یاسای ژماره‌ (3)ی ساڵی 2010 یاسای ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق

ku-IQ

یاسای ژماره‌ (3)ی ساڵی 2010 یاسای ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق 885481

13 یاسای ژماره‌ (3)ی ساڵی 2010 یاسای ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق

 

به‌ناوی خودای به‌خشنده‌و میهره‌بان

به‌ناوی گه‌له‌وه‌

په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق

به‌پێی برگه‌ی (1 و 5) له‌ مادده‌ی (56)ی یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992 ی هه‌مواركراو، و له‌سه‌ر داوای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم، په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق له‌دانیشتی ئاسایی ژماره‌ (8)ی رۆژی 11/5/2010 بڕیاری ده‌رچوواندنی ئه‌م یاسایه‌ی دا: 

یاسای ژماره‌ (3)ی ساڵی 2010 یاسای ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق

مادده‌ی یه‌كه‌م

مه‌به‌ست له‌م زاراوه‌ و گوزارشتانه‌ی خواره‌وه‌ ماناكانی به‌رامبه‌ریانه‌ بۆ مه‌به‌ستی ئه‌م یاسایه‌: 

یه‌كه‌م: هه‌رێم: هه‌رێمی كوردستان ـ عیراق.

دووه‌م: ده‌سته‌: ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ له‌ هه‌رێمدا.

سێیه‌م: ئه‌نجومه‌ن: ئه‌نجومه‌نی ده‌سته‌.

چواره‌م: سه‌رۆك: سه‌رۆكی ده‌سته‌.

مادده‌ی دووه‌م:

به‌پێی ئه‌م یاسایه‌ ده‌سته‌یه‌ك داده‌مه‌زرێ به‌ ناوی (ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق) كه‌سایه‌تی مه‌عنه‌وی و سه‌ربه‌خۆیی دارایی و كارگێڕیی خۆی هه‌یه‌ و له‌ ڕووی كارگێڕییه‌وه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ ده‌لكێ.

مادده‌ی سێیه‌م:

ئامانجی ده‌سته‌ ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ن:

یه‌كه‌م: پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ و په‌ره‌پێدانی بۆ رێگه‌ گرتن له‌ پیس بوونی و پارێزگاری كردن له‌ پاك و خاوێنی و جوانیه‌تی هه‌رێم.

دووه‌م: پاراستنی ژینگه‌ و ته‌ندروستی گشتی له‌ مه‌ترسییه‌كانی چالاكی و كاری زیانبه‌خش به‌ ژینگه‌ و مرۆڤــ.

سێیه‌م: نه‌هێشتن و چاره‌سه‌ركردنی ئاسه‌واره‌كانی چه‌كی كیمیایی و ته‌قیوه‌كان به‌ هاریكاریكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆ پاككردنه‌وه‌ی كێڵگه‌كانی مین و پاشماوه‌كانی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی كه‌ ده‌بنه‌ مایه‌ی پیسبوونی ژینگه‌یی.

چواره‌م: به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاریی ژینگه‌یی و پته‌وكردنی هه‌ست كردن به‌ به‌رپرسیاریه‌تی تاك و كۆمه‌ڵ بۆ پاراستنی ژینگه‌ و باشكردنی و كاراكردنی ڕۆڵی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و هاندانی ئه‌ركی خۆبه‌شین له‌و بواره‌دا.

مادده‌ی چواره‌م:

ده‌سته‌ بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی ئه‌م ئه‌ركانه‌ له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت: 

یه‌كه‌م: پێشنیاز كردنی سیاسه‌تی گشتی بۆ پاراستنی ژینگه‌ له‌پیس بوون و كاركردن له‌ پێناو چاككردنی جۆره‌كه‌ی و به‌رزكردنه‌وه‌ی بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ په‌سه‌ند كردنی.

دووه‌م: دانانی پلانی ساڵانه‌ و مامناوه‌ندی و درێژخایه‌ن بۆ پاراستنی ژینگه‌ و چاككردنی.

سێیه‌م: ده‌رچوواندنی رێنمایی تایبه‌ت به‌ده‌سنیشان كردن و به‌رزه‌فتیه‌كان و زانیاریی پێویستی ژینگه‌یی و چاودێری كردنی سه‌لامه‌تی ژینگه‌ بۆ پرۆژه‌كان و سه‌لامه‌تی و دروستی جێبه‌جێكردنی ئه‌م رێنماییانه‌، له‌گه‌ڵ ره‌چاوكردنی به‌ڵێن و په‌یمانه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان بۆ پاراستنی ژینگه‌ و یاسا كار پێكراوه‌كان.

چواره‌م: ئه‌نجامدانی ڕوپێو و پشكنینه‌كانی په‌یوه‌ست به‌پیسبوونی ژینگه‌ و ئه‌و هۆكارانه‌ی كه‌ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر سه‌لامه‌تی ژینگه‌ و ئاماده‌كردنی نه‌خشه‌ ژینگه‌یه‌كان هه‌یه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كاندا.

