أحكام القانون
البحث في المحتوى🔎
ماددهی (41)
ماددهی (41) یەکەم: دەکرێت باخچەی منداڵان پاشکۆی قوتابخانە و خوێندنگە بێت و بەشێکی تەلاری قوتابخانە یان خوێندنگەکە بەکاربهێنێت، بەمەرجێک پەرژینێک یاخود بەربەستێک لە نێوانیاندا هەبێت. دووەم: دەکرێت تەلاری دامەزراوەیەکی پەروەردەیی و فێرکردن لە پۆلی یەکەمی خوێندنی بنەڕەتی تا پۆلی دوازدەیەمی ئامادەیی لەخۆ بگرێت، بە مەرجێک بەربەستێک یاخود ڕێگرێک لە نێوان قوتابیان و خوێندکاراندا هەبێت. سێیەم: لە تەلاری کۆمەڵگەی پەروەردەییدا، دەبێت بەربەستێک یاخود ڕێگرێک لەنێوان منداڵان و قوتابیان و خوێندکاراندا هەبێت.
ماددهی (42)
ماددهی (42) دەبێت دامەزراوەکان کتێبخانەیان هەبێت، پەڕاویى یان ئەلیکترۆنى یان هەردووکیان، لە ئەگەرى نەبوونیدا کارئاسانى بۆ گەیشتنى قوتابیان و خوێندکاران بە نزیکترین کتێبخانە یان دەستگەیشتنیان بە کتێبخانەى ئەلیکترۆنى دەکرێت، و وەزیر بە ڕێنمایى ئەم بابەتە ڕێکدەخات.
ماددهی (43)
ماددهی (43) یەکەم: بە مەبەستى پشتگیریکردنى منداڵەکانیان و پەرەپێدانى دامەزراوەکە، بەخێوکاران دەتوانن ئەنجومەنى بەخێوکارانى دامەزراوە پێکبهێنن، کە لە (3-9) بەخێوکار پێکدێت و بۆ هەر ساڵێکى خوێندن یەکێکیان سەرۆکایەتى دەکات. دووەم: ئەنجومەنى بەخێوکاران بە هەماهەنگى دامەزراوە دەتوانێت ئامانج و پلانى کارى خۆى دابڕێژێت، و بۆ تاوتوێکردنى دۆخى خوێندنى قوتابى و خوێندکار و بە مەبەستى دروستکردنى لێکتێگەیشتنى هاوبەش کۆبوونەوەى خۆى لە کاتى پێویستدا دەکات، و ئەرکى بەڕێوەبەرى دامەزراوەیە لە هەموو ڕوویەکەوە کارئاسانیان بۆ بکات.
ماددهی (44)
ماددهی (44) دەبێت قوتابخانە و خوێندنگەکان لە ناوەڕاستى هەر وەرزێکى خوێندندا، بە بەشدارى مامۆستا، بەخێوکار، قوتابى و خوێندکار، دیدارى گەشە بۆ تاوتوێکردنى دۆخى خوێندنى قوتابى و خوێندکارانیان، بە ئاڕاستەى لێکتێگەیشتنى هاوبەش بۆ پەرەپێدانى تواناکانیان و باشترکردنى ئاستى خوێندنیان ڕێکبخەن.
ماددهی (45)
ماددهی (45) یەکەم: ئەرکی گشت دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکانە، ژمارەیەک تۆماریان بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەت، هەبێت. دووەم: دەبێت دامەزراوەکان دۆسیەیان سەبارەت بە هەر قوتابی و خوێندکارێک هەبێت، دۆسیەکە هەر لە سەرەتای خوێندنەوە زانیاریی سەبارەت بە قوتابی و خوێندکار و چۆنیەتی هاوکاریکردنی و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی خوێندنی ئەو قوتابی و خوێندکارەی تێیدا تۆمار دەکرێت، و بۆ ئەو مەبەستە وەزارەت دەتوانێت سیستمی ئەلیکترۆنی بەگەڕبخات.
