ماددهی (139) یەکەم: هەموو دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی مافی وەرگرتنی کرێی ساڵانەی خوێندنی هەیە. دووەم: 1. کرێی ساڵانەی خوێندن کتێبەکانی خوێندن و جلی یەکپۆشی ساڵی خوێندن لەخۆدەگرێت، بە ڕەچاوکردنی حوکمی بڕگەی دووەمی ماددەی (30)ی ئەم یاسایە. 2. هەموو دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی کە پێش دەرچوونی ئەم یاسایە دەستبەکار بووە، دەبێت لە ماوەی (3) سێ ساڵ لە دەرچوونی ئەم یاسایە لەگەڵ حوکمەکانی خاڵی (1)ی ئەم بڕگەیە خۆی بگونجێنێت. سێیەم: دامەزراوە مافی هەیە بڕی تێچووی خواردن و کرێی هاتوچۆی قوتابی و خوێندکار وەربگرێت، بە مەرجێک ئارەزوومەندانە بێت. چوارەم: دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان مافیان نییە، بێ ڕازیبوونی بەخێوکار، یان بێ ڕازیبوونی خودی قوتابی یان خوێندکار ئەگەر تەمەنی (18) هەژدە ساڵ یان زیاتر بوو، هیچ بارگرانییەکی دارایی بخەنە ئەستۆیان، جگە لەو کرێیانەی کە لەم ماددەیەدا هاتوون. پێنجەم: 1. دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان دەتوانن لەسەر کرێی ساڵانەی خوێندنی خۆیان، کە لە کاتی وەرگرتنی مۆڵەت بڕیاری لێدراوە بەردەوام بن، بێ هیچ دەستێوەردانێک. 2. بەدەر لە خاڵى (1)ى ئەم بڕگەیە، وەزارەت لە کاتى قەیرانى داراییدا، دەسەڵاتى کەمکردنەوەى کرێى خوێندنى بەڕێژەیەکى گونجاو هەیە. شەشەم: 1. ئەگەر بەخێوکار لە ماوەی (30) سی ڕۆژ لە پێدانی قیستی یەکەم، پەشیمان بوو لە دانانی یان بەردەوامبوونی منداڵەکەی یان قوتابی یان خوێندکارەکەی لە دامەزراوەکە، ئەرکە لەسەر دامەزراوەکە (90%) نەوەد لە سەدی پارەکە بۆ بەخێوکار بگەڕێنێتەوە و گەڕاندنەوەکە پارەی کتێب و جلوبەرگی بەکارهاتوو ناگرێتەوە. 2. منداڵ و قوتابی و خوێندکار لە کرێی وەرزی دووەم دەبەخشرێت، ئەگەر پێش دەسپێکی وەرزەکە دامەزراوەکەی بەجێهێشت بە کشانەوە یان گواستنەوە. حەوتەم: ئەرکی دامەزراوەکەیە پێش دەسپێکی ساڵی خوێندن، یان پێش دەسپێکردنی خوێندنی منداڵ و قوتابی و خوێندکار، گرێبەستێک لەگەڵ بەخێوکار سەبارەت بە ماف و ئەرکەکانی هەردوو لایەن بکات، بەمەرجێک ناوەڕۆکەکەی بە زمانی دایک بێت، و هیچ بڕگەیەکی گرێبەستەکە لەگەڵ هیچ ماددە و بڕگەیەکی ئەم یاسایە ناکۆک نەبێت. هەشتەم: هەر قوتابی یان خوێندکارێک یەکەمی سەر ئاستی هەر پۆلێک لە پۆلەکانی خویندن بێت، لانیکەم لە (50%) پەنجا لەسەدی کرێی خوێندنی ساڵەکە دەبەخشرێت.
الموضوع: دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی مافی وەرگرتنی کرێی ساڵانەی خوێندنی هەیە,کرێی ساڵانەی خوێندنی کتێبەکان و جلی یەکپۆشی ساڵی خوێندنی لەخۆدەگرێت,دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی کە پێش دەرچوونی ئەم یاسایە دەستبەکار بووە,دامەزراوە مافی هەیە بڕی تێچووی خواردن و کرێی هاتوچۆی قوتابی و خوێندکار وەربگرێت,دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان مافیان نییە، بێ ڕازیبوونی بەخێوکار، یان بێ ڕازیبوونی خودی قوتابی یان خوێندکار