مادده‌ی پێنجه‌م: 

یه‌كه‌م: ده‌سته‌ سه‌رۆكێكی ده‌بێ به‌پله‌ی تایبه‌ت و خۆی سه‌رۆكی باڵایه‌تی و به‌رپرسه‌ له‌كاره‌كانی و ئاراسته‌كردنی سیاسه‌ته‌كانی و سه‌په‌رشتی و چاودێری كردنی و هه‌موو بڕیار و فه‌رمان و رێنماییه‌كانی په‌یوه‌ندییان هه‌بێ به‌ ئه‌ركه‌كانی ده‌سته‌ و ده‌سته‌ڵاته‌كانی و هه‌موو كاروبارێكی هونه‌ریی و دارایی و كارگێڕیی به‌ پێی حوكمه‌كانی یاسا له‌وه‌وه‌ ده‌رده‌چن و به‌سه‌رپه‌رشتی ئه‌و جێبه‌جێ ده‌كرێن و خۆی به‌رپرسه‌ له‌به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا.

دووه‌م: ئه‌وه‌ی به‌سه‌رۆكی ده‌سته‌ داده‌مه‌زرێ ده‌بێ ئه‌م مه‌رجانه‌ی خواره‌وه‌ لێ بێته‌ دی: 

  1. ده‌بێ له‌ هاووڵاتیانی هه‌رێم بێت و دانیشتووی بێت.
  2. ده‌بێ بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆی به‌لانی كه‌م هه‌بێ و له‌بواری پسپۆڕییه‌كه‌ی خۆی لێهاتوویی و شاره‌زایی هه‌بێت.
  3. خوو و ره‌وشتی باش بێ و به‌تاوانی جینایه‌ت یان كه‌تنی له‌كه‌دار به‌شه‌ره‌ف حوكم نه‌درابێ.
  4. به‌شداریی له‌و تاوانانه‌ نه‌كردبێ كه‌ ده‌سته‌ڵاتی داپلۆسێنه‌ر ئه‌نجامی دابن.

سێیه‌م: سه‌رۆك به‌مه‌رسومێكی هه‌رێمی و له‌سه‌ر پاڵاوتنی له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دادمه‌زرێ.

مادده‌ی شه‌شه‌م:

یه‌كه‌م: ده‌سته‌ له‌م فه‌رمانگانه‌ی خواره‌وه‌ پێكدێ و هه‌ر فه‌مارنگه‌یه‌كیش له‌وانه‌ له‌لایه‌ن فه‌رمانبه‌رێكه‌وه‌ به‌رێوه‌ ده‌چێت كه‌ بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆی له‌بواری پسپۆڕی فه‌رمانگه‌كه‌دا هه‌بێ و، ژماره‌یه‌ك فه‌رمانبه‌ر یاریده‌ی ده‌ده‌ن:

  1. فه‌رمانگه‌ی كارگێڕی و دارایی و یاسایی.
  2. فه‌رمانگه‌ی هۆشیاركردنه‌وه‌ی ژینگه‌یی و راگه‌یاندن.
  3. فه‌رمانگه‌ی كاروباری هونه‌ری.
  4. فه‌رمانگه‌كانی ژینگه‌ له‌ پارێزگاكانی هه‌رێمدا.

دووه‌م: ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆی هه‌یه‌ به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ده‌سته‌ هه‌ر فه‌رمانگه‌یه‌ك له‌نوێ دابمه‌زرێنێت یان لێكیان بدات یان هه‌ڵیان بوه‌شێنێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌چوارچێوه‌ی پێكهاته‌كانی ده‌سته‌ و به‌پێی پێویستی كاره‌كانی.

مادده‌ی حه‌وته‌م: 

یه‌كه‌م: ده‌سته‌ ئه‌نجومه‌نێكی ده‌بێ به‌سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆكی ده‌سته‌ و له‌مانه‌ی خواره‌وه‌ پێكدێ: 

1- نوێنه‌ری ئه‌م وه‌زاره‌تانه‌ی خواره‌وه‌ كه‌ له‌پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كه‌متر نه‌بێ: 

  1. وه‌زاره‌تی ناوخۆ.
  2. وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شت و گوزار.
  3. وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی.
  4. وه‌زاره‌تی پلاندانان.
  5. وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كان.
  6. وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی.
  7. وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی.
  8. وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان.
  9. وه‌زاره‌تی كاره‌با.
  10. وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن.
  11. وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌.
  12. وه‌زاره‌تی پیشمه‌رگه‌.
  13. وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان.
  14. وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی.

2- أ- دوو ئه‌ندام له‌شاره‌زا و پسپۆڕانی بواری پاراستنی ژینگه‌ به‌بڕیاری سه‌رۆكی ده‌سته‌.

ب- نوێنه‌رێك له‌لیژنه‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ له‌پارێزگاكانی هه‌رێم.

دووه‌م: سه‌رۆكی ده‌سته‌ بۆی هه‌یه‌ له‌كاتی پێویستدا نوێنه‌ری وه‌زاره‌ته‌كانی دیكه‌ و ئه‌و لایه‌نانه‌ش بانگ بكات كه‌ به‌ وه‌زاره‌ته‌وه‌ نه‌لكاون تا به‌شداری له‌كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌ندا بكه‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی مافی ده‌نگدانیان هه‌بێ.