ماددهی (46)
ماددهی (46) یەکەم: 1- هەموو دامەزراوەیەکی پەروەردەیی حکومی، مافی کردنەوەی چێشتخانە و فرۆشگەی بۆ قوتابی و خوێندکارانی دامەزراوەکە هەیە، بە مەرجێک پەسەندنامەی وەزارەتی تەندروستی بۆ وەربگیرێت. 2- لە کاتی کردنەوەی چێشتخانە و فرۆشگە دەبێت خواردەمەنییەکان تەندروست و بە نرخێکی گونجاو بن، کە پێشوەختە و ساڵانە لەلایەن دامەزراوەکە، یاخود لیژنەیەکی وەزارەت پەسەند دەکرێت. دووەم: ئەرکی ئەنجومەنی دامەزراوەکەیە زیادکردنی ئاشکرا بۆ بەکرێدانی چێشتخانە و فرۆشگەکە سازبکات، و وردەکاری ئەم پرسە بە ڕێنمایی ڕێکدەخرێت کە وەزیر دەریدەکات. سێیەم: داهاتی بەکرێدانی چێشتخانە و فرۆشگە، بەپێی ڕێنمایی وەزارەت، و بۆ مەبەستی بەرەوپێشبردنی خودی دامەزراوەکە خەرج دەکرێت. چوارەم: ئەرکی دامەزراوەکەیە چاودێری پابەندبوونی بەڵێندەر بە مەرجەکان و ڕێنماییە تەندروستییەکانی وەزارەتی تەندروستی بکات.
ماددهی (47)
ماددهی (47) یەکەم: وەزارەت دەتوانێت بەڕێوەبردنی دامەزراوەیەکی پەروەردەیی حکومی ڕادەستى دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی بکات بەرامبەر بە تێچووی ساڵانە. دووەم: 1- دەبێت وەزارەت، بە پێی گرێبەستێک بڕە پارەیەک بۆ ئەو دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومیانەی لە بڕگەی (یەکەم)ی ئەم ماددەیەدا ئاماژەی پێکراوە، دابین بکات. 2- دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکە گشت تێچووەکانی مووچە و کرێی تەلارەکە و تێچووەکانی دیکە لە ئەستۆ دەگرێت. سێیەم: ڕادەستکردن، پێدانی تێچووی ساڵانە بە دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکە، شێوازی بەڕێوەبردن، هەلومەرجی کاری فەرمانبەران، شێوازی سەرپەرشتیکردن، تاقیکردنەوەکان، بڕوانامەکان و گشت پرسەکانی دیکە، بەپێی گرێبەستی پێشوەختەی نێوان وەزارەت و دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکە دەبێت، کە هەر (3) سێ ساڵ جارێک نوێ دەکرێتەوە. چوارەم: ئەو دامەزراوەر پەروەردەییە ناحکومییانەی بەڕێوەبردنی دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان دەگرنە ئەستۆ، دەتوانن پرۆگرامێکی خوێندنی حکومی یاخود پرۆگرامێکی خوێندنی نێودەوڵەتی باوەڕپێکراو پیادە بکەن. پێنجەم: خوێندن بۆ قوتابیان و خوێندکاران لەم دامەرزاوانە بە خۆڕاییە. شەشەم: بەڵگەنامەی دەرچوونی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی و دوازدەیەمی ئامادەیی ئەم دامەزراوانە، بە یەکێک لەم دوو جۆرە دەبێت:- 1- ئەگەر پرۆگرامی خوێندنی قوتابخانەکە یان خوێندنگە یان پەیمانگە پەروەردەییە پیشەییەکە نێودەوڵەتی بوو، بەڵگەنامەی دەرچوون لەسەر بنەمای تێکڕای دەرچوون لە قوتابخانە یان خوێندنگە و دەرچوون لە تاقیکردنەوە نێودەوڵەتییەکان دەدرێت. 2- ئەگەر پرۆگرامی خوێندن حکومی بوو، بەڵگەنامەی دەرچوون بەپێی ڕێکاری پێدانی بڕوانامە لە قوتابخانە و خوێندنگە حکومییەکان بە هەژمارکردنی دەرئەنجامی تاقیکردنەوەکان دەدرێت. حەوتەم: کاروباری دامەزراوە هاوبەش و پشتیوانکراوەکان، بەپێی ڕێنمایی ڕێکدەخرێت کە وەزیر دەریدەکات.
