یاسای ژماره‌ (9)ی ساڵی 2014 یاسای هه‌مواری یه‌كه‌می یاسای وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق ژماره‌ (10)ی ساڵی 2008 | 4

به‌ناوی خودای به‌خشنده‌و میهره‌بان

به‌ناوی گه‌له‌وه‌

په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق

پشت به‌ حوكمی بڕگه‌ی (1) له‌ مادده‌ی (56)ی یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو و، له‌سه‌ر پێشنیاری ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق له‌ دانیشتی ئاسایی ژماره‌ (19)ی رۆژی 24/12/2014 بڕیاری ده‌رچوواندنی ئه‌م یاسایه‌ی دا:

یاسای ژماره‌ (9)ی ساڵی 2014 یاسای هه‌مواری یه‌كه‌می یاسای وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق ژماره‌ (10)ی ساڵی 2008

مادده‌ی (1): 

مادده‌ی (حه‌وته‌م) له‌ یاساكه‌ هه‌موار ده‌كرێ و به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌: 

یه‌كه‌م: ده‌زگاكانی خوێندنی باڵا له‌ زانكۆ و ده‌سته‌ و كولێژ و په‌یمانگا و سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی حكومی و ناحكومی پێكدێن و ئه‌م ده‌زگایانه‌ی خوێندن به‌ وه‌زاره‌ته‌وه‌ ده‌لكێن: 

1ـ زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین/ هه‌ولێر.

2ـ زانكۆی سلێمانی.

3ـ زانكۆی دهۆك.

4ـ زانكۆی كۆیه‌.

5ـ زانكۆی سۆران.

6ـ زانكۆی زاخۆ.

7ـ زانكۆی راپه‌ڕین.

8ـ زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌.

9ـ زانكۆی گه‌رمیان.

10ـ زانكۆی چه‌رمۆ.

11ـ زانكۆی كوردستان/ هه‌ولێر.

12ـ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێر.

13ـ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی.

14ـ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی دهۆك.

15ـ ئه‌نجومه‌نی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕییه‌ پزیشكییه‌كان.

16ـ ده‌سته‌ی كوردستان بۆ خوێندنه‌ ستراتیجییه‌كان و توێژینه‌وه‌ی زانستییه‌كان.

17ـ هه‌ر ده‌زگایه‌كی دیكه‌ی حكومی كه‌ هه‌یه‌ یان دوای ده‌رچوونی ئه‌م یاسایه‌ داده‌مه‌زرێن.

دووه‌م: ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ل وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌پێی پێوه‌ر و پله‌به‌ندیی زانستی ده‌سه‌ڵاتی پێدانی تایبه‌تمه‌ندیی هه‌یه‌ به‌ زانكۆكان له‌ چوارچێوه‌ی رێنمایی تایبه‌ت. 

مادده‌ی (2):

كار به‌ هێچ ده‌قێكی یاسایی یان بڕیارێك ناكرێت گه‌ر له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ناكۆك بێت.

مادده‌ی (3):

پێویسته‌ له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن. 

مادده‌ی (4):

ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژی بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمی (وه‌قایعی كوردستان) جێبه‌جێ ده‌كرێت.

 یوسف محمد صادق

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان

هۆیه‌كانی ده‌رچواندن

بۆ بره‌ودان به‌ ره‌وتی زانست و رێكخستنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ده‌زگا و ناوه‌نده‌كان له‌ چوارچێوه‌ی یاسای وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا، ئه‌م یاسایه‌ ده‌رچوێندرا.