەبەری دامەزراوەکە خوازیارە پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزای بکات سەبارەت بە گواستنەوەی ئەندامانی وانەوتنەوە یان فەرمانبەرانی دیكە، ئەوەش دوای خستنەڕووی هۆیەکانی تایبەت بەو داوایە، و لە ئەگەری ڕازیبوونی ئەنجومەن پێشنیازەکانی بەڕێوەبەر پەسەند دەکرێن. شەشەم: پێکهێنانی لیژنەی پێویست لە چوارچێوەی ئەو ئەرکانەی کە لە بڕگەکانی سەرەوەی ئەم ماددەیەدا هاتوون.
ماددهی (63)
ماددهی (63) لە دانانی بەڕێوەبەردا، پێویستە ئەم مەرجانە لە داواکاردا هەبێت:- یەکەم: بڕوانامەی بەکالۆریۆسی هەبێت و ئەزموونی لە بواری پەروەردە و فێرکردن لە (5) پێنج ساڵ کەمتر نەبێت. بەشداری خولی شیاندنی بەڕێوەبەری کردبێت، کە وەزارەت ساڵانە بە هاریکاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە ڕێکیدەخات. بە تاوانی ئابڕوبەر حوکم نەدرابێت و سزای بەرزەفتەیی (سەرزەنشت) و زیاتری پێنەدرابێت. دووەم: وەزارەت دەبێت لە ماوەى (4) چوار ساڵدا مەرجەکانى ئەم ماددەیە بەسەر ئەوانەدا جێبەجێ بکات کە پێش دەرچوونى ئەم یاسایە بەڕێوەبەربوون. سێیەم: بڕگەکانی (یەکەم و دووەم)ی ئەم ماددەیە، بەڕێوەبەرەکانی دامەزاراوەی گوندەکان و شوێنە دوورەدەستەکان ناگرێتەوە، و مامەڵکردنی ئەوان بەپێی ڕێنماییەک دەبێت کە وەزیر دەریدەکات.
ماددهی (64)
ماددهی (64) یەکەم: لە دانانی یاریدەدەری بەڕێوەبەردا، پێویستە ئەم مەرجانە لە داواکاردا هەبێت:- دەبێت یاریدەدەری بەڕێوەبەری باخچەی منداڵان بڕوانامەیەکی پەروەردەیی هەبێت، کە لە بڕوانامەی بەرایی زانکۆ کەمتر نەبێت. دەبێت یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانە و خوێندنگە و پەیمانگە پەروەردەییە پیشەییەکان، بڕوانامەیەکی پەروەردەیی هەبێت کە لە بڕوانامەی بەرایی زانکۆ کەمتر نەبێت و ئەزموونیشی لەبواری پەروەردە و فێرکردندا لە (3) سێ ساڵ کەمتر نەبێت. بە تاوانی ئابڕوبەر حوکم نەدرابێت و سزای کارگێڕیی (سەرزەنشت) و زیاتری پێنەدرابێت. دووەم: خاڵەکانی بڕگەی (یەکەم)ی ئەم ماددەیە یاریدەدەری بەڕێوەبەری دامەزاراوەی گوندو و شوێنە دوورەدەستەکان ناگرێتەوە، مامەڵکردنی ئەوان بەپێی ڕێنماییەک دەبێت کە وەزیر دەریدەکات.
