ماددهی (97) یەکەم: ڕێنوێنی، بەدواداچوون، هەڵسەنگاندن، پشتیوانیکردن و سەرپەرشتیکردنی کارەکانی دامەزراوەکان، بۆ دڵنیابوون لە ئاستی پەروەردەیی و فێرکردن و ڕێگەکانی کارکردنیان، بەمەبەستی گەشەپێدانی کاری دامەزراوەکان و پرۆسەی پەروەردە و فێرکاریی بە شێوەیەکی گشتی و پشتگیریکردنی دامەزراوەکان لە کارەکانیاندا. دووەم: دڵنیابوون لە هەبوونی ڕێکاری تۆکمە بۆ دڵنیایی جۆریی لە دامەزراوەکاندا. سێیەم: هەڵسەنگاندنی کاری کارگێڕیی دامەزراوەکان بەپێی پێوەرەکانی وەزارەت. چوارەم: هەڵسەنگاندنی پابەندبوونی مامۆستایان لە کاتی وانەوتنەوەدا بەپێی پێوەرەکانی وەزارەت، و هەڵسەنگاندنی مامۆستایان بەپێی پێوەری زانستی تایبەت. پێنجەم: هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی پابەندبوونی دامەزراوەکان بە یاسا و ڕێنماییەکان، ئاستی تۆمارکردنی دەسکەوتەکانی دامەزراوەکە و تۆمارکردنی هەر پێشێلکارییەک کە لە دامەزراوەکەدا ڕوویدابێت. شەشەم: هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی پابەبەندبوونی دامەزراوە بە پروگرامەکانی خوێندن و ڕادەی پشتیوانیکردن و هاندانی کارامەیی سەرکردایەتی لای قوتابیان و خوێندکاران و مامۆستایان. حەوتەم: دڵنیابوون لە پابەندبوونی مامۆستایان بە ئامادەکردنی هەگبەکانیان و کۆکردنەوەی بەڵگەی دڵنیایی جۆریی و زانستخوازیی بەردەوام. هەشتەم: هەڵسەنگاندنی ئاستی پەروەردەیی و فێرکردنی قوتابیان و خوێندکاران و ڕێژەی دەرچوونیان. نۆیەم: هەڵسەنگاندنی ژینگەی خوێندن. دەیەم: هەڵسەنگاندنی ئاستی چالاکی ئامادەیی پیشەیی و پەیمانگە پەروەردەییە پیشەییەکان لە ڕووی هەماهەنگیکردنیان لەگەڵ بازاڕی کاردا. یازدەیەم: هەڵسەنگاندنی پلانی خوێندنی دامەزراوەکان و چۆنیەتی جێبەجێکردنی و ئەنجامەکانیان، بەپێی چەند فۆرمێکی گشتگیر و پێوەری باوەڕپێکراو. دوازدەیەم: هەڵسەنگاندنی هەر بوارێکی دیکە کە سەرپەرشتیار لە چوارچێوەی داواکاریەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دڵنیایی جۆریی و سەرپەرشتیكردن، بە گرنگی دابنێت لە ڕووی سوودگەیاندن بە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن. سێزدەیەم: کارکردن لەپێناو سوودوەرگرتن لە گرنگی توێژینەوەکانی ناوەوە و دەرەوەی هەرێم سەبارەت بە گەشەپێدانی سیستەمی پەروەردەیی و فێرکردن. چواردەیەم: وەرگرتنی سکاڵای قوتابیان و خوێندکاران و کەسوکاریان لەبارەی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکاری لە دامەزراوەکان و لێکۆڵینەوە لێیان، بێ ئاشکراکردنی ناوی سکاڵاکار، و بڕیاردانی گونجاو لە بارەیانەوە لە ماوەیەکدا کە لە (1) یەک مانگ تێپەر نەکات.
الموضوع: ڕێنوێنی کارەکانی دامەزراوەکان,دڵنیابوون لە هەبوونی ڕێکاری تۆکمە,هەڵسەنگاندنی کاری کارگێڕیی دامەزراوەکان,هەڵسەنگاندنی پابەندبوونی مامۆستایان,هەڵسەنگاندنی ئاستی پەروەردەیی و فێرکردنی قوتابیان