ماددهی (107) یەکەم: ڕێگە بە دەستبەکاربوونی هیچ دامەزراوەیەکی پەروەردەیی نادرێت و ناتوانێت قوتابی و خوێندکار وەربگرێت تا بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە مۆڵەت وەرنەگرێت. دووەم: 1. ئەو کەسەی مۆڵەتی دامەزراندنی دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی وەردەگرێت، دەبێت لەماوەی (1) یەک ساڵ لە ڕۆژی وەرگرتنی مۆڵەتەکە دامەزراوەکەی دەستبەکار بێت، و تەنها یەکجار و بۆ ماوەی (1) یەک ساڵ ماوەکەی بۆ درێژ دەکرێتەوە. 2. ئەگەر دروستکردنی تەلاری دامەزراوەکە بەپێی مەرجەکان، زیاتر لە دوو ساڵی لە ڕۆژی وەرگرتنی مۆڵەت خایاند، دەکرێت ماوەی یەک ساڵی تریش بدرێت بە خاوەن مۆڵەت بە مەرجێک ڕەسمەکان بدات. 3. درێژکردنەوەی ماوەکانی هاتوو لە خاڵەکانی (1، 2)ی ئەم بڕگەیە، بە بڕیاری وەزیر و لەسەر داوای خاوەن مۆڵەت و پێشنیاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی خوێندنی ناحکومی دەبێت. سێیەم: 1. موڵەتى دامەزراوەى پەروەردەیى ناحکومى بە باخچە و قوتابخانە و خوێندنگەیەک نادرێت کە لە چوارچێوەى پڕۆژەیەکى وەبەرهێنانى بوارى نیشتەجێبووندا دروستکرابێت و بەشێک بێت لەو خزمەتگوزارییە گشتییانەى کە پێشتر خاوەن پڕۆژەکەى پێ پابەندکراوە. 2. ئەگەر لە هەمان کاتدا، لە مۆڵەتى پڕۆژەى وەبەرهێنانەکەدا مافى هەردوو دامەزراوەی پەروەردەیى حکومى و ناحکومى پێدرابێت، ئەوا دەبێت یەکەمجار دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکە بونیاتبنێت، بەپێچەوانەوە، موڵەت بە دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکە نادرێت. 3. هەر پڕۆژەیەکى وەبەرهێنانى هاتوو لە خاڵى (1)ى ئەم بڕگەیە، ئەگەر دواى چوونە بوارى جێبەجێکردنی ئەم یاسایە، پابەندى دروستکردنى دامەزراوەى پەروەردەیى حکومى نەبووبێت، بە دروستکردنى دامەزراوەکە پابەند دەکرێت تەنانەت ئەگەر زەوى تەرخانکراویش بۆ بواریکى دیکە بەکارهاتبێت و ناچار دەکرێت لە دەرەوەى پڕۆژەکە دامەزراوە پەروەردەییەکە دروست بکات. 4. پڕۆژەکانى وەبەرهێنان و کۆمپانیاکانى خزمەتگوزاریى، پابەندن بە دابینکردنى خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ دامەزاروە پەروەردەییە حکومییەکان، بە هەمان نرخى دابینکردنى خزمەتگوزارییەکە لەلایەن کەرتى گشتییەوە.
الموضوع: ڕێگە بە دامەزراوەی پەروەردەیی نادرێت,مۆڵەتی دامەزراندنی دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناحکومی,ماوەی دامەزراوەی پەروەردەیی ناحکومی,پابەندکردنی دامەزراوەی پەروەردەیی حکومی