بـڕیـاری ژمارە (9)ی ساڵی 2014 تایبەت بەبڕیاری ژمارە (19)ی ساڵی 2014 تایبەت بەهێزەكانی پێشمەرگە | ٢١

بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبان

هەرێمی كوردستان - عێراق

سەرۆكایەتی هەرێم

سەرۆك

بەناوی گەلەوە

بـڕیـاری ژمارە (9)ی ساڵی 2014

بە پێی ئەو دەسەڵاتەی لە بڕگەی (1) ی ماددەی (10) ی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان – عێراق ی  ژمارە (1) ی ساڵی 2005 ی هەمواركراو پێمان دراوە، بریارماندا بە دەركردنی بریاری ژمارە (19) ساڵی 2014 كە پەرلەمانی كوردستان-عێراق لە دانیشتنی ژمارە (18) لە 23/7/2014 پەسەندی كردوە :

بڕیاری ژمارە (19)ی ساڵی 2014 تایبەت بەهێزەكانی پێشمەرگە

یەكەم: وەزارەتی پێشمەرگە بۆ وەرگرتنی مووچەی مانگانە یەكەم وەزارەت دەبێت. 

دووەم: پێویستە دەرماڵەی مەترسی تایبەت (الخگورە الخاصە) بۆ هێزی پێشمەرگە سەرف بكرێت. 

سێیەم: مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە هاوتای مووچەی هێزەكانی ناوخۆ و ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەكرێت. 

چوارەم: پێویستە هەموو هێزەكانی پێشمەرگە لە ماوەی شەش مانگ لە دەرچوونی ئەم بڕیارەوە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا وەك هێزێكی نیشتیمانی یەك بخرێت، بەتایبەتی یەكەكانی (70و80 ) .

پێنجەم: پێویستە پێداچوونەوە بكرێت بە بەرزكردنەوە و بەرزبوونەوەی پلە(ترقیە) سەربازییەكانی پێشمەرگە. 

شەشەم: پێویستە نەسرییەی یەكەكانی هێزی پێشمەرگە یەك بخرێت. 

حەوتەم: پێویستە مووچەخۆری بێ دەوام لە هێزەكانی پێشمەرگە نەهێڵرێت. 

هەشتەم: پێویستە كاتی دەوام و پشووی هێزی پێشمەرگە یەك بخرێت. 

نۆیەم: پێویستە هێزە ئەمنیەكان لە ناوچە كوردستانییەكان یەك بخرێن. 

دەیەم: پێویستە هەموو ئەو چەك و تەقەمەنی و پێداویستیی وئامێرە سەربازییانەی لە پاش رووداوەكانی گرتنی موسڵ كەوتوونەتە دەست هێزە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان بگەڕێنرێنەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە. 

یازدەیەم: پێویستە سووتەمەنی و پێداویستی تەندروستی بەشێوەیەكی باشتر بۆ هێزی پێشمەرگە دابین بكرێن. 

دوازدەیەم: دابینكردنی خواردنی تەندروست و گەیاندنی بەهێزی پێشمەرگە لەكاتی خۆیدا. 

سێزدەیەم: دابینكردنی چەك و تەقەمەنی پێویست بۆ هێزی پێشمەرگە. 

چواردەیەم: ئەو پێشمەرگانەی كە شەهید دەبن دەبێت لە ڕێوڕەسمێكی شایستەدا بەخاك بسپێردرێن و هاوكارییەكی ماددی خانەوادەكانیشیان بكرێت. 

پازدەهەم: پێویستە حكومەتی هەرێم ئەركی چارەسەری بریندارەكان لە ئەستۆ بگرێت، لە كاتی برینداربونیانەوە تا چارەسەركردنیان و، هاوكاری مادیش بكرێن.

شازدەهەم: پێویستە هێزی پێشمەرگە لەو جێیانە نەكشێتەوە كە لەدوای 9/6/2014 تێدا جێگیر بوون.

حەڤدەهەم: حكومەت لەكاتی كۆتایی هاتنی قەیرانی دارایی هەرێم، دەبێت هەموو ئەو بڕگانەی ئەم بڕیارە كە لە ئێستادا ناتوانرێت جێبەجێ بكرێن، جێبەجێیان بكات. 

هەژدەهەم: پێویستە ئەنجومەنی وەزیران پێڕەو و رێنمایی پێویست بۆ ئاسان جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە دەربكات. 

نۆزدەیەم: كار بەهێچ دەقێكی یاسایی یان بڕیارێكی ناكۆك لەگەل حوكمەكانی ئەم بڕیارە ناكرێت. 

بیستەهەم: لەسەر ئەنجومەنی وەزیران و لایەنە پەوەندیدارەكان پێویستە حوكمەكانی ئەم بڕیارە جێبەجێ بكەن. 

بیست و یەك: ئەم بڕیارە لە ڕۆژی دەرچوونیەوە كاری پێدەكرێت و لە رۆژنامەی فەرمی ( وەقایعی كوردستان )دا بڵاودەكرێتەوە. 

                                                                         د.یوسف محمد صادق

                                                              سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان - عێراق

هۆیەكانی دەرچوواندن

لە پێناو باشتر كردنی ژیان و گوزەرانی هێزی پێشمەرگە و، رێكخستنی كاروبارەكانیان و، دابین كردنی پێداویستیەكانیان، ئەم بڕیارە دەرچوێندرا.