ماددهی (112) لە هەر یەک لەم بارانەی خوارەوەدا، ئەرکی وەزارەتە لە ماوەی (60) شەست ڕۆژدا، مۆڵەتی دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی، هەڵوەشێنێتەوە:- یەکەم: کاتێک دامەزراوەیەک دەفرۆشرێت یان خاوەنەکەی دەستبەرداری دەبێت، بەبێ ڕەزامەندی فەرمی وەزارەت. دووەم: کاتێک دامەزراوەیەک بەردەوام دەبێت لە داخستنی دەوام بەڕووی قوتابیان و خوێندکاراندا زیاتر لە (1) یەک هەفتە و بەبێ هۆی ڕەوا و بەبێ گوێدانە هۆشداری فەرمی وەزارەت. سێیەم: کاتێک دامەزراوەیەک دەگوازرێتەوە لە تەلارێک بۆ تەلارێکی دیکە بێ ڕەزامەندی فەرمی وەزارەت. چوارەم: کاتێک خاوەنی مۆڵەت لە کاتی دیاریکراودا داوا سەبارەت بە نوێکردنەوەی مۆڵەت پێشکەش بە وەزارەت ناکات، بێ گوێدانە هۆشداری دووبارەی فەرمی وەزارەت سەبارەت بە بەسەرچوونی مۆڵەتی کارپێکراو. پێنجەم: کاتێک دامەزراوەیەک لەو کاتەی بەپێی بڕیاری مۆڵەت بۆی دیاریکراوە دەستبەکار نابێت، بەبێ بوونی پاساوێکی ڕەوا کە لەلایەن وەزارەتەوە پەسەند کرابێت. شەشەم: کاتێک دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی نێودەوڵەتی یان بیانی متمانەی (ئەکریدیتەیشن)ی ئەکادیمی لەدەست دەدات، و لەو کاتەدا دامەزراوەکە دەکرێت بە دامەزراوەیەکی خۆماڵی. حەوتەم: کاتێک سەلمێنرا کە بڕیاری پێدانی مۆڵەت لەسەر بنەمای بەڵگە و نووسراوێکی ساختە بێت. هەشتەم: کاتێک خاوەن مۆڵەت، پاش ئاگادارکردنەوەی زیاتر لە جارێك لەلایەن وەزارەتەوە، بەڵگەنامەی ئەستۆپاکی پێشکەش نەکات. نۆیەم: کاتێک دامەزراوەکە پابەند نابێت بە ئەرک و پابەندییە یاسایی و کارگێڕییەکانی، سەرەڕای هۆشداریی زیاتر لە جارێكی وەزارەت.
الموضوع: دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی,دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی نێودەوڵەتی,بەردەوامی دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی,نوێکردنەوەی مۆڵەت,پابەندبوونی دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی