یاسای ژماره‌ (5)ی ساڵی 2011 یاسای ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان-عێراق | 14

 

به‌ناوی خودای به‌خشنده‌و میهره‌بان

به‌ناوی گه‌له‌وه‌

په‌رله‌مانی كوردستان- عێراق

 

پشت به‌ حوكمه‌كانی بڕگه‌ (1)ی مادده‌ی (56) و مادده‌ی (53) یاسای ژماره‌ (1) ی ساڵی 1992ی هه‌موار كراوو، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌رچاوی خستووه‌، په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق له‌ دانیشتنی ئاسایی ژماره‌ (12)ی رۆژی 3/5/2011، بڕیاری دانانی ئه‌م یاسایه‌یدا: 

 

   یاسای ژماره‌ (5)ی ساڵی 2011

یاسای ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان-عێراق

مادده‌ی یه‌كه‌م: 

مه‌به‌ست له‌م زاراوه‌ و ده‌سته‌واژانه‌ی دادێن، واتاكانی به‌رامبه‌ریانه‌ بۆ مه‌به‌ستی ئه‌م یاسایه‌:

یه‌كه‌م: هه‌رێم: هه‌رێمی كوردستان-عێراق.

دووه‌م: سه‌رۆكایه‌تیی وه‌زیران: سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان- عیراق.

سێیه‌م: ده‌زگا: ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان- عیراق.

چواره‌م: سه‌رۆكی ده‌زگا: سه‌رۆكی ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان- عیراق.

پێنجه‌م: جێگری سه‌رۆكی ده‌زگا: جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان- عیراق.

مادده‌ی دووه‌م:

ده‌زگایه‌ك له‌ هه‌رێمدا به‌ ناوی ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان داده‌مه‌زرێت و خاوه‌ن كه‌سایه‌تیی مه‌عنه‌وی و سه‌ربه‌خۆیی دارایی وكارگێڕی ده‌بێت و بودجه‌ی تایبه‌تیشی ده‌بێت و به‌ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ گرێ ده‌درێت.

مادده‌ی سێیه‌م:

ده‌زگا به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌لأ لایه‌نانی په‌یوه‌ندیدار، ئه‌م ئه‌ركانه‌ی دادێن جێبه‌جێ ده‌كات:

یه‌كه‌م: پاراستنی ئازادیی گشتی و تایبه‌ت به‌ گوێره‌ی بنه‌ماكانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ.

دووه‌م: ئاسایشی ده‌زگاكانی ده‌ستووری و یاسایی(په‌رله‌مان، حكومه‌ت، دادوه‌ری) له‌ هه‌رێمدا، هه‌روه‌ها كه‌سایه‌تی و ده‌زگاكان و هی دیكه‌.

سێیه‌م: پاراستنی ئاسایشی كاری سیاسی و مه‌ده‌نی وپیشه‌یی له‌ هه‌رێمدا.

چواره‌م: پاراستنی ئابووریی نیشتیمانی.

پێنجه‌م: مسۆگه‌ر كردنی ئاسایشی فڕۆكه‌خانه‌و به‌نداوو دامه‌زراوه‌كانی نه‌وت و ده‌روازه‌كانی سنوور.

شه‌شه‌م: پارێزگاری كردن له‌ كه‌له‌پوورو كولتووری گه‌لی كوردستانی عیراق به‌ تێكڕای پێكهاته‌كانی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و مه‌زهه‌بییه‌وه‌.

حه‌وته‌م: كۆ كردنه‌وه‌ی زانیاری و ده‌ست نیشان كردنی جموجۆڵه‌كان له‌باره‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی ناوخۆ بۆ سه‌ر ئاسایشی نیشتیمانی له‌ هه‌رێمدا و هه‌ڵسه‌نگاندن و رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی.

هه‌شته‌م: به‌دی هێنانی ئاسایش وئارامیی كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌هێشتنی تاوانی به‌رنامه‌ڕێژكراوه‌كان به‌ هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه‌، هه‌روه‌ها نه‌هێشتنی تاوانی تیرۆر و مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان.

نۆیه‌م: مسۆگه‌ر كردنی ئاسایش و سه‌لامه‌تی و نهێنیی گه‌یاندن و سه‌لامه‌تیی هاتن و چوون له‌ هه‌رێمدا.

ده‌یه‌م: پارێزگاری كردن له‌ شوێنانی خوداپه‌رستی و جێگه‌ی ئایینی و دابین كردنی ئاسایشیان.

یازده‌یه‌م: مسۆگه‌ر كردنی ئاسایش و سه‌لامه‌تیی ناوه‌نده‌كانی گه‌شتیاری و جێگه‌كانی شوێنه‌وار و مێژوویی و شوێنه‌واره‌كان.

دوازده‌یه‌م: پاراستنی ئاسایشی خۆراك و ته‌ندروستی له‌ هه‌رێمدا.

سێزده‌یه‌م: پاراستنی شوێنی كارو بوونی رێكخراوه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی وكارمه‌ندانی نێوده‌وڵه‌تی و پاراستنی شاندی دیپلوماسی وشاندی دیكه‌، هه‌روه‌ها نێرده‌ی كونسوڵخانه‌كان و فه‌رمانبه‌ران وئه‌ندامانی خێزانه‌كانیان له‌ هه‌رێمدا.

چوارده‌یه‌م: به‌دواداچوونی پرسی په‌نابه‌ر و كۆچبه‌ر ونیشته‌جێ بووان و میوانانی بیانی له‌ هه‌رێمدا.

پازده‌یه‌م: ئاڵۆگۆڕكردنی تاوانبار و تۆمه‌تباران و راده‌ست كردنی دۆسیه‌كانیان له‌ نێوان ده‌زگاكانی هه‌رێم و ده‌زگاكانی فیدرالدا، به‌ گوێڕه‌ی ئه‌و میكانیزمه‌ی یاسا دیاریی ده‌كات.

مادده‌ی چواره‌م:

یه‌كه‌م: سه‌رۆكی ده‌زگا:

به‌ سه‌رۆكی باڵای ده‌زگا داده‌ندرێت و خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی كارگێڕی ودارایی ویاسایی پێویست به‌ به‌ڕێوه‌بردنی ده‌زگایه‌ و له‌ پله‌ی وه‌زیردا ده‌بێت و له‌ لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ كاندید ده‌كرێت و به‌ مه‌رسوومی هه‌رێمی داده‌مه‌زرێت.

دووه‌م: جێگری سه‌رۆكی ده‌زگا:

سه‌رۆكی ده‌زگا، جێگرێكی به‌ پله‌ی بریكاری وه‌زاره‌ت ده‌بێت، له‌ لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ كاندید ده‌كرێت و به‌ مه‌رسوومێكی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم داده‌مه‌زرێت و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ش پیاده‌ ده‌كات كه‌ له‌ لایه‌ن سه‌رۆكی ده‌زگاوه‌ پێی ده‌درێت، ئه‌ركه‌كانی سه‌رۆكی ده‌زگا له‌ كاتی ئاماده‌ نه‌بوونیدا ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ.

مادده‌ی پێنجه‌م:

یه‌كه‌م: ئه‌نجومه‌نی ده‌زگا پێك دێت له‌:

1- سه‌رۆكی ده‌زگا                       سه‌رۆك.

2- جێگری سه‌رۆكی ده‌زگا           جێگر.

3- به‌رێوه‌به‌رانی گشتی               ئه‌ندام.

4- ئه‌نجومه‌ن بۆی هه‌یه‌ له‌ كاتی پێویستدا په‌نا بباته‌ به‌ر شاره‌زایان، به‌بێ ئه‌وه‌ی مافی ده‌نگدانیان هه‌بێت.

دووه‌م: ئه‌نجومه‌ن كۆبوونه‌وه‌ی ده‌وری ده‌به‌ستێت و بۆی هه‌یه‌ له‌ كاتی پێویستدا كۆبوونه‌وه‌ی نائاسایی گرێ بدات و بڕیاره‌كانیشی به‌ زۆرینه‌ ده‌رده‌چن و له‌ كاتی یه‌كسان بوونی ده‌نگدا، ئه‌و لایه‌نه‌ قبوولأ ده‌كرێت كه‌ سه‌رۆك ده‌نگی له‌گه‌ڵ داوه‌.

 

 

 

 

 

مادده‌ی شه‌شه‌م:

پێكهاته‌كانی ده‌زگا:

ده‌زگا بریتییه‌ له‌:

یه‌كه‌م: ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتیانه‌ی دادێن:

1- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتی دیوان.

2- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ئاسایش.

3- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ئاسایش سیاسی.

4- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی نه‌هێشتنی هۆشبه‌ر.

5- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ئاسسایشی فڕۆكه‌خانه‌و ده‌روازه‌ سنووریه‌كان دامه‌زراوه‌كانی نه‌وت و به‌نداو.

دووه‌م: په‌یمانگای په‌ره‌پێدانی ئاسایش، ئه‌فسه‌رێك كه‌ پله‌كه‌ی له‌ پله‌ی عه‌مید كه‌متر نه‌بێت، سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات و ده‌بێ بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسی به‌ده‌ست هێنا بێت.

مادده‌ی حه‌وته‌م:

ئه‌ركه‌كانی ئه‌نجومه‌نی ده‌زگا:- 

یه‌كه‌م: سه‌رپه‌رشتی كردنی به‌ڕێوه‌ چوونی كارو، ده‌ركردنی بڕیاری پێویست له‌م باره‌یه‌وه‌.

دووه‌م: دانانی په‌یڕه‌وی ناوخۆ بۆ ده‌زگا، به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌لأ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم.