ماددهی (48)
ماددهی (48) یەکەم: وەزارەت دەتوانێت لە ڕێگەی گرێبەست لەگەڵ ناوەندێکی فێرکردنی نێودەوڵەتی، دامەزراوەیەکی پەروەردەیی و فێرکردنی حکومی بکات بە دامەزراوەیەکی پەروەردەیی نێودەوڵەتی حکومی کە وەزارەت بەڕێوەیببات، هەروەها دەتوانێت دامەزراوەی پەروەردەیی نێودەوڵەتی حکومی نوێ بکاتەوە. دووەم: 1- کارمەندانی ئەم دامەزراوانە فەرمانبەر و کارمەندی حکومی دەبن، بە ڕەچاوکردنی خاڵی (2)ی ئەم بڕگەیە. 2- وەزارەت دەتوانێت گرێبەست لەگەڵ مامۆستایانی دەرەوەی وڵات بۆ کارکردن لەم دامەزراوانە بکات، بەرامبەر بە بڕە مووچەیەک، و دەشتوانێت کارمەندان و مامۆستایانی دەرەوەی وەزارەت بەکاربخات، ومووچەی گشت ئەوانە لە داهاتی قوتابخانەکە دەدرێت. سێیەم: خوێندن بۆ قوتابیان و خوێندکاران لەم دامەرزاوانەدا بە خۆڕاییە. چوارەم: پرۆگرامی خوێندنی ئەم جۆرە دامەزراوانە، پشتبەست بە یەکێک لە پرۆگرامە نێودەوڵەتییە بڕواپێکراوەکان دەبێت. پێنجەم: بەڵگەنامەی دەرچوونی پۆلی نۆیەم و دوازدەیەمی قوتابخانە و خوێندنگە نێودەوڵەتییە حکومییەکان، لەسەر بنەمای پروگرامە نێودەوڵەتییەکە و دەرچوون لە تاقیکردنەوە نێودەوڵەتییەکان دەدرێت. شەشەم: کاروباری ئەم جۆرە دامەزراوانە بە ڕێنماییەک ڕێکدەخرێت کە وەزیر دەریدەکات.
ماددهی (49)
ماددهی (49) یەکەم: بەدەر لە خوێندنى زمانى سریانى و تورکمانى، قوتابخانەی ئێواران دەوامی ئێوارانە، و بۆ ئەو قوتابی و خوێندکارانە تەرخانکراوە کە بەهۆی دەرنەچوونی (2) دوو ساڵ لەسەر یەک لەهەمان پۆل، یاخود بەهۆی تێپەڕبوونی تەمەنی یاساییان، مافی بەردەوامبوونیان لە قوتابخانەی بنەڕەتی و ئامادەیی ڕۆژ نییە. دووەم: ئەو قوتابی و خوێندکارانەی خوێندنی ئێواران بە سەرکەوتوویی ئەنجام دەدەن و لە تەمەنی یاسایی خوێندنی بنەڕەتی یان ئامادەیین، مافیان هەیە بگەڕێنەوە بۆ قوتابخانە و خوێندنگەی ڕۆژ. سێیەم: کاتەکانی خوێندنی قوتابخانە و خوێندنگەی ئێواران، ژمارەی بەشە وانەکان ، تاقیکردنەوەکان، بڕوانامەکان و هەموو کاروبارەکانی پەیوەست بە قوتابخانە و خوێندگەکانی ئێواران، بە ڕێنماییەک ڕێکدەخرێت کە وەزیر دەریدەکات.
ماددهی (50)
ماددهی (50) وەزارەت هەردوو جۆرى خوێندنى خێرا و نەهێشتنى نەخوێندەواریى تەرخاندەکات، بۆ ئەو کەسانەى بەپێى مەرجى تەمەنى هاتوو لەم یاسایەدا مافى خوێندنیان لە ناوەندى خوێندنى پەیڕەوکراو نییە.
