یاسای ژماره‌ (7)ی ساڵی 2010 یاسای هه‌مواركردنی یه‌كه‌می یاسای ژووره‌ بازرگانی و پیشه‌سازییه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان ژماره‌ (14)ی ساڵی 1993 | 4

یاسای ژماره‌ (7)ی ساڵی 2010 یاسای هه‌مواركردنی یه‌كه‌می یاسای ژووره‌ بازرگانی و پیشه‌سازییه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان-عێراق ژماره‌ (14)ی ساڵی 1993

به‌ناوی خودای به‌خشنده‌و میهره‌بان

به‌ناوی گه‌له‌وه‌

په‌رله‌مانی كوردستان- عێراق

پشت به‌ حوكمی هه‌ردوو برگه‌ی (1 و 5) له‌ مادده‌ی (56)ی یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992 ی هه‌مواركراو، و له‌سه‌ر داوای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم، په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق له‌دانیشتی ئاسایی ژماره‌ (18)ی رۆژی 23/6/2010 بڕیاری ده‌رچوواندنی ئه‌م یاسایه‌ی دا: 

یاسای ژماره‌ (7)ی ساڵی 2010

یاسای هه‌مواركردنی یه‌كه‌می یاسای ژووره‌ بازرگانی و پیشه‌سازییه‌كان

 له‌هه‌رێمی كوردستان-عێراق ژماره‌ (14)ی ساڵی 1993

مادده‌ی یه‌كه‌م

مادده‌ی سی و دووه‌م هه‌موار ده‌كرێ و ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ی بۆ زیاد ده‌كرێ و ده‌بێته‌ بڕگه‌ی (3) بۆی: 

حوكمه‌كانی یاسای خزمه‌ت و خانه‌نشینی مه‌ده‌نی كارپێكراو له‌ هه‌رێم ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی ژووره‌ بازرگانی و پیشه‌سازیانه‌ی هه‌رێمیش ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ پێش جێبه‌جێكردنی یاسای ژماره‌ (43)ی ساڵی 1989 دامه‌زراون و له‌خزمه‌ت كردن به‌رده‌وامن.

مادده‌ی دووه‌م:

ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ بۆ سه‌ر یاساكه‌ زیاد ده‌كرێ و ده‌بێته‌ مادده‌ی سی و سێیه‌می (دووباره‌): 

مافی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ حوكمه‌كانی بڕگه‌ی (3) له‌مادده‌ی یه‌كه‌می ئه‌م یاسایه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خانه‌نیشنی و بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خانه‌نشینی گشتی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم ده‌گوازرێته‌وه‌.

مادده‌ی سێیه‌م: 

پێویسته‌ له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.

مادده‌ی چواره‌م: 

ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژی بڵاوكردنه‌وه‌یه‌وه‌ له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمی (وه‌قایعی كوردستان) جێبه‌جێ ده‌كرێ.

                                                   محمد قادر عبدالله 

                                                       (د. كه‌مال كه‌ركووكی)     

                                                سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان- عێراق

هۆیه‌ پێویسته‌كانی ده‌رچوواندنی

بۆ ئه‌وه‌ی به‌شخوراوی توێژێك له‌ كارمه‌ندانی یه‌كێتی ژووره‌كانی بازرگانی و پیشه‌سازی له‌ هه‌رێم، له‌وانه‌ی كه‌ له‌ پێش جێبه‌جێ كردنی یاسایی ژماره‌ (43)ی ساڵی 1989 له‌ خزمه‌ت كردن به‌رده‌وامن، هه‌ڵبگیرێت و حوكمی یاساكانی خزمه‌ت و خانه‌نشینی مه‌ده‌نی به‌ركار له‌ هه‌رێم بیانگرێته‌وه‌، ئه‌م یاسایه‌ ده‌رچوێ.