ماددهی (65)
ماددهی (65) یەکەم: بۆ دامەزراندنى مامۆستا، سەرەڕاى مەرجە گشتییەکانى دامەزراندنى هاتوو لە یاسا بەرکارەکاندا، پێویستە داواکار بڕوانامەی زانکۆى لە بوارى پەروەردەدا هەبێت. بۆ دامەزراندنى ڕێنماییکارى پەروەردەیى، سەرەڕاى مەرجە گشتییەکانى دامەزراندنى هاتوو لە یاسا بەرکارەکاندا، داواکار دەبێت بڕوانامەی بەرایى زانکۆى هەبێت لە یەکێک لە بەشەکانى کۆمەڵناسى، دەروونناسى، کارى کۆمەڵایەتى یان ڕێنماییکارى دەروونی یان هەر پسپۆڕییەکى دیکەى هاوشێوە کە بۆ کارى ڕێنماییکارى گونجاوبێت. دووەم: دەکرێت هەڵگرانى بڕوانامەى بەرایی زانكۆ، هاوشێوە و نزیک لە بوارى پەروەردە، وەک مامۆستا دابمەزرێن، بەمەرجێک وەزارەت داواکارییەکانیان پەسەند بکات. دەکرێت هەڵگرانى بڕوانامەى دبلۆم لەکاتى پێویستدا وەک مامۆستا لە قەزا، شارۆچکە، گوند و شوێنە دوورەدەستەکان دابمەزرێن. سێیەم: لەکاتى دامەزراندنى یەکەمجارى مامۆستادا، مەرجە بۆ ماوەیەک کە لە (5) پێنج ساڵ کەمتر نەبێت، لە شوێنە دوورەکان خزمەت بکات، و هیچ مامۆستایەک ڕاستەوخۆ لە شارەکان دانامەزرێت، و هیچ مامۆستایەکیش پێش تەواوکردنى ئەو ماوەیە بۆ شارەکان ناگوێزرێتەوە. مامۆستایانى خوێندنى زمانى پێکهاتەکان، لەکاتى دامەزراندنیان لە مەرجى خزمەت لە شوێنە دوورەکان بەدەردەکرێن، ئەگەر ناوەندێکى خوێندن بە زمانى پێكهاتەكە لەو شوێنانە بوونى نەبێت. وەزیر بەدەر لە حوکمى خاڵى (1)ى ئەم بڕگەیە دەسەڵاتى گواستنەوەى مامۆستایانى خاوەن پێداویستى تایبەت و ئەو مامۆستایانەى هەیە کە نەخۆشى شێرپەنجەیان هەیە. چوارەم: مامۆستا و ڕێنماییکارى پەروەردەیى دواى دامەزراندن، خولى پەروەردە و فێرکردن و دڵنیایى جۆریى، کە وەزارەت ساڵانە ڕێکیدەخات، دەبینن.
ماددهی (66)
ماددهی (66) یەکەم: مامۆستا، ڕێنماییکاری پەروەردەیی و فەرمانبەرانی دیکەی دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان، بەپێی یاسا کارپێکراوەکان دادەمەزرێن. دووەم: ئەنجومەنی پەروەردە لە قەزا ئامادەکردنی ناوی پاڵێوراوان و ناردنیان بۆ وەزارەت لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەوە، ئەنجام دەدات. سێیەم: خاڵەکانی بەرایی و شێوازی هەڵبژاردنی پاڵێوراوان، کە لە بڕگەی (دووەم)ی ئەم ماددەیەدا ئاماژەی پێکراوە، لە ڕێگەی ڕێنماییەک ڕێکدەخرێت کە وەزیر دەریدەکات.
ماددهی (67)
ماددهی (67) یەکەم: وەزارەت دەتوانێت دواى ڕەزامەندى ئەنجومەنى وەزیران، هەڵگرانى بڕوانامەى زانکۆیى بوارى پەروەردە و هاوشێوە و نزیک، بەگرێبەست و بەرامبەر شایستەیەکى دارایى دیاریکراو دابمەزرێنێت، و دەبێت ئەو مامۆستایانەى بە گرێبەست دادەمەزرێن لە مامۆستایانى وانەبێژبن. دووەم: وەزارەت دەتوانێت بەپێى ڕێنماییەکانى وەزارەتى دارایى و ئابوورى، هەڵگرانى بڕوانامەى زانکۆیى بوارى پەروەردە و هاوشێوە و نزیک و هەڵگرانى بڕوانامەى دبلۆمى بوارى پەروەردە، لە گوند و شارەدێ و شوێنە دوورە دەستەکان، و لە شارەکانیش بەپێى پێویستى، بەرامبەر شایستەیەکى دارایى گونجاو، وەك وانەبێژ دابنێت. وەزیر بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزیرى دارایى و ئابوورى، ڕێنمایى پێویست بە شایستە داراییەکانى وانەبێژان و مافەکانیان، و مەرج و ڕێکارەکانى دامەزراندنیان بە گرێبەست بەپێى حوکمەکانى بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیە، دیاریدەکات. سێیەم: وەزارەت بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری، بڕی کرێی وانەبێژیی لە دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکاندا دیاریدەکات.