ماددهی (51)
ماددهی (51) یەکەم: خوێندنی خێرا بۆ ئەو کەسانەیە کە لە (2) دوو ساڵ زیاتر وازیان لە قوتابخانە هێناوە یاخود پەیوەندیان بە قوتابخانەوە نەکردووە، و تەمەنیشیان لە ڕۆژی (31) سی و یەكی کانونی یەکەمی ئەو ساڵەی خوێندن لە (9) ساڵ زیاترەو لە (16) شازدە ساڵ کەمترە. دووەم: ئەو قوتابیانەی خوێندنی خێرا کە تەمەنیان لە (14) چواردە ساڵ تێپەڕ ناکات، لە تەلاری تایبەت بە خۆیان دەخوێنن.
ماددهی (52)
ماددهی (52) ماوەی خوێندن لە قوتابخانەکانی خوێندنی خێرا (5) پێنج ساڵە، و ئەم پێنج ئاستەی خوارەوە لەخۆ دەگرێت:- ئاستی یەکەم، هاوتایە بە ئاستی پۆلی یەکەم و دووەمی قۆناغی بنەڕەتی. ئاستی دووەم، هاوتایە بە ئاستی پۆلی سێیەم و چوارەمی قۆناغی بنەڕەتی. ئاستی سێیەم، هاوتایە بە ئاستی پۆلی پێنجەم و شەشەمی قۆناغی بنەڕەتی. ئاستی چوارەم، هاوتایە بە ئاستی پۆلی حەوتەم و هەشتەمی قۆناغی بنەڕەتی. ئاستی پێنجەم، هاوتایە بە ئاستی پۆلی نۆیەمی قۆناغی بنەڕەتی.
ماددهی (53)
ماددهی (53) یەکەم: بەڵگەنامەی دەرچوونی قوتابخانەی بنەڕەتی بە ئەو قوتابیە دەدرێت کە بەسەرکەوتوویی ئاستی پێنجەمی خوێندنى خێرای تەواو کردووە. دووەم: ئەو قوتابیەی لە ئاستی پێنجەم دەردەچێت، مافی بەردەوامبوونی خوێندنی لە پۆلی دەیەمی خوێندنگەی ئامادەیی هەیە، بە مەرجێک تەمەنی لە (22) بیست و دوو ساڵ تێپەر نەبووبێت. سێیەم: بۆ گەڕانەوە بۆ خوێندن لە قوتابخانەی بنەڕەتی پەیڕەوکراو، قوتابیانی خوێندنی خێرا دەبێت لەو تاقیکردنەوانە بەشداربن کە وەزارەت بە مەبەستی دەستنیشانکردنی ئاستی زانستییان، ڕێکیدەخات. چوارەم: پرۆگرام، بابەتەکانی خوێندن، ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان، بەدەستهێنانی بڕوانامەکان و کاروبارەکانی دیکەی پەیوەست بە خوێندنی خێرا، بە ڕێنماییەک ڕێکدەخرێت کە وەزیر دەریدەکات.
ماددهی (54)
ماددهی (54) یەکەم: هەموو ئەوانەی کە ناتوانن بخوێننەوە و بنووسن و بنەماکانی ژماردن نازانن و تەمەنیشیان لە سەروی (16) شازدە ساڵە، مافیان هەیە بێ بەرامبەر پەیوەندی بە قوتابخانەکانی نەهێشتنی نەخوێندەواریی بکەن. دووەم: خوێندن لە قوتابخانەکانی نەهێشتنی نەخوێندەواریی لە (3) سێ ساڵی خویندن پێکدێت، و هەر کەسێک بەسەرکەوتوویی ئەو قۆناغە ببڕێت بەڵگەنامەی دەرچوونی نەهێشتنی نەخوێندەواریی پێدەبەخشرێت، کە هاوتایە بە بەڵگەنامەی دەرچوون لە پۆلی (6) شەشی خوێندنی بنەڕەتی. سێیەم: پرۆگرام و بابەتەکانی خوێندن، ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان، بەدەستهێنانی بڕوانامە و کاروبارەکانی دیکەی پەیوەست بە خوێندنی نەهێشتنی نەخوێندەواریی، بە ڕێنماییەک ڕێکدەخرێت کە وەزیر دەریدەکات.
