ماددهی (131) یەکەم: خاوەنی دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی، بەرپرسە لە پاراستنی ماف و شایستە ماددی و مەعنەوییەکانی کارمەندەکانی لە ماوەی خزمەتکردنیان لە دامەزراوەکەدا، هەروەها پابەند دەبێت بە ڕەخساندنی دەرفەتی شیاندن و فێربوونی بەردەوام و ڕاهێنانیان لەسەر پرۆسەی دڵنیایی جۆریی. دووەم: پێویستە دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی، ئەو تۆمارانەی هەبێت کە یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی بەمەرجی گرتوون، ئەوەش بەمەبەستی جێگیرکردنی مافەکانی مامۆستا و کارمەندەکانی. سێیەم: كارمەندانی دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان، مافی پشوویان بە پێی گریبەستی نێوان کارمەند و دامەزراوەکە دەستنیشان دەکرێت، بەڕەچاوکردنی حوکمەکانی یاسای کاری بەرکار لە هەرێم. چوارەم: بەڕێوەبەر، یاریدەدەری بەڕێوەبەر، مامۆستا و ڕێنمایکاریی پەرورەدەیی دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان، مافی بەشداریکردنیان لە خولی بەهێزکردنی تواناکان و فێربوونی بەردەوام هەیە، کە لە ساڵێکدا نابێت لە (30) سی کاتژمێر کەمتر بێت، و لەسەر خەرجی دامەزراوەکە بۆیان دەکرێتەوە. پێنجەم: 1. ژمارەی بەشە وانەکانی مامۆستایان بەپێی ئەو گرێبەستە دەبێت کە لەنێوان دامەزراوەکە و مامۆستاکە بەستراوە، بە ڕەچاوکردنی کاتژمێرەکانی کار لە هەفتەیەکدا. 2. لە حاڵەتی کارکردنی زیادە یان وتنەوەی بەشە وانەی زیاتر وەک لەوەی لە گرێبەستەکەدا هاتووە، دەبێت دامەزراوەکە مافی هەر کاتژمێرێکی کارکردنی زیادە بە مامۆستا و كارمەندە پەیوەندیدارەکە بدات. شەشەم: 1. کەمترین بڕی مووچەی مانگانەی کارمەندانى باخچە ناحکومییەکان، نابێت لە کۆى مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکانى هاوتاکانیان لە کەرتی گشتی کەمتر بێت. 2. کەمترین بڕی مووچەی مانگانەی کارمەندانی قوتابخانە، خوێندنگە و پەیمانگە ناحکومییەکان، نابێت لە شایستەى دارایى هاوتاکانیان لە کەرتی گشتی کەمتر بێت. حەوتەم: لە پشووی هاویندا، مووچەی مامۆستا و کارمەندانی هەمیشەیی دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان بە پێی گرێبەستی نێوان کارمەند و دامەزراوەکە دەبێت، و لە هیچ بارێکدا نابێت لە (70%) حەفتا لە سەدی مووچەی مانگانە کەمتربێت. هەشتەم: خاوەنی دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی، بە بێ دیاریکردنی هۆیەکەی، مافی دەرکردنی بەڕێوەبەر یان کارمەندانی وانەوتنەوە و کارمەندانی دیکەی نیە، کە دەبێت پشتبەست بە ڕاسپاردەی لیژنەیەک کە بۆ ئەو مەبەستە لەلایەن دامەزراوەکە دروست دەکرێت، دوای ئەوەی ڕەزامەندی وەزارەتی بۆ وەردەگیرێت، بڕیاری لە بارەوە بدرێت. نۆیەم: مەرجەکانی بەکارخستن و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەست و ناکۆکییەکانی نێوان دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان و مامۆستایان و کارمەندانی دیکەی دامەزراوەکە، بەپێی حوکمەکانی یاسای کاری بەرکار لە هەرێم مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، ئەگەر دەقێکی دیکەی جیاواز لەم یاسایەدا نەهاتبێت. دەیەم: ساڵەکانی کارکردنی بەڕێوەبەر، یاریدەدەری بەڕێوەبەر، مامۆستا، ڕێنماییکاری پەروەردەیی لە دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی، بە ڕاژەی کردەیی بۆ گشت مەبەستەکان هەژمار دەکرێت.
الموضوع: پاراستنی ماف و شایستە ماددی و مەعنەوییەکان,پابەند بە ڕەخساندنی دەرفەتی شیاندن و فێربوونی بەردەوام,دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی و تۆماران,مافی پشووی کارمەندان,مافی بەشداریکردنی بەڕێوەبەر و مامۆستا