سێیه‌م: ئه‌نجومه‌ن مانگانه‌ كۆ ده‌بێته‌وه‌ و سه‌رۆك بۆی هه‌یه‌ له‌كاتی پێویست بانگێشت بۆ كۆبوونه‌وه‌ی كتوپڕ بكات و بڕیاره‌كان به‌ زۆرینه‌ی ژماره‌ی ئاماده‌بووان ده‌رده‌چن و له‌بارێكدا گه‌ر ده‌نگه‌كان یه‌كسان بوون ئه‌و لایه‌نه‌ په‌سند ده‌كرێ كه‌ سه‌رۆك ده‌نگی بۆ داوه‌و، له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نیشه‌ راپۆرتی ساڵانه‌ له‌سه‌ر بارودۆخی ژینگه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌رزكاته‌وه‌.

مادده‌ی هه‌شته‌م : 

یه‌كه‌م: له‌هه‌ر پارێزگایه‌ك لیژنه‌یه‌ك به‌سه‌رۆكایه‌تی پارێزگار یا ئه‌وه‌ی جێی ده‌گرێته‌وه‌ و ئه‌ندامیه‌تی نوێنه‌ری ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ی كه‌ له‌بڕگه‌ی یه‌كه‌می مادده‌ی حه‌وته‌مدا ده‌ست نیشان كراون له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی ژینگه‌ له‌ پارێزگا پێك ده‌هێنرێ و پێی ده‌گوترێ ((لیژنه‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ له‌پارێزگا)).

دووه‌م: ئه‌و حوكمانه‌ی كه‌ له‌مادده‌ی حه‌وته‌می ئه‌م یاسایه‌دا هاتوون سه‌باره‌ت به‌كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی ده‌سته‌ له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌كانی لیژنه‌ی پارێزگاش پیاده‌ ده‌كرێت.

مادده‌ی نۆیه‌م: 

ئه‌رك و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی پێكهاته‌كانی ده‌سته‌ به‌ پێره‌و ده‌سنیشان ده‌كرێن.

 مادده‌ی ده‌یه‌م : 

سه‌رۆكی ده‌سته‌ بۆی هه‌یه‌ رێنمایی پێویست بۆ ئاسانكاریی جێبه‌جێ كردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌ربچوێنێ.

مادده‌ی یازده‌م: 

یه‌كه‌م: حوكمه‌كانی یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان ژماره‌ (8)ی ساڵی 2008 وه‌ك خۆی جێبه‌جێ ده‌كرێ ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌دا ناكۆك نه‌بن و گوزارشتی ((سه‌رۆكی ده‌سته‌))ش جێگای ((وه‌زیر)) و گوزارشتی ((ده‌سته‌)) جێگای ((وه‌زاره‌ت)) ده‌گرنه‌وه‌ له‌ هه‌ر شوێنێكی یاسای ناوبراودا هاتبن.

دووه‌م: كار به‌هیچ ده‌قێكی یاسایی یان بڕیارێك ناكرێ گه‌ر له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ناكۆك بێ.

مادده‌ی دوانزده‌م: 

پێویسته‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.

مادده‌ی سیانزده‌هه‌م:

ئه‌م یاسایه‌ له‌ مێژووی بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمی (وه‌قائیعی كوردستان)دا جێبه‌جێ ده‌كرێ.

                                               محمد قادر عبدالله           

                                        (د. كه‌مال كه‌ركووكی)     

                                    سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق

 

هۆیه‌ پێویسته‌كانی ده‌رچوواندنی

به‌مه‌به‌ستی پاراستنی ژینگه‌ و پارێزگاری كردن له‌ته‌ندروستی گشتی و سه‌رچاوه‌ سروشتیه‌كان و هه‌مه‌ جۆری زینده‌وه‌ریی و به‌دوا داچوونی ئه‌و هۆكارانه‌ی كارده‌كه‌نه‌ سه‌ر سه‌لامه‌تی گشتی و لابردن و چاره‌سه‌ركردنی ئاسه‌واره‌كانی چه‌كی كیمیایی و ئه‌و ماددانه‌ی كه‌ ده‌بنه‌ هۆی پیسبوونی ژینگه‌ و، به‌مه‌به‌ستی بڵاوبوونه‌وه‌ی هۆشیاری ژینگه‌یی و رۆشنبیری ژینگه‌یی له‌ هه‌رێمی كوردستان پێویستی كرد ده‌سته‌یه‌ك دابمه‌زرێ تاكو ئه‌و ئه‌ركه‌ بگرێته‌ ئه‌ستۆ، بۆیه‌ ئه‌م یاسایه‌ ده‌رچووێنرا.

الهوامش
  1. تم نشر هذا القانون في جريدة الوقائع العراقية
  2. تأكد من مراجعة النص الرسمي للأنظمة والقوانين قبل الاعتماد عليها في المحكمة