ماددهی (55)
ماددهی (55) وەزارەت ساڵانە تاقیکردنەوەی دەرەکی، بۆ ئاست و بابەتەکانی خوێندن ڕێکدەخات، بەم شێوەی خوارەوە:- یەکەم: هەر کەسێک تەمەنی (19) نۆزدە ساڵی تێپەڕ کردبێت و خوێندنی بنەڕەتی تەواو نەکردبێت. دووەم: هەر کەسێک تەمەنی (24) بیست و چوار ساڵی تێپەڕ کردبێت و خوێندنی ئامادەیی تەواو نەکردبێت. سێیەم: هەر کەسێک تەمەنی (28) بیست و هەشت ساڵی تێپەڕ کردبێت و خوێندنی پەیمانگەی پەروەردەیی پیشەیی تەواو نەکردبێت. چوارەم : هەر کەسێک لەو تاقیکردنەوانەی کە لە بڕگەکانی (یەکەم، دووەم، سێیەم)ی ئەم ماددەیەدا دەقنووسکراون، دەربچێت، بڕوانامەی تەواوکردنی خوێندنی ئەو بابەتە یان قۆناغی خوێندنە دیاریکراوەی پێدەدرێت.
ماددهی (56)
ماددهی (56) یەکەم: هەموو باخچەیەکی منداڵانی حکومی، بەڕێوەبەر، مامۆستا و فەرمانبەرانی دیکەی دەبێت، ئەگەر ژمارەی منداڵان لە باخچەیەکدا لە (200) دووسەد منداڵ زیاتر بوو، دەبێت یاریدەدەرێکی بەڕێوەبەر دابنرێت. دووەم: هەموو قوتابخانە و خوێندنگە و کۆمەڵگەیەکی پەروەردەیی و پەیمانگەیەکی پەروەردەیی پیشەیی حکومی بەڕێوەبەری خۆی دەبێت و ئەگەر ژمارەی قوتابیان و خوێندکاران لە (150) سەد و پەنجا زیاتر بوو، دەبێت یاریدەدەرێکی بەڕێوەبەر یان زیاتر دابنرێت. سێیەم: هەموو قوتابخانە و خوێندنگە و کۆمەڵگەیەکی پەروەردەیی و پەیمانگەیەکی پەروەردەیی پیشەیی حکومی ژمارەیەک مامۆستای دەبێت کە لەگەڵ ژمارەی قوتابیان یان خوێندکارانیدا بگونجێت. چوارەم: وەزارەت کار دەکات بۆ ئەوەی هەموو قوتابخانە و خوێندنگە و کۆمەڵگەیەکی پەروەردەیی و پەیمانگەیەکی پەروەردەیی پیشەیی حکومی بۆ هەر (200) دوو سەد قوتابی یان خوێندکارێک ڕێنماییکارێکی پەروەردەیی هەبێت. پێنجەم: وەزارەت کاردەکات بۆ ئەوەی هەموو قوتابخانە و خوێندنگە و کۆمەڵگەیەکی پەروەردەیی و پەیمانگەیەکی پەروەردەیی پیشەیی حکومی کە (200) دوو سەد قوتابی یان خوێندکاری زیاتر هەبوو، خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ دابین بکرێت. شەشەم: هەموو دامەزراوەیەکی پەروەردەیی حکومی پێویستە ژمارەیەک فەرمانبەری کارگێڕیی و خزمەتگوزاریی هەبێت، ژمارەکەیان بە ڕێنماییەک دیاریدەکرێت، کە وەزیر دەریدەکات. حەوتەم: هەموو کۆمەڵگەیەکی پەروەردەیی حکومی بەڕێوەبەرێکی کۆمەڵگەی دەبێت، و بۆ هەر قۆناغێکی خوێندنیش بەڕێوەبەرێک دادەنرێت، بەڕێوەبەری کۆمەڵگە بەرپرسی سەرەکی دەبێت لە پرسە ئەکادیمی و کارگێڕیی و داراییەکان و ئەرکی سەرەکی سەبارەت بە سەرپەرشتیکردنی بەڕێوەچوون و دابینکردنی دڵنیایی جۆریی خوێندن لە قۆناغە جیاوازەکانی کۆمەڵگەکە لە ئەستۆ دەگرێت. هەشتەم: قوتابخانە و خوێندنگەکانی گوندەکان و شوێنە دوورەدەستەکان، لە مەرجەکانی بڕگەکانی سەرەوەی ئەم ماددەیە بەدەرن، و کارەکانیان بە ڕێنمایی ڕێکدەخرێت کە وەزیر دەریدەکات.