سێیه‌م: بڕیاری پێكهێنان یان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ یان لێكدانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌گشتییه‌كان و به‌ش و هۆبه‌كانی گرێ دراو به‌ ده‌زگاوه‌ له‌ كاتی پێویستدا.

چواره‌م: ئاماده‌ كردنی بودجه‌ی ده‌زگا

مادده‌ی هه‌شته‌م:

كاروباری ده‌زگا:- 

یه‌كه‌م: دامه‌زراندنی به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتی له‌ ده‌زگا له‌ لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ به‌ گوێڕه‌ی یاساكانی كار پێ كراو ده‌بێت، به‌ مه‌رجێك شاره‌زایی وپسپۆری و ساڵانی راژه‌و ده‌ست پاكی ره‌چاو بكرێن و پله‌شیان له‌ پله‌ی عه‌مید كه‌متر نه‌بێت.

دووه‌م: به‌ڕێوه‌به‌ران له‌ ده‌زگادا له‌ لایه‌ن سه‌رۆكه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ راسپارده‌ی ئه‌نجومه‌نی ده‌زگا داده‌زمه‌زرێن، به‌ مه‌رجێك له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا شاره‌زایی وپسپۆری و ساڵانی راژه‌و ده‌ست پاكی ره‌چاو بكرێن و پله‌شیان له‌ پله‌ی موقه‌ده‌م كه‌متر نه‌بێت.

سێیه‌م: ژمێریاریی ده‌زگا له‌ ژێر وردبینی و چاودێریی لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تدا ده‌بێت، كه‌ له‌ لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پێك ده‌هێندرێت.

چواره‌م: هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ی به‌سه‌ر هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆدا په‌یڕه‌و ده‌كرێن، به‌سه‌ر ئه‌فسه‌رو كارمه‌ندانی ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێمی كوردستانیشدا پیاده‌ ده‌كرێن.

 

مادده‌ی نۆیه‌م:

سه‌رۆكی ده‌زگا بۆی هه‌یه‌ رێنمایی پێویست بۆ جێبه‌جێ كردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌و په‌یڕه‌وی ناوخۆی تایبه‌ت به‌ ده‌زگاكه‌ ده‌ربكات.

 

مادده‌ی ده‌یه‌م:

خزمه‌تكردن له‌ ده‌زگاكه‌دا و مه‌رجه‌كانی وه‌رگرتن تێیدا، له‌سه‌ر بنه‌مای لێهاتوویی و شیاوی و ده‌ست پاكی ده‌بێت (الكفاءه‌ والمۆهلات و النزاهه‌)، به‌بێ گوێدان به‌ بنه‌ماكانی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی وسیاسی.

 

مادده‌ی یازده‌م:

یاسای ده‌سته‌ی گشتیی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ـ عیراق ژماره‌ (46) ی ساڵی 2004ی ئاسایشی هه‌ڵده‌وشێته‌وه‌.

 

مادده‌ی دوازده‌یه‌م:

كار به‌ ده‌قی هیچ یاسا یان بڕیارێك ناكرێت كه‌ له‌گه‌لأ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌دا ناكوك بێت.

 

 

مادده‌ی سێزده‌یه‌م:

پێویسته‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.

 

مادده‌ی چواردیە‌م:

ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژی بڵاو كردنه‌وه‌ی له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمیی (وه‌قایعی كوردستان) دا كاری پێ ده‌كرێت.

 

 

 

 

 

                                                             محمد قادر عبدالله

                                                          (د. كه‌مال كه‌ركووكی)

                                               سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق

 

 

هۆیه‌كانی ده‌رچوون

پاڵپشت به‌ ره‌وتی دیموكراسی و دامه‌زراوه‌یی كه‌ گه‌لی كوردستان باوه‌ڕی پێیه‌تی و بۆ به‌ده‌نگه‌وه‌ چوونی هه‌موو خواستێكی هاووڵاتیانی هه‌رێم له‌ رووی ده‌سته‌به‌ر بوونی ئاسایش و ئارامی و ئازادی و خۆشگوزه‌رانی، بۆ رێكخستنی ئه‌رك و ده‌سه‌ڵات و پسپۆرایه‌تی وپێكهاته‌كانی ده‌زگاكانی ئاسایش له‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌ پێناو چه‌سپاندنی كۆڵه‌كه‌كانی سیسته‌مێكی ئاسایش نیشتیمانیی كارا و رێك و پوخت، هاوشان بێت له‌گه‌لأ ئاسته‌نگه‌كانی ئاسایشی ناوخۆو ده‌ره‌كیی، به‌ گوێره‌ی بنه‌ماكانی ده‌ستوورو یاساو دیموكراسی و په‌یماننامه‌كانی جیهانیی مافی مرۆڤ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باوه‌ڕی پێیانه‌، ئه‌م یاسایه‌ ده‌رچووێندرا.