ماددهی (68)
ماددهی (68) یەکەم: دانانی بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەر لە دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان لە ڕێگەی بڕیارێک دەبێت کە بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە لەبەر ڕۆشنایى ڕێنماییە کارپێکراوەکان، لەسەر بنەمای پێشنیاری ئەنجومەنی پەروەردەی قەزا دەیدات، و بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردە ناتوانێت بێ پاساوی ڕەوا پێشنیارى ئەنجومەن ڕەتبکاتەوە. دووەم: دەبێت ڕەچاوی بڕوانامە و لێهاتویی و ئەزموون و کارامەیی و هاوسەنگی نێوان هەردوو ڕەگەز لە کاتی دانانی بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەردا، بکرێت. سێیەم: ماوەی دانانی بەڕێوەبەر (4) چوار ساڵە، و دەشکرێت بۆ تەنها جارێک نوێبکرێتەوە.
ماددهی (69)
ماددهی (69) کاری بەڕێوەبەر لە دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان، لەم بارانەی خوارەوەدا کۆتایی پێدێت:- یەکەم: کۆتایهاتنی ماوەی یاسایی. دووەم: دەستلەکارکێشانەوەی ئارەزوومەندانە. سێیەم: ساغبونەوەی ئەوەی کە ناتوانێت ئەرکەکانی بەجێبێنێت، جا لەبەر هەر هۆیەک بێت. چوارەم: سزادانی بە تاوانی ئابڕوبەر، یاخود سزایەکی کارگێڕی کە (سەرزەنشت) و زیاتر بێت. پێنجەم: ئەگەر (2) دوو ساڵ لەسەر یەک لە پرۆسەی هەڵسەنگاندنی دەرەکیدا، دامەزراوە پەروەردەییەکە ئاستێکی نزم بە دەستبهێنێت. شەشەم: وەرگرتنی مۆڵەتی لە (6) شەش مانگ زیاتر، بەدەر لە مۆڵەتی دایکایەتی کە بۆ ماوەی یەک ساڵە.
ماددهی (70)
ماددهی (70) یەکەم: بەڕێوبەر، یاریدەدەری بەڕێوەبەر، مامۆستا و ڕێنماییکاری پەروەردەیی لە دامەزاروە پەروەردەییە حکومییەکاندا لانیکەم (30) سی کاتژمێر لە ساڵێکدا مافی بەشداریکردن لە خولی پەرەپێدانی توانا پیشەییەکانیان هەیە. دووەم: پێویستە وەزارەت هەل بۆ پەرەپێدانی بەردەوامی توانای سەرکردایەتی بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەر، و تواناى زانستى و پیشەیى مامۆستایان و فەرمانبەران بڕەخسێنێت.
ماددهی (71)
ماددهی (71) هەڵگرانی بڕوانامەی دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرای هاوتاکراو لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، هەموو ئەو ماف و جیاوگانەیان پێدەدرێت کە هاوتاکانیان لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، بە پێی یاسا کارپێکراوەکان، پێیاندراوە.
ماددهی (72)
ماددهی (72) یەکەم: ژمارەی بەشە وانەی مامۆستایان لە هەفتەیەکدا، بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت:- مامۆستایانی قۆناغی خوێندنی بنەڕەتی (24) بیست و چوار بەشە وانەیە. مامۆستایانی قۆناغی خوێندنی ئامادەیی (22) بیست و دوو بەشە وانەیە. بەڕێوەبەر (4) چوار بەشە وانەیە. یاریدەدەری بەڕێوەبەر (8) هەشت بەشە وانەیە. مامۆستای خاوەن بڕوانامەی دبلۆمی باڵا (20) بیست بەشەوانەیە. مامۆستای خاوەن بڕوانامەی ماستەر (18) هەژدە بەشەوانەیە. مامۆستای خاوەن بڕوانامەی دکتۆرا (14) چواردە بەشەوانەیە. دووەم: بەشە وانەکان بەپێی پسپۆڕی و پێداویستیی دامەزراوەکە دابەش دەکرێن. سێیەم: ژمارەی بەشەوانەکانی دەقنووسکراو لە بڕگەی (یەکەم)ی ئەم ماددەیە، لەم بارانەی خوارەوەدا بەم شێوەیە کەمدەکرێنەوە:- (2) دوو بەشە وانە بۆ ئەو مامۆستایانەی کە لە خاڵەکانی (1، 2، 3، 5، 6، 7)ی بڕگەی (یەکەم)دا هاتوون،کە تەمەنیان دەگاتە (50) پەنجا ساڵ. (4) بەشە وانە بۆ یاریدەدەری بەڕێوەبەر کە تەمەنی دەگاتە (50) ساڵ. (4) بەشە وانە بۆ ئەو مامۆستایەی کە بەپێی ماددەی (88/ دووەم)ی ئەم یاسایە ئەرکی دڵنیایی جۆریی پێدەسپێردرێت. چوارەم: وەزیر دەتوانێت ژمارەى بەشە وانەکانى هاتوو لە بڕگەکانى (یەکەم) و (سێیەم)ى ئەم ماددەیە کەمتربکاتەوە، بۆ مامۆستایانى خاوەن پێداویستى تایبەت و ئەو مامۆستایانەى نەخۆشى شێرپەنجەیان هەیە.
