یاسای ژماره‌ (13)ی ساڵی 2010 یاسای مووچه‌و ده‌رماڵه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ـ عیراق و جێگره‌كه‌ی | 8

به‌ناوی خودای به‌خشنده‌و میهره‌بان

به‌ناوی گه‌له‌وه‌

په‌رله‌مانی كوردستان- عێراق

پشت به‌ حوكمی برگه‌ی (1) له‌ مادده‌ی (56)ی یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراوو، له‌سه‌ر داوای ژماره‌ی یاســایی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق له‌دانیشتی ئاسایی ژماره‌ (13)ی رۆژی 9/11/2010 بڕیاری ده‌رچوواندنی ئه‌م یاسایه‌ی دا: 

یاسای ژماره‌ (13)ی ساڵی 2010 یاسای مووچه‌و ده‌رماڵه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ـ عیراق و جێگره‌كه‌ی

مادده‌ی یه‌كه‌م:

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ـ عیراق مووچه‌یه‌كی مانگانه‌ وه‌رده‌گرێت بڕه‌كه‌ی(15) ملیۆن دیناری عیراقیه‌.

مادده‌ی دووه‌م:

ده‌رماڵه‌ی مانگانه‌ ده‌خرێته‌ سه‌رمووچه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ـ عیراق كه‌ ده‌كاته‌(50%)ی مووچه‌ی مانگانه‌ی.

مادده‌ی سێیه‌م:

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ـ عیراق له‌ كاتی خانه‌نشین بوون، مووچه‌ی خانه‌نشین وه‌رده‌گرێت، كه‌ ده‌كاته‌(80%)ی مووچه‌و ده‌رماڵه‌كه‌ی.

مادده‌ی چواره‌م:

جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ـ عیراق مووچه‌یه‌كی مانگانه‌ وه‌رده‌گرێت كه‌ ده‌كاته‌(13) ملیۆن دیناری عیراقی.

مادده‌ی پێنجه‌م:

ده‌رماڵه‌ی مانگانه‌ ده‌خرێته‌ سه‌ر مووچه‌ی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان-عێراق كه‌ ده‌كاته‌(50%)ی مووچه‌ی مانگانه‌ی.

مادده‌ی شه‌شه‌م: 

جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ـ عیراق له‌ كاتی خانه‌نشین بوون مووچه‌ی خانه‌نشینی مانگانه‌ وه‌رده‌گرێت كه‌ ده‌كاته‌(80%)ی مووچه‌و ده‌رماڵه‌كه‌ی.

مادده‌ی حه‌وته‌م: 

پاش ته‌واو بوونی ئه‌ركی سه‌رۆك یان جێگره‌كه‌ی، حكومه‌ت هه‌موو پێداویستییه‌كانی نیشته‌جێ بوون و پارێزگاری كردن و گواستنه‌وه‌ی گونجاو و، ئیمتیازاتی دیكه‌یان بۆ دابین ده‌كات، ئه‌وانه‌ی كه‌ یاسا كارپێكراوه‌كانی هه‌رێم یا نه‌ریتی نیشتمانیی له‌م حاڵه‌تانه‌دا ده‌یان به‌خشێ.

مادده‌ی هه‌شته‌م: 

ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژی بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمی(وه‌قائیعی كوردستان) جێبه‌جێ ده‌كرێت.

                     محمد قادر عبدالله

                    (د. كه‌مال كه‌ركووكی)

                                             سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان- عێراق

                                                                         

هۆیه‌كانی ده‌رچوواندنی

ئاماژه‌ به‌ یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان- عێراق ژماره‌(1)ی ساڵی 2005ی هه‌مواركراو، له‌ پێناوی ده‌ست نیشان كردنی مووچه‌و ده‌رماڵه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم و جێگره‌كه‌ی ئه‌م یاسایه‌ ده‌رچوێنرا.