ماددهی (150) وەزارەت لە ڕێگەی ئەم ڕێکارانەی خوارەوە، هەوڵی گەیشتن بە ئامانجە گشتی و هاوبەشەکانی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن دەدات:- یەکەم: داڕشتنى سیاسەتى پەروەردەیى و فێرکردن و جێبەجێکردنیان. دووەم: جێبەجێکردن و بەدواداچوون بۆ ئەو ئەرکانەی لەم یاسایەدا هاتوون. سێیەم: چەسپاندنی بنەمای گشتی فێرکردنی بەرمەبنای دابینکردنی هەلی پەروەردەیی و فێرکاریی گونجاو. چوارەم: کارکردن بۆ دابینکردنی دڵنیایی جۆریی، و بەستنەوەی بە ڕێکاری سەرپەرشتیکردنی هەموو دامەزراوە پەروەردەییە حکومیی و ناحکومییەکان. پێنجەم: دروستکردن، دامەزراندن و بەڕێوەبردنی دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان بە هەموو قۆناغ و جۆرەکانیان و پارێزگاریکردن لە سەربەخۆییان و دابینکردنی هەموو پێداویستیەکانی بەگەڕکەوتن و بەردەوامبوونی کارەکانیان. شەشەم: دابینکردنی هۆکارەکانی فێرکردن و تەکنیکە پێویستە پەروەردەییەکان بۆ کاری پەروەردە و فێرکردن. حەوتەم: دیاریکردنی بنەما و پێوەرە گشتییەکانی گەشەپێدانی پرۆسەی فێرکاریی. هەشتەم: دانان و نوێکردنەوەی پلانی فێرکردن و پروگرامەکانی خوێندن، بە سوود وەرگرتن لە پێشکەوتنەکانی ئەو بواره. نۆیەم: گرنگیدان بە توێژینەوەی پەروەردەیی و ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی جیاواز و سوودوەرگرتن لە ئەنجامەکانیان بۆ گەشەپێدانی پرۆسەی فێرکاریی. دەیەم: خوێندنەوە و دانانی ڕێگە و هۆکاری گونجاو بۆ بەرەوپێشبردنی خوێندنی ئەکادیمی و پیشەیی و کارکردن لەسەر گەشەپێدانیان. یازدەیەم: گرنگیدان بە گەشەکردن و بەرەوپێشچوونی توانستە پیشەیی و زانستییەكانی كارمەندە پەروەردەییەکان. دوازدەیەم: گرنگیدان بە چالاکیی وەرزشی و هونەری لە دامەزراوە پەروەردەیی و فێرکارییەکان. سێزدەیەم: گرنگیدان بە لایەنی دەروونیی قوتابیان و خوێندکاران، دابینکردنی خزمەتگوزاریە تەندروستییەکان، توێژینەوەی کۆمەڵایەتی، دڵنیابوون لە تەندروستی و سەلامەتی قوتابی و خوێندکاران و سەلامەتی ژینگەی دامەزراوە پەروەردەیی و فێرکارییەکان. چواردەیەم: ئامادەکردنی پلانی نیشتیمانی سەرتاسەریی بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواریی. پازدەیەم: هاندانی پتەوکردنی پەیوەندی لەنێوان دامەزراوە و کەسوکاری قوتابی و خوێندکاران، لە ڕێگەی بەهێزکردنی ڕۆڵی ئەنجومەنی بەخێوکاران. شازدەیەم: کارکردن بۆ هاندانی وەبەرهێنان لە بواری پەروەردە و فێرکاریی لەلایەن کەرتی تایبەت و فراوانکردنی چوارچێوەی هاوکاری لەگەڵیاندا، سەبارەت بە جێبەجێکردنی ئەو بەرنامە و پڕۆژە پەروەردەییانەی ئامانجیان بەهێزکردنی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردنە. حەڤدەیەم: گرنگیدان بە پەیوەندی لەگەڵ دامەزراوە نیشتیمانی و نێودەوڵەتییەکان و ئاڵوگۆڕی بۆچوون لەبوارە جۆراوجۆرەکانی پەروەردە و فێرکردن، و نوێنەرایەتیکردنی هەرێم لەو کۆنگرە و کۆبوونەوە و ڕێکخراو و کۆڕە هەرێمی و نێودەوڵەتییانەی کە ئامانجی پەروەردەیی و فێرکارییان هەیە. هەژدەیەم: هەر ئەرکێکی پەروەردەیی و فێرکردنی دیکە کە ئەنجومەنی وەزارەت پەسەندی دەکات.
الموضوع: داڕشتنى سیاسەتى پەروەردەیى و فێرکردن,جێبەجێکردن و بەدواداچوون بۆ ئەو ئەرکانەی لەم یاسایەدا هاتوون,چەسپاندنی بنەمای گشتی فێرکردنی بەرمەبنای دابینکردنی هەلی پەروەردەیی و فێرکاریی گونجاو,کارکردن بۆ دابینکردنی دڵنیایی جۆریی,دروستکردن، دامەزراندن و بەڕێوەبردنی دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان