مادده‌ی (130)

معرف المادة: 19579

رقم المادة : 587

مادده‌ی (130) یەکەم: 1- دەبێت ڕێژەی مامۆستا هەمیشەییەکانی دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان لە (80٪) هەشتا لە سەدی کۆی ژمارەی مامۆستایانی دامەزراوەکە، کەمتر نەبێت. 2- دەبێت ڕێژەی مامۆستا هەمیشەییەکان لە هەر یەک لە (3) سێ قۆناغەکەی کۆمەڵگەی پەروەردەیی لە (80٪) هەشتا لە سەدی مامۆستایانی قۆناغە پەیوەندیدارەکەی کۆمەڵگەکە کەمتر نەبێت. 3- دەبێت لانیکەم (80٪) هەشتا لە سەدی بەشە وانەکانی هەر یەک لە دوازدە ساڵەکەی خوێندنی قوتابخانە و خوێندنگە و کۆمەڵگەی پەروەردەیی و (5) پێنج ساڵەکەی پەیمانگەی پەروەردەیی پیشەیی بە مامۆستا هەمیشەییەکان بدرێت. دووەم: 1. لە کاتی دەوامی فەرمی دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکاندا، هیچ دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی مافی نیە مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردەیی دیکە و سەرپەرشتیاران و کادیرانی دیوانی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان بەکاربخات، ئەوانە نەبێت کە مۆڵەتی بێ مووچەیان وەرگرتووە یان خواستراون. 2. تەنها پێش دەستپێکردن یان دوای تەواوبوونی دەوامی فەرمی ئەو دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەی کە مامۆستا و فەرمانبەرە حکومییەکە کاری تێدا دەکات، و دوای مۆڵەت وەرگرتنی نووسینەکی لە دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکە لەلایەن مامۆستا و فەرمانبەرەوە، دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی مافی بەکارخستنی مامۆستا و فەرمانبەری پەروەردەیی حکومی هەیە. سێیەم: هیچ کە ناتوانێت لە یەک کاتدا بەڕێوەبەری دوو دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی بێت. چوارەم: هەر مامۆستایەک بەهۆکاری تەندروستی خانەنشین کرابێت مافی کارکردنی لە دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکاندا نییە. پێنجەم: پێویستە دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان، لە مانگی یەکەمی ساڵی خوێندندا، ناوی ئەندامانی کارگێڕیی و مامۆستایانیان بۆ وەزراەت بنێرێن. شەشەم: 1. بەڕێوەبەری هەمیشەیی، یاریدەدەری بەڕێوەبەری هەمیشەیی، مامۆستای هەمیشەیی و ڕێنماییکاری پەروەردەیی هەمیشەیی لە دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکاندا ئەوانەی خوارەوەن:- أ. ‌ئەوانەی لە دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکە دامەزراون بێ ئەوەی لە کەرتی گشتی کار بکەن. ب. ‌ئەوانەی تەمەنیان لە (63) شەست و سێ ساڵ تێپەر نەبووە. ج. ‌ئەوانەی لە دامەزراوەکە دامەزراون بێ ئەوەی گرێبەستی کاری هەمیشەییان لە گەڵ شوێنێکی دیکە هەبێت. 2. بەڕێوەبەر، یاریدەدەری بەڕێوەبەر، مامۆستا و ڕێنماییکاری پەروەردەیی کەرتی گشتی، کە خواستراون یان خاوەنی مۆڵەتی بێ مووچەن، بەکارمەندی هەمیشەیی هەژمار ناکرێن. 1. نابێت کاتژمێرەکانی کارکردنی كارمەندانی دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان لە (8) هەشت کاتژمێر لە ڕۆژێکدا و لە (40) چل کاتژمێر لە حەفتەیەکدا، زیاتر بێت.

الموضوع: ڕێژەی مامۆستا هەمیشەییەکان لە دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان,ڕێژەی مامۆستا هەمیشەییەکان لە قۆناغەکانی کۆمەڵگەی پەروەردەیی,لانیکەم لە سەدی بەشە وانەکان,ممنوعیت بەکاربردنی مامۆستا و فەرمانبەر لە دامەزراوە پەروەردەیی ناحکومی,محدودیت کارکردن لە دامەزراوە پەروەردەیی ناحکومی