ماددهی (57)
ماددهی (57) بەڕێوەبەر نوێنەرایەتی دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکە دەکات، و کارەکانی بریتین لە:- یەکەم: بەڕێوەبردنی دامەزراوەکە، کارکردن بۆ فەراهەمکردنى ژینگەیەکی کارى تەندروست، پاراستنى سەلامەتی قوتابیان و خوێندکاران و فەرمانبەران و کارمەندانی دامەزراوەکە. دووەم: هەوڵدان بۆ هێنانەئارای کەشی پەروەردە و فێرکاریی گونجاو، کە مایەی بەدیهێنانی ئامانجە خوازراوەکان بێت و کارکردن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیی و کارامەیی و گیانی هاوپشتیوانی قوتابیان و خوێندکارانی دامەزراوەکە. سێیەم: بەدواداچوون بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی پەروەردەیی لە دامەزراوەکە بە شێوەیەکی گونجاو وهەماهەنگیکردن لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پەیوەندیدار و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردە بۆ مسۆگەرکردنی باش بەڕێوەچوونی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە دامەزراوەکەدا. چوارەم: دابەشکردنی بەشە وانەکان بەسەر مامۆستایان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، دڵنیابوون لە پیادەکردنی پلانی ساڵانەی خوێندنی بابەتە پەیوەندیدارەکان، دابەشکردنی ئەرکەکان بەسەر ئەندامانی بەشی کارگێڕیی و مامۆستایان و فەرمانبەرانی دیکە و دانانی لیژنەی پسپۆر. پێنجەم: دەستپێشخەریکردن بۆ داڕشتنی پلانی ساڵانەی دامەزراوەکە و داڕشتنی پلانی تاقیکردنەوەکان و بەدواداچوون بۆ بەڕێوەچوونیان، مسۆگەرکردنى ئاستێكی باشی خوێندن و کردنەوەی هەموو ئەو تۆمارانەی کە پێویستە لە دامەزراوەکەدا هەبن. شەشەم: هەڵسەنگاندنی کاری مامۆستایان لەناو پۆلەکانی خوێندن، کاری ڕێنماییکارە پەروەردەییەکان و پشتیوانیکردنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی دیکە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان و کارکردن بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانیان. حەوتەم: بەرزکردنەوەی نوسراو بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە، سەبارەت بە گواستنەوەی هەر فەرمانبەرێکی پەروەردەیی، وەک ئەوەی بەرژەوەندی گشتی دەیخوازێت بە مەرجێک هۆکارەکانی پێشنیارەکە خرابێتنە ڕوو و ئەنجومەنی دامەزراوەکە پێشنیارەکەی پەسەند کردبێت. هەشتەم: پێشنیارکردن بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە سەبارەت بە ڕەخساندنی هەل بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی دامەزراوەکە بۆ بەشداربوون لە خولی بەهێزکردنی تواناکانیان، و بەرزکردنەوەی نوسراو بۆ بەرێوەبەرایەتی پەروەردە سەبارەت بە هەر پرسێکی گرنگ کە هەل ومەرجەکە بیخوازێت.
ماددهی (58)
ماددهی (58) یەکەم: ئەرکی یاریدەدەری بەڕێوەبەر بۆ کاروباری کارگێڕیی، یارمەتیدانی بەڕێوەبەرە لە ئەرکە کارگێڕییەکاندا. دووەم : ئەرکی یاریدەدەری بەڕێوەبەر بۆ کاروباری قوتابیان یان خوێندکاران، یارمەتیدانی بەڕێوەبەرە لە کاروباری قوتابیان و خوێندکاراندا، و یارمەتیدان و ڕێنمایکردنی قوتابیان و خوێندکاران، و هەر ئەرکێکی دیکەش کە لەلایەن بەڕێوەبەر پێیان بسپێردرێت.