ماددهی (73)
ماددهی (73) یەکەم: ژمارە و شێوازی دابەشکردنی بەشە وانەکان لە دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکاندا، لەلایەن ئەنجومەنی وەزارەتەوە، ساڵانە و پێش کۆتاییهاتنی مانگی تەمووز پەسەند دەکرێت. دووەم: ئەگەر مامۆستایەک، نەیتوانی گشت ئەو بەشە وانانەی، لە دامەزراوە پەروەردەییە پەیوەندیدارەکەدا بۆی تەرخانکراوە بڵێتەوە، ئەوا دەبێت پاشماوەی بەشە وانەکانی لە دامەزراوەیەکی پەروەردەیی حکومی دیکەدا تەواو بکات. سێیەم: لە هیچ دامەزراوەیەکی پەروەردەیى حکومی، کرێی وانەبێژیی بۆ هیچ مامۆستایەک هەژمار ناکرێت، ئەگەر مامۆستاى میلاک و گرێبەستى دامەزراوەکە تەواوی بەشەوانەکانی خۆی نەوتبێتەوە. چوارەم: مامۆستایانی گوند و شوێنە دوورەدەستەکان حوکمەکانی ماددەی (72) و بڕگەی (دووەم)ی ئەم ماددەیە، نایانگرێتەوە.
ماددهی (74)
ماددهی (74) یەکەم: ووتنەوەى وانەى تایبەت لەلایەن مامۆستایانى دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکانەوە، لەدەرەوەى دامەزراوەکە، و بەرامبەر بڕە پارەیەک یان هەر بەرامبەرێکى دیکە، بە قوتابیان و خوێندکارانى هەمان ناوەندى خوێندن کە خۆى تێیدا مامۆستایە، قەدەغەیە، بە ڕەچاوکردنى ئەو هەلومەرجە تایبەتەى لە بڕگەى (دووەم)ى ماددە (130)ى ئەم یاسایەدا هاتووە. دووەم: ئەو مامۆستایەی سەرپێچی بڕگەى (یەکەم)ی ئەم ماددەیە بکات، سەرەتا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیدار بە نووسراو ئاگادار دەکرێتەوە و لەکاتی دووبارەکردنەوەی سەرپێچییەکە، بەپێی یاسا کارپێکراوەکان یەکێک لە سزا کارگێڕییەکانی بەسەردا دەسەپێنرێت. سێیەم: بەکارهێنانی ناوی دامەزراوەیەکی پەروەردەیی حکومی بۆ کاری بازرگانی، لەلایەن دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی یان کەسانی دیکەوە، قەدەغەیە. چوارەم: پرۆگرامەکان و کتیبەکانی خوێندن ماف و خاوەنداریەتی دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەت، و بە هیچ شێوەیەک نابێت بەبێ بڕیاری فەرمی وەزارەت کورت بکرێتەوە یان دەستکاری بکرێت.
ماددهی (75)
ماددهی (75) لە گشت قوتابخانە، خوێندنگە، کۆمەڵگەیەکی پەروەردەیی و پەیمانگەیەکی پەروەردەیی پیشەیی حکومی، بە بڕیاری بەڕێوەبەرەکەی، ئەم لیژنانە پێک دەهێنرێن:- یەکەم: لیژنەی دڵنیایی جۆری. دووەم: لیژنەی تاقیکردنەوەکان. سێیەم: لیژنەی وردبینیکردنی نمرەکان. چوارەم: لیژنەی کارگێڕی. پێنجەم: لیژنەی هونەری بۆ کاروباری وەرزشی، هونەری و ئەدەبی و چالاکییەکان. شەشەم: لیژنەی ژینگە و پاکوخاوێنی و بەدواداچوونی تەندروستی. حەوتەم: لیژنەى بەرزەفتکردنى کار و ڕەفتارە ڕێپێنەدراوەکان. هەشتەم: هەر لیژنەیەکی دیکە کە وەزارەت بەپێویستی دەزانێت و دامەزراوەکانی لێئاگاداردەکاتەوە.