ماددهی (59)
ماددهی (59) یەکەم: پەروەردەکردن و فێرکردنی قوتابی و خوێندکار بەپێی پڕۆگرامەکانی خوێندن، گەشەپێدانی گیانی داهێنان و خوێندنەوەی بنیاتنەرانەی دەقەکان و ڕەچاوکردنی جیاوازى تواناکانی قوتابیان و خوێندکاران لە کاتی وانە ووتنەوەدا. دووەم: پشتیوانیکردنی قوتابی و خوێندکار لە بنیاتنانی بەهاکان و کەسێتى بەهێز و متمانە بەخۆبوون. سێیەم: داڕشتنی پلانی ساڵانەی خوێندنی بابەتەکان، و دابەشکردنی بەسەر قوتابیان و خوێندکاراندا. چوارەم: ئامادەکردنی قوتابیان و خوێندکاران بۆ تاقیکردنەوەکان، ئامادەکردنی پرسیارەکان، چاودێریکردن، ڕاستاندنى وەڵامی تاقیکردنەوەکان و دانانی نمرەکان. پێنجەم: گەشەپێدانی زانیاری و توانا خودییەکان لە ڕێگەی بەشداریکردن لە خولە پەروەردەیی و فێرکارییە جۆراوجۆرەکان، بەدواداچوون بۆ بەرەوپێشچوونە هاوچەرخەکان لە بوارەکەی خۆیدا و بەشداریکردن لە فێربوونی بەردەوام و فێرکردنی کەسانی دیکەدا. شەشەم: هەماهەنگی لەگەڵ کارگێڕیی دامەزراوەکە بۆ بەدیهێنانی ژینگەیەکی پەروەردەیی و فێرکردنی باش و چاودێری سەلامەتیی قوتابی و خوێندکار لە کاتی وانە و لەو کاتەی لەژێر سەرپەرشتی مامۆستادان. حەوتەم: پێدانى ئەو زانیاریانەی کە بەخێوکار سەبارەت بە منداڵەکەى داواى دەکات و ڕێزگرتن و پاراستنى نهێنى و تایبەتمەندى دامەزراوەکە و قوتابیان و خوێندکاران. هەشتەم: پێشکەشکردنی نووسراو و پێشنیاز لەکاتی پێویست بە کارگێڕیی دامەزراوەکە، سەبارەت بە چۆنێتی بەرەوپێشبردنی دامەزراوەکە و دابینکردنی دڵنیایی جۆری و سەلامەتی تیایدا، بەشداریکردن لە چالاکی و ئەرکە پێویستەکان لە پێناو دەستەبەرکردنی بەردەوامیی خوێندن لە ژینگەیەکی تەندروستدا. نۆیەم: هەر ئەرکێکی پەروەردەیی و فێرکردنی دیکە کە لەلایەن بەڕێوەبەرەوە پێی دەسپێردرێت یان بەپێى هەر ڕێنماییەک کە وەزیر دەریدەکات دەکەوێتە ئەستۆى.
ماددهی (60)
ماددهی (60) یەکەم: ئەرکی سەرەکی ڕێنماییکاری پەروەردەیی بەدواداچوونە سەبارەت بە پرسی قوتابیان و خوێندکاران و پشتگیریکردنیان بۆ چارسەرکردنی گرفتە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانیان لە چوارچێوەی دامەزراوەکەدا و پاراستنی نهێنی و تایبەتمەندێتیان. دووەم: لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کێشەی دەروونی و ڕەفتارە ناپەروەردەییەکانی قوتابیان و خویندکاران و ئاگادارکردنەوەی کارگێڕیی قوتابخانە یان خوێندنگە. سێیەم: پیشکەشکردنی ڕاپۆرت و ئەنجامدانی توێژینەوە سەبارەت بە کارەکەی خۆی.