ماددهی (76)
ماددهی (76) یەکەم: پلانی فێرکردن لە دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان لەلایەن ئەنجومەنی وەزارەتەوە بڕیاری لێدەدرێت. دووەم: دەبێت پلانی فێرکردن ئەم تەوەرانە لەخۆبگرێت:- بنەما گشتییەکان . بەهاکان. ئەو ئامانجانەی دەبێت لە هەر بازنەیەکدا بۆ منداڵان و قوتابیان و خوێندکاران، دیاریبکرێت. ئەو کارامەییانەی لە منداڵان و قوتابیان و خوێندکاران چاوەڕێ دەکرێن. ئەو بابەتانەی خوێندن کە دەبێت بخوێندرێن لە هەر بازنە و قۆناغێکدا و هەروەها ناوەڕۆکی سەرەکی بابەتەکە و ئامانجەکەی. ژمارەی بەشە وانەکان بۆ هەر بابەتێک لە ساڵێکدا.
ماددهی (77)
ماددهی (77) یەکەم: پێویستە هەریەک لە باخچەی منداڵان، خوێندنی بنەڕەتی، خوێندنی ئامادەیی، پەیمانگە پەروەردەییە پیشەییەکان، خوێندنی خێرا و نەهێشتنی نەخوێندەواریی، پرۆگرامی خوێندنی تایبەت بە خۆیان هەبێت، کە لەگەڵ توانستەکانی منداڵ و قوتابی و خوێندکار لەهەر قۆناغ و بازنەیەکدا بگونجێت. دووەم: پرۆگرامی خوێندن بریتیە لە:- بەشێکی پلانی فێرکردن کە پەیوەستە بە قۆناغێکی خوێندن یان بازنەیەکی دیاریکراو. کتێبەکانی خوێندن لەهەر بابەتێک. کتێبەکانی ڕاهێنان. ڕێبەری مامۆستا. ڕێبەری سەرپەرشتیاری پەروەردەیی. ڕێبەری سیستەمی تاقیکردنەوەکان و هەڵسەنگاندن. سێیەم: پرۆگرامەکانی خوێندن بۆ هەر بازنە و قۆناغێک لەلایەن وەزارەتەوە بڕیاری لێدەدرێت، بە سوودوەرگرتن لە کەسانی پسپۆر و ئەزموونە جیهانییە سەرکەوتووەکان. چوارەم: ئەرکی ئەنجومەنی وەزارەتە، کە لانیکەم هەر (4) چوار ساڵێک، لەسەر پێشنیاری لیژنەی پسپۆر لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پرۆگرامەکانی خوێندن، بەڕێگە و میکانیزمی زانستی گونجاو، بە مەبەستی هەڵسەنگاندن و پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندن، پێداچوونەوە بە پرۆگرامەکاندا بکات.
ماددهی (78)
ماددهی (78) بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پرۆگرامەکانی خوێندن، دوای ڕاسپاردەی نووسەرانی کتێبەکان و پسپۆڕان و پاش ڕەزامەندی وەزارەت، مافی گۆڕانکاری لە ناوەڕۆکی کتێبەکانی خوێندندا هەیە.
ماددهی (79)
ماددهی (79) ئامانجی تاقیکردنەوەکان بریتییە لە:- یەکەم: پێوانە و هەڵسەنگاندن سەبارەت بە ئاستی بەدیهێنانی ئامانجە پەروەردەیی و فێرکارییەکان. دووەم: پێوانەی ئاستی بەرەوپێشچوون و فێربوونی قوتابیان و خوێندکاران، لەبواری پەروەردەیی و فێرکردن لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە. سێیەم: هەڵسەنگاندنی ئاستی سەرکەوتنی مامۆستایان و بەڕێوەبەران و کارمەندانی دیکەی دامەزراوەکان لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردندا. چوارەم: دانانی پلانی داهاتوو بۆ گەشەپێدانی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن، لەسەر بنەماى ئەنجامی تاقیکردنەوەکان.
ماددهی (80)
ماددهی (80) یەکەم: تاقیکردنەوەکان لەسەر ناوەڕۆکی بابەتەکانی خوێندن بنیاتنەرێن. دووەم: کتێبە بڕیارلێدراوەکانی خوێندن تەنها سەرچاوەن بۆ تاقیکردنەوەکان. سێیەم: سزا کارگێڕییەکانی گزیکردن بە ڕێنمایی ڕێکدەخرێن کە وەزیر دەریدەکات.